کەسایەتیی ڕاوێژکار infj

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-12-06-19:28:00 - کۆدی بابەت: 10567
کەسایەتیی ڕاوێژکار infj

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەسایەتیی ڕاوێژکار (بە ئینگلیزی: advocate) یاخود infj کورتکراوەی (the Introverted, Intuitive, Feeling, and Judging، بە کوردی: کەسایەتیی گۆشەگیر، خەیاڵاویی، بڕیاردەر بە دڵ و پلاندانەر و ڕێکخراو) جۆرێکە لە ١٦ کەسایەتییەکانی ئێم بی تی ئای MBTI، MBTIــیش یەکێکە لە بڵاوترین تاقیکردنەوەکانی دیاریکردنی جۆری کەسایەتی. infj بەدەگمەنترین جۆری کەسایەتی دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەش شوێنیان بە زەوییەوە دیارە، هەمیشە بەدوای واتای ژیاندا دەگەڕێن، نایانەوێت کەسانێکی ئاسایی بن و ژیانێکی ئاساییان هەبێت، دەیانەوێت گۆڕانکاری گەورە بکەن. لە ڕوانگەی ئەوانەوە سەرکەوتن بە واتای پلەوپایە و سامان نایەت بەڵکوو بە یارمەتیدان و دڵخۆشکردنی کەسانی چواردەوریان و هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی و ژیانێکی باشتر. ئامانجیان زۆرە و بەرزیخوازن، هەوڵدەرن و ئەو ئامانجەی هەیانە بە کردار هەوڵی بۆ دەدەن نەک تەنها باسی بکەن، ئەو شتانە دەکەن کە خۆیان بەلایانەوە گرنگە نەک کەسانی چواردەوریان. ڕاوێژکار ڕقی لە نادادپەروەرییە، هەمیشە گرنگی بە قازانجی گشتی دەدەن وەک لە قازانجی خۆیان بەتەنها، لەپێناو مافی کەسانی دیکەشدا بێدەنگ نابن.

خاڵە لاواز و بەهێزەکانیان

خاڵە بەهێزەکانیان

١. داهێنەرن: ئەم جۆرە کەسایەتییە حەزیان بە داهێنان و دروستکردنی گۆڕانکارییە و دەیانەوێت لەڕێگەی ئەوەوە خۆیان دەرببڕن، نایانەوێت هیچ هەلێک لەدەست بدەن و بیرکردنەوەیان تا ڕادەیەک جیاوازە لە کەسانی تر.

٢. دووربینن: infj بە ڕووخساری دەرەوە بڕیار لەسەر کەس نادەن و پێییان وایە دەبێت دوور لە شتەکان بڕوانن بۆ ئەوەی نەگەنە بارودۆخی بەهەڵە تێگەشتن. بەوردی بەدوای بەڵگە و ڕاستییەکاندا دەگەڕێن، بەهۆی ئەوەوە باش لە ڕووی ڕاست و هەست و پێویستییەکانی چواردەوریان تێدەگەن.

٣. پەیوەست و خۆڕاگرن: ئەم جۆرە کەسایەتییە توانایەکی زۆری خۆکۆنترۆڵکردن و ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە بۆ ئەو کارانەی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن یاخود نایانەوێت ئەنجامی بدەن. هەروەها باوەڕێکی بەهێزیان هەیە و بەهای بەرز بۆ ئاکار و ڕەوشتی باش دادەنێن.

٤. بەئارەزوون: ڕاوێژکار دەیەوێت ئامانجی واتاداری هەبێت لە ژیان، نایەوێت تەنها ژیانێکی ئاسایی بژی وەکوو کەسانی تر. ئارەزووی زۆریان هەیە و ناترسن لەوەی خەونی گەورە ببینن، بە وزەیەکی زۆرەوە باسی داهاتوویەکی جوان دەکەن. بەلای ئەوانەوە بەرزیخوازی کارێکی باشە و واتلێدەکات هەوڵی زیاتر بدەیت.

