کاریگەریی پیانۆ لەسەر مێشک

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-21-23:43:00 - کۆدی بابەت: 10744
کاریگەریی پیانۆ لەسەر مێشک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەریی پیانۆ لەسەر مێشک (بە ئینگلیزی: Effect of the piano on the brain) ژەنینی پیانۆ دەتوانێت کاریگەری لەسەر سێ بەشی مێشک هەبێت بەشی دانانی پلان، کۆنترۆڵکردن و جووڵەی خۆویست بەشی تایبەت بە بینین و بەشی تایبەت بە دەنگەکان. ڕاهێنانکردن و ژەنینی پیانۆ دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئەم ناوچانە.

زانایان باس لەوە دەکەن مۆسیقا کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی چالاکییەکانی مێشک دەبێت، دەبێتە هۆی زیادکردنی چالاکی ئەو گورزە بەهێزەی تەوەرەی دەمارەخانەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەمەش ڕێگە بە نێردراوەکان دەدات بە شێوەیەکی خێراتر بە هەردوو بەشی مێشکدا تێپەڕ ببن. باوەڕدەکرێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مۆسیقا ژەنەکان بە شێوەیەکی خێراتر و باشتر چارەسەری کێشەکانیان بکەن لە هەردوو بواری ئەکادیمی و ژیانی تایبەتی خۆیاندا. توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن هەرکەس ڕاهێنان لەسەر فێربوونی ئامێرێکی مۆسیقا بکات، تەنانەت لە تەمەنێکی گەورەشدا، هەندێک لە زیادبوونی چالاکی مێشک لە کەسەکەدا دەردەکەوێت. ئەمەش ڕێگرییەکی باش دەبێت بۆ ئەو نەخۆشییانەی لە تەمەنی پیریدا تووشی مێشک دەبن وەک ئەلزەهایمەر.

مێشک لە کاتی ژەنینی پیانۆدا

ژەنینی پیانۆ ئەزمونێکی بەرەنگارییە بۆ مێشک. زانیارییەکی زۆر لە مۆسیقا و دەنگەکانی پیانۆ بەرهەمی دەهێنێت هەیە، هەروەها لە بەکارهێنانی دەستەکاندا کە یاری دەکەن. ژەنینی پیانۆ پێویستی بە بەکارهێنانی هەردوو دەست هەیە. بەزۆری دەستی ڕاست ئاوازی گۆراننیەکان دەژەنێت لە کاتێکدا دەستی چەپ پشتگیری مۆسیقی دابین دەکات. هەر نیوەیەکی مێشک کۆنتڕۆڵی جووڵەی دەستێک دەکات، بۆ ئەوەی بتوانی هەردوو نیوەی مێشک لە یەک کاتدا بەکاربهێنی دەبێت پردێکی بەهێز لەنێوان ئەو دوو بەشەی مێشکدا هەبێت. ژەنین و ڕاهێنانکردنی پیانۆ دەتوانێت پەیوەندی نێوان ئەم دوو بەشەی مێشک بەهێز بکات. بەهۆی ئەمەش هەر دوو دەستەکان بەئاسانی پێکەوە دەتوانن میوزیکەکە بژەنن.

ئایا پیانۆژەنەکان کەسانی زیرەکن؟

چونکە ئامادەکردنی پارچەیەکی مۆسیقا بریتییە لە تێگەیشتن و شیکردنەوەی ناوەڕۆک یان پەیامی گۆرانییەک، مۆسیقا ژەنەکان توانایەکی باشتری ئەنجامدانی چالاکییەکانیان دەبێت. هەروەها توانای سەرنجدان و پلان دانانیان زیاتر دەبێت.

لە توێژینەوەیەکدا پشکنین بۆ توانای مێشکی چەند کەسێک کرا کە ڕاهێنانی ژەنینی پیانۆیان دەکرد، تێبینیان کرد توانای مێشکی ئەو کەسانە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا زیاترە، بەڵام تێبینیان کرد لە دوای وەستان لە ڕاهێنان دووبارە توانای مێشکی کەسەکان بۆ ئاستی ئاسایی گەڕاوەتەوە. ئەمەش واتا پێویستە لە ژەنینی پیانۆ بەردەوام بیت تاکوو توانای جێبەجێکردنی فرمانەکانی مێشک زیاتر ببێت.

ژەنینی پیانۆ کاریگەری لەسەر توانای یادەوەری مرۆڤ هەیە. میوزیک ژەنەکان توانایەکەی زیاتر بۆ بیرکەوتنەوەی دەنگەکان و ڕێکخستنی میوزیکەکان پیشان دەدەن.

پیانۆ ژەنەکان لەیەک کاتدا دەتوانن سەرنجی چەند شتێک بدەن

پیانۆ ژەنەکان هەندێک کات سەرنج دەخەنە سەر ئاوازەکانیان بەبێ ئەوەی سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت دەستی چەپیان یان قاچەکانیان چی دەکەن، ئەمەش وا لە مێشک دەکات زیاتر پشت بە ماسولکەی یادەوەری ببەستێت. دواتر ئەم پشت بەستن بەم ماسولکەی یادەوەرییانە دەبێتە خوییەکی سروشتی. ئەمەش ڕێگە بە مێشک دەدات کە سەرنج بخاتە سەر شتێک لە کاتێکدا جەستە شتێکی تر ئەنجام دەدات.

ئایا پیانۆ کاریگەری لەسەر تێکڕای ژیری مرۆڤ (IQ) هەیە؟

لە توێژینەوەیەکی کەنەدیدا کە بۆ ماوەی نۆ مانگ بەردەوام بوو، تێبینییان کرد بەژداربووانی گەنج کە پیانۆ دەژەنن ڕێژەی تێکڕایی ژیرییان سێ خاڵ لە هاوتەمەنەکانیان زیاترە. توێژینەوەکە پشتگیری ئەو بیرۆکەیە دەکات کە پیانۆ کاریگەری لەسەر ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە شیکارکردنی بابەتی بیرکاری و توانای قسەکردن هەیە.

پیانۆ ژەنەکان بە شێوەیەکی جیاواز بیر لە کێشەکان دەکەنەوە

توێژەرەوەکان لە زانکۆی ڤاندەربیلت بۆیان دەرکەوت کە مۆسیقا ژەنەکان لێهاتوون لە تەکنیکێکی داهێنەرانەدا کە پێی دەوترێت " تەکنیکی جیاکەرەوە" کە بریتییە لە توانای دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ کێشەکان. ئەمەش لەبەر ئەوەی ژەنینی پیانۆ توانای پێکەوەبەستنی بەشەکانی مێشک زیاد دەکات، بەمەش پیانۆ ژەنەکان بەشێوەیەکی جیاواز بیر لە کێشە ئاڵۆزەکان دەکەنەوە و چارەسەری داهێنەرانەتر دەدۆزنەوە.

پیانۆ دەتوانێت یارمەتی نەهێشتنی خەمۆکی بدات

خەمۆکی بەربڵاوترین کێشەی تەندروستی بیری گەنجەکانە لە جیهاندا. پیانۆ دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە باشی بکەیت، باوەڕت بەخۆت بێت، زیاتر هەست بە سەربەخۆیی بکەیت، لە فشار ولە خەمۆکی دووربکەویتەوە.


سەرچاوەکان



371 بینین