سوودەکانی خواردنی ژەمەکان لەگەڵ ئەندامانی خێزان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-10-28-21:24:00 - کۆدی بابەت: 11552
سوودەکانی خواردنی ژەمەکان لەگەڵ ئەندامانی خێزان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوودەکانی خواردنی ژەمەکان لەگەڵ ئەندامانی خێزان (بە ئینگلیزی: Benefits of eating with the family، بە عەرەبی: فوائد اكل مع العائلة)، زۆربەی کەسەکان چێژ لەوە وەردەگرن کە لەلای خێزانەکانیان یان هاوڕێکانیانەوە ژەمەکان بخۆن، بەڵام هەندێک کەسیش پێیان باشە بەتەنیا بیخۆن. دەبێت ئەوە بزانن کە خواردنی ژەمەکان لەگەڵ خێزان نەک هەر بۆ سەلامەتی جەستە بەسوودە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر سەلامەتی دەروونیش هەیە. کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ژەمی خێزانی لە توێژینەوە زانستییەکاندا سەلمێنراوە.

سوودەکانی ژەمی خێزانی

١- زیادکردنی توانای چارەسەرکردنی کێشەکان
نان خواردن لەلای خێزانەوە یارمەتی بەهێزی بیرکردنەوە و شیکردنەوە دەدات، بۆ بەدەست هێنانی ئەم سوودە دەتوانن لەکاتی ژەمەکان یادگاری و ئەزموونەکانی خۆتان بۆ منداڵەکان باس بکەنەوە و ڕێگا بەوانیش بدەن هەست و بیرکردنەوەکانی خۆیان دەرببڕن.

٢- دروستکردنی خووی تەندروست
کاتێک منداڵەکان لەژێر چاودێری و لەبەرچاوی دایک و باوک نان دەخۆن، فێری هەندێک خووی گرنگی وەکوو دەست شۆردن پێش نان خواردن و دوای نان خواردن، باش جوینی خواردن، بەهێواشی نان خواردن و بەگشتی فێری ئادابی نان خواردن دەبن. منداڵ لەم کاتانەدا فێر دەبێت کە چۆن لەناو کۆمەڵدا نان بخوات.

٣- زیادکردنی ئارامی و پاراستنی سەلامتی دەروون

خواردنی ژەمەکان لەگەڵ ئەندامانی خێزان هەستی ئارامی و خۆشی بە ئەندامەکان دەدات بەتایبەتی دایک و باوک. یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی، کەمکردنەوەی ڕێژەی خەمۆکی و نیگەرانییە لە بەتەمەنەکاندا، وەک دەزانن گەورەکان لە ڕۆژدا کار و ماندووبوونی زیاتریان هەیە بەبەراورد بە منداڵان، لەکۆتایی ڕۆژێکی ماندووکەر نان خواردن لەلای خێزانەوە یارمەتی دەدات لە فشارەکانی سەری و نیگەرانی و ماندوویەتییەکەی دوور بکەوێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی باشتر بکات.

٤- باشترکردنی پەیوەندی نێوان ئەندامەکان
هەرچەند مامەڵەکردن لەنێوان ئەندامانی خێزان کەمتر بێت زیاتر تووشی کێشەی دەروونی دەبن، خواردنی ژەمەکان لەگەڵ خێزان ئەو هەلە دەڕەخسێنێت کە کات لەگەڵ یەکتر بەسەر ببەن و پەیوەندی نێوانیان بپارێزن و باشتری بکەن. لەکاتی ژەمەکان لەبری سەیرکردنی تەلەفزیۆن یان کارکردن بە مۆبایل، واباشترە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت بیت لێیان بپرسیت ڕۆژەکەیان چۆن بووە و ئەگەر پێویستیان بە یارمەتی بێت دەتوانن دەربارەی ئەوە گفتوگۆ بکەن.

٥- فێربوون لەلای منداڵ
گفتوگۆی نێوان خێزان لەکاتی ژەمەکان یارمەتی دەوڵەمەندبوونی بازنەی وشە و زمانەوانی منداڵ دەدات کە منداڵ زۆرترین وشەی نوێ لە دایک و باوکییەوە فێر دەبێت. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە منداڵانی تەمەن بچووک دەتوانن نزیکەی ١٠٠٠ دەستەواژەی نوێ لەکاتی نان خواردن فێربن.

٦- ڕێگریکردن لە ڕەفتاری مەترسیدار
خواردنی ژەمەکان لەگەڵ خێزان دەتوانێت ڕەفتاری مەترسیدار لەلای نەوجەوان کەم بکاتەوە، وەکوو جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحوڵی، شەڕ و کێشە و هاوڕێی خراپ.

٧- کەمکردنەوەی تێچوو 
ئەگەر بەتەنیا لە چێشتخانەیەک نان بخۆیت، تێچووی ئەم خواردنە بەتەنیا لە دەرەوە ڕەنگە زیاتر بێت لە تێچووی ژەمێکی خێزانی لەماڵەوە، ئەگەر لەماڵەوە خواردنەکە بخۆیت، خواردنەکەت تەندروستتر و هەرزانتر دەکەوێت.

چ کاتێک خواردنی ژەمی خێزانی بەسوود نییە؟

ڕەنگە هەندێک کەس باوەڕیان وابێت کە خواردنی ژەم لەگەڵ خێزان سوودی نییە بۆیان، دەکرێت هۆکاری ئەم بابەتە ئەوە بێت کە ئەوان بەیەکەوە خواردن دەخۆن بەڵام بەیەکەوە نین، باوکی خێزانەکە خەریکی سەیرکردنی تەلەفزیۆنە، منداڵەکان مۆبایلەکانیان بەدەستەوەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگەڕێن، یان ڕەنگە یەکێک لە منداڵەکان بیەوێت زووتر نانەکەی تەواو بکات تاکوو بڕوات فریای یاری کردنەکەی بکەوێت، دایکەکە بیری لای کارەکانییەتی یان دەیەوێت پەیوەندی بە هاوڕێکەی بکات و قسەی لەگەڵ بکات. ئایا دەتوانین بڵێین ئەندامانی ئەم خێزانە بەیەکەوە خواردن دەخۆن؟ نەخێر، ئەم کەسانە لەلای یەکترەوەن بەڵام لەگەڵ یەکتر مامەڵە ناکەن. ئەگەر بتانەوێت ئەم ژەمە بەسوود بکەن دەبێت ئەندامانی خێزانەکە سەرنجیان لەسەر چێژی خواردنەکە و دانیشتنیان بەیەکەوە بێت.

چۆن ژەمی خێزانی بەسوودتر بکەین؟

  • بەشداریکردنی هەموو ئەندامانی خێزانەکە لە ئامادەکردنی خواردنەکە یان دانانی سفرە و خوانەکە.
  • گرنگیدان بە ئارەزووی خۆراکی ئەندامەکانی خێزانەکە.
  • ڕازاندنەوەی خواردنەکان و سفرە یان مێزەکە.
  • هەبوونی بەرنامەی تەندروستی خۆراکی و کاتی دیاریکراو بۆ ژەمەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی ژەمەکان.
  • ئامادەبوونی تەواوی ئەندامەکان لەسەر سفرەکە.
  • نان خواردنی بەکۆمەڵ لەدەرەوەی ماڵەوە وەکوو چێشتخانە و خواردنەوەی دەرەوە یاخود سەیران بۆ گفتوگۆی ئارام و بەسوود لەنێوان ئەندامەکان و دوورکەوتنەوە لە کێشە و موناقەشە و بابەتی ناخۆش لەسەر سفرە.


سەرچاوەکان



303 بینین