ئێم بی تی ئای (MBTI)

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-09-20-19:31:00 - کۆدی بابەت: 10320
ئێم بی تی ئای (MBTI)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئێم بی تی ئای (بە ئینگلیزی: MBTI، بە عەرەبی: ام بي تي اي) کورتکراوەی نیشاندەری جۆری کەسایەتی مایەر-بریگس ( بە ئینگلیزی: Myers-Briggs Type Indicator، بە عەرەبی: مؤشر مايرز بريغز للأنماط مهمة) یەکێکە لە بڵاوترین تاقیکردنەوەکانی کەسایەتی، کە ساڵانە لەلایەن زیاتر لە ٢ ملیۆن کەسەوە ئەنجام دەدرێت. بۆ دیاریکردنی کەسایەتی، حەزەکان، خاڵە لاوازەکان، زیاتر ناسینی خود، دۆزینەوەی بەهرە و شارەزاییەکان، هەڵبژاردنی کاری گونجاو و تەنانەت لە هەندێک لە کۆمپانیاکانیش پێوەرێکە بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی فەرمانبەرەکانیان. هەرچەندە ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت و دەوترێت کە تاقیکردنەوەکە گشتگیر نییە و پشت بە لایەنی زۆر نابەستێت و لە کەسێکدا چەندین جار دەگۆرێت، بەڵام تاقیکردنەوەکە لەسەر تیۆری دەروونناسیی دروست بووە و لە ڕووی ڕاستی و دروستییەوە وێبسایتی کۆمپانیاکە ڕەیتینگی ٩٠%ـی هەیە. کەسایەتییەکانی ئێم بی تی ئای بە چوار پیت دیاری دەکرێن و لە ١٦ کەسایەتی پێکهاتووە کە ئەمانەن (intj, intp, entj, entp,infj, infp, enfj, enfp, istj, isfj, estj, esfj, istp, isfp, estp, esfp).

مێژوو

وەشانە ڕەسەنەکانی ئێم بی تی ئای لەلایەن دوو خانمی ئەمریکی (کاترین کوک بریگس) و کچەکەی بەناوی ئیزابێل (بریگس مایەر) دروست کراوە. ساڵی ١٩١٧ـەوە بریگس دەستی کرد بە توێژینەوە و تاقیکردنەوە، سەرەتا چوار کەسایەتی دانابوو. دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی جۆری کەساییەتی دەروونناسی لەلایەن دەروونناس (کاڕڵ جەنگ) و وەرگێڕانی لە ساڵی ١٩٢٣، بریگس پێیوابوو کە تیۆرییەکانی کاڕڵ زۆر لە توێژینەوە و تاقیکردنەوەکانی ئەو نزیکە، بۆیە لەگەڵ توێژینەوەکەی تێکەڵی کرد و کەسایەتییەکانی فراوانتر کرد. دواتر کچەکەشی مایەر دەستی کرد بە یارمەتیدانی دایکی لەسەر کارکردن لەو توێژینەوەیە، هەرچەندە مایەر و دایکی هیچیان بڕوانامەی فەرمیان نەبووە لە دەروونناسی، خۆیان لەسەر ئەو بوارانە خوێندوویانە. لەکاتی جەنگی جیهانیی دووەم یارمەتی خانمانیان داوە بەو تاقیکردنەوەیە، بڕوایان وابوو کە بە دیاریکردنی کەسایەتی دەتوانن یارمەتی خانمان بدەن کە کارێکی شیاو هەڵبژێرن و بچنە بواری پیشەسازی و کارکردن. لە ساڵی ١٩٤٤ کتێبی (نیشاندەری جۆری کەسایەتی مایەر-بریگس) بڵاوکرایەوە.

