چۆنیەتی هەڵگرتنی خواردنی ماوە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-10-28-21:16:00 - کۆدی بابەت: 11551
چۆنیەتی هەڵگرتنی خواردنی ماوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی هەڵگرتنی خواردنی ماوە (بە ئینگلیزی: How to preserve cooked food، بە عەرەبی: كيفية حفظ اكل المطبوخ)، هەندێک کەس خۆراکی ماوە لەناو ساردکەرەوە هەڵدەگرن و هەندێکیش لە بەفرگردا، هەندێک کەس لە پارچەی ئەلەمنیۆمی دەپێچن یان دەیخەنە ناو زەرفی پلاستیکی، لێرەدا باسی شێوازی گونجاوی هەڵگرتنی خۆراکەکان دەکەین.

نان
دەتوانن جۆرە جیاوازەکانی نان لەناو بۆکسی تایبەت بە نان هەڵبگرن، ئەم بۆکسانە هەوا ناکێشن و نانەکە تا نزیکەی پێنج ڕۆژ لەناویدا هیچی لێ نایەت. ئەگەر هەمان نان لەناو بەفرگر دابنێن ماوەی مانەوەکەی بە سەلامەتی بۆ دەگاتە نزیکەی شەش مانگ، بەمەرجێک پارچەی ئەلەمنیۆمی لێ بپێچرێت.

کێک
ئەو کێکانەی کە میوەی تازەیان تێدایە، لە پلەی گەرمی ژووردا تازەتر دەمێننەوە، دەتوانیت کێکی ئاسایی کە ماوەتەوە بیکەیتە ناو دەفرێکی پلاستیکی و سەرەکەی دابخەیت و بیخەیتە ناو ساردکەرەوە، بەم شێوەیە سێ بۆ چوار ڕۆژ دەمێنێتەوە، بەڵام دانانی کێک لەناو ساردکەرەوە دەبێتە هۆی دابەزینی کوالێتییەکەی دوای دوو ڕۆژ.

پەنیر
هەر جارێک سەری پەنیرەکە لادەبەن، واباشترە دواتر ئەو پەنیرەی دەمێنێتەوە بیخەنەوە ناو دەفرە پلاستیکییەکەی خۆی یاخود دەفرێکی سەرداری نوێ. پەنیری نەرم بەم شێوەیە نزیکەی هەفتەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام پەنیری ڕەق سێ بۆ چوار ڕۆژ.

مریشک
واباشە گۆشتی مریشک لە ئێسقانەکەی جیابکرێتەوە و کاتێک پلەی گەرمییەکەی بەرزە و هێشتا گەرمە نەخرێتە ناو ساردکەرەوە، بە هەڵگرتنی مریشک لەناو ساردکەرەوەدا سێ بۆ چواڕ ڕۆژ دەمێنێتەوە، بەڵام بەفرگر ماوەی مانەوەی زیاتر دەکات.

خواردنی دەریایی
خواردنە دەریاییەکان زووتر تێکدەچن، لەبەرئەوە واباشترە بەڕێژەی کەم دروست بکرێن تا ناچار نەبن هەڵیبگرنەوە و لەناو ساردکەرەوە دایبنێن، بەڵام ئەگەر ناچار بووم ئەوە بکەن، بیانخەنە ناو کیسەیەک و پاشان بیخەنە ناو ساردکەرەوە، بەڵام ئەوە بزانن لە سی ڕۆژ زیاتر نامێنێتەوە.

هێلکەی کوڵاو
باشترین ڕێگای هەڵگرتنی هێلکەی کوڵاو، ئەوەیە کە هێلکەکە بخەیتە ناو دەفری سەرداخراو، هێلکەی کوڵاو بەئاسانی بۆنی خواردنەکانی تری ناو ساردکەرەوە بۆخۆی ڕادەکێشێت، بۆیە پێویستە بەتەواوی داپۆشراو بێت، بەڵام ئەگەر هێشتا هێلکەکانت پاک نەکردبێت، دەتوانیت بیانخەیتە ناو ئاوی سارد و هەموو ڕۆژێک ئاوەکەی بگۆیت.

پەتاتەی کوڵاو
پەتاتەی کوڵاو بەگشتی لەدوای ڕۆژێک مانەوەی تامی خۆش نامێنێت، بەڵام ئەگەر نەتەوێت فڕێی بدەیت واباشە نخرێتە ناو دەفرێک کە سەرەکەی بەتەواوی دابخرێت و دایپۆشیت.

پاستا
باشترین ڕێگا بۆ هەڵگرتنی پاستا ئەوەیە کە سەرەتا هیچ سۆسێکی پێوە نەکرابێت، ئاگاداربن پاستا زۆر زوو خراپ دەبێت.

پیتزا
بۆ هەڵگرتنی پیتزا بژاردەی زۆر نییە، دەتوانن بەتوندی پارچەی ئەلەمنیۆمی لە پیتزاکە بپێچن، بەمەرجێک سۆسی پێوە نەبيت، یاخود لە دەفرێکی سەرداخراودا.

برنجی کوڵاو
ئەگەر برنج بۆ ماوەیەکی زۆر لە پلەی گەرمی ژووردا بمێنێتەوە، لە ماوەی دوو کاتژمێردا بەکتریای تێدەچێت کەواتە باشترە بیخەنە ناو زەرفی سەرداخراوی و بیخەنە ناو ساردکەرەوە.

زەڵاتە
واباشترە پاشماوەی زەڵاتە هەڵنەگیرێت، چونکە زەڵاتە زۆر زوو ژەهراوی دەبێت و ئەگەر کاهووی تێدا بێت سیس دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر سوور بیت لەسەر هەڵگرتنی دەبێت لە دەفرێکدا بێت کە بەدڵنیاییەوە هەوا نەکێشێت.  

هەندێک خاڵی گرنگ دەربارەی هەڵگرتنی خواردن

  • دوای ئەوەی خواردنەکە سارد دەبێتەوە ڕاستەوخۆ بخرێتە ناو دەفری تایبەت و بخرێتە ناو ساردکەرەوە و لە دەرەوە نەهێڵدرێتەوە.
  • هەوڵ بدەن خۆراکەکە بخەنە دەفری بچووکەوە تاکوو ڕووبەری ناو ساردەکەرەوەکە نەگیرێت.
  • ئاگاداربن کە ڕووبەڕی ناو ساردکەرەوە زۆر قەڕەباڵغ نەبێت تاکوو هەوا بەباشی لەناویدا هاتوچۆ بکات.
  • دوای دەرهێنانی خۆراکی ماوە لەناو ساردکەرەوە لە پلەی گەرمی ١٦٥ پلەی فارەنهایت گەرم بکرێتەوە.


سەرچاوەکان



229 بینین