لیستی ١٢ باشترین ڕۆمانی مێژوو

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-02-08-14:51:00 - کۆدی بابەت: 11944
لیستی ١٢ باشترین ڕۆمانی مێژوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لیستی ١٢ باشترین ڕۆمانی مێژوو (بە عەرەبی: قائمة أفضل 12 رواية في التاريخ، بە ئینگلیزی: List of 12 the best novels in history) ڕۆمان، ژانەرێکی وێژەیی یان ئەدەبیی جیهانییە. لە ناو زۆرێک لە گەل و نەتەوەکاندا گرنگی بە نووسینی ڕۆمان دراوە. هەندێک ناوچە ڕۆمان بووەتە سیمبولی ناسینەوەی ئەو نەتەوەیە، بۆ نموونە وڵاتانی باشووری ئەمریکا نووسینی ڕۆمان تیایاندا بووەتە مۆرکی ناسینەوەی زمان و کولتوور و دابوونەریت و مێژوویان.

گەر پێناسەیەکی ڕۆمان بکرێت وەکو ژانەر و بابەتێکی ئەدەبی، بریتییە لە نووسراوێک کە زۆر ڕۆدەچێتە ناو ئەندێشە و خەیاڵکردن، کەسایەتی زۆر و گفتوگۆی ورد و پڕ ئەندێشە، ڕووداو گەلی زۆر کە هەڵگری مەبەست و پەیامن ئەم بابەتانە نیشانە دیارەکانی ناسینەوەی ڕۆمانن لە چیرۆک. لە ڕۆماندا زۆرجار باس لە درێژە پێدان دەکرێت، مەرج نییە ڕۆمانێک بە ١٠٠٠ پەڕە بنووسرێت، دەکرێت لە ١٠٠-٢٠٠ لاپەڕەدا کورت بکرێتەوە. ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکا لە نوێترین بابەتیاندا لیستی ١٢ باشترین ڕۆمانیان بڵاوکردووەتەوە کە بە گوێرەی شارەزاکانی نووسین و هەڵسەنگاندنی کتێب لە ١٢ باشترین کتێبەکانن کە تا ئێستا نووسرابن.

لیستی ١٢ باشترین ڕۆمانی مێژوو

ئانا کارێنینا

ڕۆمانی ئانا کارێنینا لەم لیستەدا بە پلەی یەکەم دێت، ڕۆمانەکە لە نووسینی ڕۆماننووسی ڕووس "لیۆ تۆڵستۆی"یە، ڕۆمانەکە لە دەوری بابەتەکانی قومارکردن، خیانەتکردن و هاوسەرگیری و ژیان و گوزەران لەسەردەمی فیوداڵیزمی ڕووسیادا دەسوڕێتەوە. ئەم ڕۆمانە لە ١٨٧٨ بڵاوکراوەتەوە و تا ئەم سەردەمە بە باشترین ڕۆمان دادەنرێت بە گوێرەی گۆڤاری تایمز. 

کوشتنی باڵندەی گاڵتەجاڕ

ئەم ڕۆمانە بە پلەی دووەم دێت لە ڕیزبەندییەکە. ساڵی ١٩٦٠ نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە و ساڵی دواتر، خەڵاتی Pulitzer بەدەست هێناوە و لە هەمان ساڵدا کراوە بە فیلم و ساڵی ١٩٦٢ پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار بووە. نووسەری ئەم ڕۆمانە ناوی (هارپەر لیی)یە، بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەکان بێت، هارپەر بە یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت. ڕۆمانەکە گوزارشت لە دیاردەی ڕەگەز پەرستی لە باشووری ئەمریکادا دەکات.

گاتیزبی گەورە

ئێف. سکۆت فیتزگێڕاڵد نووسەری ئەم ڕۆمانەیە، کە ڕەخنەگران پێیان وایە یەکێکە لەو نووسەرانەی لەبیرکراوە، بەڵام ئەم ڕۆمانەی کە گوزارشت لە ئەمریکای بیستەکان دەکات، هەموو شتێک دەگۆڕێت. ئەم ڕۆمانە پڕیەتی لە ئەندێشە کردن و وێناکردنی ئەو سەردەمە. 

