بەرەوپێشبردنی ئاستی قسەکردنت لە زمانی ئینگلیزیدا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-11-03-21:47:00 - کۆدی بابەت: 11596
بەرەوپێشبردنی ئاستی قسەکردنت لە زمانی ئینگلیزیدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرەوپێشبردنی ئاستی قسەکردنت لە زمانی ئینگلیزیدا (بە عەرەبی: تحسين مستوى المحادثة في اللغة الإنجليزية، بە ئینگلیزی: Improve your English speaking skills)، لەم بابەتەدا باسی چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی ئاستی قسەکردنمان دەکەین، واتا چۆن بتوانین لە کاتی قسەکردندا هەست بە ئارامییەک بکەین و تێبگەین و بتوانین بە شێوەیەکی دروست وەڵامی کەسی بەرانبەر بدەینەوە، یاخود بۆ کەسی بەرانبەر بتوانین قسە بکەین، ئەم تەکنیکانەی خوارەوە باشترین تەکنیکی بەرەوپێشبردنی ئاستی قسەکردنی زمانی ئینگلیزین. 

قسەکردن بە ئینگلیزی لە دەرەوەی پۆلدا 

مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە تەکنیکە چییە کە دەڵێت لە دەرەوەی پۆلیشدا بە زمانی ئینگلیزی قسە بکە؟ بۆ نموونە: تۆ بەشداری خولێکی زمانی ئینگلیزیت کردووە و ڕۆژانە ماوەی دوو کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە پۆلەکەتدا دەخوێنیت، بەڵام ئایا ئەوەندە بەسە؟ نەخێر، ئەوەندە بەس نییە، پێویستە ڕۆژانە ڕاهێنانی قسەکردن بکەیت و لە دەرەوەی پۆلەکەتدا بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەیت، جا چ لەگەڵ ماڵەوەت یاخود لەگەڵ گروپێکی ئۆنلایندا بێت، یان لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆتدا بێت کە ئەویش خوازیاری قسەکردنە بە زمانی ئینگلیزی.

سەیرکردنی زیاتری فیلم و پڕۆگرام 

بێگومان سەیرکردن و بینەربوونی پڕۆگرام و فیلمی زیاتر وادەکات کە ئینگلیزیەکەت لە ماوەیەکی کورتتردا بەرەوپێشببەیت، شتی جیاواز و بیرۆکەی جیاواز لە ڕێگای ئەو فیلمانەوە بە زمانی ئینگلیزی فێر دەبیت، بە تایبەتی ئەو وشانەی کە نافەرمین و تەنها لە شوێنە گشتییەکان و لە نێو خێزانەکاندا بەکاردەهێنرێت. 

دووبارەکردنەوەی ئەوەی کە گوێت لێ دەبێت

یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان، بۆ ئەوەی بتوانیت هەمان شێوازی دەربڕین و خوێندنەوەی ڕستەکانت هەبێت، دەتوانیت سوود لە تەکنیکی دووبارەکردنەوەی ئەوەی گوێت لێ دەبێت وەربگریت. ئاساییە لە سەرەتادا لێی تێنەگەیت، کات هاوکارت دەبێت تاوەکو لێی تێبگەیت. 

خوێندنەوە 

جگە لەوەی کە خوێندنەوە پەیوەندی بە  ئاستی نوسینەوە هەیە، خوێندنەوە پەیوەندی بە ئاستی قسەکردنیشەوە هەیە، بەڵام ئایا ئەوە دەزانیت ئەوەی خوێنەرێکی باش بێت، ئەوا قسەکەرێکی باشیش دەبێت، کاتێک توانیت لەسەر بابەتێک بۆ نموونە: کاریگەریی گەرمبوونی زەوی بخوێنیتەوە، ئەوا دەتوانیت بە تێر و تەسەلی باسی کاریگەرییەکانی گەرمبوونی زەوی بکەیت. 

