میزۆری

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-06-21:07:00 - کۆدی بابەت: 10933
میزۆری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی میزۆری (بە ئینگلیزی: Missouri، بە عەرەبی: ميزوري)، ویلایەتێکە لە ناوچەی ناوەڕاستی ڕۆژاوای ئەمریکا. ئەم ویلایەتە لەڕووی ڕووبەرەوە لە پلەی ٢١ و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ١٩ـەهەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتەکەیەتی. میزۆری لەگەڵ هەشت ویلایەتی وڵاتدا هاوسنوورە، لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی ئایۆوا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتەکانی ئیلینۆیس، کێنتاکیی و تێنسی،  لە باشوورەوە لەگەڵ ئارکانساس و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ئۆکلاهۆما، کانزاس و نێبراسکا. ناوی ویلایەتەکە لە ناوی ڕووباری میزۆری (Missouri River)ـەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەناو سەنتەری ویلایەتەکەدا دەڕوات، پاشان دەڕژێتە ناو ڕووباری میسیسیپیەوە و سنووری ڕۆژهەڵات پێکدەهێنێت. هەروەها پایتەختی میزۆری جێفرسۆن سیتییە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٤٣ هەزار کەسە. میزۆری لە ١٠ـی ئابی ١٨٢١ـدا کرا بە ٢٤ ویلایەتی ئەمریکا.

زانکۆ ناسراوەکانی ویلایەتی میزۆری بریتین لە زانکۆی میزۆری، زانکۆی سەینت لویس و زانکۆی واشنتن لە سانت لویس. میزۆری بە "دایکی ڕۆژاوا" و "ویلایەتی ئەشکەوت" ناوزەد کراوە، بەڵام بەناوبانگترین نازناوی میزۆری "ویلایەتی پیشانم بدە"ـیە کە ئاماژە بە ئازایی و چاونەترسی دانیشتووانی ویلایەتەکە دەکات.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی میزۆری لە یەکی تەممووزی ٢٠١٩ـدا بە ٦,١٣٧,٤٢٨ کەس مەزندەکرد، ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی دانیشووانی ویلایەتەکە لە دوای سەرژمێری ئەمریکای ساڵی ٢٠١٠ـەوە بە ڕێژەی ٢,٤٨٪ زیادیکردووە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتەکە ١٨٠,٥٦٠ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٧٩,٠١٥ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ١,٥٤٥ کیلۆمەتر دووجای ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣٤,١ کەس بوو.

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی میزۆری ٥,٩٨٨,٩٢٧ کەس بوو. لە دوای سەرژمێری و لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١٨، بەهۆی زیادبوونی سروشتییەوە ١٣٧,٥٦٤ کەس (کە ٤٨٠,٧٦٣ حاڵەتی لەدایکبوون و ٣٤٣,١٩٩ مردن تۆمارکرا) و ٨٨,٠٨٨ کەسیش بەهۆی کۆچەوە هاتوونەتە ویلایەتەکە. زیاتر لە نیوەی خەڵکی میزۆری (٣,٢٩٤,٩٣٦ کەس، واتە ٥٥٪ـی کۆی دانیشتووان) لە ناو دوو گەورەترین گەورەناوچەی ویلایەتەکەدا سەینت لویس و کانزاس سیتیدا دەژین. هەروەها چڕی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا ٨٦,٩ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، چڕی دانیشتووانی میزۆری بە بەراورد بە هەموو ویلایەتەکانی دیکەی وڵات نزیکترە لە تێکڕای نیشتیمانی (لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا تێکڕای چڕی نیشتیمانی ٨٦,٨ بوو). دابەشبوونی پێکهاتە ڕەگەزییەکانی ویلایەتی میزۆری لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • سپی پێست: ٨٢,٨٪
  • ڕەش پێست: ١١,٦٪
  • ئاسیایی: ١,٦٪
  • ڕەسەن: ٠,٥٪
  • هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن: ٠,١٪
  • ڕەگەزی تر: ١,٣٪
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: ٢,١٪

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا ئەوە دەرکەوت کە ناوەندی دانیشتووانی ئەمریکا لە ویلایەتی تەکساسە، بەڵام لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـدا دەرکەوتبوو کە ناوەندی دانیشتووانی وڵات لە ناوچەی فێڵپسە لە ویلایەتی میزۆری. هەروەها ناوەندی دانیشتوو‌انی ویلایەتی میزۆری شاری وێستفالیایە. پێنج گەورەترین گرووپی ڕەچەڵەک لە ویلایەتی میزۆری بریتین لە:

