نیسک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-24-23:50:00 - کۆدی بابەت: 12980
نیسک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

نیسک (بە عەرەبی: العدس، بە ئینگلیزی: Lentil، ناوی زانستی: Lens culinaris) ڕووەکێکی سەر بە پاقلەمەنییەکانە و ڕەنگی قاوەیی مەیلەو سوورە و بە ڕەنگی ڕەش و زەرد و خۆڵەمێشیش بەردەستە، تیرەی دەنکەکەی دەگاته ١٣ ملیمەترە و قەبارەی نیسک گۆیی یان بازنەییەکی بچووکە، شێوەی دەنکەکەی کوتراوە یان ڕەق و کەمێک گەورەیه. گەڵای ڕووەکی نیسک لە دروستکردنی چەند جۆرێکی ئالیکی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت. لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە لە جیهاندا وڵاتانی کەنەدا، هیندستان، ئوسترالیا، تورکیا بە گەورەترین بەرهەمهێنەری نیسک دادەنرێن.

مێژووی بەکارهێنانی نیسک

بنەچە و سەرەتای مێژووی بەکارهێنانی نیسک دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیسک بە سەرەتاییترین ڕووەکە پاقلەمەنییەکان دادەنرێت کە مرۆڤ وەکوو خواردن بەکاریهێناوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ١٣ هەزار ساڵ، ناوچەی "تەل کەرخ" لە پارێزگای ئەدلبی وڵاتی سووریا بە کۆنترین شوێنی جیهان دادەنرێت کە شوێنەواری چاندنی نیسکی تێدا دۆزراوەتەوه.

نیسک بەو خۆراکانە دادەنرێت کە لە زۆرێک لە شارستانییەتەکاندا شوێنەواری چاندن و بەکارهێنانی دۆزراوەتەوە، نموونەی شارستانییەتی سۆمەرییەکان کە لە تەختە و نووسینە مسمارییەکانیان دۆزراوەتەوە و ئاماژەیان بە چۆنێتی چاندنی نیسک و دروستکردنی خواردن و شۆربای نیسک کردووە. ناوی نیسک لە قورئانی پیرۆز و کتێبی پیرۆزی مەسیحییەکان هێنراوە.

جۆرەکانی نیسک

نیسکی سوور: ڕەنگی دەنکی نیسکەکە سوورێکی مەیلەو ڕەنگی پڕتەقاڵییە، ئەم جۆرەی نیسک زۆر باوە و لە زۆرێک لە خواردن و شۆرباکان ئەم جۆرە بەکاردەهێنرێت، بە بەراورد بە جۆرەکانی تری نیسک ڕێژە و بڕی ماددەی ڕیشاڵ تێیدا بەرزە، بێ توێکڵە و کاتی کوڵاندنی کەم ئەوێت و زوو بە بەرهەم دەگات.

نیسکی زەرد: دەنکەکەی بچووکە و شێوەکەی نیمچە گۆییە و بە بەراورد بە جۆرەکانی تر ڕێژەی ماددەی ئاسن تێیدا زۆر و بەرزە.

نیسکی سەوز: ڕەنگی دەنکی نیسکەکە سەوزێکی تێرە و تامەکەی هاوشێوەی تامی چەرەساتە، کوڵاندنی زۆر دەوێت و ڕەقە و دەنکەکەی بچووکە.

نیسکی ڕەش: دەنکی نیسکەکە ڕەنگی ڕەشە و شێوەکەی لە کاڤیار و دەنکی لۆبیا دەچێت و دەنکەکەی ڕەقە، لە خوانە هیندییەکان زۆر بەکاردەهێنرێت.

جیاوازی نێوان نیسکی زەرد و نیسکی سوور

جیاوازییەکی زۆر لە نێوان جۆرەکانی نیسک نییه، هەموو ڕەنگ و جۆرەکانی نیسک هەمان پێکهاتەی خۆراکییان هەیە، بەڵام لە ڕێژە و  بڕەکەی جیاوازن. نیسکی زەرد بە بەراورد بە نیسکی سوور ڕێژەی ماددەی ئاسن تێیدا بەرزترە، هەروەها لە نیسکی سووردا ڕێژە و پێکهاتەی ماددەی پۆتاسیۆم بەرزتر و زیاترە. تامی نیسکی سوور بە بەراورد بەنیسکی زەرد کەمێک شیرینتر و دیارترە، نیسکی زەرد تامی کەمترە و لەکاتی کوڵاندنی ڕەنگی ڕوون و کاڵە.

پێکهاتەی خۆراکی

پێکهاتەی خۆراکی نیسک دەوڵەمەند و بەرزە، دەوڵەمەندە بە مادده کانزاییەکانی نموونەی ماددەی ئاسن و ترشە ئەمینییەکان و پرۆتین که بۆ لەشی مرۆڤ زۆر گرنگن، هاوکات نیسک بە بەرهەمێکی ڕووەکی گرنگ دادەنرێت کە وەکوو گۆشت ماددەی گرنگ و دەوڵەمەندی تێدایه و بە هاوتای گۆشت دادەنرێت. لەدوای پاقلەی سۆیا بە دووەم بەرهەمی ڕووەکی و پاقلەمەنییەکان دادەنرێت که بە پرۆتین و ترشە ئەمینییەکان دەوڵەمەندە بۆیە لەڕووی پێکهاتەی خۆراکییەوە بە بەرهەمێکی ڕووەکی هاوتای گۆشت دادەنرێت بە جۆرێکە کە بڕی سەد گرام لە نیسک نۆ گرام پرۆتینی تێدایە.

