قۆناغەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لە لەشدا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-02-11-23:04:00 - کۆدی بابەت: 11949
قۆناغەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لە لەشدا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قۆناغەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لە لەشدا (بە ئینگلیزی: Stages of cancer  spread in the body، بە عەرەبی: مراحل انتشار السرطان في الجسم) شێرپەنجە بە چەند قۆناغێک بە هەموو لەشدا بڵاودەبێتەوە. لە قۆناغە سەرەتاکاندا ئاسانتر ڕێگری لێدەکرێ لەبەرئەوەی هێشتان بەشێکی کەمی جەستەی گرتۆتەوە و هەموو جەستەی تووش نەکردووە بەمەش چارەسەرکردنی کاریگەرتر دەبێت. 

شێرپەنجە چییە؟

بۆ تێگەشتن لە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە لە جەستەدا پێویستە سەرەتا بزانین شێرپەنجە خۆی چییە. شێرپەنجە بریتییە لە گەشەی نائاسایی خانەکان کە خانە گەشەکردووە نائاساییەکان دەبنە لووییەک. لە سەرەتادا تەنها گەشەی نائاسایی خانەکە ڕوودەدات دواتر وردە وردە خانەکانی چواردەوریشی دەگرێتەوە. تەنانەت لەوانەیە بڵاوبوونەوەی خانە گەشەکردووە نائاساییەکان لە ئەندامێک دەرچێت و چەندین ئەندام بگرێتەوە. کە ئەمە بە چەندین قۆناغ ڕوودەدات و بە قۆناغەکانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە ناودەبرێت.

قۆناغەکانی شێرپەنجە و پلەکانی مانایان چییە؟

قۆناغەکانی شێرپەنجە باس لە قەبارەی لووەکە دەکات و هەروەها ئەوەی چەند دوور لەو شوێنەوە بڵاو بووەتەوە. پلەکانی شێرپەنجەش باس لە چۆنیەتی دەرکەوتنی خانە شێرپەنجەییەکان دەکەن.

کاتێک کەسێک تووشی شێرپەنجە دەبێت، دەکرێت چەندین پشکنینی جیاواز ئەنجامبدات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە زانینی ئەوەی تا چەند شێرپەنجەکەی پێشکەوتووە. ڕێکخستن و پۆلێنکردنی شێرپەنجەکە ڕێگە بە پزیشکەکان دەدات قەبارەکەی دیاری بکەن، ئایا بڵاو بووەتەوە یاخود نا هەروەها باشترین بژاردەی چارەسەری بۆ دیاریبکەن.

قۆناغەکانی شێرپەنجە

دوو جۆری سەرەکی هەیە کە بۆ دیاریکردنی قۆناغەکانی شێرپەنجە بەکاردێت:

  • سیستەمی ژمارەیی بۆ قۆناغ دیاریکردن
  • سیستەمی TNM بۆ قۆناغ دیاریکردن

سیستەمی ژمارەیی

هەندێک جار پزیشکەکان سیستەمی ژمارەیی بەکاردەهێنن بۆ دیاریکردنی قۆناغەکانی شێرپەنجە.

قۆناغەکان بریتین لە:

  • قۆناغی سفر: شێرپەنجەکە لەو شوێنەیە کە دەستی پێکردووە و بڵاو نەبووەتەوە.
  • قۆناغی یەکەم: شێرپەنجە بچووکە و دەرکەوتووە بەڵام لە هیچ شوێنێکی تر بڵاو نەبووەتەوە.
  • قۆناغی دووەم: شێرپەنجەکە گەشەی کردووە بەڵام هێشتان بڵاو نەبووەتەوە.
  • قۆناغی سێیەم: شێرپەنجەکە گەورەترە و لەوانەیە بڵاوببێتەوە بۆ شانەکانی دەوروبەری و لیمفە گرێکان (یان "ڕژێنەکان"، کە بەشێکن لە کۆئەندامی بەرگری).
  • قۆناغی چوارەم: شێرپەنجەکە لەو شوێنەوە بڵاو بووەتەوە کە دەستی پێکردووە. بەلایەنی کەمەوە بۆ یەک ئەندامی دیکەی لەش، کە هەروەها ئەمە ناسراوە بە شێرپەنجەی دووەمی یان "مێتاستاتیک" واتا بڵاوبوونەوە بە لەشدا.

سیستەمی ڕێکخستنی TNM

سیستەمی TNM پیت و ژمارەکان بەکاردەهێنێت بۆ وەسفکردنی شێرپەنجە. ئەم سیستەمە بە شێوەی جیاواز بەکاردێت بەپێی جۆری شێرپەنجەکە.

لە سیستەمی TNM:

T: وەسفی قەبارەی لووەکە دەکات، لەگەڵ ژمارەکانی ١ بۆ ٤ (١ بۆ بچووکتر، ٤ بۆ گەورەتر).

N: کورتکراوەیە بۆ لیمفە گرێکان، لەگەڵ ژمارەکانی ٠ بۆ ٣ (سفر مانای ئەوەیە کە هیچ لیمفە گرێیەک شێرپەنجەی نییە ٣ مانای وایە چەند لیمفە گرێیەک تووشبوون).

M: کورتکراوەیە بۆ مێتاستاس یان ئەگەر شێرپەنجەکە بڵاو بووەتەوە بۆ بەشێکی دیکەی لەش، لەگەڵ ژمارەکانی ٠ یان ١  (سفر مانای ئەوەیە کە خانە شێرپەنجییەکان بڵاونەبوونەتەوە، ١ واتا بڵاوبوونەتەوە بۆ ئەندامەکانی دیکەی لەش).

پلەی شێرپەنجە

پلەی شێرپەنجە پشت دەبەستێت بەوەی کە خانەکان چۆن دەردەکەون لەژێر مایکرۆسکۆپدا.

بە شێوەیەکی گشتی، پلەیەکی نزمتر ئاماژەیە بۆ گەشەکردنی شێرپەنجەیەکی خاوتر و پلەیەکی بەرزتر ئاماژەیە بۆ گەشەکردنی خێراتر. ئەو سیستەمەی کە بە شێوەیەکی گشتی بەکاردێت بەم شێوەیەیە:

پلە ١: خانە شێرپەنجەییەکان هێشتا لە خانە ئاساییەکان دەچن و بە خێرایی گەشە ناکەن.

پلە ٢: خانە شێرپەنجەییەکان وەک خانە ئاساییەکان دەرناکەون خێراتر گەشە دەکەن لە خانە ئاساییەکان.

پلە ٣: خانە شێرپەنجەییەکان کە بە شێوەیەکی نائاسایی دەردەکەون و دەکرێت بە شێوەیەکی توندوتیژتر گەشە بکەن یان بڵاوببنەوە.


سەرچاوەکان



84 بینین