تاقیکردنەوەکە

پێش هەموو شتێک ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ هەڵبژاردنی باشترین و خراپترین کەسایەتی نییە و ناتوانیت بڵێیت کەسایەتییەک لە یەکێکی تر باشترە، بەشێوەیەکی سادە بۆ ناسینی خودە. مەرج نییە لە هەموو شتێک وەکوو ئەوە بیت کە کەسایەتییەکەت دەیڵێت بەڵام ئەبێت لە زۆرینەی شتەکان خاڵی هاوبەشت هەبێت ئەو کات دەزانیت کە ئەوە کەسایەتی تۆیە. لەکاتی تاقیکردنەوەکە واباشترە توڕە، خەمناک، زۆر دڵخۆش نەبیت و تەنها لە حاڵەتی ئاساییدا بیت بۆ ئەوەی ئەو هەستانە زاڵ نەبن بەسەر وەڵامی پرسیارەکانت، هەروەها گوێ بە بیرکردنەوەی کەسانی تر مەدە دەربارەی تۆ، لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان خۆتبە. دەتوانیت بە ئاسانی تاقیکردنەوەکە لە سایتەکانی گۆگڵەوە ئەنجام بدەیت یاخود دەتوانیت لە ڕێگەی زانینی واتای پیتەکان بکەیت. بەشێوەیەکی گشتی چوار کۆمەڵەیە، هەر کۆمەڵەیەک دوو پیتە، لە هەر کۆمەڵەیەک بەپێی کسایەتیت پیتێک هەڵدەبژێریت و ئەو چوار پیتەی کە لە هەر کۆمەڵەیەک هەڵتبژاردووە دەبێتە کەسایەتی ئێم بی تی ئای تۆ. دەتوانیت ئێستا بە خوێندنەوەی ئەمانە کەسایەتیت دیاری بکەیت.

(کۆمەڵایەتی-E)، (گۆشەگیر-I)

یەکەم I

زیاتر هەست بە چالاکی و وزە دەکات کاتێک تەنهایە، هەڵسوکەوت و قسەکردنی لەگەڵ خەڵک سنووردارە و وردەکاری ژیانی تایبەتی باس ناکات. تێکەڵ نییە، زۆر قسە ناکات، زیاتر گوێ ئەگرێ. حەزی لە بۆنەی بچووکە، بە شوێنی قەرەباڵغ بێزار دەبێت. پێی باشە بەتەنها کار بکات وەک لە گرووپ، هاوڕێکانی کەمە دوو بۆ سێ هاوڕێی نزیکی هەیە. خراپە لە پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ خەڵکدا. پێیان باشترە کۆتایی هەفتە و ڕۆژانی پشوویان لە ماڵەوە بەسەربەرن.

دووەم E

زیاتر هەست بە چالاکی دەکات کاتێک لەگەڵ خەڵکە، کاتێک بەتەنهایە هەست بە بێزاری دەکات. بەژداری بیرۆکەکانی دەکات لەگەڵ دەوروبەر، ئاسانە بۆی بزانی بیر لە چی دەکاتەوە و وردەکارییەکانی ژیانی بزانی. هەمیشە ئەو دەست بە قسەکردن دەکات، زیاتر قسە دەکات وەک لە گوێگرتن. حەزی لە کۆبوونەوە و بۆنە گەورەکانە. قسە لەگەڵ هەمووان دەکات، دەتوانێت بە ئاسانی بەردەوامی بە گفتوگۆ بدات. حەزی بە کارکردن بە گرووپە، هاوڕێ و ناسیاوی زۆرە.

(خەیاڵاوی-N)، (ڕاستبینی-S)

یەکەم S

حەزی بە ڕاستییە، باوەڕی بە بیرووڕا نییە، حەزی بە خەیاڵ و تیۆری نییە. حەز دەکات بە وردی لە هەواڵ و قسەکان تێبگات و بە بەڵگە لێیان دڵنیا ببێت. حەزی لە کاری ڕێکخراو و هەنگاو بە هەنگاوە. پلانی ڕۆژەکەی بە ڕێکی دائەنێت. کاتێک وەڵامت دەداتەوە وەڵامی ووردە. سەرنجی لە ئێستایایە نەک داهاتوو، لە دەربڕیندا باشە، پێی وایە خەیاڵکردن کات کوشتنە.

