نەهەنگی سپی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-17-01:37:00 - کۆدی بابەت: 11307
نەهەنگی سپی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەهەنگی سپی (بە ئینگلیزی: Beluga whale، بە عەرەبی: الحوت الابیض)، هەندێکجار ناودەبرێت بە کەناری دەریا و نەهەنگێکی قەبارە مامناوەندە، جۆرێکی جیاوازە و بەهۆی ڕەنگە سپییەکەی و دەنگەکەیەوە جیادەکرێتەوە، لە کۆمەڵەی مەمکدارەکاندایە و تاکەکانی پێکەوە و بە شێوەی کۆمەڵە لە زەریاکاندا دەژین، زیاتر لە ناوچەی ئاوی نزیک بەستەڵەکەکاندا دەژی، بەهۆیەوە ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕوو لە ناوچەکانی ئالاسکا دەکەن بەمەبەستی بینینی ئەم جۆرە نەهەنگە، چونکە لەو ناوچەدا ژمارەیان زۆرە و یەکێکن لە بەناوبانگترین بوونەوەرە ئاوییەکان.

هەندێک لە نەهەنگە سپییەکان کۆچەرین و هەندێکی تریان تەنها لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا دەمێننەوە، هەرچەندە جەستەی ئەم بوونەوەرە ئاوییە بە جۆرێکە کە بەرگەی پلەی گەرمای ژێر سفری سەدی دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە وەرزی زستاندا جێگەکانیان جێدەهێڵن بۆئەوەی دووربن لە ئەگەری نەخوازراوی ناوچە بەستەڵەکەکان، لەکاتی کۆچکردندا کۆمەڵە بچووکەکان یەکدەگرن و هەندێکجاریش دەکرێت کە لەگەڵ نەهەنگی جیاوازتر لە خۆیان کۆچبکەن.

نەهەنگە سپییەکان دەکەونە شوێنی یەکتری و یەکتری ڕاودەنێن بەمەبەستی یاریکردن یان دژمنایەتی و خوراندنی جەستەیان بە بەکارهێنانی جەستەی یەکتری، لەسەر سەر و پشتیان شتی جیاواز هەڵدەگرن وەک تۆڕی ڕاوکردن و بوونەوەرە هەڵواسراوەکان و ئێسکەپەیکەر، هەروەها لە مرۆڤ و بەلەمی مرۆڤەکان نزیکدەبنەوە و جیاواز لە نەهەنگەکانی تر زیان ناگەیەنن و ئازاردەرنین، بەڵکو وەک دۆلفینەکان دەتوانن هاوڕێی باشی مرۆڤەکانبن.  

شێوەی دەرەوەی

نەهەنگی سپی قەبارەی گەورەترە لە دۆلفین بەڵام بچووکتریشە لە نەهەنگی ئاسایی، درێژی تاکێکی پێگەیشتووی دەگاتە نزیکەی سێ مەتر، قەبارەی نێرینەکان گەورەترە لە مێینەکان، کێشی نێرینەکان لە نێوان ١١٠٠-١٦٠٠ کیلۆگرامە و کێشی مێینەکانیش لە نێوان ٧٠٠-١٢٠٠ کیلۆگرامە، کلکیان پان و گەورەیە و لە ناوەڕاستییەوە هەتاکوو قوڵاییەکی زۆری کلکی بووە بە دووبەشەوە، چاوەکانی بچووک و ڕەشن و دەکەونەوە کۆتایی دەمییەوە.

گوێیەکانی نەهەنگی سپی ڕاستەوخۆ دەکەونە بەشی سەرەوەی چاوەکانی هیچ کرانەوە و پێستێکی جیاواز نییە کە نیشانەبن بۆ هەبوونی گوێچکە، ملی بڕبڕەدارە و پێکداچوونین بۆیە دەتوانێت سەری بەرز و نزم بکاتەوە و بە تەنیشتەکاندا بیسوڕێنێت، لە شەویلگەکانیدا ددانی بەهێز و شێوە مێخی هەیە، ددانەکانی بەجۆرێکن کە گرتن و خواردن ئاسانبێت بۆی، زیاتر لە هەموو مەمکدارە ئاوییەکان دەتوانێت لە ژێر ئاودا بمێنێتەوە کە دەگاتە ١٥ خولەک، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە کە نەهەنگی سپی دەتوانێت لێدانی دڵی خۆی ڕێکبخات و ئۆکسجینی زیاتر بەدەستبهێنێت.