سەد ساڵ تەنهایی

ئەم ڕۆمانە لە نووسینی گابرێل گارسیا مارکێزە، ڕۆمانەکە ناوبانگی جیهانیی هەیە و چیرۆکەکەی لە وڵاتی کۆڵۆمبیایە. ڕۆمانەکە بۆ زۆر زمانی زیندووی جیهانیی وەرگێڕدراوە لەناویاندا زمانی کوردی. ئەوەی تێبینی کراوە لەناو خوێنەراندا زۆر جار دەگوترێت ڕۆمانێکی وشک و بێزارکەرە، هۆکارەکەشی بوونی ئەندێشە و خەیاڵی زۆرە لە ڕۆمانەکەدا، کە نووسەر سووڕی ژیانی مرۆڤ لە گوندێکدا بچووک دەکاتەوە لە دروست بوون و لەناو چووندا، بە بەستنەوەی خەیاڵ لەگەڵ حەقیقەتدا. ڕۆمانەکە ساڵی ١٩٦٧ نووسراوە و ساڵی ١٩٨٢ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەرگرتووە.

گوزەرێک بۆ هندستان

لەلایەن ئی. ئێم. فۆرستێر لە ساڵی ١٩٢٤ بڵاوکراوەتەوە و ساڵی ١٩٨٤ کراوە بە فیلم. کتێبەکە گەشت و سەرکێشییەکانی نووسەر دەخاتە ڕوو کاتێک بە هندستاندا گەشتی کردووە و لە نزیکەوە کولتوور و دابونەریتی هیندییەکانی بینیوە و سەرنجییان ڕاکێشاوە لە دوو توێی ڕۆمانێکدا ئەم بابەتانەی نووسیوە. لە کتێبەدا باسی پزیشکێکی موسڵمان بە ناوی (عەزیز) دەکات کە هاوگەشت و هاوکاری بووە بە درێژایی گەشتەکەی لەناو هندستاندا و ڕێبەریی کردووە.

پیاوی سێبەر

پێشی دەگوترێت پیاوی نادیار، لە نووسینی ڕاڵف ئیلسنە. ڕۆمانەکە لە ژانەری زانستی - خەیاڵە. ڕۆمانەکە یەکێکە لە دیارترین نووسراوی ئەفریقییەکان کە لە ئەمریکادا نیشتەجێ بوون. کەسایەتی نێو ڕۆمانەکە پێی وایە لە کۆمەڵگەدا نادیارە یان سێبەرە، ئەمەش گوزارشتە لە ڕەگەزپەرستی سپی پێستەکان لەبەرامبەر ئەفریقییەکان و چەوساندنەوەیان. هەروەها قبووڵنەکردنیان لەناو کۆمەڵگەدا کە وەکو کۆیلە سەیرکراون. بۆیە کاتێک لە سەرەتادا دەڵێت (من لە کۆمەڵگەدا نادیارم یان سێبەرم) ئیتر خوێنەر نوقمی ئەندێشەی ئەو ژیانە سەخت و دژوارەی ئەفریقییەکان دەکات لە ئەمریکادا. کە شەڕی شوناس و ڕەگەزی خۆیان کردووە تا بە چاوێکی مرۆڤانەوە سەیر بکرێن نەوەکو کەرەستەی سپی پێستەکان. ساڵی ١٩٥٣ ئەم ڕۆمانە خەڵاتی کتێبی نەتەوەیی پێ بەخشراوە.

دۆن کویشۆت

یەکێکە لە دیارترین کتێبەکانی ئەدەبیاتی ئیسپانی، لەلایەن میگوێل دی سێرڤانتیس لە ساڵی ١٦١٥ نووسراوە. ڕۆمانەکە چیرۆکی ئەشق و سۆز و پاڵەوانێتی ئەسپ سوارێکە بەناوی دۆن کویشۆت. لەو سەردەمەی نووسرا بۆ چەند سەدەیەک بە باشترین کاری ئەدەبی ئیسپانی و جیهانیی دادەنرا.

خۆشەویست

لەلایەن تۆنی مۆریسۆن لە ١٩٨٧دا نووسراوە. چیرۆکی کۆیلەیەکی ڕزگاربوو بەناوی سێس دەگێڕێتەوە کە لە ساڵی ١٨٧٣ لە سێنسیناتی ئۆهایۆ ڕایکردووە. ڕۆمانەکە باس لە لێکۆڵینەوەکانی تراوما دەکات کە دامەزراوەیەکی کۆیلەکان بوو کە شوێن کۆیلە ڕاکردووە دەکەوێت، تا ئازادی لێ زەوت بکەن. ئەم دۆخە وا لە سێس دەکات کەوا تووشی ئازاری ویژدان و هەستەکانی ببێت و کچە ساواکەی کەناوی Beloved (خۆشەویست) بوو بکوژێت، تا وەکو خۆی ژیانی کۆیلایەتی بەسەر نەبات. ساڵی ١٩٨٨ خەڵاتی pultizerی ئەدەبیاتی بە دەست هێناوە.