دووەم N

گرنگی بە بیروڕا دەدات، حەزی بە خەیاڵکردنە، تەنها بەشێکی کورتی هەواڵەکان و قسەکان گرنگە بۆی و زۆر ورد نابێتەوە. حەزی لە کارێک نییە بە هەنگاو و وردەکارییەوە بێت. بە هەڕەمەکی وەڵامت دەداتەوە و ورد نابێتەوە. کێشەی ئەوەیە زیاتر لە داهاتوو دەژی وەک لە کاتی ئێستا. 

(بڕیاردەر بە مێشک-T)، (بڕیاردەر بە دڵ-F)

یەکەم T

ڕاستییەکان دەڵێت، ڕەخنە لە هەڵەکان دەگرێت تەنانەت ئەگەر لەسەر خۆشی بێت. کەسێکی قسە لەڕووە و ڕێژەی جۆش و خرۆش لایان جێگیرە. گرنگی نادات خەڵک چۆن بیری لێ دەکاتەوە، بڕیارەکانی لۆجیکییە، ئەوە هەڵدەبژێرێت کە ڕاستە، حەزی لە گفتوگۆی ڕاستی و دوور لە سۆزە، کەسەکان بەپێی هەستەکانی قبوڵ ناکات. پێیواییە لەکاتی بڕیاردان دەبێت لایەنە هەستیی و سۆزدارییەکان پشگوێبخرێن. دەتوانن کۆنترۆڵی هەستەکانیان بکەن.

دووەم F

هەوڵدەدات بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڵەکانی دەووروبەر ڕاست بکاتەوە تاکوو ئازاریان نەدات و پەیوەندییەکانی تێکنەچێت. هەستەکان لای شتێکی گرنگن، کەسانێکی هەستیارن. ڕازی بوون و کاردانەوەی دەورووبەر بەلایەوە گرنگە، بڕیارەکانی بەوشێوەیە دەدات کە بەدڵیەتی. لە گفتوگۆکانی هەست و سۆز بەکاردەهێنێت، کەسەکان بەوشێوەیە قبووڵ دەکات کە بە دڵیەتی و لەگەڵی ئاسوودەیە. دڵخۆشی دەوروبەریان زیاتر بەلاوە گرنگە لە خۆیان.

(پلاندانەر و ڕێکخراو-J)، (هەڕەمەکی و سەرکێش-P)

یەکەم J

سەرەتا کارەکانی تەواو دەکات پاشان پشوو دەدات. حەز دەکات بەخێرایی بڕیارەکانی بدات و کارەکانی ڕێک بخات. ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە و گۆڕانکاری تێدا ناکات و حەزی بە گۆڕانکاری نییە لە ئامانجەکەی، ڕقی لە تێکدانی پلانەکانییەتی. کاتەکانی و ژوورەکەی و شوێنی کارەکەی ڕێکخراون، حەزی بە دواکەوتنی چاوپێکەوتنەکانی نییە. زۆر پشت بە کات دەبەستێت و دەیەوێت لە کاتی خۆی ئامادە ببێت. بۆ ڕاهاتن لەگەڵ بارودۆخ و ڕۆتینی نوێ کاتی دەوێت.

دووەم P

سەرەتا پشوودان و کاتی بەتاڵ دواتر کار دەکات. هەمیشە وا بیر دەکاتەوە کاتێکی درێژی لەبەردەستە. لەکاتی بڕیاردان حەز دەکات هەڵبژاردەی زۆری لەبەردەست بێت و دواتر لە کۆتاییا بڕیار بدات. حەزی بە گۆڕانکارییە لە پلانەکانی. پەرشووبڵاوی هەیە، زۆربەی کات دوادەکەوێت لە چاوپێکەوتنەکانی. حەز ناکات لەسەر یەک پلان بڕوات، زوو زوو گۆڕانکاری دەکات. هێواشە لە بڕیاردان و هەمیشە کارەکانی دوادەکەوێت یاخود لە کۆتا خولەک تەواوی دەکات. زوو ڕادێت لەگەڵ ڕۆتین و بارودۆخی تازە.

