خەڵاتەکانی ئێمی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-01-19-00:22:00 - کۆدی بابەت: 11865
خەڵاتەکانی ئێمی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەڵاتەکانی ئێمی (بە عەرەبی: جائز‌ة الإیمي، بە ئینگلیزی: Emmy awards) یان ئێمییەکان مەودایەکی فراوانی خەڵاتن بۆ دەستکەوتە هونەری و تەکنیکییەکانی پیشەسازیی تەلەڤیزیۆنی ئەمریکی و نێودەوڵەتی. بە درێژاییی ساڵ ژمارەیەک مەراسیمی ساڵانەی خەڵاتی ئێمی بەڕێوەدەچێت، کە هەر یەکەیان یاسا و کاتەگۆری خەڵاتی خۆی هەیە. ئەو دوو خەڵاتەی لە ڕووی میدیایییەوە گرنگی زۆر پێدەدرێت خەڵاتەکانی پرایم تایمی ئێمی و دەی تایمی ئێمییە، کە گرنگی بە کارە نایابەکانی نێو پڕۆگرامی ئینتەرتەینمنتی پرایم تایم و دەی تایمی ئەمریکی دەدات، یەک بە دوای یەک. خەڵاتە ناوخۆیییە ئەمریکییەکانی تری ئێمی بریتین لە خەڵاتەکانی منداڵان و خێزانی ئێمی بۆ پڕۆگرامە تەلەڤیزیۆنییەکانی تایبەت بە خێزان و منداڵان. خەڵاتەکانی ئێمیی وەرزشی بۆ پڕۆگرامە وەرزشییەکان، خەڵاتەکانی ئێمیی هەواڵی و بەڵگەنامەیی بۆ پڕۆگرامە هەواڵی و بەڵگەنامەیییەکان، خەڵاتەکانی ئێمیی تەکنەلۆجیا و ئەندازایاری و خەڵاتەکانی ئێمیی ئەندازیاریی پرایم تایم بۆ دەستکەوتە ئەندازیاری و تەکنەلۆجییەکان. لە پاڵ ئەوەشدا خەڵاتەکانی ئێمیی نێودەوڵەتی بۆ ڕێزلێنان لە پڕۆگرامە تەلەڤیزیۆنییەکان کە بەرهەمهێنراون و لە سەرەتادا لە دەرەوەی ئەمریکادا پەخشکراون.

خەڵاتەکانی ئێمیی لە لایەن سێ ڕێکخراوی ناسراو بە یەک بەڵام جیاوازەوە پێشکەش دەکرێن: ئەکادیمیای هونەری تەلەڤیزیۆنی و زانست، ئەکادیمیای نەتەوەییی هونەری تەلەڤیزیۆنی و زانست، ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەری تەلەڤیزیۆنی و زانست. هەر یەکێک لەم سێ ڕێکخراوە بەرپرسیارە لە پێشكەشکردنی کۆمەڵێکی دیاریکراو لە مەراسیمەکانی خەڵاتەکانی ئێمی.

زانیاری گشتی

خەڵاتەکە دەبەخشرێت بە

کارە نایابەکانی پیشەسازی تەلەڤیزیۆن

وڵات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

پێشکەش دەکرێت لە لایەن

  • ئەکادیمیای هونەری تەلەڤیزیۆن و زانست
  • ئەکادیمیای نەتەوەییی هونەری تەلەڤیزیۆن و زانست
  • ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەری تەلەڤیزیۆن و زانست

یەکەم پێشکەشکردن

٢٥ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٩

وێبسایتی فەرمی

Emmys.tv/awards

Emmyonline.tv

Iemmy.tv

مێژوو

ئەکادیمیای هونەری تەلەڤیزیۆن و زانست کە لە لۆس ئانجڵس دامەزرا، خەڵاتەکانی ئێمی وەکوو دەرفەتێک بۆ بنیادنانی وێناکردن و پەیوەندییە گشتییەکان داهێنا. یەکەمین مەراسیمی ئێمی لە ڕێکەوتی ٢٥ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٩ بەڕێوەچوو لە یانەی وەرزشیی هۆڵیوود، بەڵام بە تەنها بۆ ئەو بەرهەمانە بوو کە لە ناوچەی لۆس ئانجڵس بەرهەمهێنرابوون و پەخشکرابوون. لە ماوەی یەکەمین مەراسیمی خەڵاتەکەدا، شێرڵی دینسدەیڵ یەکەمین خەڵاتی ئێمیی وەرگرت بۆ باشترین کەسایەتیی تەلەڤیزیۆن. زاراوەی (ئێمی) لە وشەی (ئیمی Immy)ـیەوە وەرگیراوە کە زاراوەیەکی بازاڕیی ناو پیشەسازی تەلەڤیزیۆنییە بۆ کامێرای تەلەڤیزیۆنیی (Image orthicon tube).

