ژیانی ئەو ئاژەڵانەی هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-22-12:27:00 - کۆدی بابەت: 11503
ژیانی ئەو ئاژەڵانەی هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژیانی ئەو ئاژەڵانەی هەڕەشەی لە ناوچوونیان لەسەرە (بە ئینگلیزی: The lives of animals threatened with extinction، بە عەرەبی: حياة الحيوانات المهددة بالانقراض)، ئاژەڵان کە پێش ٦٥ ملیۆن ساڵ قڕبوون و لەناوچوون بەهۆی کارەساتی سروشتی بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی چالاکی ئێمەی مرۆڤ لەناودەچن. 

ئەو کۆمەڵە ئاژەڵەی کە مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە 

وشتر مرخ 

لە پۆلی بڕبڕەدارەکان و لقی باڵندەکان و کۆمەڵەی باڵندەی بێفڕینن، ناوی زانستی سترثیۆ کامڵسە، خۆراکیان بریتییە لە گیاخواردن و گۆشتخواردن، تەمەنی ژیانیان لە نێوان ٣٠ ـ ٤٠ ساڵە، کە گەورەترین تەمەنی باڵندەیە، درێژیان لە نێوان ٢١٠سم بۆ ٢٨٠سم، نێرەکان لە مێیەکان درێژترن و بارستاییان لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٦٠ کیلۆگرامدایە، بڕی خێراییەکەیان دەگاتە ٧٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، دەتوانن بە یەک هەنگاو ٣ تا ٥ مەتر بڕۆن. 

درێژی باڵەکانیان دەگاتە ٢ مەتر، باڵەکانیان یارمەتیدەرە بۆ گۆڕینی ئاڕاستە لە کاتی ڕاکردندا. وشترمرخ گەورەترین چاوی هەیە لە نێو هەموو ئاژەڵە وشکانییەکان و دەتوانن دوورییەکی زۆر ببینن، بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی مرۆڤ وشترمرخەکان لە کاتی گرفت سەریان لە ناو خاک نانێنن سەریان نزم دەکەنەوە بۆ ئەوەی کەمتر بەرچاو بکەون. نێرەکان پەرەکانیان ڕەشە و لە کۆتایی پەڕەکانیان ڕەنگی سپی هەیە، مێیەکان ڕەنگیان قاوەیی تۆخە. وشترمرخەکان ٣ گەدەیان هەیە، دەتوانن مرۆڤ و ئاژەڵیش بکوژن. مێیەکانیان زیاتر لە ١١ هێلکە دەکەن، هێلکەی وشترمرخەکان گەورەترینە، کە بارستاییان دەگاتە ١،٣٥ کیلۆگرام. 

وشترمرخە مێیەکان ٤٠ ڕۆژە لەسەر هێلکەکانیان کڕ دەکەون، بە ڕۆژ مێیەکان لەسەر هێلکەکان کڕ دەکەون، نێرە و مێیە پێکەوە جووجەڵەکانیان بەخێو دەکەن. جووجەڵەی وشترمرخ گەورەترن لە جووجەڵەی باڵندەکانی تر. تاکە باڵندەیە کە دوو پەنجەی پێی هەبێت هەموو باڵندەکانی تر سێ یان چوار پەنجەی پێیان هەیە و تاکە باڵندەشە میز و پاشەڕۆ بە جیا دەکات. وشترمرخەکان زۆربەی کات بە تەنها یان بە جووت دەژین، لە وەرزی زستان کە وەرزی زاوزێیە، هەندێکجار بە شێوەی مێگەل دەژین کە نزیکەی ٥٠ وشترمرخ پێکدێت و هاوشانی ئاژەڵە گیا خۆرەکان کۆچ دەکەن. وشترمرخەکان ٥ هەزار ساڵ لە میزۆپۆتامیا و میسڕ هەبوون و لەوێ ژیاون بەڵام بەهۆی زۆر ڕاوکردنیان لەلایەن مرۆڤەوە ئێستا بە زۆری لە ئەفریقیا نشتەجێن، لە شوێنانی تریش هەن بەڵام بە کێوی نا، زۆر نزیکن بکەونە لیستی ئەو ئاژەڵانەی هەڕەشەی لە ناوچوونیان لەسەرە.