٥. بەخشندە و خۆنەویستن: سەرەڕای ئەوەی هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ سەرکەوتنی خۆیان کەسانی چواردەوریان لەبیر ناکەن، گیانێکی هاوکاری بەهێزیان هەیە. هەمیشە دڵخۆشی کەسانی تر دادەنێن لەسەروو خۆیانەوە. ئەوە لەبیرناکەن کە دەکرێت قسە و ڕەفتاریان چی کاریگەرییەک لەسەر کەسانی تر دروست دەکات.

خاڵە لاوازەکانیان

١. هەستیارن بە ڕەخنەلێگرتن: infj ڕقیان لە وەرگرتنی ڕاوبۆچوون نییە، بە پێچەوانەوە لە زۆربەی ئەو کارانەی دەیکەن ڕای چواردەورییان وەردەگرن، بەڵام بەرگەی ئەوە ناگرن کاتێک یەکێک ڕەخنەیەک لە شتێکی ئەوان دەگرێت کە لایان گرنگ و خۆشەویستە، لەو کاتانەدا خۆیان بەلاوە ڕاستترە و دان بەڕاستی بەرامبەریان نانێن.

٢. کراوە نین: infj ڕاستگۆیی بەرز دەنرخێنن بەڵام کەسایەتییەکی داخراویان هەیە، بەلایانەوە سەختە باسی ژیانی خۆیان بکەن بۆ یەکێک و نایانەوێت لاواز دەربکەون هەروەها نایانەوێت کێشەکانی ژیانیان بکەن بە بارگرانی بەسەر کەسانی ترەوە، بۆیە زۆرجار سنوور بۆ پەیوەندییەکانیان دادەنێن.

٣. کامڵخوازن: ئەم کەسایەتییە دەیانەوێت هەموو شتێکیان نموونەیی بێت، کاتێک کارێک دەکەن نایانەوێت هیچ هەڵەیەکی تێدابێت، بەهەمان شێوە دەیانەوێت لە هەموو پەیوەندییەکانیان و بارودۆخێکدا وابن، هەروەها دەیانەوێت کەسانی چواردەوریشیان نموونەیی بن، کە ئەمەش کارێکی قورسە چونکە هیچ کەسێک نییە بێ هەڵە بێت. 

٤. نائاسایین: infj نایانەوێت وەکوو خەڵکانی ئاسایی بن، دەیانەوێت جیاواز بن، بۆیە زۆرجار ئامانجی خەیاڵییان هەیە یاخود ئامانجەکەیان بەدەستهێنانی قورسە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرکات نەگەن بە خەونەکانیان و شکستبهێنن.

٥. زۆر خۆیان ماندوو دەکەن: بەهۆی کامڵخوازی و زۆر هەوڵدانەکانیان ئەم کەسایەتییە ئەگەر باڵانسی ژیانیان ڕێکنەخەن زۆرجار تووشی ماندووبوونێکی زۆر دەبن ، بۆیە دەبێت کات بۆ پشوودان و گرنگی بەخۆدان دابنێن.

پەیوەندییەکانیان

ئەم کەسایەتییە لەوانەیە گۆشەگیر بن بەڵام پەیوەندییە قووڵ و ڕاستەقینەکان بەرز دەنرخێنن. ئەم کەسایەتییە حەزدەکەن ئەو کەسەی کە لەگەڵیدان بەڕاستی و تەواوی بیناسن، هەروەها کەسی بەرامبەریشی بە هەمان شێوە بیناسێت. ڕقی لە پەیوەندی کاتییە کە لەسەر بنەمای قازانج بنیاتنراون. گەرموگوڕی و ڕاستگۆیی لە قسەکردنیدا سەرنجی کەسانی چواردەوری ڕاکێشاوە.

