فیلمی لیۆ  (٢٠٢٣)

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-12-05-14:08:00 - کۆدی بابەت: 11681
فیلمی لیۆ  (٢٠٢٣)

ناوه‌ڕۆك

 

سەرەتا

فیلمی لیۆ (بە عەرەبی: الفیلم لیو، بەئینگلیزی: Leo movie) فیلمێکی نوێیە و لە بەرهەمهێنانی تۆڕی نێتفلێکسە و لە ژانەری ئەنیمەیشن و کۆمیدییە، کە پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکە مارمێلکەیەکی تەمەن  ٧٤ ساڵ و هاوڕێیەکەی کە کیسەڵێکە لەگەڵ ژمارەیەک منداڵ لە ناو قوتابخانەیەکی بنەڕەتی. 

چیرۆک و پەیامی فیلمەکە

چیرۆک

فیلمەکە باس لە مارمێلکەیەکی تەمەن ٧٤ ساڵ دەکات بەناوی لیۆ کە ماوەی ٧٤ ساڵە لەناو شوشەیەکدا لە پۆلێکی قوتابخانەیەکدا دانراوە، لیۆ هیچ لە بیرکاری نازانێت تەنها ئەوەندە دەزانێت ساڵی ١٩٤٩ لە دایکبووە، هاوڕێ کیسەڵەکەی پێی دەڵێت مارمێلکەکان ٧٥ ساڵ دەژین، ئەویش خەمێکی زۆر دایدەگرێت، دەیەوێت ئەو ماوەی ماویەتی کارێکی جیاواز بکات. کاتێک مامۆستای پۆلەکە دەگۆڕێت، فەرمان بە خوێندکارەکان دەکات هەر هەفتەیەک و یەکێکیان لیۆ بباتەوە ماڵەوە، لەم کاتەدا لیۆ ئەمە بە هەل دەزانێت کە تێڕوانینی خوێندکارەکان بۆ ژیان و خوێندن بگۆڕێت ئەویش بە قسەکردن لەگەڵیان و پێدانی ڕاوێژێکاری. 

پەیامی فیلمەکە

هەر فیلمێک و کار لەسەر پەیامێک دەکات، ئەم فیلمەش بەدەر نییە لە هەبوونی پەیام، بە گشتی پەیامی فیلمەکە ئەوەیە، مرۆڤ دەکرێت لە هەموو کەسێکەوە ئامۆژگاری و ڕاوێژ وەربگرێت، هەندێک جار دەکرێت ئەو کەسە لەشوێنێکی داخراودا بووبێت بەڵام بیرکردنەوەی جیاوازی بۆ شتەکان هەبێت، هەروەکو لیۆ کە هەرگیز ژیانی دەرەوەی نەبینیبوو، بەڵام توانی بیرکردنەوەی خوێندکارەکان بۆ خوێندن و هەڵسوکەوت لەگەڵ مامۆستاکەیان بگۆڕێت، هۆکارەکەی ئەوەبوو، ڕاستە لیۆ لە جێگەیەکی داخراودا بوو و جیهانی دەرەوەی نەبینیبوو بەڵام لەو شووشەیەدا بە درێژایی تەمەنی چەندین نەوەی کۆمەڵگەی بینیوە و توانیویەتی ئەزموونی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گەورەکان فێرببێت. 

لیۆ، فێرمان دەکات کە بە ڕووکەش بڕیار لەسەر شتەکان نەدەین، بۆ نموونە ساڵانێکە ئاشنایت بە مامۆستایەک، لە پڕ دەڕوات و مامۆستایەکی نوێ دێت، ڕەنگە هەندێک خوێندکار ڕق و کینەی لە دڵدا دروست ببێت بەرامبەری بێ ئەوەی بزانێت خراپە یان باشە، دواتر بە تێپەڕبوونی کات دەزانێت کە هەڵەبووە لە دژایەتی کردنی مامۆستایەکەی. 