کەسایەتییەکان

١. چارەسەرکەر (infp)

ئەم کەسایەتییە کەمدوون، بەخشندەن، حەزیان بەیارمەتیی و چارەسەرکردنی کێشەی کەسانی ترە، ئەیانەوێت هەموو کەسێک لێیان ڕازی بێت. زۆر خەیاڵ دەکەن کە هەندێک جار ئەو خەیاڵکردنە زۆرە خراپ دەبێت بۆیان و وایان لێدەکات بیروهۆشیان لە ژیانی ڕاستی نەمێنێت. هەستیارن، تێگەیشتوو و ئارامن.

٢. ژیربێژ (intp)

حەزیان بە تەنهایی و بیرکردنەوەیە، ڕقیان لە ژاوەژاوە، هەمیشە دەیانەوێت بەرەو باشتر بڕۆن و بە پەرۆشن بۆ زانینی زانیاری، داهێنەرن، بێهەستن، مێشکیان لەپێش دڵیان دادەنێن. کەسانی بێ ئارامن و ڕقیان لە چاوەڕوانیکردنە بەڵام لێبوردە و سادەن.

٣. ڕاوێژکار (infj)

دەگمەنترین جۆری کەسایەتیین، کەسانی خەیاڵیین، دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن، زۆر بیردەکەنەوە. ئامانجی گەورەیان هەیە و بەرزی خوازن، بێدەنگن، یارمەتیدەرن و دەیانەوێت ژیان بکەن بەشوێنێکی باشتر. زۆر هەستەکانیان دەرنابڕن، حەزناکەن ڕەخنەیان لێبگیرێت، زۆر هەوڵدەدەن لەپێناو ئەوانەی دەیانەوێت.

٤. ئەندازیار (intj)

کەسانی داخراو و تەنیان، زۆر گرنگی بە پەیوەندییەکان نادەن، وردن لە کارکردن، زیرەکن، ناترسن لە شکاندنی یاساکان، بوێرن، سەربەخۆن، ڕاستبینن، سەرسەخت و کەللە ڕەقن، لوتبەرز و لەخۆڕازین، دەتوانن هەستەکانیان کۆنترۆڵ بکەن، ڕەخنەگرن.

٥. سەرکێشیکەر (isfp)

کەسانێکی زۆر کۆمەڵایەتی نین بەڵام گرنگیپێدەر و گەرموگوڕن لەگەڵ ئەوانەی دەیانناسن. چاونەترسن و حەزیان بە ئەزموونی تازە و سەرکێشییە، بەکەسایەتی هونەرمەند ناسراون، بیرکراوەن، دەیانەوێت خۆشی لە ژیان وەرگرن، لە ئێستادا دەژین و زۆر پلان بۆ داهاتوو دانانێن.

٦. بلیمەت(istp)

هەندێ کات کۆمەڵایەتی دیارن بەڵام دوورەپەرێز و داخراون، حەزیان بە باسکردنی ئەزموونەکانیانە، کەسانی هونەرمەندن، چالاک و بە وزەن، حەزیان بە خوێندن نییە، زیاتر کەسانی کردەیین و لە کارە میکانیکییەکان باشن. سەرکێشن، نایانەوێت ژیانێکی ئاسایی بژین، کێشە دروستکەرن و کاری مەترسیدار دەکەن. دەزانن چۆن هەڵسوکەوت بکەن لە بارودۆخە سەختەکان. کەللەڕەقن، زوو بێزاردەبن، زۆر نیگەران نابن دەربارەی داهاتوو.

