مانگی تابان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-08-30-19:32:00 - کۆدی بابەت: 11170
مانگی تابان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مانگی تابان یان سوپەرموون (بە عەرەبی: القمر العملاق، بە ئینگلیزی: Supermoon) دیاردەیەکی گەردوونییە کە تێیدا مانگ پڕە (تەواوە). هەر یەکە لە زەوی، خۆر و مانگ لەسەر هێڵێکی ڕاست دەبن بە شێوەیەک زەوی لە ناوەڕاستی مانگ و خۆردا دەبێت، ئەم دۆخە پێی دەوترێت سیزیجی (Syzygy). هەروەها مانگیش لە نزیکترین خاڵدا دەبێت لە زەوییەوە، لە دۆخێکدا پێی دەوترێت پێرجی (Perigee).

مانگی تابان چییە؟

زاراوەی مانگی تابان یاخوود سوپەرموون زاراوەیەکی فەرمی گەردوونی نییە. بۆ یەکەمجار زاراوەی سوپەرموون لە لایەن گەردوونناس ڕیچرد نۆڵییەوە بەکارهێنرا لە ساڵی ١٩٧٩ـدا. بەپێی ئەو پێناسەیە بێت کە نۆڵی بۆ ئەم دیاردەیەی کردووە، مانگی تازە یان مانگی پڕ کاتێک دەبێتە مانگی تابان کە بە ڕێژەی ٩٠٪ لە نزیکترین خاڵدا بێت لە زەوییەوە. دیاردەی مانگی تابان کاتێک ڕوودەدات کە مانگ لە نزیکترین خاڵدا بێت لە زەوییەوە لە خولگەکەیدا و لە هەمان کاتیشدا مانگی پڕ و تەواو بێت.

بەهۆی ئەوەی خولگەی مانگ بە دەوری زەویدا شێوەکەی هێلکەیییە، ئەمە وای لێدەکات لە کاتی سووڕانەوەی بە دەوری زەویدا بگاتە نزیکترین و دوورترین خاڵ. دوورترین خاڵ لە خولگەی مانگدا پێی دەوترێت ئاپەجی (Apogee) و نزیکەی ٤٠٥،٥٠٠ کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە. هەروەها نزیکترین خاڵیش پێی دەوترێت پێرجی (Perigee) و تێکڕای دوورییەکەی لە زەوییەوە ٣٦٣،٣٠٠ کیلۆمەترە.  کاتێک مانگی تەواو لە خاڵی پێرجیدا دەبێت کەمێک گەشاوەتر و گەورەتر دەردەکەوێت لە مانگی تەواوی ئاسایی و بەو شێوەیە دیاردەی مانگی تابان ڕوودەدات.

پێرجی-سیزیجی

زاراوەی فەرمی بۆ سوپەرموون یاخوود مانگی تابان بریتییە لە پێرجی-سیزیجیی کۆمەڵەی زەوی-مانگ-خۆر. لە گەردوونناسیدا، زاراوەی سیزیجی وەسپی ڕێکخستنی سێ تەنی ئاسمانی دەکات لەسەر هێڵێکی ڕاست. ناوێکی تری فەرمی بۆ ئەم دیاردەیە بریتییە لە مانگی پڕی پێرجی.

شێوەی مانگ لە کاتی ئەم دیاردەیەدا

لەبەرئەوەی لە کاتی ئەم دیاردەیەدا مانگ زۆر لە زەوییەوە نزیکە، مانگی پڕی تابان بە ڕێژەی ٣٠٪ گەشاوەتر دەردەکەوێت بە بەراورد بە مانگی پڕی بچووک و بە ڕێژەی ١٦٪ گەشاوەترە بە بەراورد بە مانگی پڕی ئاسایی. لە زمانی کوردیشدا پێی دەوترێت مانگی تابان کە زاراوەی تابان بە واتای درەخشان یاخوود پرشنگدار دێت.

باشترین کات بۆ بینینی مانگی تابان

باشترین کات بۆ چێژبینین لە دیاردەی مانگی پڕی تابان یان هەر مانگێکی پڕی تر، ڕاستەوخۆ دوای هەڵهاتنی مانگە، ئەو کاتەی مانگ زۆر نزیکە لە ئاسۆوە. هەروەها ڕاستەوخۆ پێش ئاوابوونی مانگیش کاتێکی گونجاوە.

کاتێک مانگی پڕ لە ئاستێکی نزمدایە، گەورەتر و گەشاوەتر دەردەکەوێت بە بەراورد بەوەی لە بەرزایی ئاسماندایە. ئەمە پێی دەوترێت وەهمی مانگ.

کاریگەریی مانگی تابان

گەورەترین جیاوازی لە نێوان هەڵکشانی بەرز و نزمی زەریاکان لە دەوروبەری کاتی مانگی پڕ و مانگی نوێدایە. لە ماوەی ئەم قۆناغانەی مانگدا، هێزی ڕاکێشانی مانگ و خۆر یەکدەگرن و دەبنە هۆی هەڵکشانی ئاوی زەریاکان بە یەک ئاڕاستە. ئەم هەڵکشانانە پێیان دەوترێت هەڵکشانی بەهار یان شاهەڵکشان.  دیاردەی مانگی تابان دەبێتە هۆی زیادکردنی هەڵکشانەکان بە ڕێژەی ٢ ئینچ زیاتر بە بەراورد بە شاهەڵکشانەکان.

هەرچەندە شوێنی مانگ و خۆر لە کاتی ئەم دیاردەیەدا دەبێتە هۆی ئەوەی کەمێک جووڵە تەکتۆنییەکان زیادتر ببن، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر زەوی زۆر کەم و بچووکن. بەشێك لە زانایان لێکۆڵینەوەیان لەم بارەیەوە ئەنجامداوە، بەڵام تا ساڵی ٢٠٢٣ هیچ بەڵگەیەک نییە دیاردەی مانگی تابان و کارەساتە سروشتییەکان پێکەوە ببەستێتەوە.


سەرچاوەکان



590 بینین