سەیرترین دابونەریتی هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-22-15:55:00 - کۆدی بابەت: 11355
سەیرترین دابونەریتی هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەیرترین دابونەریتی هاوسەرگیری (بە عەرەبی: اغرب عادات والتقاليد الزواج، بە ئینگلیزی: Weird wedding traditions)، دابونەریتی نێوان گەلان و وڵاتان لە زۆربەی بۆنەکاندا جیاوازە، بەتایبەت هاوسەرگیری. بۆ نموونه له هەندێک وڵاتان بووکەکە ئاهەنگی خەنەبەندان ساز دەکات و لەگەڵ هاوڕێکانی کۆدەبێتەوە و ئەوانیش دەست و پێی بووکەکە بە خەنە دەڕازێننەوە. هەروەها لە هەندێک ناوچەدا بووک گوڵدانێکی شووشەیی لەبەردەم دەرگاکەیدا دەشکێنێت وەک نیشانەیەکی باش یان ئاماژەیەک بۆ شکاندن و لەناوبردنی خراپە. لە هەندێک ڕێوڕەسمی تردا لەکاتی گواستنەوەی جلوبەرگ و کەلوپەلەکان بۆ ماڵە نوێیەکەیان بووک هەڵدەستێ بە دانانی کۆرپەیەک لە خێزانەکەی، خێزانی زاوا، یان هاوڕێکانی لە جێگەکەیاندا، بۆ ئەوەی بەخت و نەوەیەکی زۆریان بۆ بهێنێت. بێگومان زۆربەی ئەو نەریتانە کۆنن و لە سەردەمی هاوچەرخدا پێیانەوە پابەند نین، بە تایبەت زۆرێک لە گەنجەکان هیچ پاساو، ئامانج و تەنانەت ئەنجامێکیش بۆ نەریتەکان نابینن. 

هەندێک لە سەیرترین نەریتەکانی هاوسەرگیری

نەریتی گریان لە چین

ئاساییە لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا فرمێسکی خۆشی بڕژێت، بەتایبەتی خزمەکانی بووک وەک دایک و خوشکەکانی. بەڵام چینییە کۆنەکان بە تایبەتی هۆزی توجیا درێژەیان بەم گریانە داوە، بەڕادەیەک  بووە بە ڕێوڕەسمێک کە مانگێک پێش زەماوەندەکە دەست پێدەکات. دەبێت بووک ڕۆژی کاتژمێرێک پێش زەماوەندەکەی بگری، پاشان دایکی بووک دوای ١٠ ڕۆژ دەستپێدەکات، دوای ١٠ ڕۆژی دیکەش لە دەستپێکردنی دایکی بووک، خوشک، پور، هاوڕێ تەنانەت داپیرە و دراوسێکانیش بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە دەکەن.

کۆکردنەوەی پارچە شووشەی شکاو لە ئەڵمانیا

ئاساییە هەندێک قاپ لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا بشکێت، بە تایبەت لە کاتی سەماکردندا، بەڵام ئەڵمانییەکان لەبەردەم ماڵی بوک و زاوادا قاپە شووشەکانیان دەشکاند بەجۆرێک کە بووک و زاوا ناچاردەبوون پێکەوە کۆیان بکەنەوە. ئەڵمانییەکان پێیان وایە ئەم چالاکییە دەتوانێت پەیوەندیی نێوان هاوسەرەکان بەهێزتر بکات و  ڕایانبهێنێت لەسەر هاوکاریکردنی یەکتر.

تفکردن بۆ ڕاکێشانی بەخت لە کینیا

لەوانەیە وا بیربکەیتەوە کە تفکردن لە کەسێک واتە سوکایەتی پێکردن یان دەربڕینی ڕق و کینە، بەڵام خەڵکی کینیا چەمکێکیان هەیە کە تەواو پێچەوانەی ئەم بیروباوەڕەیە. باوکی بووکەکە تف لە سەر و سنگی کچەکەی دەکات بۆ ئەوەی بەختێکی باش و ژیانێکی خۆشی پێببەخشێت لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.

لێدان لە کۆریای باشوور

لێدانی زاوا لەلایەن خێزان و هاوڕێکانیەوە وەکوو بەڵگەیەک بۆ پیاوەتی و بەرگەگرتنی سەختییەکان دادەنرێت لە کۆریای باشوور، یەکێکە لە سەیرترین دابونەریتەکانی هاوسەرگیری.

قەدەغەکردنی چوونە تەوالێت لە ئەندەنوسیا و مالیزیا

دوای زەماوەندەکە، بووک و زاوا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەند دەکرێن، بە وردی چاودێری دەکرێن، و ڕێگری لە ڕۆشتن بۆ تەوالێت یان چوونەدەرەوەیان لێ دەکرێت، چونکە پێیان وایە ئەم نەریتە پەیوەندی نێوانیان بەهێزتر دەکات. خۆشبەختانە لەسەردەمی هاوچەرخدا ئەم نەریتە باو نییە بەهۆی ڕۆشتن بۆ مانگی هەنگوینی هەروەها هەوکردنی ڕیخۆڵە و میزەرۆ ڕێگە خۆشکەر نییە.