قڕشی سپی مەزن 

لە پۆلی بڕبڕەدارەکان و لقی ماسییەکانە، ناوی زانستی کارکاردۆن کارچاریەسە، خۆراکی بریتییە لە گۆشتخواردن و زیاتر لە ٧٠ ساڵ دەژین، کە درێژترین تەمەنی ماسییە لە ئێستادا، بارستاییەکەیان زیاترە لە ٢ تەن، گەورەترین ماسی دڕندەن، لە هێرشی ساڵانەی قڕشەکان ٣ لەسەر ٤ی هێرشەکان لە لایەن جۆری قرشی سپی مەزنە بەڵام هەموو قڕشەکان ئەگەر دووچاری مەترسی نەکرێنەوە هێرش ناکەنە سەر مرۆڤ. هەستی بۆنکردنیان بەهێزە دەتوانن بۆنی یەک دڵۆپ خوێن لە ناو ١٠ ملیار دڵۆپ ئاو بکەن، هەروەها هەستی بیستنیان بەهێزە دەتوانن شوێنی نێچیر دیاری بکەن و بزانن لە کام ئاڕاستەیە، هەرچەندە گوێیەکانیان بچوکن. 

٣٠٠ ددان بە حەوت ڕیز لە دەمیاندا هەیە، دەتوانن بە یەک گاز نێچیرەکەیان قووت بدەن، قرشە سپییە مەزنەکان هەست بە بەرکەوتنی نێچیرەکانیان دەکەن لە دووری ٢٥٠ مەتر، هاوکاری یەکتر دەکەن و بە کۆمەڵیش ڕاو دەکەن و نێچیرەکەیان بەشدەکەن، گەورەترین ماسی ڕاوکەرن لە ئێستای زەوی. قرشەکان کۆنترن لە داینەسوڕەکان ڕەگەزیان بۆ ماوەی ٤٠٠ ملیۆن ساڵە لە زەوی هەیە، نازانرێت ژمارەیان چەندە بەڵام زانایان لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە ساڵانە بە خێرای ژمارەیان کەم دەکات، ساڵانە ١ لەسەر ٣ی قڕشەکان لە ناودەچن بەهۆی هەڕەشەی مرۆڤەکانەوە، ڕاوکردن و گرتنی بە ڕێکەوت بە تۆڕەکانی ماسیگرتن دوو هەڕەشەن لەسەر قرشەکان بە تایبەت قرشی سپی مەزن، کە هەردوو هۆکارەکەش مرۆڤە، لە لیستی ئەو ئاژەڵانەن کە هەڕەشەی لە ناوچوونیان لەسەرە.

ڕێوی سوور 

لە پۆلی بڕبڕەکانە و لقی شیردەرە، ناوە زانستییەکەی ڤۆلپس ڤۆڵپییە، گیاخۆر و گۆشتخۆریشە، بارستایی ٣ ــ ١٤ کیلۆگرامە و تەمەنیان لە نێوان ٢ــ ٤ ساڵە، لە زۆربەی کیشوەرەکان هەن بێجگە لە ئەمریکای باشوور و بەستەڵەکی باشوور و گرینلاند، ڕێوی سوور لە چەندین شوێن دەژین وەک دارستان و سەوزایی و چیاکان و بیابان، هەروەها لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤیش دەژین وەک کێڵگەکان، دەتوانن کون بکەن لە زەویدا و لە ناوییدا بژین، ئاژەڵی گۆشەگیر و تەنهان زیاتر حەز دەکەن بە تەنها ڕاو بکەن و بژین، کەروێشک و مشک و جووجەڵەکان ژەمی دڵخوازی ڕێوی سوورن هەروەها باڵندە و بۆق و ماسی و مار و گژوگیا و تەنانەت هەندێک جار مرۆڤیش دەخۆن، بە ڕۆژ و شەویش چالاکن.

وەرزی زاوزێیان لە کۆتایی زستانە یان سەرەتای بەهار، ماوەی سکپڕییان ٤٩ ڕۆژ بۆ ٥٥ ڕۆژە، لە ئەوروپا ژمارەی بێچووی لە دایکبوو لە نێوان ٤ــ٥، لە ئەمریکای باکوور لە نێوان ٦ـ ٨، بە نزیکەیی ١٢ بێچوو لە دایک دەبێت، زیاتر لە حەوت مانگ لەگەڵ بێچووەکانیان دەمێننەوە، بێچووکانیان بە نزیکەیی ٦ تا ١٢ هەفتە شیر دەخۆنەوە، وەکو زۆربەی ئاژەڵانی تر لەلایەن مرۆڤەوە دەکوژرێن.

