ئالاسکا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-09-21:37:00 - کۆدی بابەت: 10863
ئالاسکا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئالاسکا (بە ئینگلیزی: Alaska، بە ڕووسی: Аляска، بە عەرەبی: الاسکا)، ویلایەتێکە دەکەوێتە ڕۆژاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە، کۆی ڕووبەری گشتی ئەم ویلایەتە ١٫٧١٧٫٨٥٦ کیلۆمەتر دووجایە و زیاترە لە کۆی هەر سێ گەورەترین ویلایەتەکانی تەکساس، کالیفۆرنیا و مۆنتانای ئەمریکا. هەروەها لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە سێیەم ویلایەتە کە كەمترین دانیشتووی لێیە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٧٣٦٫٠٨١ کەس بوو. نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئالاسکا لە گەورەشاری ئانکۆرەیج دەژین. پایتەختی ویلایەتەکە شاری جونۆیە و لەڕووی ڕووبەرەوە دووەم گەورەترین شاری ئەمریکایە. پایتەختی پێشووی ئالاسکا، سیتکا بوو کە لەڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین شاری ئەمریکایە. ماوەی هەزاران ساڵە ئالاسکای ئێستا شوێنی نیشتەجێبوونی گەلانی ڕەسەنی جۆراوجۆر بووە و لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی ئالاسکا بەرزترینە لە هەر ویلایەتێکی ئەمریکا، کە بەڕێژە زیاتر لە سەدا ١٥ـی دانیشتووانەکەی پێک دەهێنێت. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی ٢٤ زمانی ڕەسەن لەنێو دانیشتوواندا قسەی پێ دەکرێت و خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا کاریگەرییەکی بەرچاویان لە سیاسەتی ناوخۆیی و ویلایەتدا هەیە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

فەرمانگەی سەرژمێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرژمێری ١ـی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ژمارەی دانیشتووانی ئالاسکای بە ٧٣٦٫٠٨١ کەس تۆمارکرد، ئەمەش بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ کە ژمارەی دانیشتووان ٧١٠٫٢٣١ کەس بوو بە ڕێژەی ٣٫٦٪ زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوەی ئالاسکا لە پلەی ٤٧هەمین ویلایەتی وڵاتەکەیدا بوو، هەروەها چڕی دانیشتووانی ویلایەتی ئالاسکا یەکێکە لەکەمچڕترینی ناوچەکانی جیهان، کە ٠٫٤٦ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. ویلایەتەکە گەورەترین ویلایەتی ئەمریکایە لەڕووی ڕووبەرەوە و دەیەم دەوڵەمەندترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی (داهاتی تاکەکەس). تا ساڵی ٢٠١٨ بەهۆی قەبارەی دانیشتووانەکەیەوە، یەکێکە لەو ١٤ ویلایەتەی ئەمریکا کە تەنها یەک کۆدی تەلەفۆنیان هەیە.

ڕەگەز و نەتەوە

بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٩ ڕەگەز و نەوەکانی ئالاسکا بەمشێوەیە بوو، ٦٠٫٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە سپی پێستی ناهیسپانی، ٣٫٧٪ ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی، ١٥٫٦٪ هیندی ئەمریکی یان ڕەسەنی ئالاسکا، ٦٫٥٪ ئاسیایی، ١٫٤٪ هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن، ٧٫٥٪ ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە و ٧٫٣٪ هیسپانی یان ئەمریکی لاتین. بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕاپرسییەکە، ٧٫٨٪ـی کۆی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩ لەدایکبووی بیانی بوون. لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩ گەورەترین گرووپی هیسپانی و ئەمریکای لاتین بریتی بوون لە ئەمریکییە مەکسیکییەکان، پۆرتۆ ڕیکۆیەکان و ئەمریکییە کوباییەکان. گەورەترین گرووپە ئاسیاییەکان کە لەم ویلایەتەدا دەژیان، فلیپینی، ئەمریکییە کۆرییەکان و ئەمریکییە ژاپۆنییەکان و چینییەکان بوون.