لە ساڵی ١٩٥٠دا، ئەکادیمیاکە خەڵاتەکانی ئێمی فراوانکرد بۆ مەراسیمێکی نەتەوەیی بۆ ڕێزلێنان لەو بەرنامە و پڕۆگرامانەی لەناو وڵاتدا پەخشکراون لەسەر پەخشی تەلەڤیزیۆنی. لە ساڵی ١٩٥٥دا، ڕێکخراوی نەتەوەییی بۆ هونەری تەلەڤیزیۆن و زانست لە نوویۆرک دامەزرا وەکوو ڕێکخراوێکی دەستەخوشک تا خزمەتی ئەندامەکانی بکات لە کەناری ڕۆژهەڵات.

لە بنەڕەتدا تەنها یەک مەراسیمی ئێمی هەبوو هەر ساڵی جارێک بەڕێوەدەچوو بۆ ڕێزلێنان لەو بەرنامانەی کە لە ناوخۆی ئەمریکادا پەخشدەکران. لە ساڵی ١٩٧٤دا، یەکەمین مەراسیمی خەڵاتی ئێمیی دەی تایم بەڕێوەچوو بە تایبەت بۆ ڕێزلێنان دەستکەوتەکانی بەرنامەی دەی تایمی نەتەوەیی (دەی تایم مەبەستی لە نێوان کاتژمێر نۆی بەیانی بۆ حەوتی ئێوارەیە). بە زووترین کاتدا خەڵاتەکانی تری ئێمیش تایبەت بە هەر بوارێک بە دوایدا هاتن. هەروەها خەڵاتی ئێمیی نێودەوڵەتیش، لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٧٠ـاکاندا داهێنرا.

پەیکەری خەڵاتەکە

پەیکەری خەڵاتی ئێمی، کە شێوەی ژنێکی باڵدارە و گەردیلەیەکی هەڵگرتووە، لە لایەن ئەندازیاری تەلەڤیزیۆنی لویس مککانەسەوە داهێنراوە و ژنەکەی وەکوو نموونە بەکارهێناوە. لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە ئەم دیزاینە پەسەندکراوە لە لایەن ئەکادیمیاکە و بووەتە "نیشانەی ئامانجی ئەکادیمیا تەلەڤیزیۆنییەکان بۆ پشتگیری کردن و بەرزکردنەوەی هونەر و زانستی تەلەڤیزیۆن: باڵەکان نیشانەن بۆ ئیلهامبەخشیی هونەر، گەردیلەکەش ئەلیکترۆنی زانستە".

لە کاتی بڕیاردان بۆ هەڵبژاردنی ناوەکە بۆی، سید کەسیدی دامەزرێنەری ئەکادیمیاکە لە بنەڕەتدا پێشنیاری (ئیک)ی کردووە، نازناوی تەلەڤیزیۆنی بۆ (television iconoscope tube). (ئیک) نازناوی ناسراوی پاڵەوانی جەنگی دووەمی جیهانی و سەرۆکی ئەمریکا دوایت دی ئایزنهاوەریش بووە، وە ئەندامەکانی ئەکادیمیاکە ناوێکی بێهاوتایان دەویست. لە کۆتاییدا ئەندازیاری تەلەڤیزیۆنی و سێیەم سەرۆکی ئەکادیمیا هاری لوبکک پێشنیاری ناوی (ئیمی) کرد، زاراوەیەک کە بە شێوەیەکی باو بۆ (Image orthicon tube) بەکاردەهێنرا. لە دوای ئەوەی (ئیمی) هەڵبژێردرا، دواتر گۆڕدرا بۆ ناوی (ئێمی) کە ناوێكی ژنانەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ پەیکەری ژنەکەدا بگونجێت.  

کێش، بەرزی، پانی و درێژیی پەیکەری خەڵاتەکە جیاوازە لەنێو مەراسیمەکاندا. هەر پەیکەرێکی خەڵاتی ئێمیی پرایم تایم کێشەکەی ٣،٠٨ کیلۆگرامە، و لە مس، نیکڵ، زیو و زێڕ دروستکراوە. بەرزی پەیکەرەکە ٣٩ سانتیمەترە و تیرەی بنکەکەی ١٩ سانتیمە لەگەڵ کێشی ٢،٥ کیلۆگرام. دروستکردنی هەر پەیکەرێک پێنج کاتژمێر و نیوی دەوێت و بە دەستکێشی سپییەوە هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی جێپەنجەی لەسەر دەرنەچێت.

جۆرەکانی خەڵاتی ئێمی

چەندین مەراسیمی کێبڕکێی ئێمیی ساڵانە بەڕێوەدەچێت، بۆ ڕێزلێنان لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییە ئەمریکییەکان بۆ بەرنامە هەرێمییەکان و پڕۆگرامە ناوخۆیییە بەرهەمهێنراوەکان. هەر مەراسیمێک پرۆسیجەری کاتەگۆری، پاڵاوتن، دەنگدان، یاسای خۆی هەیە. بە بێ گوێدانە ئەوەی کێبڕكێکارەکان لە چی بوارێکدا براوەن، هەموو براوەکان پێیان دەوترێت "براوەی ئێمی".