٧. خاوەنکار (istj)

ڕاستگۆن، بەرپرسیارێتی لەخۆدەگرن، کاتێک پلان دادەنێن بۆ کردنی کارێک هەموو هەوڵێکی خۆیانی لەگەڵ دەدەن، زیاتر حەزیان بە ئیشی کردەییە، هەستەکانیان دەرنابڕن، قسەلەڕوو و ڕەخنەگرن و بڕیار لەسەر خەڵک دەدەن، حەزیان بە شکاندنی یاساکان نییە، دەیانەوێت ژینگەیەکی جێگیر و ئارام بۆخۆیان بنیات بنێن، هەمیشە شانازی بە خۆیانەوە دەکەن.

٨. پارێزەر (isfj)

دڵسۆزن، سادەن، زیاتر گرنگی بە خەڵک دەدەن وەک لەخۆیان، کەسانی تێگەیشتوون، ئامۆژگاریکەرن، زوو متمانە بە خەڵک دەکەن، لە ئیشەکانیاندا وردن، بیرەوەریان بەهێزە و شت لەبیرناکەن، حەزیان بە گۆڕانکاری نییە. حەزیان بە سەرنجڕاکێشانی چواردەوریان نییە.

٩. پاڵەوان(enfj)

کەسانی باشن بۆ سەرکردایەتی، کاریگەری ئەرێنیان لەسەر چواردەوریان هەیە و حەزیان بە یارمەتیدانە، بەڵێن و بەرپرسیارێتییەکانیان لەبیر ناکەن، شەرم ناکەن لە کردنی ئەو شتانەی ئەیانەوێت، هەمیشە قسە ئەکەن و ناهێڵن مافیان بخورێت، ئارەزوویان لە زۆر بواردا هەیە.

١٠. دەستپێشخەر(estp)

کۆمەڵایەتین، پڕن لە ژیان و وزە، حەزیان بە گەڕانە بەدوای بیرۆکەی نوێدا، ئیشی کردەییەکان لا پەسەندترە، بە ڕوونی قسە ئەکەن و قسە لەڕوون، شتی تازە تاقی دەکەنەوە، بەڵام زوو لێی بێزار ئەبن، گرنگی بە قسەی خەڵک نادەن، لەئێستادا ئەژین.

١١. بەڕێوبەر(estj)

بەڕێکخەری کۆمەڵ ناودەبرێن، حەزیان بە ئامۆژگاریکردنە، ڕاستگۆیی بەرز دەنرخێنن، ڕێز لە دابونەریت دەگرن، بەوەفان، کۆڵنادەن لە کردنی ئەوەی دەیانەوێت و قایلکردنیان کارێکی سەختە، حەزیان بە فەرمانکردنە، ڕەخنەگرن، زۆر گرنگی بە پەیوەندییەکانیان دەدەن.

١٢. قسەکەر(entp)

بیروڕای جیاوازیان هەیە، حەزیان بە گاڵتەکردن و دڵخۆشکردنی کەسانی ترە، بە کاریزمان و کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەیە، سەرنجیان کەمە و حەزیان بە ئیشی کردەیی نییە، بڕوایان بەخۆیانە، زۆر کەس ناتوانن بەرگەی ئەم جۆرە کەسایەتییە بگرن.

١٣. هێرشبەر(enfp)

ڕووخۆش و کراوەن، پڕ لە هیوان، زۆر گەشبینن، هاوڕێی باشن، لە هەمان کاتدا قسەکەر و گوێگرێکی باشن، پەرشوبڵاون، زوو لەگەڵ چواردەوریان پێکدێن، لە دەرەوە زۆر دڵخۆش دیارن بەڵام لە ناخەوە هەمیشە وانین، حەزیان بە ئەزموونی نوێ و سەرکێشییە.