زمانەکان

بەپێی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی کە لە ساڵی ٢٠١١ـدا ئەنجامدرا، ٨٣٫٤٪ـی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی پێنج ساڵەوە بوو، لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد، نزیکەی ٣٫٥٪ لە ماڵەوە بە ئیسپانی، ٢٫٢٪ بە زمانێکی تری هیندۆئەورووپی، نزیکەی ٤٫٣٪ بە زمانێکی ئاسیایی و نزیکەی ٥٫٣٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر قسەیان دەکرد. لە ڕاپرسی کۆمەڵگەی ئەمریکی ساڵی ٢٠١٩ـدا ئەوە دەرکەوت کە ٨٣٫٧٪ـی دانیشتووان تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد لە کاتێکدا ١٦٫٣٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر قسەیان دەکرد. یەکێک لەو زمانە ئەورووپییانەی کە لە دوای زمانی ئینگلیزییەوە لەلایەن دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرا ئیسپانی بوو کە نزیکەی ٤٫٠٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە قسەی پێ دەکرا. بەگشتی، زمانەکانی ئاسیا و دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن لەلایەن ٥٫٦٪ـی خەڵکی ئالاسکا قسەیان پێ دەکرا. جگە لەوەش، لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە، ٥٫٢٪ـی خەڵکی ئالاسکا بە یەکێک لە ٢٠ زمانە ڕەسەنەکانی ویلایەتەکە قسە دەکەن.

ئایین

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٠، نزیکەی ٣٤٪ـی دانیشتووانی ئالاسکا ئەندامی کۆبوونەوە ئاینییەکان بوون، لە کۆی ئەمانیش، ١٠٠٫٩٦٠ کەسیان وەک پرۆتستانتی ئینجیلی، ٥٠٫٨٦٦ کەسیان وەک کاسۆلیکی ڕۆمانی و ٣٢٫٥٥٠ کەسیان وەک پرۆتستانتی کۆنەپارێز ناسێنراون. هەروەها نزیکەی ٤٪ـی دانیشتووان مۆرمەن، ٠٫٥٪ جوولەکە، ٠٫٥٪ مسوڵمان، ١٪ بوودی، ٠٫٢٪ بەهایی و ٠٫٥٪ـی دانیشتووان هیندۆسی بوون. گەورەترین گرووپی ئایینی لە ئالاسکا لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • لایەنگرانی کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی: ٥٠٫٨٦٦ شوێنکەوتە
  • ئینجیلییە نائایینییەکان: ٣٨٫٠٧٠ شوێنکەوتە
  • قەشەی هاوچەرخی کڵێسای عیسای مەسیح: ٣٢٫١٧٠ شوێنکەوتە
  • کۆبوونەوەی باپتیستی باشوور: ١٩٫٨٩١ شوێنکەوتە

لەڕووی ئەندامێتی کڵێساوە، دانیشتووانی ئالاسکا لەگەڵ واشنتن و ئۆریگۆن لە باکووری ڕۆژاوای زەریای هێمن کەمترین ڕێژەی دانیشتووانی بەئیمانیان تێدایە لەنێو ویلایەتەکانی ئەمریکا. لە ساڵی ١٧٩٥ـدا یەکەم کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا لە شاری کۆدیاک دامەزرا. هاوسەرگیری نێوان خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا و کۆچبەرە ڕووسەکان یارمەتی تێکەڵبوونیانی بە کۆمەڵگای ویلایەتەکەدا. لە ئەنجامدا، وردەوردە ژمارەیەکی زیاتر لە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیا لەناو ئالاسکادا دامەزران.‌‌ جگە لەوەش، ژمارەی مسوڵمانان لە ئالاسکا لە نێوان ٢٫٠٠٠ بۆ ٥٫٠٠٠ کەسدایە.