گۆرانی وتن بۆ بووک لە ئیتاڵیا

بەهۆی ئەم نەریتەوە توانای گۆرانی وتن گرنگیەکی زۆری هەیە لە ئیتاڵیا، شەوێک پێش زەماوەندەکە زاوا لە ژێر پەنجەرە یان لەبەر دەرگای ماڵی بووکدا گۆرانی بۆ بووک دەڵێت، بەزۆری زاوا هاوڕێکانی و تیپێکی مۆسیقا بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بەشدار بن.

لە کۆنگۆ زەردەخەنەکردن قەدەغەیە

لە کۆنگۆ بووک و زاوا بۆیان نییە بە درێژایی زەماوەندەکە زەردەخەنە بکەن چونکە پێکەنین ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بووک و زاواکە لە پەیوەندییەکەیان جددی نین. تەنانەت بۆیان نییە لە بەردەم کامێراشدا زەردەخەنە بکەن.

فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە سکۆتلەندا

بووک و زاوا بە دارێکی گەورەوە دەبەسترێنەوە، هاوڕێ و خێزانی هەردوولا دێن و هەموو جۆرە خۆڵ و خاشاکێکی بۆن ناخۆش و قێزەوەنیان بەسەردا دەکەن. مەبەست لەم ڕێوڕەسمە ئەوەیە بووک و زاوا تەرکیز بخەنە سەر جوانی ناخیان نەک ڕواڵەتی دەرەوەیان. هەروەها هەندێک پێیان وایە ئەم ڕێوڕەسمە بەڵێنێکە لە نێوان هاوسەرەکان بۆ ئەوەی پێکەوە بمێننەوە و لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا هاوکاری یەکتربن.

زیادکردنی کێش لە مۆریتانیا

لە کاتێکدا ژنان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پابەندن بە ڕێجیم و ڕۆژانە دەچنە هۆڵی وەرزش و بڕی ئەو خۆراکانەی کە دەیخۆن کەمی دەکەنەوە، ژنانی مۆریتانیا ئامانجێکی تەواو پێچەوانەنەیان هەیە و لە ماوەیەدا کێشی خۆیان زیاد دەکەن. کەمی کێشی بووک لە مۆریتانیا ئاماژەیە بەوەی کە بووکەکە لاوازە، ناتوانێت منداڵی زۆر بخاتەوە و بەرگەی سەختییەکانی ژیان بگرێت، هەروەها لە ڕوانگەی جوانیشەوە ئافرەتی قەڵەویان پێ  جوانترە.

لە مانگی هەنگوینیدا خەسوو یاوەریان دەبێت لە هەندێک ناوچەی ئەفریقا

لە هەندێک ناوچەی ئەفریقا دایکی بووک و زاوا دوای ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ بوک و زاوا دەچن بۆ مانگی هەنگوینی. وا گریمانە دەکرێت کە ئامانجی یاوەریکردنی دایکان لە مانگی هەنگوینیدا فێرکردن و ڕێنماییکردنی کچ و کورەکانیانە بۆ مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ یەکتر.

منداڵێک لە جێگەی بووک و زاوا دادەنرێت لە کۆماری چیک

لە کۆماری چیک پێش گەڕانەوەی بووک و زاوا بۆ ماڵەوە منداڵێکی ساوا لە سەر جێگاکەیان دادەنرێت. پێیان وایە ئەمە نیشانەیەکی باشە و دڵخۆشی دەهێنێت هەروەها توانای منداڵبوونیان زیاد دەکات.

گەورەترین کێک لە ڕووسیا

شتێکی باو و ئاساییە لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا کێک یان شیرینی هەبێت، بەڵام لە ڕووسیا کێکی "کاراڤای" کە لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا پێشکەشی بووک و زاوا دەکرێت، دەبێت هەریەکەیان پاروویەکی گەورەی لێ بخۆن بەبێ ئەوەی دەستیان بەکاربهێنن. ئەو کەسەی گەورەترین گاز دەگرێت، بڕیارە ببێتە سەرکردەی ماڵەکە.

شتێکی دزراو و شتێکی قەرزکراو لە ئەمریکا

ئەو کەرەستە و پێداویستیانەی کە بووک لە کاتی هاوسەرگیریدا دەیکڕێت یان بەدەستی دەهێنێت لە ژماردن نایەت، بەڵام ئەمریکییەکان دەڵێن "شتێکی کۆن و شتێکی نوێ، شتێکی دزراو و شتێکی قەرزکراو"، مەبەستیان لەم وتەیە ئەوەیە کە پێویستە بووک چەند شتێکی کەمی هەبێت یان لەبەربکات بۆ ئەوەی بە دوور بێت لە بەختی خراپ.


سەرچاوەکان



836 بینین