غەزای حونەین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-01-12-16:39:00 - کۆدی بابەت: 10886
غەزای حونەین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی حونەین یان غەزای حونەین (بە عەرەبی: معركة حنين، بە ئینگلیزی: Battle of Hunayn) جەنگێگی ئیسلامی سەردەمی پێغەمبەر ﷺـە کە لە ڕۆژی دەی مانگی شەوالی ساڵی هەشتی کۆچی دوای فەتحی مەککە بە ماوەیەکی کەم ڕوویدا، ئەم جەنگە لە نێوان موسڵمانان و هەردوو هۆزی هەوازن و ثەقیف لە دۆڵێک لە نێوان شاری مەککە و شاری تائیف بە ناوی حوونەین ڕوویدا.

هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە

جەنگی حونەین لە پاش فەتحی مەککە بە ماوەیەکی کەم ڕوویدا، هەواڵی فەتحی مەککە لە نێوان هۆزە عەرەبییەکانی ناوچەکانی دەوروبەری مەککە بڵاوبووەوە، هەردوو هۆزی هەوازن و ثەقیف کە بە بتپەرستی ناسراو بوون بڕیاری بەرهەڵستی و بەرپەرچدانەوەی موسڵمانیاندا و ڕازی نەبوون کە موسڵمانان چوونەتە نێو مەککەوە. بۆیە لەگەڵ چەند هۆزێکی تری ناوچەکانی نزیکیان ڕاوێژیان کرد نموونەی هۆزی نەسڕ و هۆزی بەنی بیلال و هۆزی بەنی بەکر، ئەم هۆزانە لەگەڵ هەردوو هۆزی هەوازن و ثەقیف یەکیان گرت و لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵگیرسانی جەنگ دژی موسڵمانان ڕێککەوتن، مالیکی کوڕی عەوف سەرۆکی هەردوو هۆزی هەوازن و ثەقیف سەرکردەی سوپاکەیانی دەکرد. 

ڕووداوەکانی جەنگی حونەین

دوای فەتحی مەککە، پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵان هەواڵیان پێگەیشت کە مالیکی کوڕی عەوف سەرۆکی هەردوو هۆزی هەوازن و ثەقیف سەرکردەی سوپایەک دەکات و جەنگی دژی موسڵمانان ڕاگەیاندووە و بڕیاری هێرشکردنە سەر خاکی مەککەیان هەیە، پێغەمبەر ﷺ بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوەڵان بڕیاری جەنگیاندا، پێش ئەوەی ئەوان بەسەر مەککەدا بدەن فرمانی جەنگی بە موسڵمانان کرد، لە ڕۆژی پێنجی مانگی شەوالی ساڵی هەشتی کۆچی سوپای موسڵمانان بە ڕابەرایەتی پێغەمبەر ﷺ بەڕێکەوتن و ڕۆژی دەی شەوال گەیشتنە ناوچەی حونەین و لەو ناوچەیە سوپای موسڵمانان جێگیر کرا، ناوچەی حونەین شیو و دۆڵێکە لە نێوان هەردوو شاری مەککە و شاری تائیف لە نیمچەدوورگەی عەرەبی. ژمارەی موسڵمانان لەو جەنگەدا ١٢ هەزار جەنگاوەر بوونە، دە هەزاریان هاوەڵانی شاری مەدینە بوون و دوو هەزار جەنگاوەریش لە تازە موسڵمانانەکانی مەککە بوون.

لەم جەنگەدا پێغەمبەر ﷺ هەزار ڕمی لە نەوفەلی کوڕی حارثی عەبدولمەتەلیب داواکرد، پاشان چەند زرێپۆشێکیشی لە سەفوانی کوڕی ئوممەیە وەکوو ڕاسپاردە وەرگرت، ئەم دوو کەسە لە مەککە تا ئەو کاتە موسڵمان نەببوون بەڵام هاوکاری سوپای موسڵمانیان کرد و داواکەی پێغەمبەر ﷺـیان ڕەتنەکردەوە. پێغەمبەر ﷺ بەشداری ئەم جەنگەی کردووە و ڕابەر و سەرکردەی سوپاکە خۆی بوو، لەم جەنگەدا کۆچەرییەکانی مەککە ڕەنگی ئاڵاکەیان ڕەش و سپی بوو، پشتیوانانی مەدینەش ڕەنگی ئاڵاکەیان سەوز و سوور بوو و لە دۆڵی حونەین کۆببوونەوە، لەناویاندا دەنگۆیەک بڵاوبووەوە کە ئەمڕۆ سوپای موسڵمانان ئەستەمە شکست بهێنێت چونکە پێیان وابوو ژمارەیان زۆر بوو.
لە سەرەتای جەنگەکە هۆزی هەوازن هێرشیان هێنا و بەشێک لە سوپای موسڵمانان هەڵهاتن، پێغەمبەر ﷺ و پاشان عەباسی مامی بانگەشە و فرمانیان بە موسڵمانان کرد کە بگەڕێنەوە نێو سوپا و ئەوانیش گەڕانەوە نێو سوپا و لە جەنگ بەردەوامبوون، جەنگەکە بە سەرکەوتنی موسڵمانان کۆتایی هات.

