ڕەوتی قوتبی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-10-30-20:16:00 - کۆدی بابەت: 11560
ڕەوتی قوتبی

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

ڕەوتی قوتبی، قوتبییەکان، هزری قوتبی، جووڵانەوەی ئیسلامی یان قوتبیزم (بە عەرەبی: التيار القطبي، بە ئینگلیزی: Qutbism یان AL Qutbi Movement ) جووڵانەوەیەکی هزری ئیسلامییە و بۆ  شوێنکەوتووان و لایەنگرانی ئەدیب و بیرمەندی میسری سەید قوتب ئەم دەستەواژەیە بەکاردەهێنرێت، کە لە ڕابردوودا ئەندامی باڵای حیزبی ئیخوان موسلیمین بووە و بە ڕەوتێکی سەر گرووپی ئیخوان دادەنرێت.

ئایدۆلۆجیای ڕەوتەکە

بیر و هزری ڕەوتی قوتبی بەندە بە بیروبۆچوون و بنەما تایبەتییەکانی سەید قوتبەوە. (توحيد الحاكمية) کە واتای "یەکخستنی حوکمڕانی" دەبەخشێت بە یەکێک له گرنگترین چەمک و ئەدەبیاتەکانی ڕەوتی قوتبی دادەنرێت، مەرجێکی سەرەکی تەوحید بریتییە لە داننان بە بە یەکتاپەرستی خوا، لەمەشەوە مەرجێکی تر دروست دەبێت ئەوەیە کە حوکمڕانی و دەسەڵات پێویستە بۆ خودا بن و هەر هی ئەون، بەڕێوبەران و دەسەڵاتدارانی وڵات پێویستە لە بەڕێوەبردنی وڵات شوێنکەوتەی ئەو ڕێبازە بن، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە هەموو سیستمەکانی وڵات دادەڕێژرێنەوە وەکوو سیستمی ئابووری و کەرتی پەروەردە و فێرکردن و بوارەکانی میدیا، پێویستە بە پشتبەستن بە بنەمای یەکتاپەرستی و بنەمای ئایینی ئیسلام وڵات بەڕێوەببرێت و حوکمڕانی بکرێت.

بە بۆچوونی سەید قوتب لەو سەردەمەدا کۆمەڵگای موسڵمانان ئەو مەرجەیان لە بەڕێوەبردنی وڵات پەیڕەو نەکردبوو، بۆیە بە "جاهیل" وێنای کردبوون و یەکسانی کردبوون بە کۆمەڵگای شیوعی و بووزییەکان، سەرکردە و دەسەڵاتداری وڵاتیشی بە "تەکفیری" وێنادەکرد چونکە بە شەرعی خوا کارناکەن.

بۆچوونێکی تری ڕەوتی قوتبی بریتییە لەوەی کە ڕێباز و شەریعەتی ئیسلامی ڕێبازێکی واقعی و ئەرێنییە و دەکرێت کاری پێبکرێت، واتا تەنها ڕێبازیکی تێوری و فەلسەفی نەرێنی نێو کتێبەکانی مێژوو نییە و دەکرێت وەکوو سیستمی بەڕێوەبردن کاری پێبکرێت. هاوکات ڕەوتەکە بێبەری نییە لە زمانی زبر و توندڕەوی و بەتەکفیرکردنی کۆمەڵگا و بە یەکێک لەو ڕەوتە ئیسلامییانە دادەنرێت کە پێشەنگ بوو لە بە "تەکفیرکردن".

سەرەتا و مێژووی دەرکەوتنیان

دوای شەهیدکردنی حەسەن بەننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین، سەید قوتب بۆچوون و بیرۆکەکانی حیزبەکەی لە ژێر ڕۆشنایی بیرۆکەکانی حەسەن بەننا داڕشتەوە، پاشان چەند تیۆرییەکی نوێی بۆ بزووتنەوەکە داڕشت کە تاڕادەیەک جیاواز بوون لەگەڵ تیۆرییەکانی ئەوکاتەی ئیخوان، هەموو بیرۆکەکانی لە ڕێگەی دوو کتێبەکەیەوە بڵاوکردەوە کە بریتی بوون لە: (في ظلال القرآن، معالم في الطريق).

بۆیە لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کۆمەڵیک ئەندام و نەوەی نوێی ئەو کاتە بوونە شوێنکەوتەی بۆچوونی ئەو و بە ڕەوتی قوتبی یان "قوتبییە پارێزکارەکان" ناسران. بەشێکیان پێیان وابوو کە بەشێک لە بیرۆکەکانی حەسەن بەننا لەگەڵ بارودۆخی ئەو سەردەمە ناگونجێت بەتایبەت لە پرسەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردندا بۆ ئەو سەردەمە بەس نییە و پێویستیان بە وردەکاری زیاتر بوو، لە بەرانبەردا هەندێکی تریان کە ڕێبازی قوتبییان گرتەبەر پێیان وابوو بۆچوونەکانی سەید قوتب درێژەپێدەر و تەواکەری بیرۆکە و بۆچوونەکانی حەسەن بەننایە.

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٥ کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین ڕاجیایی تێکەوت و زۆرێک لە ئەندامەکانی بە زەبری هێز ڕەوانەی زیندان کران و لەلایەن حکوومەتی ئەو کاتەی وڵاتی میسرەوە دژایەتی کران، بۆیە زۆرێک لە ئەندام و لایەنگران پەرتەوازە بوون و ڕاجیایی کەوتە نێوانیان، بەشێکیان بە هزر و بۆچوون و نووسینەکانی سەید قوتب زۆر کاریگەر بوون. 