پەڕەکەی سەرپشتی ڕەق و توندە کە لە بنەڕەتدا باڵێکی ناسک و تەنکبووە، زاناکن دەڵێن ئەم پەرەسەندنە بۆ خۆگونجاندنە لەگەڵ نشینگەکەیدا، چونکە لەناو سەهۆڵی جەمسەرەکاندا دەژی و پێویستی بە پەڕەکەیەکی ڕەقە بۆ ئەوەی سەهۆڵەکان بشکێنێت، لەکاتێکدا هەندێک لە زاناکانی تر باوەڕیان وایە کە ئەو ڕووبەرە فراوانەی کە پەڕەکەکە هەیەتی و داگیریکردووە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆر گەرمی.

خۆراک

نەهەنگە سپییەکان لە کۆمەڵەی گەورەدا و پێکەوە ڕاودەکەن بۆ دیاریکردنی جێگەی نێچیرەکانیان دەنگ دەردەکەن، کە کاتێک دەنگەکە بەر هەرتەنێک بکەوێت دەگەڕێتەوە و بەمەش جێگەی تەنەکە دیاریدەکەن، یاخود کە دەچنە قوڵایی زەریاکانەوە و ڕووناکی کەمدەبێتەوە و مەودای بینین کەمدەکات، ئەوا دووبارە بەهۆی بەکارهێنانی دەنگەوە ڕێگەکەیان دەبڕن، بەلایەنی کەمەوە توانای دەرکردنی ١١ دەنگی جیاوازیان هەیە، هەندێکیان زۆر بەرزن مرۆڤەکان دەیبیستن، بەڵام ئەوەکانی تر کە لەرەلەریان کەمە گوێی مرۆڤ نایبیستێت.

نەهەنگی سپی بوونەوەرێكی هەلقۆزەرەوەیە و زۆر نێچیری هەیە کە بە گوێرەی وەرزەکان دەگۆڕێت، زیاتر ماسیخۆرە بەڵام ئەگەر ماسیش نەبێت بێبڕبڕەی وەک هەشتپێ و قرژاڵ و بوونەوەرەکانی تری قوڵایی زەریا دەخوات، لەهەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە نێچیری نەهەنگی بکوژ و ورچی جەمسەرەکان، لە ڕابردوودا مرۆڤەکان ژمارەیەکی زۆریان لێ ڕاودەکردن، بەڵام ئێستا سنووردارە و ڕێگەنادرێت بە ڕاوچییەکان کە ڕاویانبکەن.

لەبەر ئەوەی ڕەنگی سپییە و لەناوچە جەمسەرییەکاندا دەژی ئەوا توانای خۆشاردنەوەی هەیە لە بوونەوەری ئاوی گەورەتر و بەمەش ڕزگاریدەبێت لەوەی ببێتە نێچیر، جگە لە ئەمەش نەهەنگی سپی مەلەوانێکی هێواشە و خێراییەکی زۆری نییە، بۆیە ژیانکردنی لە ناوچەی بەستەڵەک و دوور لە کەنار و بوونەوەرە ئاوییە گەورەکان، هۆکارێکی ترە بۆ ڕزگاربوونی لە ڕاوچی.

یەکگرتن و زۆربوون

سروشتی نەهەنگی سپی بەجۆرێکە کە بەتەواوەتی بوونەوەرێكی کۆمەڵایەتی و زیرەکە، تاکەکانی پێکەوە لە کۆمەڵەدا دەژین و لە وەرزی زۆربوونیشدا دەکرێت دایکەکان لەگەڵ بێچووەکانیاندا کۆمەڵەی بچووک و تایبەت بەخۆیان دروستکەن، بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە دەنگ بەکاردەهێنن، بێچووەکان کاتێک سەرەتا لەدایکدەبن ڕەنگیان ڕەساسی و قاوەییە، دواتر لەگەڵ گەورەبووندا ڕەنگیان دەگۆڕێت بۆ سپی، نێرینەکان لە تەمەنی ٤-٧ ساڵی دەگەنە تەمەنی توخمە پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، بەڵام مێینەکان لە دوای هەشت ساڵییەوە دەگەنە توخمە پێگەیشتن.

وەرزی زۆربوون دەکەوێتە کۆتایی زستان و هەتاکوو سەرەتای بەهار دەخایەنێت، یەک نێرینە دەتوانێت لەگەڵ چەندین مێینە یەکگرتن ئەنجامبدات، دوای یەکگرتنیش ماوەی سکپڕی مێینەکە لە نێوان ١٢-١٤ مانگە، کاتێک بێچووەکە لەدایکدەبێت هەتاکوو یەک ساڵ شیری دایکی دەخوات، لەدوای ئەوە ددانەکانی دەست بە گەشەدەکەن و ماسی و ڕۆبیانی بچووکیش دەخوات، ناوەندە ڕێژەی تەمەن و سوڕی ژیانی نەهەنگی سپی لە نێوان ٣٠-٣٥ ساڵە، بەڵام بە گوێرەی توێژینەوەکان دەکرێت زۆر لەوە زیاتر بژی.


سەرچاوەکان



279 بینین