بۆچی زنجیرە کۆرییە مێژووییەکان دووبارەن؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-24-22:11:00 - کۆدی بابەت: 11364
بۆچی زنجیرە کۆرییە مێژووییەکان دووبارەن؟

ناوه‌ڕۆك

 

سەرەتا 

بۆچی زنجیرە کۆرییە مێژووییەکان دووبارەن؟ (بە عەرەبی: لماذا تتكرر المسلسلات الكورية التاريخية؟، بە ئینگلیزی: Why korean historical tv serieses are the same?) سینەمای باشووری کۆریا بە یەکێک لە گرنگترین سینەماکانی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە تایبەتی دادەنرێت. لەم سینەمایەدا تیشک خراونەتە تەواوی چەشنەکانی فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی. لەناویاندا زنجیرە و فیلمی مێژوویی زۆرترین سەرنج و تیشکیان لەسەرە هەڵبەتە ئەمەش لەبەر ئەوەیە وڵاتی کۆریا خاوەنی گەنجینەیەکی بەنرخە لە مێژوو و کولتوور و زماندا کە هەوڵدراوە مێژووی خۆیان لە ڕێگەی سینەماوە بە گەلانی جیهان ئاشنا بکەن و ببێتە سەرچاوەیەکی زانیارییش بۆ کۆرییەکان. 

بینەرانی بەرهەمە سینەماییە مێژووییەکانی کۆریا هەست بەوە دەکەن کە سیناریۆی دووبارە هەیە لە نێو بەرهەمەکاندا وەکو "خیانەت، کودەتا، ناکۆکی میراتگری، هێرشکردنە سەر کاروانە شاهانەییەکان، زۆر بابەتی تر" ئایا ئەمانە سیناریۆی دەرهێنەرە یاخود ڕاستی مێژوویین؟

هۆکارەکانی دووبارە بوونەوەی سیناریۆی دووبارە

  • گەر سەرنج بدرێت زنجیرە کۆرییەکان باس لە سەردەمێک دەکات پێی دەگوترێت "فیوداڵیزم" کە ئەم سەردەمە دەرەبەگایەتییە. یاخود لە ڕوانگەی بیرمەندانی بیردۆزی "پەیمانی کۆمەڵایەتی" بە ملکەچ کردنە، واتا کەسێک باڵا دەستە و کەسانێکیش ملکەچی ئەم کەسەن. بۆیە دەبینرێت لە نێو دەسەڵاتداراندا کەسێک لە هەمووان دەسەڵاتی زیاترە و پیلانەکان جێبەجێ دەکات.
  • لە سەردەمی فیوداڵیزمدا گەندەڵی زۆر بووە، چونکە پاشاکان هاوڵاتیانیان ملکەچی خۆیان دەکرد هەر چەند کاری هەڵە و دوور لە ڕەوشتی بەڕێوەبردنیان ئەنجام بدابایە کەس نەیدەتوانی ڕەخنە بگرێت هەر ئەمەش دەروازەی گەندەڵی بە ڕووی کاربەدەستاندا کردەوە.
  • سەردەمی تاریک، ئەم سەردەمە هەموو شانشینەکانی کۆریای گرتەوە بۆ چەند سەدەیەک وەک بایکجی، شیلا، گۆریۆ، جۆسۆن. لەم سەردەمەدا هەندێک لە کاربەدەستان دەیانویست خۆیان حووکمی وڵات بکەن. ناکۆکیان لە نێوان پاشا و میراتگرەکەیدا دروست دەکرد، یاخود شاژنەکان هەوڵیان دەدا خۆیان باڵادەست بن بەسەر کۆشکی شاهانە و وڵاتدا. بەتایبەتی ئەمە لە جۆسۆندا بە ڕوونی دەبینرا کە شاژنەکان خیانەتیان لە پاشا دەکرد و کێشە و ململانێیان لە نێوان پاشا و میراتگردا دروست دەکرد. تا پاشا میراتگرەکەی بکوژێت و میراتگرێکی نزیک لە خۆیان بخەنە شوێنی میراتگرە دادپەروەرەکە.
  • بوونی گرووپە یاخی بووەکان، زۆر جار لە زنجیرەکان یاخی بوو و بکوژە پیشەگەرەکان "بکوژی بە کرێ گیراو" هێرش دەکەنە سەر کۆشک، کاروانە شاهانەکان لە چۆڵەوانییەکان. ئەمەش ڕاستی مێژووییە بەتایبەتی جۆسۆن. وەزیر و کاربەدەستە گەندەڵەکان بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن کارەکانیان لە ڕێگەی دەستە و ڕێکخراوە بەکرێ گیراوەکان دەکرد کە بەتوانابوون لە هونەری بەرگری و شەڕدا بەم جۆرە هێرشیان دەکردە سەر کاروانەکان و دەیان کوشتن.

