پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-01-14-22:12:00 - کۆدی بابەت: 10903
پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش (بە ئینگلیزی: Doctor and patient relationship) بە توخمی سەرەکی بنەما ئەخلاقییەکان لە پزیشکیدا و بە بەشێکی سەرەکی چاودێری تەندروستی و ڕاهێنانی پزیشکی دادەنرێت. ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای چوار توخمی سەرەکی کە بریتین لە زانیاری هاوبەش، متمانە، دڵسۆزی و ڕێزگرتن لە یەکتری دروست دەبێت. لایەنی متمانە لەم پەیوەندییەدا دوو لایەنەیە، بە جۆرێک پزیشک بۆ ئاشکراکردنی هەر زانیارییەک کە پەیوەندیدار بێت بە نەخۆشییەکەوە متمانەی بە نەخۆش هەیە. لە بەرامبەریشدا نەخۆش متمانەی بە پزیشک هەیە کە زانیارییە تایبەتییەکانی بۆ کەسانی تر باس ناکات. دەبێت نەخۆش متمانەی بە لێهاتوویی پزیشکەکەی هەبێت. تاکوو ناوەڕاستی سەدەی بیستەم کەمتر گرنگی بەم جۆرە پەیوەندییە دراوە و پزیشک کەمتر گرنگی بە ڕای نەخۆش داوە، بەڵام ماوەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم بە خاڵی وەچەرخانی ئەم جۆرە پەیوەندییە دادەنرێت. هەندێک لە پزیشکەکان وەک پزیشکی دەروونی و پزیشکی خێزانی بە بەراورد لەگەڵ پزیشکانی تر وەک پزیشکی نەخۆشی زانی یان پزیشکی تایبەت بە تیشک کە کەمتر بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشدا هەیە زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش دەکەنەوە. باشتر دەستنیشانکردنی نەخۆشی لەلایەن پزیشک و زانیاری نەخۆشەکە دەربارەی نەخۆشییەکەی ڕۆڵیان لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییەدا هەیە. بۆ دروستکردنی ئەم پەیوەندییە گرنگە کە پزیشک لە ئاگادارکردنەوەی نەخۆش دەربارەی تەندروستی ڕاستگۆ بێت و هەموو زانیارییەکانی تایبەت بە نەخۆشییەکە بە نەخۆش بڵێت، بەم جۆرە نەخۆش دەتوانێت خۆی زیاتر بەدوای نەخۆشییەکدا بچێت و زانیاری لەسەر بزانێت. بەم جۆرە تێپەڕاندنی نەخۆشییەکە بۆ نەخۆشەکە ئاسانتر دەبێت، هەروەها پێویستە پزیشک پێش ئەنجامدانی هەر پشکنینێک داوای ڕەزامەندی نەخۆش بکات.

ئەو هۆکارانەی ڕۆڵیان لە دروستبوونی ئەم پەیوەندییەدا هەیە:

  • گوێگرتن لە نەخۆش: نەخۆش دەیەوێت پزیشک بە تەواوی گوێی لێ بگرێت، کاتێک دەربارەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی یان نەخۆشییەکەی قسە دەکات، هەروەها دەیەوێت پزیشک ڕێز لە بۆچوونەکانی بگرێت و کاتی تەواوی لە ماوەی چاوپێکەوتنەکەیدا بداتێ. پێویستە پزیشکەکان بە تەواوی گوێ لە نەخۆشەکانیان بگرن.
  • متمانە: کاتێک پزیشکەکان بەباشی گوێ بۆ نەخۆشەکانیان دەگرن، ڕەنگە نەخۆشەکان تەواوی زانیاری پەیوەندیدار بە نەخۆشییەکەیان و ئەو هۆکارانەش کە کاریگەرییان لەسەر نەخۆشییەکە هەیە باس بکەن.
  • ڕێنمایییەکان: پێویستە پزیشک لە کاتی پێدانی ڕێنمایی بە نەخۆش ڕوون بێت و هەوڵبدات ڕێنمایییەکانی بۆ بنووسێت، تاکوو نەخۆش بتوانێت بەباشی پابەندیان ببێت. پێویستە پزیشک لەم کاتەدا زمانێکی سادە و ئاسان کە نەخۆشەکان تێبگەن بەکاربهێنێت.
  • پەیوەندی چاو: گرنگە کە پزیشکەکان لە کاتی گفتوگۆکردن سەیری نەخۆشەکانیان بکەن، تاکوو نەخۆشەکان دڵنیا بن کە پزیشکەکانیان گوێیان بۆ دەگرن و بەتەواوی باس لە نەخۆشییەکەیان بکەن.

سێ شێوازی پەیوەندی نێوان پزیشک و نەخۆش

  • لە جۆری یەکەمدا پزیشک بە تەنها و بەبێ گفتوگۆکردن لەگەڵ نەخۆش بڕیار دەدات، ئەم شێوازە زیاتر لە بارودۆخی لە ناکاو یان کاتێک دواکەوتنی چارەسەرەکان زیان بە نەخۆش بگەیەنێت بەکاردێت. لەم جۆرەیاندا پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک نامێنێت و پزیشک بە تەنها بڕیار دەدات.
  • لە جۆری دووەمدا بەهۆی هەبوونی زانیاری زۆری پزیشک، پزیشک خۆی بڕیار دەدات و ڕێنمایی بە نەخۆش دەدات. نەخۆشیش بەپێی ڕێنمایییەکانی پزیشک مامەڵە دەکات.
  • لە جۆری سێیەمدا پزیشک و نەخۆش پێکەوە لەسەر چارەسەرەکان بڕیار دەدەن، ئەم جۆرەیان کاتێک نەخۆش زانیاری تەواوی لەسەر ئامانجەکانی و ئەزموونی ژیانی هەیە پەیڕەو دەکرێت. نەخۆش ئامانجی خۆی دەڵێت و پزیشکیش یارمەتی نەخۆش دەدات، تاکوو بە ئامانجەکەی بگات. پێکەوە بە ڕەچاوکردنی باری دارایی نەخۆشەکە بڕیار لەسەر چارەسەرەکان دەدەن.

 


سەرچاوەکان



619 بینین