ئەکتەرەکان

  • ئادەم ساندلەر لە ڕۆڵی دەنگی لیۆ.
  • بیل بلوور لە ڕۆڵی دەنگی سکوێرتڵ (کیسەڵەکە)
  • سێسیلی سترۆنگ لە ڕۆڵی دەنگی مامۆستا مالکین.
  • جەیسن ئەلێکساندەر لە ڕۆڵی دەنگی باوکی جەیدا.
  • ڕۆب شنایدەر لە ڕۆڵی دەنگی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە.
  • ئاڵیسن سترۆنگ لە ڕۆڵی دەنگی مامۆستا سالیانس.
  • جۆ کۆی لە ڕۆڵی دەنگی ڕاهێنەر کۆمورا.
  • سەیدی ساندلەر لە ڕۆڵی دەنگی جەیدا.
  • سەنی ساندلەر لە ڕۆڵی دەنگی سەمەر.
  • کۆڵتەر ئیبانێز لە ڕۆڵی دەنگی زەین.
  • برایەنت تاردی لە ڕۆڵی دەنگی کۆرێی جەی.
  • ئیسن سمیگێل لە ڕۆڵی دەنگی ئەنتۆنی.
  • تێینیا سافکۆ لە ڕۆڵی دەنگی سکایلەر.
  • گلۆریا مانینگ لە ڕۆڵی دەنگی لۆگان.
  • کارسۆن مێینیەر لە ڕۆڵی دەنگی کۆلێی.
  • ڕۆی سمیگێل لە ڕۆڵی دەنگی ئێلی.
  • ڕێسی لۆرێس لە ڕۆڵی دەنگی میا.
  • بێنجامین بۆتانی لە ڕۆڵی دەنگی کابیر.
  • ئالدن لیام فیلیپسن لە ڕۆڵی دەنگی تی جەی.
  • جەیکی ساندلەر لە ڕۆڵی دەنگی دایکی جەیدا.
  • هێیدی گاردنەر لە ڕۆڵی دەنگی ئێلی.
  • ستێفانی هسو لە ڕۆڵی دەنگی سکایلەر
  • نیکۆلاس تۆرتوورو لە ڕۆڵی دەنگی باوکی ئەنتۆنی. 

زانیارییە گشتییەکان

ناوی فیلم Leo 
ژانەر کۆمیدی، موزیکی، ئەنیمەیشن 
دەرهێنەران ڕۆبێرت مارتینێتی، ڕۆبێرت سمیگێل، دەیڤد واچێنتهێم 
نووسەران ڕۆبێرت سمیگێل، ئادەم ساندلەر، پاوڵ سادۆ
بەرهەمهێنەران ئادەم ساندلەر، ماریلێ سۆریا 
ئەکتەران ئادەم ساندلەر، بیل بلوور، سیسیلێ سترۆنگ، جەیسن ئەلێکساندەر، سەیدی ساندلەر، سەنی ساندلەر، ڕۆب شنایدەر، جۆ کۆی، ئالیسن سترۆنگ، جەیک ساندلەر، هێیدی گاردنەر، ڕۆبێرت سمیگێل، نیک سواردسن. 
چاککردن پاتریک ڤۆیتبێرگ، جۆزێف تیتۆنی
موزیک (موزیک) جیۆف زانلی، (گۆرانی) ڕۆبێرت سمیگێل. 
کۆمپانیای بەرهەمهێن Happy Madison Production 
دابەشکار Netflix 
بەرواری پەخش ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
کات ١٠٢ خولەک
وڵات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
زمان ئینگلیزی
نمرەی IMDB ٧/١٠
نمرەی Rotten tomatoes ٨٠/١٠٠
نمرەی Rotten tomatoesبینەران ٩٣/١٠٠ 

ئایا فیلمەکە شایەنی بینینە؟ 

بەگوێرەی پێداچوونەوەی بینەران و ڕەخنەگران فیلمەکە پێشنیار کراوە بۆ سەیرکردن، وەکو دەزانرێت نێتفلێکس بەوە ناسراوە دیمەن و ناوەڕۆکی نەشیاو لە فیلم و زنجیرەکانیدا هەیە بەڵام ئەم فیلمە هیچ ناوەڕۆکێکی لەو جۆرە لەخۆ ناگرێت و بۆ هەموو تەمەنێک شیاوە بینەری بن.


سەرچاوەکان



351 بینین