فێربوونی ڕۆژانەی وشەی نوێ

زۆر گرنگە کە بتوانین ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە وشەیەک یان دوو وشە فێر ببین و لە کاتی قسەکردنی ڕۆژانەماندا بەکاریبهێنین، بە سوود وەرگرتن لەم تەکنیکە دەتوانیت لە ماوەی یەک مانگدا سی وشە فێر ببیت و بەکاریان بهێنیت، بەم شێوەیەش بەهۆی بەهێزیی وشەکانتەوە ئاستبەرزیی قسەکردنی ئینگلیزیت لای بەرامبەر نیشاندەدات. 

بەرەوپێشبردنی دەربڕین 

شێوازی دەربڕینی ئەو وشەیەی کە تۆ دەیڵێیت، لە کاتی قسەکردندا هۆکارێکە بۆ ئەوەی کەسی بەرانبەر بە تایبەتی ئەگەر قسەکەری ڕەسەنی زمانی ئینگلیزی بێت و لە مەبەستەکەی تۆ تێبگات، ئەگینا بە دەربڕینێکی هەڵە ناتوانیت بە تەواوەتی مەبەستی خۆت بە کەسی بەرانبەر بگەیەنیت، بۆ ئەوەی بتەوێت ئاستی دەربڕینت باش بکەیت و بتوانیت مەبەستەکەت بگەیەنیت بە کەسی بەرانبەر ڕەچاوی ئەمە بکە: 

شادۆوینگ کردن 
بۆ ئەوەی بتوانیت ئاستێکی باشت لە دەربڕینی وشەیەک بە شێوەی خۆی هەبێت، ئەوا بە ڕێژەیەکی زۆر پێویستت بە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە دەبێت، مەبەست لە تەکنیکی شادۆوینگ ئەوەیە کە وشەیەک دووبارەبکەیتەوە و وەک خۆی بۆ ئەوەی توانای دەربڕینت باشتر ببێت و بتوانیت مەبەستت بگەیەنیت بە کەسی بەرانبەر.

قسەکردن لەگەڵ خۆت

توانستی قسەکردن لەگەڵ خۆتدا یەکێکە لەو تەکنیکە نایابانەی کە سوودێکی زۆری بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زمانی ئینگلیزیت دەبێت، جا دەتوانیت ئەم خاڵانەی خوارەوە بەکاربهێنیت، لە کاتێکدا بیرۆکەی ئەوەت بۆ نەهات کە لەسەر چ بابەتێک لەگەڵ خۆتدا قسە بکەیت: 

  • وەرزشی: باسکە، مەلەوانی، بالە، تۆپی پێ
  • ئابووری: دراوەکان، دابەزینی نرخی کاڵاکان. 
  • کەش: گەرمبوونی زەوی، وشکەساڵی، کەم ئاوی. 
  • بەڵگەنامەیی: ژیانی ئاژەڵان، ژیانی لادێی. 
  • ژیاننامە: ژیانی کەسە بەناوبانگەکان. 

دەتوانیت سوود لەم بیرۆکانە وەربگریت، بۆ ئەوەی بتوانیت لەسەر هەر یەکێک لەو بابەتانە قسە لەگەڵ خۆتدا بکەیت. 

گێڕانەوەی چیرۆک بە زمانی ئینگلیزی

گێڕانەوەی چیرۆک بە زمانی ئینگلیزی ڕێگایەکی باشە، بۆ ئەوەی بتوانیت لە ئاستی قسەکردندا پەرە بە ئاستی زمانی ئینگلیزیت بدەیت، گێڕانەوەی چیرۆک بۆ کۆمەڵە کەسێک یاخوود نوسینی لە پەڕە تایبەتەکەت بۆ وەرگرتنی بیرۆکەی نوسین و چۆنیەتی نوسینیش هاوکارت دەبێت، دەتوانیت چیرۆکی دڵخوازی خۆت هەڵبژێریت و بۆ کەسانی تر تەنانەت بۆ خۆشت بە زمانی ئینگلیزی بیگێڕیتەوە. ئەو چیرۆکانەی دەتوانیت سوودیان لێ ببینیت:

  • چیرۆکی کایۆ
  • چیرۆکی دۆرا

ئەمانە دوو چیرۆکن بە شێوەی کتێبیش دەستدەکەون و دەتوانن بە شێوەی ئەلیکترۆنیش دەستی بخەن. 


سەرچاوەکان



551 بینین