سیاسەتی نرخ لە بازرگانیدا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-19-00:09:00 - کۆدی بابەت: 11332
سیاسەتی نرخ لە بازرگانیدا

ناوه‌ڕۆك

 
سەرەتا

سیاسەتی نرخ لە بازرگانیدا (بە عەرەبی: سياسة الأسعار في التجارة، بە ئینگلیزی: Price policy in trade) لە بازرگانیدا و بەتایبەتیش لە بازاڕگەریدا نرخ بە لایەنێکی گرنگی پڕۆسەی بەبازاڕکردن دێت کە لە 4Pییەکە کە چوار گرنگترین بنەماکانی پڕۆسەی بەبازاڕکردنن ئەوانیش (بەرهەم، نرخ، شوێن، ساغکردنەوە) نرخ بە پلەی دووەم دێت. بۆ ئەوەی بەرهەمێک بچێتە قۆناغی بە بازاڕکردن دەبێت نرخی هەبێت. 

مەبەست لە نرخاندن یان نرخ چییە؟ 

فیلیپ کۆتلەر و پیتەر درەکەر کە دوو پڕۆفیسۆری بواری بەبازاڕکردنن و دانەری فەلسەفەی بەبازاڕکردنن لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکەن ئەویش ئەوەیە کە "نرخ بەهای تۆ وەک بڕاند دیاریدەکات، لە ڕاستیدا بابەتێکی دەروونییە بۆ ڕاکێشانی کڕیار". 

چۆن نرخ بەهای بڕاند دیاریدەکات؟ 

کاتێک کۆمپانیایەک دادەمەزرێت دەچێتە کێبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی تری هاوشێوەی خۆی، جا لێرەدا پسپۆڕانی بەبازاڕکردن هەوڵدەدەن زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکەن، دەکرێت تێچووی بەرهەم هێنان کەم بکەنەوە ئینجا قازانجێکی کەم بخەنە سەر بەرهەمەکە و بیخەنە بازاڕ بە نرخێکی ئاسایی ئەمەش دەبێتە خاڵی جیاوازی ئەو بڕاندە کە هاوچەشنەکانی خۆی بۆ هەمان بەرهەم بە نرخێکی جیاواز دەیفرۆشن. ئەمەش بەهای بڕاندەکە دیاریدەکات جەماوەر ڕووی تێدەکەن و لە هزر و خەیاڵی خۆیان وا بیردەکەنەوە ئەم بڕاندە باشترینە چونکە نرخەکەی جیاوازە. 

چینەکانی نرخ لە بڕاندەکاندا 

لە بازرگانیدا چینی کۆمەڵایەتی و چینی نرخ هەیە، چینی کۆمەڵایەتی بریتیین لە (چینی نزم نزم، چینی نزم، چینی کرێکار، چینی ئاسایی، چینی بەرز، چینی بەرز بەرز) لە چینی نرخیشدا دوو چینی دیار هەیە (چینی ئاسایی، چینی باڵا) ئەوەی گرنگە باس بکرێت چینەکانی نرخە یان ئاستەکانی نرخاندن بۆ بڕاندێکی دیاریکراو. 
بۆ نموونە لە بازاڕی یارییە ڤیدیۆییەکاندا دوو بڕاندی زۆر دیار هەن یەکێکیان SONY و ئەوی تر XBOX ئەم دوو بڕاندە یاریزانیان دابەشکردووە لە نێوان خۆیاندا. سۆنی یابانی لە ئاستی باڵایە بۆیە یارییەکانی نرخیان لە ٦٠-٧٠ دۆلارە، خزمەتگوزارییەکانی بەهەمان شێوە گرانە، کەلوپەلی یاریکردن وەک هێدسێت، کۆنتڕۆڵەری یاریکردن گرانە. هۆکار ئەوەیە کۆمپانیاکە بەشی زۆری بازاڕی داگیرکردووە هەر لەبەر ئەمەش خۆی بە باڵادەست دەبینێت، بەپێچەوانەی ئەو XBOX بە سیاسەتی Casual یان ئاسایی مامەڵە دەکات یارییەکان بەخۆڕایی لەسەر خزمەتگوزاری گەیم پاس لە یەکەم ڕۆژ بەردەست دەخات لەم ڕووەوە بە نرخێکی زۆر کەم ڕکابەری SONY دەکات. 

ئایا ڕکابەری کردن بە هۆی نرخەوە کارێکی دروستە؟

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕکابەری کردن بە نرخ کارێکی نادروستە چونکە دەبێتە هۆی لە دەستدانی سامانی ڕکابەرەکان و کارەکانیان لەدەست دەدەن. بەڵام لەسەر ئاستی جیهانی کۆمپانیاکان بە نرخ ڕکابەری دەکەن نەوەکو بابەتی تر. بۆ نموونە بڕاندەکانی ئۆتۆمبیل سازی لە چین ئۆتۆمبیلی ڕەونەقدار و کەشخە بەرهەم دەهێنن بە تایبەتمەندی ئێجگار زۆر بەنرخی ١٠-٢٠ هەزار دۆلار کە هەمان ئۆتۆمبیل لە بڕاندێکی ئەورووپی نرخی دەگاتە ٨٠ هەزار دۆلار! لە بەڕێەبردنی بازڕگەریدا بە گشتی شەش ستراتیجی بەرگری کردن هەیە کە گرنگترینیان هێرشی پێچەوانەیە، ئەم ستراتیجییە بریتییە لەوەی کاتێک ڕکابەرەکەت دەیەوێت بازاڕت نەهێڵێت تۆش بەهۆی نرخ، ئۆفەر، داشکاندن هێرشی دەکەیتەوە سەر.

