نەخۆشیی زمانی جوگرافی

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2023-02-28-21:30:00 - کۆدی بابەت: 11120
نەخۆشیی زمانی جوگرافی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشی زمانی جوگرافی (بە ئینگلیزی: Geographic tongue disease) حاڵەتێکی هەوکردنی دەمه، که دەناسرێتەوە بە لە دەستدانی خانە و شانەکانی ڕووکەشی زمان. زمانی جوگرافی له هەمان كاتدا ناسراوه به هەوکردنی (زمانی کۆچەر) لەبەر ئەوەی نیشانەکان دەجووڵێن و شوێنی خۆیان دەگۆڕن. ئەمە حاڵەتێکی باوە و کاریگەری دەکاتە سەر نزیکەی 2-3٪ـی دانیشتوانی گشتی.

ئەوانه کێن کە تووشی زمانی جوگرافی دەبن؟

هەموو کەسێک دەتوانێت تووشی ئەم حاڵەتە ببێت منداڵ، هەرزەکار و گەنجانیش. ئەم نەخۆشییە دەکرێت لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵی زۆرتربێت بە بەراورد سەرو ١٨ ساڵی. دەکرێت بۆ ماوەییش بێت و کەسانی تر لە خێزانەکە پێشتر تووشبووبن. لەوانەیە ڕووبدات لە:

  • ئەو کەسانەی ئەگزیما و دەردە سەدەفیان هەیە.
  • ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە بەتایبەت جۆری ١
  • ئەو کەسانەی کەمی ڤیتامینیان هەیە، وەک زینک، ئاسن، ترشی فۆلیک و ڤیتامینەکانی B6 و B12
  • ئەو کەسانەی کە زمانیان قڵیشاوە

هۆكاری تووشبوون به زمانی جوگرافی چییه؟

زمانی جوگرافی بەشێوەیەکی ئاسایی هیچ نیشانەیەک دروست ناکات، لەو حاڵەتانەی کە نیشانەکان هەن، لەوانەیە خووێکی خراپی زارەکی هۆکار بێت بۆ تووشبوون بەم حاڵەتە وەک (خواردنی نینۆک، یاری کردن بە شەویلگە، هتد.)، کردنی ئەم کارانە دەبێتە هۆی کرنج کرنج بوونی زمانەکە.

تا ئێستا هۆكاری توشبوون به زمانی جوگرافی دیارنییه و نەدۆزراوەتەوە، بەڵام زیاتر تووشی ئەوکەسانه دەبێت که نەخۆشیی سەدەفیان ھەیە. سەدەف نەخۆشيیەکی فره جۆری پێسته به پەیدابوونی پەڵەی پوولەکەیی (توێكڵ) داری سوور دەناسرێتەوه که لەسەر ڕووەکانی لەش دەبينرێن.

هەروەها زمانی جوگرافی لەو کەسانەدا دەردەکەوێ که هەستیارییان بەرامبەر به خواردن هەیە، یاخود ھەوکردن و ھەستیاریی پێستیان ھەیە، یان ڕەبۆ، یان کەمخۆری، یان هەوکردنی پێست و ماسولکەیان ھەیە، یاخود کەمی خوێن، هەروەها ئەو کەسانەی توشبووی شەکرەی جۆری یەکن ئەگەری توشبوونیان زیاترە .

شێوەی پزیشکی زمانی جوگرافی چۆنە؟

زمانی جوگرافی بەوە دەناسرێتەوە که کۆمەڵێک پەڵەی شێوە نارێک و سوورە و شێوەی له نەخشه دەچێت، تەنک و ئاوساوه و بە خەتی سپی دەورەدراوە، له وانەیه توشبوون به زمانی جوگرافی ماوەی چەند مانگێک بخایەنێت و زۆر جار دووبارە دەبێتەوە، زۆربەی کات هیچ نیشانەیەکی نییه بەڵام ئازار و سووتان له زمانی توشبوو شتێکی بەربڵاوە بەتایبەت لەکاتی خواردنی گەرم و ترش و تفت.

کاریگەرییە درێژخایەنەکانی زمانی جوگرافی چین؟

هیچ کاریگەرییەکی درێژخایەن و لێپیسکردنیکی نیە لەسەر نەخۆش.

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشیی زمانی جوگرافی:

دەستنیشانکردنی نەخۆشی زمانی جوگرافی پشت به پشکنینی پزیشکی زمان، ڕابردووی تەندروستی نەخۆشەکه و ڕۆتینی پشکنینی تاقیگه دەبەستێت.

چارەسەری زمانی جوگرافی چییه؟

تاوەکوو ئێستا بۆ ئەم حاڵەتە توێژەران ناتوانن چارەسەرێکی دیاریکراو بدۆزنەوە، ئەویش بەهۆی نەبوونی بەڵگەی باوەڕ پێکراوەوە. بەڵام ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەکانیان هەیە دەتوانن لەسەر چەند بژاردەیەکی چارەسەر کە لەلایەن پزیشکەوە لەسەر بنەمای چەند حاڵەتێک دانراوە ئامۆژگاری بکرێن، وەک ئەنتی هیستامین، ئەنکسیۆلیتیک، کۆرتیکۆسترۆید و کرێمی سڕکردن لەخۆدەگرێت. وا پێشنیاز دەکرێت کە نەخۆشەکان خۆیان لە خواردنی تیژ و ترشی بۆ چارەسەرکردنی ئازار و خورانەکەیان بەدوور بگرن. توێژینەوەکە ئاستی بەرزی بەڵگەکانی نیشان نەداوە بۆ چارەسەری نیشانەکانی ئەم حاڵەتە و  بۆیە پێویستمان بە خوێندن و توێژینەوەی زیاتر و گەورەترە بۆ ئەوەی بێتە پێشنیارێکی باوەڕپێکراوەوە.


سەرچاوەکان



889 بینین