بۆیە گرووپی ئیخوان لەوکاتەوە لە ناوخۆدا بەسەر دوو بەرە و بەش دابەشبوون، یەکەمیان شوێنەکەوتووانی بەننا کە بە "بەنناکان" ناسراو بوون و بە شوێنکەوتووانی حەسەن ئەلبەننای دامەزرێنەر ناویان دەرکرد، دووەمیان "قوتبیەکان" بوون کە بە شوێنکەوتووانی سەید قوتب ناسراو بوون، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو گروپی دووەم لەناو گرووپی یەکەمدا هەبوون و تاڕادەیەک زیاتر دەستڕۆیشتووتر بوون.

ئایدۆلۆژیا و هزری قوتبی توانی سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین لە فەرمانگەی ئیرشاد یان قوتابخانەی ڕێکخراوی تایبەتدا کۆنتڕۆڵ بکات، کە جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ زۆرینەی ڕێساکانی ئەو گرووپە هەبوو.

پارێزکارانی شوێنکەوتووی قوتب ڕۆڵی باڵایان هەبوو لە سەردەمی کۆتایی ساڵانی پەنجا و شەشتەکانی سەدەی ڕابردوو تاکوو سەردەمی ئەنوەر سادات و حوسنی موبارەکیش ڕۆڵیان هەر هەبوو، گرووپی توندڕەو و ئایدۆلۆجیای توندڕەوی تریان لێ دروست بوو نموونەی "کۆمەڵەی تەکفیر و هیجرە" و کۆمەڵەی "جیهاد".  تاکوو ناوەڕاستی حەفتاکان کۆمەڵێکی تر تیێاندا دروست بوو کە نێوەندگیربوون لەنێوان هزری قوتبی و هزری بەننا و بە لیبڕاڵییەکانی ئیخوان ناسران، سەردەمێکی نوێیان لە نێو ئیخوانییەکان هێنایە کایەوە.

کاڵبوونەوە و بەردەوامییان

زۆر هۆکار هەبوون کە کاریگەر بوون لەسەر ئیخوانییەکان بە گشتی و ڕەوتی قوتبی بە تایبەتی، دوای لەسێدارەدانی سەید قوتب و پاشان دژایەتی کردنی ئیخوان موسلیمین لەلایەن حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی وڵاتی میسرەوە ڕەوتەکە بەم ڕووداوانە زۆر کاریگەر بوو.

ڕووداوەکانی میسریش لە سەدەی ڕابردوو هەر لە سەرەتای کەوتن و کۆتایی هاتنی سەردەمی پاشایەتی و سەردەمی دەسەڵاتی جەمال عەبدولناسر، پاشان سەردەمی دەسەڵاتی ئەنوەر سادات تاکوو گەیشتن بە سەردەمی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک، دواتر کەوتنی حکوومەتەکەی و شۆڕشی یەنایەر کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەریان. دوای شۆڕشی یەنایەر تاڕادەیەک ئیخوان و ڕەوتەکەش باڵادەست بوون و هەڵوێست و دۆخیان بەهێز بوو. بەڵام دوای کودەتاکردن بەسەر موحەمەد موورسی و لەسەرکارلابردنی بەزۆری لە پوستی سەرۆکایەتی وڵنت، ڕەوتەکە بەگشتی دۆخ و دەسەڵاتی ئیخوانیش بە تایبەتی بەرەو لاوازی چوو.

زۆرێک لە ئایدۆلۆجیا و ڕەوتەکانی تری نموونەی سەلەفییەت و مەدخەلییەت و سۆفییەکانیش تاڕادەیەک دژایەتی بۆچوونی ڕەوتی قوتبی بوون، هاوکات ئەمە جگە لە حکوومەت و دەسەڵاتدارە عەرەبییەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەی زۆرێک لە حکوومەتەکانی وڵاتانی کەنداو دژی ڕەوتەکەن و شوێنکەوتووانی ڕەوتەکە سزای مەرگ و زیندانیان هەبووە.

حکوومەتە جیهانییەکانی ڕۆژاواش بەشێک لە شوێنکەوتووانیان لەژێر ناوی تیرۆر سزاداوە و دژی بۆچوون و هزری ئیخوانن. راجیایی و پەرتەوازەیی و بێ هەڵوێستی نێوخویی ئیخوانییەکان خۆیشیان هۆکارێکی تر بووە بۆ لاوازبوون و کاڵبوونەوەی دەسەڵاتیان. بۆیە ئیخوانییەکان بە گشتی هەر لە شوێنکەوتووانی حەسەن بەننای دامەزرێنەر و پارێزکارانی شوێنکەوتووانی قوتب تاکوو لیبڕاڵی و نوێخوازەکانی سەردەمی هاوچەرخیان هەڵوێستیان لاواز و سست بووە و ڕێگەیان نادرێت دەسەڵاتیان لە ناوچەکانیان هەبێت، زۆر بە ئاسانی تۆمەتی سیاسی و تیرۆریان بۆ دروست دەکرێت و بە ئاسانی ڕاپێچی زیندان دەکرێن و سڕدەکرێن.


سەرچاوەکان



329 بینین