سایکۆلۆجیای نرخ بە گوێرەی کڕیاران 

لە پڕۆسەی فرۆشتندا بابەتی دەروونزانی یان سایکۆلۆجیا هەیە، ئەمەش تایبەتە بە خوێندنەوەی بەکاربەر و کڕیار بۆ بڕاندێکی دیاریکراو و بەرهەم و خزمەتگوزاری دڵخوازی، پسپۆڕان زۆر بە وردی کار لەسەر دەروونی بەکاربەر دەکەن تا بەردەوام لە کڕیندابن ئەمەش پێی دەوترێت بازاڕگەری سەرمایەگوزاری، کە بەردەوام بەرهەمی نوێی کۆمپانیایەک وادەکات لەلایەن کڕیارەکانی چاوی لەسەر بێت. بۆ نموونە تۆ مۆبایلێکی ئاست بەرزت هەیە لە بڕاندێکی دیاریکراو بە نموونە هەزار دۆلارت پێداوە هیچ گرفتێکی نییە ئەوەی دەتەوێت پێی دەکرێت وەک (وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی جوان، ئیش پێکردنی یاری قورس، کاری گرافیک دیزاین و موشن، سکیورتی بەرز، بیرگەی زۆر، پاتری ئاست بەرز) ئەمانە دیارترین تایبەتمەندی مۆبایلی ئاست بەرزە، بەڵام هەمان بڕاند دوای ساڵێک دوو تایبەتمەندی دەگۆڕێت و بەناوی مۆدێلی نوێ بەرهەمێکی تر دەخاتە بازاڕەوە کە وا دەکات تۆ ناچار بکات بە هۆکاری نەهاتنی نوێکردنەوە بۆ سیستمی مۆبایلەکەت و پشتگیری نەکردنی بەرهەمە نوێیەکەت پێ دەکڕێت کە لە کاتێکدا ئەوەی تۆ پێتە هێشتا وێنەی نییە بۆ باشی.

بابەتی دەروونییەکەش ئەوەیە تۆ ترست هەیە لەوەی ئەو پارەی بە مۆبایلەکەت داوە بە فیڕۆ بڕوات چونکە بەرهەمێکی نوێ جێگەی دەگرێتەوە بۆیە ناچاریت زیان لە خۆت بدەیت و بە هەرزانتر دەیفرۆشیتەوە و بەرهەمە تازەکە دەکڕیت، یان بە گشتی دەڵێیت مادەم نرخی زۆرە کەواتە باشترینە، کە لە کاتێکدا زۆر تایبەتمەندی هەیە ڕەنگە هەرگیز کارت پێی نەبێت لە ١٠ تایبەتمەندی دیار ڕەنگە تەنها لەبەر کامێرات بێت کە وێنەی جوان و ڕوونە. بەڵام بەو هەزار دۆلارە باشترین کامێرا دەکڕیت گەر مەبەستت تەنها وێنە چرکاندن بێت. 
جا لێرەدا پسپۆڕانی بازاڕگەری ڕۆڵیان دەردەکەوێت کە چۆن کار لەسەر دەروونی کڕیاران دەکەن، تەنانەت خودی خۆیان کە کتێبی بازرگانی دەنووسن دەبینیت هەموو ساڵێک چاپی نوێ  بۆ کتێبەکانیان بڵاودەکەنەوە بە گۆڕانکاری کەم خوێندکارانیش ناچارن چاپە تازەکەش بکڕن چونکە وابیردەکەنەوە نوێترین زانیاری لە خۆ دەگرێت. 

پوختە

سیاسەتی نرخ یەکێکە لە دیارترین بابەتەکانی بازرگانی کە بەهای بڕاندێک دیاریدەکات و جیای دەکاتەوە لە بڕاندەکانی تری هاوشێوە. کۆمپانیاکان بەهۆی نرخەوە هەمیشە لە کێبڕکێدان بۆ ئەوەی براوە بن و قازانجی زۆر بکەن، لە هەمان کاتدا سیاسەتی نرخ ئامڕازێکی دەروونییە بە گوێرەی کڕیاران کە وایان لێ دەکات ڕوو بکەنە بەرهەمە گران بەهاکان چونکە پێیان وایە باشترینە و بڕاندەکەش ساڵانە وایان لێ دەکات بەرهەمی تریان لێ بکڕن. 


سەرچاوەکان



1414 بینین