هێرشی فیشینگ

له‌لایه‌ن: - عبداللە خدر عبداللە خدر - به‌روار: 2024-03-11-22:26:00 - کۆدی بابەت: 12098
هێرشی فیشینگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هێرشی فیشینگ (بە عەرەبی: التصيد الاحتيالي، بە ئینگلیزی: Phishingیەکێک لە مەترسییە باسنەکراوەکانە، فیشینگ یەکێکە لە تەکنیکە مەترسیدارەکانی هێرشی سایبەر کەوا لە خەڵکی دەکات بۆ بەدەستەوەدانی زانیارییە گرنگ و مەترسیدارەکان یاخود ئەنجامدانی کاری زیانبەخش. 

دزینی زانیاری کەسی

هێرشی فیشینگ زۆربەی کات تاکەکان و ژێرخانە ئابوورییەکان دەکاتە ئامانج، بۆ نموونە زانیارییەکانی لۆگئین بوونت، زانیارییەکانی کرێدیت کارت یاخود بانکەکەت، یاخود هەرشتێکی گرنگی تر کە مەترسی هێرش هەیە لەسەری. بە خەڵەتاندنی بەکارهێنەر بۆ پێدانی ئەم زانیارییە کەسی و نهێنیانە هێرشکەر دەتوانێت بە نایاسایی دەستی بگات بە ئەکاونت و پڕۆفایلەکانت و تەنانەت بەتاڵ کردنی حیسابی بانکییەکانیشت. دەرەنجامەکانی هەڵخەڵەتان بە هێرشی فیشینگ دەکرێت ببێتە هۆی ئابڕووچوون، ڕووخانی ئابووری، کەوتنە ژێر هەڕەشە، خەمۆکی و ترس و زۆر شتی تر.

چوونە ژوورەوەی ڕێگا پێنەدراو و دەست بەسەرداگرتنی پەڕەکان و ئەکاونتت

هێرشبەرانی فیشینگ زۆربەی کات قوربانییەکان هەڵدەخەڵەتێنن بۆ پێدان و داخڵ کردنی زانیارییەکانی لۆگئین بوون لە خزمەتگوزارییە ئۆنڵاینەکاندا، بۆ نموونە سۆشیاڵ میدیاکانت، زانیاریە بانکییەکانت. هەر کاتێک ئەم زانیارییانەیان دەست کەوت هێرشکەرەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ڕێگا پێنەدراو دزە بکەنە ناو ئەکاونتەکانت. دەست بەسەرداگرتنی ئەکاونتەکانت نەک تەنها هێزی کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکانت بە هێرشکەرەکان دەبەخشێت، بەڵکو دەسەڵاتی ناردنی نامەی خراپی زیاتریان پێدەدات یاخود بەردەوام بوون لەسەر هەڵخەڵەتاندنی کەسانی زیاتر لە ژێر ئەکاونت و ناوی تۆ. 

لییکبوونی داتا و سەرپێچی زانیارییە تاکەکەسییەکەن

بە ئامانجکردنی ڕێکخراوەکان بە هێرشی فیشینگ دەکرێت ببێتە هۆی دەرەنجامی مەترسیدار. بە هەڵخەڵەتاندنی کارمەندێک بۆ ئاشکرا کردنی زانیاری لۆگئین یاخود زانیارییە گرنگەکانی تر، هێرشبەر دەتوانێت چوونەژوورەوەی ڕێگا پێنەدراو بۆ ناو تەواوی نێتوۆرکی ڕێکخراوەکە ئەنجام بدات، ئاشکراکردنی داتای موشتەری بەکارهێنەرەکان و چەندەها زانیاری هەستیار و شاراوەی تر. بڵاوبوونەوە و لییکبوونی داتای هەستیاری لەم شێوەیە دەکرێت ببێتە هۆکاری کێشەی یاسایی، زیان گەیاندن بە ناوبانگی ڕێکخراوەکە و سەرپێچی کردن لە نهێنی و زانیارییە تاکەکەسییەکان.

توشبوون بە ماڵوێر

هێرشی فیشینگ دەکرێت بەکاربهێندرێت وەکو ڕێگایەک بۆ تووشکردنی سیستمەکان بە ماڵوێر. هێرشبەر دەکرێت قوربانی پەلکێش بکات بە کردنەوەی ئیمێڵێکی خراپ یاخود کلیک کردن لەسەر لینکێک کە بەرەو شوێنی خراپ و زیانبەخشیان ببات. هەرکاتێک سیستمی بەکارهێنەرەکە تووش بوو، ماڵوێرێک دەکرێت بەکار بهێندرێت بۆ چەندین مەبەستی خراپ بۆ نمونە دزینی زانیاری کەسی، سیخوڕی کردن، تەنانەت ئەنجامدانی دامەزراندنی بووت نێتێک.

یاری پێکردن لە ڕێگای ئەندازیاری کۆمەڵایەتییەوە

هێرشەکانی فیشینگ بەزۆری لەسەر تەکنیکەکانی ئەندازیاری کۆمەڵایەتییەوە وەستاوە بۆ یاری پێکردن و هەڵخەڵەتاندنی قوربانی لە ڕێگای دەروونی یاخود سایکۆلۆژیەوە. هێرشکەران ئیمەیڵ، نامە، یاخود وێبسایتی وا دروست دەکەن کە بە متمانەپێکراو و سەلامەت دەچێت، یاخود لاسایی ڕێکخراوی بەناوبانگ و ناسرا و یان کەسێک دەکەنەوە. بە سوودوەرگرتن لە سیفەتی مەراقکردنی مرۆڤەکان، یاخود پەلە کردنیان یان ترسیان، هێرشبەرانی فیشینگ سروشتی دوودڵی مرۆڤەکان بە ئامانج دەگرن، وا دەکەن ئەگەری بوون بە قوربانی بۆ تەڵەکەیان زۆرتربێت.

خۆپاراستن

ئاگاداری ئەو نامانە بە کەوا لەناکاو بۆت دێن، هەر نامەیەکی فەرمی کە پێتدەگات و داوای شتێکت لێدەکات کەوا چاوەڕوان نەکراو بووە، ئەوا بە باشی دڵنیا ببەوە لە ڕاستی و دروستی بابەتەکە، دڵنیا ببەوە لەوەی ئەو لینکەی بۆت هاتووە سەلامەتە پێش ئەوەی بیکەیتەوە. ئاگاداربە لە پێدانی زانیارییە کەسییە نهێنی و شاراوەکانتدا و هەرگیز بە دوودڵی شتەکان مەکە، هەمیشە دڵنیابەرەوە لە پێش ناردنی زانیارییەکانت. هەمیشە سیکیوریتی بەهێز دابنێ بۆ ئەکاونتەکانت وەکوو (2FA) کە بە واتای دوو هەنگاو چوونە ژوورەوە دێت. هێرشەکان دونیایەکی سەربەخۆن لە تەکنەلۆژیادا بەردەوامیش لە گۆڕاندان.


سەرچاوەکان



93 بینین