ئۆرکا 

لە پۆلی بڕبڕەدارەکان و لقی شیردەرەکانە ناوە زانستییەکەی ئۆرسینۆس ئۆرکایە و گۆشتخۆرە، بارستاییەکەی ٦٦ تەنە، لە زۆربەی زەریاکاندا دەژین لە قوڵای ٣٠٠ مەتر و پێویستە بێنە سەرەوەی ئاوەکە بۆ هەناسەدان، خواردنی نەهەنگی بکوژ ئەمانەن ماسی، پەنگوین، شێری دەریا، باڵندە دەریاییەکان، ڕۆژانە زیاتر لە ٤٥ کیلۆگرام خواردن دەخۆن، ٥٠ دانیان هەیە و ددانەکانیان  نزیکی ١٠ سانتیمەتر درێژن.

ئۆرکایەکان یا نەهەنگی بکوژ گەورەترین جۆری دۆلفینن، زیرەکن و کۆمەڵایەتین، دەنگ دروست دەکەن هەر دەنگێک واتایەکی جیاوازی هەیە، لە دوورەوە یەکتری دەناسنەوە لە ڕێی دەنگەکان تەنانەت بۆ ڕاوکردنیش دەنگ بەکاردەهێنن، کە ئەمەش یارمەتیان دەدات شوێن و درێژی و شێوەی نێچیرەکە ئاشکرا بکەن، شێوازی ڕاوکردنیان زیاتر لە گورگ دەچێت، توانای بینینی لە سەر و ژێر ئاو زۆر بەهێزە، ئۆرکا هەستی بۆنکردنیان نییە بەڵام گوێیەکانی بۆ گرتنی نێچیر بەکاردەهێنێت. 

بارستایی مێشکی نزیکی ٧ کیلۆگرامە هەر ئەمەش وادەکات ببێتە ئاژەڵێکی زیرەک و کۆمەڵایەتی، پلەی گەرمی لەشیان ٣٦ پلەی سیلیزییە، قرشی سپی مەزن زۆر لە ئۆرکا دەترسێت. نێرەکان لە مێیەکان گەورەترن، تەمەنی پێگەیشتنی ئۆرکەکان بۆ نێر و مێ لە نێوان ١٠ تا ١٤ ساڵە وەرزی هاوین وەرزی زاوزێی ئۆرکەکانە. نازانرێت ژمارەیان چەندە بەڵام لە کەمبوونەوەدان بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ، هەرچەندە گۆشتخۆرن بەڵام هێرش ناکەنە سەر مرۆڤ.

ماسی کارەبایی 

لە پۆلی بڕبڕەدارەکان و لقی ماسییەکانن، ناوی زانستیان ئێلێکترۆفوس ئێلیکترێکیسە، گۆشتخۆرن، ماوەی تەمەنیان ١٥ ساڵە، بارستاییان ٢٠ کیلۆگرامە، لە ئاوە سازگارەکان لە جۆگە و حەوزەکانی ئامازۆن لە ئەمریکای باشوور دەژین، بۆ هەناسەدان پێویستە بێنە سەرەوەی ئاوەکە و زۆربەیان لە نزیک سەرووی ئاوەکە دەژین، ماسی و شیردەری بچووک و باڵندە دەخۆن. مێیەکان زیاتر لە ١٠٠٠ ساڵ گەرا دادەنێن، نێرەکان چاودێریان دەکەن، ڕەنگی ماسی کارەبایی قاوەیی و زەرد و پرتەقاڵی و ڕەساسییە. 

٦هەزار خانەی تایبەتمەندی هەیە وەکو هێزی پاتری بچوک و هەڵگر وایە هەموو هێزەکەی یەکسانە بە ٦٠٠ ڤۆڵت، کاتێک هەڕەشەیان لێ دەکرێت یان نێچیر ڕاودەکەن کارەبا فڕێدەدەن. بینینیان زۆر نزمە بەڵام وەکو ڕادار دەتوانن هەست بە بچوکترین جووڵە بکەن لە چواردەوریان، دەتوانێت بازبداتە دەرەوەی ئاوەکە بۆ هێرشکردنە سەر نێچیر، دەتوانن کارەبەکە فڕێبدەن بۆ دەوری ٢ مەتر و نیو هەرچەندە کارەبا فڕێدەدات بۆ خۆپارێزی لە مرۆڤ بەڵام بە دەگمەن مرۆڤ دەکوژێت بەو کارەبا فڕێدانە، تەنها کەمێک تووشی هەناسە تەنگی دەبێتەوە. نازانرێت ژمارەیان چەندە چونکە تا ئێستا گەڕانێک نەکراوە لەسەر ماسی کارەبایی تا بزانن هەڕەشەی لە ناوچوونیان لەسەرە یاخود نا.

