هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-08-21:17:00 - کۆدی بابەت: 10955
هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەڵبژاردەی عێراق یان هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆپی پێی عێراق (بە عەرەبی: منتخب العراقي لكرة القدم، بە ئینگلیزی: The Iraq national football team) هەڵبژاردەی نیشتمانی وڵاتی عێراقە و لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە دامەزراوە، نازناوی شێرەکانی میزۆپۆتامیا (ٲسود الرافدين)ـیان هەیە و لە دیارترین هەڵبژاردە عەرەبییەکانی ئاسیان و ئەندامن لە فیفا. لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا بووە خاوەن جامی ئاسیا، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ چوارەمین جار توانی جامی کەنداوی عەرەبی خولی ٢٥ بەدەست بهێنیت.

مێژووی هەڵبژاردەی عێراق

- ساڵانی سەرەتای دوای دامەزراندن

لە ساڵی ١٩٤٨ هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق دامەزرا و لە ساڵی ١٩٥٧ یەکەمین یاری نێودەوڵەتی فەرمی خۆی لە وڵاتی لوبنان ئەنجامدا، تێیدا بە ئەنجامی سێ بە سێ لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی مەغریب یەکسان بوون. هەڵبژاردەی عێراق یەکەم بەشداری نێودەوڵەتی خۆی لە ساڵی ١٩٥٧ لە دووەم پاڵەوانێتی وەرزشی عەرەبی لە بەیرووت تۆمار کرد. لە ساڵی ١٩٦٤ هەڵبژاردەی عێراق یەکەم نازناوی دەرەکی بەدەست هێنا دوای بردنەوەی دووەم جامی عەرەبی لە وڵاتی کوەیت. لە ساڵی ١٩٧٢ هەڵبژاردەکە بۆ یەکەم جار نازناوی پاڵەوانێتی سەربازی جیهانی لە بەغداد بردەوە، لە ساڵی ١٩٧٥ لاوانی عێراق توانیان لە یەکەم بەشداری عێراقیدا پاڵەوانێتی لاوانی ئاسیا لە کوەیت بەدەستبهێنن.

- نەوەی ئاڵتوونی یەکەم ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٩٠

لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەڵبژاردەی عێراق گرنگی بە هەڵبژاردنی یاریزانی بەتوانا و بەهێز داوە، بۆیە هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە ماوەی سەرەتای ساڵانی حەفتاکان تاکوو کۆتایی ساڵانی هەشتاکان گەیشتە لوتکە و تێیدا چەندان نازناوی گرنگیان بەدەستهێنا و بەو یاریزانەی تیمەکە دەوترا نەوەی ئاڵتوونی یەکەم. هەر لە یەکەم بەشداریکردنیان لە چوارەم خولی جامی کەنداوی عەرەبی لە ساڵی ١٩٧٦ توانیان بگەنە قۆناغی کۆتایی جامەکە بەڵام نەیانتوانی جامەکە بەدەست بهێنن، لەو خولە چەندان نازناویان بەدەست هێنا و یاریزانەکان دەرکەوتن و ناسران.

لە ساڵی ١٩٧٩ دوای ئەوەی خولی پێنجەمی جامی کەنداوی عەرەبی لە بەغداد ئەنجام درا، هەڵبژاردەی عێراق توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکە بەدەست بهێنێت. لە ساڵی ١٩٨٤ و لە خولی حەوتەمدا بە هەمان شێوە نازناوی جامی کەنداوی بردەوە. لە خولی نۆیەم و لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ سێیەم جار جامی کەنداوی عەرەبی بەدەست هێنا.

- بەشداریکردنی لە جامیی جیهانیی ١٩٨٦

هەڵبژاردەی عێراق بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا توانییەتی لە جامی جیهانیی ساڵی ١٩٨٦ـی وڵاتی مەکسیک بەشدار بێت، بەهۆی جەنگی عێراق و ئێران لەو ماوەیەدا و تێکچوونی بارودۆخی سیاسی وڵات سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی جیهانی بە دەسکەوتێکی گرنگی ئەو سەردەمە دانراوە، چونکە تەنیا سێ وڵاتی عەرەبی سەرکەوتبوو، ئەوانیش عێراق لەگەڵ هەردوو هەڵبژاردەی مەغریب و جەزائیر. هاوکات هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یەکەم یاری بەرانبەر پاراگوای کرد و یەک بە سفر دۆڕا، پاشان دووەم یاری بەرانبەر بەلجیکا ئەنجام دا و دوو بە یەک دۆڕا، لە یاری سێیەم بەرانبەر مەکسیک دۆڕا هەر لە قۆناغەکانی سەرەتادا دوورخرایەوە.

