کۆمپانیای ئیولکەر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-16:53:00 - کۆدی بابەت: 12169
کۆمپانیای ئیولکەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمپانیای ئیولکەر یان ئۆلکەر یاخود ئۆلکار (بە عەرەبی: شركة أولكر، بە ئینگلیزی: Ülker Company، بە تورکی: ülker şirketکۆمپانیایەکی تورکی تایبەت بە بەرهەمی خۆراکییە و بەرهەمەکانی زیاتر بریین لە سووکەژەم و پسکویت و قاوە و چوکلێت و شیرینی. بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئۆڵکەر لە زیاتر لە ١١٠ وڵات بەردەستن و لە ساڵی ٢٠١٧ کۆمپانیای ئۆڵکەر وەکوو دووەم گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی پسکویت و شیرینی لە ڕووی ڕێژەی فرۆشتنەوە لە جیهان تۆمار کرا، قازانج و داهاتی ساڵانەی کۆمپانیاکە زیاتر لە ٨٢٠ ملیۆن دۆلارە. لە ئێستادا نزیکەی ١١ هەزار بۆ ٣٠ هەزار کارمەند و کرێکار و فەرمانبەر لە لقەکانی کۆمپانیای ئۆڵکەر کار دەکەن و ناوەند و لقی سەرەکی کۆمپانیاکە لە ئیستەنبووڵی وڵاتی تورکیایە.

مێژووی دامەزراندن

کۆمپانیای ئۆڵکەر لەلایەن فرۆشیارێکی تورکی بە ناوی (سەبری ئۆڵکەر) لە ساڵی ١٩٤٤ دامەزراوە و دروستکراوە، خێزانی سەبری لە ناوچەی قرم دەژیان، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە کۆچیان کرد بۆ شاری ئیستەنبووڵ، دوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم زۆرێک لە کارگە و کۆمپانیاکان مایەپووچ بوون و شکستیان هێنا، بە تایبەتی کۆمپانیاکانی دروستکردنی خواردن، بۆیە سەبری ئۆڵکەر و خێزانەکەی فرۆشگایەکی بچووکیان لە ئیستەنبووڵ کردەوە و دایکی ئیشی هەویرکاری و شیرینی و پسکویتی دروست دەکرد و سەبری و براکەی بە منداڵانیان دەفرۆشت. 

بەرهەمەکانی ئۆڵکەر ناسراو بوون و داواکاری زۆریان لەسەر هەبوو، بۆیە دوای چوار ساڵ و لە ساڵی ١٩٤٨ یەکەم کارگەی دروستکردنی سووکە ژەم و پسکویت و قاوەیان بۆ بەرهەمەکانیان کردەوە، لە سەرەتای دامەزراندن کارگەکە تەنیا شەش کارمەند و کرێکاری هەبوو و ناوی کارگەکەش هەر بە نازناوی خێرانەکەوە ناونرا ئۆڵکەر. ساڵ لەدوای ساڵ کارگەکە گرنگی بە بەرهەمەکانی دەدا و لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی تورکیا لقی کردەوە، لە ساڵی ١٩٧٠ـەوە بەرهەمەکانی ئۆڵکەر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی تورکیا کران. ئۆڵکەر بووە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تایبەت بە بەرهەمی خۆراکی لە تورکیا و جیهان. لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە چەند وڵاتێکی عەرەبی لقی کۆمپانیای ئۆڵکەر کرایەوە، لە ساڵی ١٩٩٩ یەکەمین لقی کۆمپانیای ئۆڵکەر لە وڵاتی سعوودیە کرایەوە.

بەرهەمەکانی

لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمپانیاکە هەر بە دروستکردنی پسکویت و شیرینی مناڵان ناودار بوو، چەندان بڕاندی جیاوازی کڕییەوە و بە چەندان جۆر پسکویت و شۆکۆلاتەی بەرهەمهێناوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەمەجۆری لە بەرهەمەکانی کرا و جگە لە پسکویت و شیرینی بەرهەمی تریش بۆ کۆمپانیاکە زیادکران نموونەی چپس، ژەمی سووک، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، قاوە، شۆربای ئامادەکراو، کەچەپ، خواردنی مناڵانی ساوا و چەندانی تر.

ناوی براندە ناودارەکانی

  • ulker golden
  • Metro
  • Hobby
  • Wafers
  • Cola Turka

دەسکەوت و خەڵاتەکانی کۆمپانیای ئۆڵکەر

کۆمپانیای ئۆڵکەر لە ساڵی ١٩٩٦ بووە خاوەن خەڵاتی Word Star کە خەڵاتێکی تایبەتی جیهانییە تایبەتە بە دیزاینی نایاب و پێچانەوەی بەرهەمەکان، بەهۆی ئەوەی شێوازی پێچانەوەی بەرهەمەکانی و دیزاینی بەرگ و لۆگۆکەی ئۆڵکەر جیاواز و پەسەند بووە، لەو ساڵەدا بووەتە خاوەنی خەڵاتەکە.

  • لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆمپانیای ئۆڵکەر بووه خاوەن بڕوانامەی ISO.
  • لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆمپانیای ئۆڵکەر بووە خاوەن خەڵاتی Candy Company of the Year لە ئەورووپا.
  • لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی ناوەندێکی توێژینەوە بە ناوی (سەبری ئۆڵکەر)ـی دامەزرێنەری کۆمپانیاکە لەسەر تێچووی کۆمپانیاکە کرایەوە، ناوەندەکە تایبەتە بە توێژینەوە لەسەر خۆراک و بۆماوە و کاریگەرییەکانی خۆراک لەسەر مرۆڤ.


سەرچاوەکان



87 بینین