کوالا 

لە پۆلی بڕبڕەدارەکانە، شیردەرن، ناوی زانستییان فاسکۆلارکتۆس سینرێسە، خۆراکیان گیا خواردنە و ماوەی تەمەنیان ٢٠ ساڵە، بارستاییان ٤ ـ ١٥ کیلۆگرامە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئوستڕاڵیا دەژین، گەڵای داری ئۆکالیپتوس دەخۆن و لەسەر هەمان دار دەژین، کوالاکان ڕۆژانە زیاتر لە ١ کیلۆگرام گەڵای ئۆکالیپتوس دەخوات، کوالاکان ڕۆژانە بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر خۆراک دەخۆن، ئۆکالیپتوس ژەهراوییە، بۆیە سیستەمی هەرسکردنی کوالا پێویستە زۆر کاربکات بۆ هەرسکردن و تێکشکاندنی ژەهرەکان و دەرهێنانی ماددەی خۆراکیە سوودبەخشەکان، کوالاکان ئاوی زۆر ناخۆنەوە بەڵکو زۆر گەڵای ئۆکالیپتوس دەخۆن کە ئاوەکەی ناوی هەڵدەگرێت، پێستیان لە خوری مەڕ دەچێت، دەست و پێیەکی زبریان هەیە بۆ خۆگرتن بە درەختەکان، کوالاکان تەمبەڵ دیارن چونکە ١٨ ــ ٢٢ کاتژمێر دەخەون لە ڕۆژێکدا، پەیوەندی بە یەکتر دەکەن بە دەنگ دەرکردن، لە دووری چەند کیلۆمەترێک دەتوانی گوێبیستی دەنگیان بیت، شەوان چالاکن، کوالاکان ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتین، بەڵام بە تەنها دەژین تەنها لە وەرزی زاوزێدا بە گروپ دەژین، کوالاکان ٣٠ ددانیان هەیە، نێرەکان لە مێیەکان گەورەترن. 

لە سەدەی ١٩ و ٢٠دا ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانەی ڕاوکردن بوونەوە کە مرۆڤەکان خاکەکانیان داگیرکردن و زۆربەیان سەرچاوەی خۆراکیان لەدەستدا، لە ئاگر کەوتنەوەکەی ئوستڕاڵیا دووبارە ژمارەیان کەمتر بووەوە پێشبینی دەکرێت لە ئاگرکەوتنەوەکەی ٢٠١٩ی ئوستڕالیا ژمارەی کوالاکان لە ٤٨ هەزارەوە بۆ کەمتر لە ٨٥٠٠ کەمبووبێتەوە، کوالاکان پێویستیان بە ژینگەیەکی زۆر هەیە بۆ ژیانکردن، کوالاکان لەو ١٠ ئاژەڵانەن کە لە لیستی ڕێکخراوی یەکێتی نێودەوڵەتین بۆ پاراستنی سروشت، هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.

تانگی شین 

لە پۆلی بڕبڕەدارەکان و لقی ماسییەکانن، ناوی زانستییان پاراکانثورس هیپەتسە، خۆراکییان گیاخواردنە، ماوەی تەمەنیان ٢٠ ساڵە و بارستاییان ٤٥٤ گرامە. لە ئاوە گەرم و ڕوونەکان دەژین، لە قوڵای ٢ تا ٤٠ مەتر هەن، لە زەریای هێمن و لە زەریای هیندی و ئەتڵەسی دەژین، بە جووت یان گروپ دەژین، گروپەکانیان ٨ بۆ ١٤ تانگی شینی تێدایە، تانگە شینەکان ماسی زیرەک و کۆمەڵایەتیین، تانگە شینەکان هەمیشە لە جووڵەدان تەنها شەوان پشوو دەدەن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ماسییە نێچیرگرەکان ڕاویان دەکەن یان مرۆڤە دڕندەکان بۆیە دەبێت بەردەوام لە جووڵەدا بن، تەمەنی پێگەیشتنی تانگی شین لە نێوان ٩ بۆ ١٢ مانگییە، مێیەی تانگی شین زیاتر لە ٤٠٠٠ گەرا دادەنێنن و گەراکان دوای ٢٤ کاتژمێر دەبن بە ماسی. گۆشتی تانگی شین گونجاو نییە بۆ خواردن بەڵام مرۆڤ هەر ڕاویان دەکات و بازرگانیان پێدەکات، بەم شێوەیەش ژمارەیان کەم دەبێتەوە، تانگی شین هەڕەشەی لە ناوچوونیان لەسەرە کە هۆکارەکەی مرۆڤە. 


سەرچاوەکان



362 بینین