  • ئەڵمانی: ٢٧,٤٪
  • ئێرلەندی: ١٤,٨٪
  • ئینگلیزی: ١٠,٢٪
  • ئەمریکی: ٨,٥٪
  • فەڕەنسی: ٣,٧٪

لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا ٦,٦٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لەخوار تەمەنی پێنج ساڵی، ٢٥,٥٪ لەخوار ١٨ ساڵی و ١٣,٥٪ـی دانیشتووان ٦٥ ساڵ یان سەرووتر بوون. هەروەها مێینەکان نزیکەی ٥١,٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن. سەرەڕای ئەوەش، ٨١,٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی میزۆری دەرچووی ئامادەیی بوون کە زیاترە لە تێکڕای نیشتیمانی و ٢١,٦٪ـی دانیشتووان بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان بڕوانامەی باڵاتریان هەبووە. جگە لەوەش، ٣,٤٪ـی خەڵکی میزۆری لەدایکبووی بیانی بوون. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ١٤٪ـی دانیشتووانی میزۆری کە دەکاتە ١,٠١٨,١١٨ کەس لە خوار هێڵی هەژارییەوە بوون.

زمان

ئینگلیزی زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی میزۆرییە و زۆربەی زۆری دانیشتووانی ویلایەتەکە بە ئینگلیزی قسە دەکەن کە بە ڕێژە لەلایەن ٩٣,٩٪ـی دانیشتووانەوە بەکاردێت، هەروەها نزیکەی ٥,١٪ی دانیشتووان لە ماڵەوە بە زمانێکی نائینگلیزی دەدوێن. زمانە نائینگلیزییەکانی دانیشتووان بریتین لە زمانەکانی ئیسپانی و ئەڵمانی، یەکەمیان لەلایەن ٢,٦٪ و دووەمیان لەلایەن ٠,٤٪ـی دانیشتووانەوە بەکاردێت. جگە لەوەش، زاراوەیەکی فەڕەنسی کە بە فەڕەنسی میزۆری ناسراوە لەلایەن دانیشتووانەوە بەکاردێت.

ئایین

بەپێی ئەو توێژینەوەی پیو کە لە ساڵی ٢٠١٤ــدا ئەنجامدراوە، ٨٠٪ـی خەڵکی میزۆری ئایینیان هەیە. لەنێویاندا 77٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە سەر بە ئایینی مەسیحی و لقە جۆراوجۆرەکانین و ٣٪ـی تریش سەر بە ئایینە نامەسیحییەکانن. هەروەها ٢٠٪ـی دانیشتووان هیچ ئایینێکیان نییە. دابەشبوونە ئایینییەکانی دانیشتووانی میزۆری بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • پرۆتستانت: ٥٨٪
  • پرۆتستانتی ئینجیلی: ٣٦٪
  • پرۆتستانتی کۆنەپارێز: ١٦٪
  • بلاک پرۆتستانت: ٦٪
  • کاسۆلیکی: ١٦٪
  • مۆرمۆن: ١٪
  • ئۆرتۆدۆکس: ١٪
  • گەواهی یهوا: ١٪
  • مەسیحییەکانی تر: ١٪
  • ئایینە نامەسیحییەکان: ٣٪
  • جوولەکە: ١٪
  • مسوڵمان: ١٪
  • بوودی: ١٪
  • هیندۆسی: ١٪
  • ئایینەکانی تر: ١٪
  • بێ ئایین: ٢٠٪

گەورەترین گرووپە ئایینییەکانی ویلایەتەکە بەپێی ژمارەی لایەنگران لە ساڵی ٢٠١٠، کۆبوونەوەی باپتیستی باشوور لە پلەی یەکەمدا بوو و ٧٤٩,٦٨٥ لایەنگری هەبوو؛ پاشان کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی بە ٧٢٤,٣١٥ لایەنگرەوە لە پلەی دووەم و کڵێسای یونایتد میتۆدیست بە ٢٢٦,٤٠٩ لایەنگرەوە لە پلەی سێیەمدا بوو.

ئابووری ویلایەتەکە

نووسینگەی شیکاری ئابووری ئەمریکا تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتی میزۆری لە ساڵی ٢٠١٦ـدا بە ٢٩٩,١ ملیار دۆلار و لە پلەی ٢٢ـی ویلایەتەکانی ئەمریکادا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی تاکەکانی میزۆری لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا ٣٢,٧٠٥ دۆلار و لە ڕیزبەندی ٢٦ـی وڵاتدا بوو. هەروەها پیشەسازییە سەرەکییەکان بریتین لە فڕۆکەوانی، ئامێری گواستنەوە، پرۆسێسکردنی خۆراک، ماددە کیمیاییەکان، چاپکردن/بڵاوکردنەوە، ئامێری کارەبایی، بەرهەمهێنانی سووک، خزمەتگوزارییە داراییەکان و بیرە.

بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو ویلایەتە بریتین لە گۆشتی مانگا، پاقلەی سۆیا، گۆشتی بەراز، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، کا، گەنمەشامی، پەلەوەر، هەرزن، لۆکە، برنج و هێلکە. میزۆری لە بەرهەمهێنانی بەراز لە پلەی شەشەم و لە بەرهەمهێنانی ڕەشەوڵاغدا لە پلەی حەوتەمی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرهەمێنانی پاقلەی سۆیا لە پلەی پێنجەم و لە بەرهەمهێنانی برنجدا لە پلەی چوارەمی وڵاتدایە. لە ساڵی ٢٠٠١ـدا ١٠٨ هەزار کێڵگە لەم ویلایەتەدا هەبوون و لە دوای ویلایەتی تەکساسەوە خاوەنی دووەم زۆرترین کێڵگەی وڵاتە. هەروەها میزۆری پەرە بە پیشەسازی شەراب دەدات و پیشەسازی کشتوکاڵی ویلایەتەکە ٣٣ ملیار دۆلاری تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی میزۆری پێکدەهێنێت.

میزۆری بڕێکی زۆر بەردەقسڵ هەیە و سەرچاوە دەرهێنراوەکانی تر بریتین لە قوڕقوشم، خەڵووز و ئاردەبەرد. میزۆری زۆرترین ڕێژەی قوڕقوشم بە بەراورد بە هەموو ویلایەتەکانی وڵات بەرهەم دەهێنێت و زۆربەی کانەکانی قوڕقوشم لە بەشی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکەدان. جگە لەوەش، میزۆری خاوەنی بوارێکی گەشەسەندووی زانست، تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی و زیندەتەکنەلۆجیایە. هەریەک لە گەشتیاری، خزمەتگوزارییەکان بازرگانی و گەشتیاری بەشێکی گرنگی ئابووری ویلایەتەکە پێکدەهێنن. ڕێژەی بێکاریی لەم ویلایەتەدا و لە نیسانی ٢٠١٧ـدا ٣,٩٪ بوو.

کەشوهەوا

بەگشتی کەشوهەوای ویلایەتی میزۆری کیشوەری شێدارە و زستانی فێنک و هەندێکجار ساردە و هاوینیشی گەرم، شێدار و باراناوییە. لە بەشی باشووری ویلایەتەکەدا، کەشوهەوا نیمچە خولگەیی شێدارە. میزۆری دەکەوێتە بەشی ناوەوەی ئەمریکا و زۆرجار پلەی گەرمی ناوچەکە بەرزە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ زنجیرە شاخێکی بەرزی و زەریایەکی لە نزیک نییە تا پلەی گەرمی ناوچەکە مامناوەند بکەنەوە، کەشوهەوای ویلایەتەکە لە ژێر کاریگەری هەوای ساردی جەمسەری باکوور و هەوای گەرم و شێداری کەنداوی مەکسیکدایە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لەم ویلایەتەدا  ٤٨ پلەی سەدییە کە لە ١٤ـی تەممووزی ١٩٥٤ـدا تۆمارکرا، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٠- پلەی سەدییە کە لە ١٣ـی شوباتی ١٩٠٥ـدا تۆمارکرا.

میزۆری دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە پێی دەوترێت کۆڵانی گەردەلوول و بە ڕەشەبای بروسکاوی و گەردەلوولی توند تایبەتمەندە. لە ٢٢ـی ئایاری ٢٠١١، گەردەلوولێکی بەهێزی EF-5 (گەردەلوولی EF-5: خێرایی با ٣٢١ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدایە) بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٥٨ کەس، برینداربوونی زیاتر لە هەزار کەس و نزیکەی یەک لەسەر سێی شاری جۆپلینی وێرانکرد. زیانی مادیی گەردەلوولەکە ١-٣ ملیار دۆلار بوو، ئەم گەردەلوولە حەوتەم کوشندەترین گەردەلوول بوو لە مێژووی ئەمریکا و ٢٧هەمین کوشندەترین گەردەلوول بوو لە جیهاندا.


سەرچاوەکان



424 بینین