- هەڵبژاردەی عێراق لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩٩

ماوەی ساڵانی نەوەدەکان لە عێراق بە سەختی بەسەر هەڵبژاردەی عێراق تێپەڕی، چونکە بارودۆخی سیاسی و جەنگ و ئابڵووقەی ئابووری بەسەر وڵاتدا سەپێنرا، بەهۆی جەنگی عێراق و کوەیتەوە هەڵبژاردەی عێراق لە بەشداریکردن لە یارییە ئاسیاییەکان و لە زۆربەی پێشبڕکێ عەرەبییەکاندا قەدەغەکرا، بەوهۆیەوە لە ساڵی ١٩٩٦ هەڵبژاردەی عێراق پلەی ١٣٩ لە جیهاندا بەدەست هێنا کە خراپترین پلەی فیفایە لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا و ئاستی زۆر نزم بووەوە.

- نەوەی ئاڵتوونی دووەم ساڵانی ٢٠٠ بۆ ٢٠٠٧

ئەو یاریزانانەی لەم نەوەیە بوون گەنج و بوێر بوونە و چەند نازناوێکی گرنگیان بەدەست هێناوە، دیارترین یاریزانی ئەم نەوەیە بریتی بوون لە یوونس مەحموود، هەوار مەلا محەمەد، نەشئەت ئەکرەم، عەلی عەدنان و نوور سەبڕی و چەندانی تر. لە سەرەتای دوو هەزارەکان و دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، هەڵبژاردەی عێراق ڕێگەی پێدرا لە یاری و خولە عەرەبییەکان بەشداری بکاتەوە، بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٢ بەشداری لە پاڵەوانێتیی یەکێتی تۆپی پێی ڕۆژاوای ئاسیا کرد و پاڵەوانێتییەکەی بردەوە و جامەکەی بەدەست هێنا. هەڵبژاردەی عێراق خەڵاتی هەڵبژاردەی یەکێتی ئاسیای ساڵی ٢٠٠٤ بەدەست هێنا، هاوکات لە ساڵی ٢٠٠٥ عێراق مەدالیای زێڕی لە یارییەکانی خولی ڕۆژاوای ئاسیا بەدەست هێنا.

بەدەستهێنانی جامی ئاسیای ٢٠٠٧

دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی ئاسیا، لە یەکەم یاریدا عێراق بە ئەنجامی یەک بە یەک لەگەڵ هەڵبژاردەی تایلەند لە بانکۆک یەکسان بوون، پاشان بە ئەنجامی سێ بە یەک بەرانبەر ئوسترالیا سەرکەوت، دواتر بە ئەنجامی سفر بە سفر لەگەڵ عوممان یەکسان بوو، دوای سەرکەوتنی بۆ یاری چارەکی کۆتایی بەرانبەر ڤێتنام یارییەکەی بە ئەنجامی دوو بە سفر بردەوە، عێراق لە قۆناغی یاری نیوەی کۆتایی ڕووبەڕووی کۆریای باشوور بووەوە و یارییەکەش دوای کاتی زیادکراو و یەکسان بوون بە لێدانی سزا عێراق  توانی سەرکەوتوو بێت، لە یاری کۆتاییدا عێراق ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی سعوودییە بووەوە، یوونس مەحموود لە خولەکی ٧٢ تاکە گۆلی یارییەکەی بۆ عێراق تۆمار کرد، هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی ئەو گۆڵەوە لە جامی ئاسیای ساڵی ٢٠٠٧ سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا جامەکەی بردەوە.

بەدەستهێنانی جامی کەنداوی عەرەبی ٢٠٢٣

جامی کەنداوی عەرەبی ٢٥ کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری بەسڕەی باشووری عێراق ئەنجام درا، لە یەکەم کۆمەڵە عێراق ڕووبەڕووی یەمەن و سعوودییە بووەوە و توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، پاشان یاری نیوەی کۆتایی لەگەڵ هەڵبژاردەی قەتەڕ ئەنجام دا و توانی دوو بە یەک سەرکەوتن تۆمار بکات و چووە قۆناغی کۆتایی، لە یاری کۆتایی بەرانبەر هەڵبژاردەی عوممان یاری کرد و ئەنجامی یارییەکە لە کاتی زیادکراودا سێ بە دوو بە سەرکەوتنی عێراق کۆتایی پێهات، هەڵبژاردەی عێراق توانی دوای ٣٥ ساڵ بۆ چوارەم جار جامی کەنداوی عەرەبی بەدەست بهێنێت.

نازناو و دەستکەوتەکانی 

  • جامی ئاسیا، یەک جار، ساڵی ٢٠٠٧
  • جامی کەنداوی عەرەبی، چوار جار، ساڵانی ١٩٧٩، ١٩٨٤، ١٩٨٨، ٢٠٢٣
  • جامی عەرەبی، چوار جار، ساڵی ١٩٦٤، ١٩٦٦، ١٩٨٥، ١٩٨٨
  • خولی یارییەکانی ئاسیا، یەک جار، ساڵی ١٩٨٢ جامی ڕۆژاوای ئاسیا، یەک جار، ساڵی ٢٠٠٢ خولی یارییەکانی ڕۆژاوای ئاسیا، یەک جار، ساڵی ٢٠٠٥


سەرچاوەکان



256 بینین