١٤. سەرۆک(entj)

کەسانی سەرکردەن، کاریزما و باوەڕبەخۆبوونێکی زۆریان هەیە، بە وزەن، حەزیان بە پلاندانانە و بیرکردنەوەیەکی ستراتیجییان هەیە، ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە، لووتبەرز و قسەڕەقن، حەزناکەن پێیان بڵێیت چی بکەن و چی نەکەن.

١٥. پێشکەشکار(esfp)

حەزیان بە ئەزموونی نوێیە، لەگەڵ کەسانی چواردەوریان کاتی زۆر بەسەردەبەن، پاڵپشتیکەر و هاندەرێکی باشن، هونەریین، وردن، زۆر هەستیارن، باش نین لە جێبەجێکردنی پلانەکانیان، زۆربڵێن، حەزیان بە گۆڕانکارییە.

١٦. مامۆستا(esfj)

گرنگی پێدەرن، گەرمەگوڕ و کراوەن، زۆر بەوەفان، متمانەپێکراون، حەزیان بە بەشکردنی ژیان و ئەزمونەکانیانە لەگەڵ کەسانی تر، ئەرکەکانیان بە ڕێکوپێکی جێبەجێدەکەن، لە زۆربەی پەیوەندییەکانیان سەرکەوتوون، لە تەنیایی ئەترسن، خۆنەویستن.

ئێم بی تی ئایی کەسایەتییە بەناوبانگەکان

  1. (intj): ئیلۆن مەسک، میشێڵ ئۆباما، ستیڤ هاوکینز، جەین ئۆستن.
  2. (intp): بیڵ گەیتز، ئەلبێرت ئەنیشتاین، بلەیز پاسکاڵ، ئیسحاق نیوتن، ئان فرانک.
  3. (entj): ستیڤ جۆبز، جیم کاری، پابلۆ پیکاسۆ، هاریسن فۆرد، مارگرێت ساچەر.
  4. (entp): تۆماس ئەدیسۆن، مارک توەین، دۆناڵد ترەمپ، سارا سیلڤەرمان، محەمەد عەلی
  5. (infj): لەیدی گاگا، نێڵسن ماندێلا، مۆرگان فریمان، جیمی کارتەر، ئەدۆڵف هیتلەر، ئەرستۆڤانس.
  6. (infp): ویلیام شکسپیر، جۆنی دیپ، جولیا ڕۆبێرتز، ڤان کوخ، کیم تێیهیۆنگ.
  7. (enfj): ئۆپرا وینفێری، باراک ئۆباما، جێنیفەر لاورنز، کەیتی پێری.
  8. (enfp): ویڵ سمیس، جەستن بیبەر، کانی وێست، دۆجا کات.
  9. (istj): ستینگ، ئەنجێلا مارکڵ، جۆرج واشنتن، ناتالیا پۆرتمان، هێنری فۆرد، مارک زوکەربێرگ.
  10. (isfj): شاژنە ئێلیزابێسی دووەم، بیۆنسێ، کەیت میدڵتن، سێلێنا گۆمێز، ڤین دیزڵ.
  11. (estj): ئێلا بەیکەر، جەیمز مۆنرۆ، فرانک سیناترا، باربارا واڵتەرز، سەدام حسێن.
  12. (esfj): ستیڤ هارڤی، تایلەر سویفت، جێنیفەر لۆپێز، دانی گلۆڤەر، جۆ بایدن.
  13. (istp): مایکڵ جۆردان، تۆم کروز، کلینت ئێست وود، بروسلی، ڤلادیمێر پوتین.
  14. (isfp): لانە دێڵ ڕەی، مایکڵ جاکسن، بێڵی ئایلش، براد پیت، ڕیهانا. 
  15. (estp): مادۆنا، ئێدی مۆرفی، نیکۆلاس سارکۆزی، کاردی بی، ئەنجلینا جولی.
  16. (esfp): مارلین مۆنرۆ، ئادێڵ، شازادە دیانا، ئێلتن جۆن.


سەرچاوەکان



26533 بینین