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بەم جەنگە کردووە و لە سوورەتی التوبة دەفەرموێت: (لَقَدْ نَصَرَكُمُ اللَّهُ فِي مَوَاطِنَ كَثِيرَةٍ وَيَوْمَ حُنَيْنٍ إِذْ أَعْجَبَتْكُمْ كَثْرَتُكُمْ فَلَمْ تُغْنِ عَنْكُمْ شَيْئًا وَضَاقَتْ عَلَيْكُمُ الْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ ثُمَّ وَلَّيْتُمْ مُدْبِرِينَ (٢٥) ثُمَّ أَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَى رَسُولِهِ وَعَلَى الْمُؤْمِنِينَ وَأَنْزَلَ جُنُودًا لَمْ تَرَوْهَا وَعَذَّبَ الَّذِينَ كَفَرُوا وَذَلِكَ جَزَاءُ الْكَافِرِينَ (٢٦)) واتا: سوێند بێت بێگومان خوای گه‌وره‌ له‌ زۆر شوێندا سه‌ری خستن، له‌ ڕۆژی حونه‌ینیش کاتێک که‌ زۆریی ژماره‌ی خۆتان سه‌رسامی کردبوون، بینیتان ئه‌و زۆرییه‌ هیچ فریاتان نه‌که‌وت و بێ نیازی نه‌کردن، زه‌وییش چه‌نده‌ فراوانه‌ لێتان هاته‌وه‌ یه‌ک و ته‌نگ بووه‌وه‌، له‌وه‌ودوا هه‌موو ڕاتانکرد. له‌ پاش ئه‌وه‌ خوا ئارامی خۆی نارد بۆ پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی و بڕواداران، سه‌ربازانێکی له‌ ئاسمانه‌وه‌ نارده‌ خواره‌وه‌ که‌ ئێوه‌ نه‌تاندیین و سزای بێ بڕواکانیشی دا.

هۆکارەکانى تێکشکانى موسڵمانان لە سەرەتای جەنگەکە

  • شانازی کردن بە زۆری ژمارەی جەنگاوەران لەنێو موسڵمانان و بوونی هەستی خۆبەزلزانی، ئەوان وایان گومان دەبرد کە بەهۆی زۆری ژمارەیانەوە جەنگەکە نادۆڕێنن.
  • کەمیی پێداویستییەکانی جەنگ لە نێو سوپای موسڵمانان.
  • ژمارەی هێزی سوپای بەرانبەر دوو هێندەی ژمارەی سوپای موسڵمانان بوو.
  • چەند کەسێکی شاری مەککە کە تازە موسڵمان ببوون لە سەرەتای هێرشی سوپای بەرانبەر لە جەنگەکە هەڵهاتن ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی پشێوی لەنێو ڕیزی سوپای موسڵمانان.
  • سوپای هێزی بەرانبەر پێش هاتنی سوپای موسڵمانان بۆ دۆڵی حونەین ناوچەکەیان گرتبوو و کەمینیان بۆ سوپای موسڵمانان دانابوو.

دەرەنجامی جەنگەکە

جەنگی حونەین بە سەرکەوتنی سوپای موسڵمانان کۆتایی هات، پاشماوەی سوپای هەردوو هۆزی هەوازن و ثەقیف بەرەو شاری تائیف هەڵهاتن. هەرچەنە لە سەرەتا و دەستپێکی جەنگەکە سوپای موسڵمانان شکستیان هێنا و بەشێک لە جەنگاوەرانی بەشداربووی سوپا هەڵهاتن، بەڵام پێغەمبەر ﷺ لە جەنگەکە مایەوە و مەیدانی چۆڵ نەکرد بۆیە هەڵاتووەکانیش گەڕانەوە نێو جەنگەکە. بەشێک لە سوپای بەرانبەر خۆیان ڕادەستی موسڵمانان کرد و موسڵمان بوون و هاوکات سەرکردەی سوپاکەشیان موسڵمان بوو، بەشێکی تریشیان بەرەو شاری تائیف هەڵهاتن.


سەرچاوەکان



675 بینین