خاتوو دۆلاوەی 

لە نووسینی ڤێرجینیا وۆڵفە. باسی ڕۆژێکی تایبەت لە سۆسیالیستی بەڕیتانیا دەکات. بەناوی کلاریسا. ڕۆمانەکە لە بینایی کەسی سێیەمەوە دەگێڕدرێتەوە و خوێنەر نوقمی گێڕانەوەیەکی ورد دەکات هەر لە ڕووداو و کەسایەتی و شوێنەوە. ڕۆمانەکە زیاتر لە بابەتی ڕامیاری دەدوێت.

شتەکان تێکدەشکێن

لە نووسینی چێنوا ئاکابی، ڕۆمانەکە بە تۆپهاوێژی ڕۆژاوایی ناسراوە، کەئەمەش ئیدیەمێکە لای ئەفریقییەکان واتای کارێکی گرنگ و گەورە دەدات. لە ساڵی ١٩٥٨دا نووسراوە. ڕۆمانەکە گوزارشتێکی ورد لە کۆمەڵگەی نایجیریا دەکات و نووسەر لە چاوی ئەوانەوە دەدوێت، کە ڕووداوەکان لە گوندێکدان بەناوی (ئیگبۆ) لە وڵاتی نایجیریا. کە دەکەونە بەر شاڵاوی بە کۆیلەکردن لەلایەن کۆلۆنیاڵیزمی بەڕیتانی و گوندەکە وێران دەکرێت. ئەم ڕۆمانە واقعییە واتا non-fictions و لە زانکۆکانی وڵاتانی ئەفریقا لە بابەتەکانی پاش داگیرکاری بەڕیتانی وەکو بەشە وانە دەخوێندرێت.

جان ئیرێ

لەلایەن نووسەری دیاری فەڕەنسی، چارلۆت برۆنتێ نووسراوە. یەکێکە لەو ڕۆمانانەی وەکو مەرج دەدرێت بە قوتابخانەکانی ئەورووپا کە دەبێت بخوێندرێت. ساڵی ١٨٤٧ نووسراوە. ئەم ڕۆمانە بووە مایەی ناوبانگێکی زۆر بۆ چارلۆت بڕۆنتێ کە تا ئەم کاتە کە ساڵی ٢٠٢٤ـە بەردەوام نمرەی دەدرێتێ لەلایەن خوێنەران و ڕەخنەگرانی وڵاتە جیاوازەکان. هۆکارەکەشی ئەوە بووە نووسەر ژن بووە، لە سەردەمێکدا نووسیویەتی کە ژنی تر لە گۆڕەپانی ئەدەبیاتی فەڕەنسی نەبینراوە. ڕۆمانەکەش گوزارشتە لە ئافرەت کە وەکو تاکێکی سەربەست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و قبووڵ بکرێت و نەچەوسێنرێتەوە.

ڕەنگ مۆر

لە نووسینی (ئالیس وۆڵکەر)ــە. ڕۆمانەکە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەو ڕۆمانانە هەیە کە پێی ئاشناین، چونکە ئەم ڕۆمانە بەشێوەی جۆڕناڵ نووسراوە کە بە کوردی واتا بەشێوەی نامە. کە خۆی لە چەند نامەیەکی ئاڕاستەکراودا دەبینێتەوە. ساڵی ١٩٨٢ نووسراوە. هەردوو خەڵاتی کتێبی نەتەوەیی و پەڵتیزێر ی هەیە. ڕووداوەکان باس لە جەنگی ناوخۆی ئەمریکا و باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات.

بێگومان ئەم ڕۆمانانە مەرج نییە بەلای هەموو خوێنەرێکەوە باشترین بن. دەکرێت خوێنەران لیستی تایبەت بەخۆیان هەبێت. دەکرێت خوێنەر هەبێت جگە لە نووسەری دڵخوازی کەسی تر بە باشترین نەزانێت و تەنها بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە بخاتە لیستی باشترینەکانەوە.

لە کۆتاییدا، ئەمە تەنها ڕیزبەندی ماڵپەڕ و چەند پێگەیەکە ناتوانین بە پێی تەنها دوو ماڵپەڕ یان چەند پێگەیەک گشتاندن بەسەر تەواوی کتێبەکانی جیهاندا لە ژانەری ڕۆماندا بکەین. چونکە ئەوەی کتێب دەخوێنێتەوە خوێنەرە کەواتە بۆچوونی جیاوازیش بوونی هەیە لە نێوان خوێنەراندا.


سەرچاوەکان



118 بینین