بەهای خۆراکی یەک کوپ نیسکی کوڵاو بریتییە لە:

  • ٢٨٠ کالۆری
  • ١ گرام چەوری
  • ٤٦ گرام کاربۆهیدرات
  • ١٨ گرام ڕیشاڵ
  • ٢٤ گرام پرۆتین
  • ٦٫٥ ملیگرام ماددەی ئاسن 
  • ٣٥ ملیگرام ماددەی کالسیۆم
  • ٦ ملیگرام سۆدیۆم

سوودە تەندروستییەکانی نیسک

  • بەهۆی پێکهاتەی دەوڵەمەندی بە پرۆتین و ترشە ئەمینییەکان گرنگییەکی زوری هەیە بۆ لەش و یارمەتی دروستبوونی دژە ئۆکسێنەکان خانەی نوێ دەدات.
  • بەهۆی بوونی ڕیشاڵ لە پێکهاتەکەیدا نیسک بە خۆراکێک دادەنرێت کە هاوکاری هەرس دەکات.
  • بەهۆی دەوڵەمەندی نیسک بە پێکهاتەی ڤیتامینات نموونەی ڤیتامین B9 یان ترشی فۆلیک بۆ ژنانی دووگیان و ئەو کەسانەی کەمی ئەو ڤیتامینەیان هەیە زۆر سوودبەخشە.
  • نیسک بۆ نەخۆشانی شەکرە پەسەندە و ڕێژە و ئاستی شەکری خوێن ڕێک دەخات.
  • ئەو کەسانەی کەمخوێنی ئاسنیان هەیە پێشنیاری خواردنی نیسکیان بۆ دەکرێت، چونکە پێکهاتە خۆراکییەکەی دەوڵەمەندە بە ماددەی ئاسن.
  • نیسک بۆ داگرتنی ئاستی کۆلیستڕۆڵ زۆر باشە و دژی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵە.
  • خواردنێکی پەسەندە و لە زۆرێک لە ڕێجیمەکانی کێش داگرتن بەکاردێت، چونکە وزە دەبەخشێت، کالۆری و ڕێژە و بڕی چەوری کەمە، هاوکات هەستی تێریش دەبەخشێت.

زیانە تەندروستییەکانی نیسک

ئەو کەسانەی کە نەخۆشی میری یان دەردە پاشایان هەیە خواردنی نیسک بۆیان خراپە و نیشانەکانیان زیاتر دەکات، چونکە ماددەی پیورین (Purine) کە لە پێکهاتەی خۆراکی نیسکدا هەیە لە لەشی مرۆڤدا دەگۆڕدرێت بۆ ماددەی ترشی ئەسید (uric acid)، ئەم ترشە نیشانەکانی نەخۆشی میری زیاتر دەکات. ئەو کەسانەی کێشەکانی ڕیخۆڵە و قۆڵۆنیان هەیە پێویستە خواردنی نیسک سنووردار بکەن. خواردنی بڕێکی زۆر و لەناکاوی نیسک لە ژەمە خۆراکییەکان زیانی بۆ تەندروستی هەرس هەیە، نیشانەکانی وەک قەبزی، لە هەندێک کەس سکچوون، ناڕێکی هەرس دروست دەکات. نیسک ڕێژەیەکی کەمی ماددەی لیکن و تانیاتی تێدایە کە لە لەشدا ڕێگری لە هەڵمژینی چەند ماددەیەک دەکات نموونەی ماددەی زینگ و کالیسیۆم، بۆ کەمکردنەوەی ئەو ماددە زیانبەخشانەی نێو نیسک پێش بەکارهێنان پێویستە لە ئاو بکرێت و بخووسێنرێت و بە باشی بشۆردرێتەوە.

ئەو خواردنانەی کە نیسک تێیدا بەکاردێت

بە شێوەیەکی سەرەکی نیسک وەکوو شۆربا و سوپ بەکاردەهێنرێت، دەکرێت بە تەنها شۆربایەکی سادەی لێ دروست بکرێت، هەروەها لەگەڵ سەوزەی هەمەجۆریش تێکەڵ دەکرێت و شۆربای لێدروست دەکرێت. لە سیستمی خۆراکی ڕووەکی و ئەو ڕێجیمانەی کە خاڵیین لە گۆشت و بەرهەمی ئاژەڵی، نیسک وەکوو جێگرەوەی گۆشت بەکاردەهێنن بەهۆی ئەوەی بەهای خۆراکی بەرزە و ڕێژەی ماددەی ئاسن و ترشە ئەمینییەکان و پرۆتینی بەرز و زۆرە.
نیسک لەگەڵ برنج تێکەڵ دەکرێت و لێدەنرێت، ئەم خواردنە لە چەند وڵاتێک خواردنێکی کولتوورییە.


سەرچاوەکان



1404 بینین