Infj زۆر گرنگیپێدەر و دڵسۆزن بۆیە کاتێک کەسی بەرامبەریان بە هەمان شێوە نییە ئازاریان دەدات و هەست دەکەن ئەو کەسە شایەنی ئەو شتانە نەبووە. لە پەیوەندی خۆشەویستیدا ڕاستگۆ و گرنگیپێدەر و گەرموگوڕن، لەوانەیە دۆزینەوەی هاوبەشی ژیانیان قورس بێت چونکە بەدوای کەسی نموونەیی دەگەڕێن، کەسێک کە لەگەڵ بیروڕای ئەوان بگونجێن و لێک تێبگەن، کەسێک کە هەوڵی گۆڕینیان نەدات بەڵکوو پێیان ڕازی بن بەو شێوەیەی کە هەن. هەروەها بە هەمان شێوە خۆشبویسترێن کە کەسی بەرامبەریان خۆشەوێت، ڕقیان لە خۆشەویستی یەک لایەنە.

ئەم کەسایەتییە وەکوو ڕۆڵی دایک و باوک گرنگیپێدەرن و بەرپرسیارێتی خۆیان دەزانن، دەیانەوێت منداڵەکانیان کەسانی نموونەیی و سەربەخۆ بن، هەروەها هەندێکجار توندن لەگەڵ منداڵەکانیان و یاسایان بۆ دادەنێن. کاتێک منداڵەکانیان وەکوو ئەوە نین کە پێشبینیان دەکرد بێ هیوا دەبن و هەست دەکەن ڕەتکراونەتەوە.

لە پەیوەندی هاوڕێیەتییدا infj بەدوای هاوڕێی ڕاستەقینەدا دەگەڕێن نەک تەنها بەناو هاوڕێ بن. هاوڕێیەتییەک کە بتوانن خۆیان بن لەگەڵ کەسی بەرامبەردا، خەون و ئارەزووەکانیان بەش بکەن و لەیەک تێبگەن، پێیان باشە دوو هاوڕێی لەو شێوەیەیان هەبێ وەک لە چەند هاوڕێیەکی زۆر.

پیشەی گونجاو بۆ infj

ئەم جۆرە کەسایەتییە دەیانەوێت پیشەیەک بدۆزنەوە کە لەگەڵ خەون و ئارەزووەکانیان یەکبگرێتەوە و لەڕێگەیەوە بگەن بە ئامانجەکانیان، بۆ ئەوان مەبەست و ئامانجی پشت کارەکە گرنگترە وەک لە بڕی مووچەکەیان. لایەنی باشی ئەم کەسایەتییە ئەوەیە کە  دەتوانن بەهرەدارییەکەیان بەکاربهێنن بۆ دۆزینەوەی کارێک کە بەرەو ئامانجەکانیان دەبات لە هەر بوارێک کە بیانەوێت.

لەڕاستیدا infj کێشەیان هەیە لە هەڵبژاردنی باشترین پیشەیان، چونکە حەز و ئارەزووەکانیان زۆرن و خۆیان لە زۆر بواردا دەبیننەوە، هەروەها لەکاتی بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی یەکیان تووشی فشار و دوودڵییەکی زۆر دەبن، چونکە هەستدەکەن بە هەڵبژاردنی یەکێک لە دەرگاکان ئەوانی تریان لەسەر دادەخرێت. Infj لەگەڵ ئەو کارانە زۆر ئاسوودەن کە یارمەتیدانی خەڵکی تێدایە وەکوو کارەکانی ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی، دەروونناسی، مامۆستا، پەرستاری و بوارە پزیشکییەکانی تر، هەروەها ئەو کارانەی کە تێیدا دەتوانن پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کڕیار دروستبکەن.

ئەم کەسایەتییە زۆربەیان قسەکەری باشن بەهۆی ئەوەوە نووسەری یەکێکە لەو پیشانەی کە دەتوانن سەرکەوتنی گەورەی تێدا بەدەست بهێنن. هەروەها بوارە هونەرییەکانی وەکوو میوزیک، وێنەکێشان، دیزاین و شانۆگەری گونجاوە بۆیان تەنانەت ئەگەر هونەر پیشەی سەرەکیشییان نەبێت، خولیایان تێیدا هەیە و بەشێکە لە ژیانیان.


سەرچاوەکان



805 بینین