ئابووری ویلایەتەکە

سەرەڕای ئەوەی ئالاسکا خاوەنی یەکێک لە بچووکترین ئابوورییەکانی وڵاتەکەیەتی، بەڵام داهاتی تاکەکانی لەنێو بەرزترینەکاندایە، ئەمەش بەهۆی ئابوورییە هەمەچەشنەکەوەیەتی کە ماسیگرتن، گازی سروشتی و نەوت سێکوچکەی سەرەکی ئابووری ویلایەتەکەن. هەروەها بنکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و کەرتی‌ گەشتیاری بەشێکی بەرچاوی ئابووری ئالاسکا پێکدەهێنن. زیاتر لە ٨٠٪ـی داهاتی ویلایەتەکە لە دەرهێنانی پێترۆڵەوە سەرچاوە دەگرێت. بەرهەمی سەرەکی هەناردەکردنی ئالاسکا (جگە لە نەوت و گازی سروشتی) خواردنە دەریاییەکانە، بە پلەی یەکەم سەلمۆن، کۆد، پۆلۆک و قرژانگی دەریایی. دامەزراندنیش بە پلەی یەکەم لە کەرتە حکوومییەکان و پیشەسازییەکانی وەک دەرهێنانی سامانی سروشتی، کەشتیوانی و گواستنەوەدایە.

کشتوکاڵی بەشێکی زۆر کەم لە ئابووری ئالاسکا پێکدەهێنێت. بەرهەمی کشتوکاڵی بە پلەی یەکەم بۆ بەکارهێنانە لەناو ویلایەتەکەدا و نەمامی نەمامگە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و ئاژەڵ لەخۆ دەگرێت. بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان سنووردارە و زۆربەی خۆراک و کاڵا گشتییەکان لە شوێنەکانی دیکەوە هاوردە دەکرێن.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئالاسکا ئۆقیانوسی هێڵی پانیی ناوەڕاستە و کەشوهەوای بەشەکانی باکوور ئۆقیانوسی تەوەرەی باکوورە. باشووری ڕۆژهەڵات هەم باراناویترین و هەم گەرمترین بەشی ئالاسکایە کە پلەی گەرمی لە زستاندا مامناوەندترە و بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆری لێ دەبارێت، ساڵانە ١٣٠ سانتیمەتر باران لە شاری جونۆ دەبارێت. هەروەها ئەمە تاکە ناوچەی ئالاسکایە کە لە مانگەکانی زستاندا تێکڕای پلەی گەرمی بەرز لە کاتەکانی ڕۆژدا لە سەرووی پلەی بەستنەوەیە.

کەشوهەوای ئانکۆرەیج و باشووری ناوەڕاستی ئالاسکا بەهۆی نزیکیی ناوچەکە لە کەنارەکانی دەریاوە مامناوەندە. بەڵام بە بەراود بە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئالاسکا بارانێکی کەمتر و بەفرێکی زیاتری لێدەبارێت. ساڵانە لە ئانکۆرەیج بە تێکڕایی ٤١ سانتیمەتر باران و نزیکەی ١٩٠ سانتیمەتر بەفر دەبارێت، هەرچەندە ناوچەگەلێک لە ناوەڕاستی باشوور هەن کە بڕێکی زۆر زیاتر بەفریان لێ دەبارێت. بەهۆی کورتی و فێنکی مانگەکانی وەرزی هاوینییەوە کەشوهەوای ناوچەکە تایبەتمەندی کەشوهەوای ناوچەکانی دەوروپشتی تەوەرەی باکووری هەیە.

کەشوهەوای ڕۆژاوای ئالاسکا لە باشووری ڕۆژاوا کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی تەوەرەی باکوورە، کەشوهەوای باکووری ڕۆژاوا کیشوەریی تەوەرەی باکوورە، پلەی گەرما تا ڕادەیەک مامناوەندە بڕێکی زۆر باران لە ناوچەکەدا دەبارێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ئالاسکا ٣٨ پلەی سەدییە کە لە ٢٧ـی حوزەیرانی ١٩١٥ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٦٢- پلەی سەدی بوو کە لە ٢٣ـی کانوونی دووەمی ١٩٧١ـدا تۆمارکرا.


سەرچاوەکان



532 بینین