پرایم تایم

خەڵاتەکانی ئێمیی پرایم تایم بە باشترین بەرهەم دەبەخشرێت لە پڕۆگرامی تەلەڤیزیۆنی پرایم تایمی ئەمریکیدا (پرایم تایم مەبەستی لەو کاتانەیە کە زۆرترین بینەر هەیە). مەراسیمەکان بە شێوەیەکی گشتی لە مانگی ئەیلوولدا بەڕێوەدەچن و بە شێوەیەکی گشتی پەخشەکەی لە نێوان تۆڕەکانی ABC، CBS، NBC و Fox دایە.

دەی تایم

خەڵاتەکانی ئێمیی دەی تایم، بە شێوەیەکی گشتی لە مانگی مایس یان حوزەیراندا بەڕێوەدەچن، و دەبەخشرێت بە نایابترین بەرهەم لە پڕۆگرامی تەلەڤیزیۆنی دەی تایمی ئەمریکی.

وەرزشی

خەڵاتەکانی ئێمیی وەرزشی لە لایەن ئەکادیمیای نەتەوەییی هونەری تەلەڤیزیۆنی زانستەوە بە باشترین پڕۆگرامی وەرزشی دەبەخشرێت. مەراسیمی خەڵاتەکە لە سەرەتاکانی بەهاردا بەڕێوەدەچێت.

هەواڵی و بەڵگەنامە

خەڵاتەکانی ئێمیی هەواڵی و بەڵگەنامەیی دەبەخشرێت بە باشترین پڕۆگرامی نەتەوەییی هەواڵی و بەڵگەنامەیی. مەراسیمەکە لە پاییزدا بەڕێوەدەچێت.

منداڵ و خێزانی

لە ڕێکەوتی ١٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، ئەکادیمیای نەتەوەیی ڕایگەیاند کە لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٢دا دەست دەکات بە بەخشینی خەڵاتی ئێمیی منداڵ و خێزانی بۆ باشترین بەرهەمی تەلەڤیزیۆنی خێزانی و منداڵ.

ئەندازیاری

خەڵاتی ئێمیی ئەندازیاریی پرایم تایم لە لایەن ئەکادیمیای هونەری تەلەڤیزیۆن و زانستەوە و خەڵاتی ئێمیی ئەندازیاری و تەکنەلۆجی لە لایەن ئەکادیمیای نەتەوەییی هونەری تەلەڤیزیۆن و زانستەوە پێشکەش دەکرێت و دوو کێبڕکێی جیاوازن بۆ ڕێزلێنان لە کەسایەتی، کۆمپانیا یان ڕێکخراوە زانستی و تەکنەلۆجییەکان بۆ پێزانین بەو گەشەسەندنە دیارانەی لە بوارەکانی ئەندازیاری و تەکنەلۆجیدا پێشکەشیان کردووە.

هەرێمی

٢٠ بەشی هەرێمی لە سەرانسەری ئەمریکادا هەن و هەریەکەیان ڕابەری خەڵاتەکان دەکەن بۆ ڕێزلێنان لە باشترینەکان لە هەموو بازاڕە تەلەفیزیۆنییە هەرێمییەکاندا.

نێودەوڵەتی

خەڵاتەکانی ئێمیی نێودەوڵەتی بۆ باشترین پڕۆگرامە تەلەڤیزیۆنییەکانە کە بەرهەمهێنراون و لە سەرەتادا لە دەرەوەی ئەمریکادا نمایش کراون. لە ساڵی ١٩٧٣ـەوە ئەم خەڵاتە پێشکەش دەکرێت. بە شێوەیەکی گشتی لە مانگی تشرینی دووەمدا لە نوویۆرک بەڕێوەدەچێت.

قوتابی

خەڵاتی تەلەڤیزیۆنی کۆلێج لە لایەن ئەکادیمیاکەوە بۆ باشترین کارەکانی بەرهەمهێنراو لە لایەن قوتابی کۆلێجەوە دانراوە.

فەرماندار و ڕاسپێردراو

خزمەتگوزاری گشتیی و مرۆڤدۆستی

  • کۆمەڵە زانیارییەک
  • لە یەکەم مەراسیمدا شەش خەڵات بەخشران.
  • کورتترین وتەی وەرگرتنی خەڵاتەکە ١١ وشە بووە.
  • تۆڕەکانی تەلەڤیزیۆن بڕی زیادتر لە ٥٠٠ هەزار دۆلار دەدەن تا بەرهەمەکانیان بپاڵێورێن.
  • بەرنامەی Saturday night live براوەی زۆرترین خەڵاتی ئێمییە بە ٧٦ بردنەوە و ٢٧٠ پاڵاوتن.


سەرچاوەکان



170 بینین