زۆرجار بینەرانی زنجیرە مێژووییەکان هەندێک بابەتی تر دەبینن بۆ نموونە شازادە منداڵەکان کاتێک دەخرێنە بەر خوێندن لەلایەن باوک یان باپیرەیان پرسیاری فەلسەفی و لۆجیکیان ئاڕاستە دەکرێت، شازادە لاوەکەش تەواوی کتێبەکان دەخوێنێتەوە بەڵام وەڵامی دروست ناداتەوە. ڕاستی ئەم بابەتانە چین؟

  • گەلانی وەک کۆرییەکان، یابانییەکان، چینییەکان لە و کاتەوەی کاغەزیان داهێنا بۆ نووسین دەستیان کردووە بە نووسینی کتێب لە بارەی فەلسەفە و لۆجیک بەتایبەتی چین کە بە پێشەنگ دادەنرێت لە بارەی لۆجیک و گەنجینەیەکی بەنرخی لە بارەی لۆجیک هەیە. کتێبەکانی بیرمەندە چینییەکان وەک ژاو، تاوی، کۆنفشیوس بوونە ڕێبەری پاشاکان بۆ چارەسەر و دۆزینەوەی بڕیاری دروست بۆ کێشە و قەیرانەکان. کۆرییەکان زۆر کاریگەر بوون بە فەرهەنگی چینی لە بارەی لۆجیک پێیان وابووە پاشا تا فەلسەفە و لۆجیک شارەزا نەبێت ناتوانێت حووکمی دروست بکات.
  • شازادە لاوەکان کاتێک دەیان خوێند دەبوو لە منداڵییەوە ئاشنای بنەماکانی لۆجیک بن. کۆرییەکان دەڵێن "منداڵ دەبێت فێری لۆجیک بکرێت بۆ ئەوەی کە گەورە بوو بەکاری بهێنێت" شازادە لاوەکان کاتێک خراونەتە بەر خوێندنی لۆجیک کاتێک بوونەتە پاشا پێویست نەبووە کتێبی تر بخوێننەوە چونکە لەو ساتەی هاتوونەتە سەر تەخت ئەوەی فێری بوون جێبەجێیان کردووە.
  • سەبارەت بەو دیمەنەی کە کات بە شازادەی لاو دەدرێت کە وەڵامی پرسیارێکی لۆجیکی بدۆزێتەوە کە لە کتێبەکاندا نییە، ئەم دیمەنە گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە لۆجیک لە دوو توێی کتێبدا نییە بەڵکو گەڕانە بە دوای ڕاستی بابەتەکە. ئەم سیناریۆیە زۆر جار دووبارە دەبێتەوە بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە خودی گەڕانەکە بۆ دەست کەوتنی وەڵامەکە لۆجیکە.

دەرئەنجام

چونکە کۆریا وڵاتێکی دێرینە، بە چەندین سەردەمی جیاوازدا تێپەڕبوون زۆربەی سەردەمەکانیش هاوشێوەی یەکتری بوون. بۆیە کاتێک زنجیرەیەک یان فیلمێک لەبارەی ئەو سەردەمە بەرهەمدێت ناوەڕۆکی دووبارەی تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام ئەمانە سیناریۆی خەیاڵی دەرهێنەر نین بەڵکو ڕاستی مێژوویین لە بارەی کۆریا.


سەرچاوەکان



275 بینین