ناوهڕۆك
ناساندن
ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن (بە عەرەبی: معركة باکراتیون، بە ئینگلیزی: Operation of Bagration) بریتییە لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و یەکێتی سۆڤێتەوە دژی ئەڵمانیای نازی بەکارهێنراوە لە میانەی جەنگی ڕزگارکردنی ئەورووپا لە دەستی ناپلیۆن و جەنگی دووەمی جیهانیدا کە دەرئەنجامەکەی بریتی بووە لە شکست هێنانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و سەرکەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و سۆڤێت لە جەنگەکەدا.
سەرەتای دانانی پلانە سەربازییەکە
ڕەگ و ڕیشەی ئەم ئۆپراسیۆنە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨١٢ کاتێک جنڕاڵ باگراتیۆن لە میانەی هێرشی ناپلیۆن بۆناپارت بۆ سەر خاکی ڕووسیا ئەم پلانە سەربازییەی دانا. لە کاتی دانانی پلانەکەدا بە ئەفسەر و کەسایەتییە سەربازییەکانی تری وڵاتەکەی وت "ئەم پلانە بریتییە لە گەمارۆدانی خنکێنەر مەبەست لەمەش گەمارۆدانی دوژمنە لەو کاتەی هێرش دەکات و لە گونجاوترین ساتدا هێرشی پێچەوانە دەکرێتە سەر خاڵەکانی دوژمن. بەشێکی تری پلانەکە بریتییە لە بەرگری کردن بە جۆرێک دوژمن ماندوو بکات لەو ساتەی دوژمن توانای هێرشی نامێنێت ئەوا ئێمە هێرشی خێرا دەکەین کە بە کەمترین ماوە زۆرترین شوێن ئازاد بکەین"
ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن لە ساڵی ١٨١٣-١٨١٥
باگراتیۆن دانەری پلانەکە لە ساڵی ١٨١٢ بەهۆی برینداربوونی لە جەنگی بۆردینۆ و تووشبوونی برینەکەی بە گارگارین کۆچی دوایی کرد. بەڵام سەردارە سەربازییەکانی ڕووسیا بەتایبەتیش ئەوانەی لە تیمەکەی باگراتیۆن بوون ئۆپراسیۆنی باگراتیۆنیان دژی هێزەکانی فەڕەنسا ئەنجامدا بەوەی بە شێوەیەکی بازنەیی هێزەکانی ناپلیۆنیان گەمارۆ دابوو کە ڕێگەیان نەدا زیاتر پێشڕەوی بکات لە ڕووسیا، لە بری ئەوە ناچاریان کرد پاشەکشێ بکات و بگەڕێتەوە فەڕەنسا لە ڕێگەی سنووری پۆڵەندا.
ئەمەش لە ساڵی ١٨١٣ ڕوویدا کاتێک ژنڕاڵ میخائیل کۆتۆزۆڤ ١٧٤٥-١٨١٣ هێرشێکی پێچەوانەی خێرای کردە سەر پاشماوەی سوپای فەڕەنسا و بە ماوەی چەند مانگێک بەتەواوی پاشەکشەیان کرد لە ڕووسیا. دواتر بەشێکی تری ئۆپراسیۆنەکە جێبەجێ کرا ئەویش ڕزگارکردنی ئەورووپا بوو کە بە جەنگی ڕزگارکردنی ئەورووپا ناسراوە لە نێوان ١٨١٣-١٨١٤ و لەو ماوەیەشدا بە شێوازێکی زۆر خێرا توانرا هەموو ئەو خاکەی ناپلیۆن داگیری کردبوو ڕزگار بکرێت.
ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ١٩٤٤-١٩٤٥
داگیرکردنی بەشێکی ڕووسیا لە لایەن ئەڵمانیای نازی لە ١٩٤٢ کە بە ئۆپراسیۆنی بەربۆسا ناسراوە هەمان سیناریۆی ناپلیۆن بۆناپارت بوو دووبارە ببووەوە. هێزەکانی هیتلەر بەخێرایی پێشڕەوییان کرد دواتر تووشی ئاڵنگاری هاتن لە شاری ستالینگراد بەهۆی بەرگری سەختی سۆڤێتییەکانەوە. دواتر ناچار بوو بکشێتەوه. لە ساتی کشانەوەی هیتلەردا جۆزێف ستالین لەبەر ئەوەی خۆی لە بنەڕەتدا خەڵکی وڵاتی جۆرجیا بوو، سەرکەوتووترین پلانی سەربازیش لە مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی سۆڤێتدا (ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن) بوو لەبەر خۆشەویستی بۆ ئەو جنڕاڵە جۆرجییە بڕیاری دا کە ئۆپراسیۆنەکە بکاتە پرۆگرامی لەناوبردنی ئەڵمانیای نازی.
لە بەرواری ١٠-٦-١٩٤٤ هێزەکانی سۆڤێت دەستیان بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەکە کرد و بەشێوەیەکی خێرا توانیان هەموو خاکی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کۆنتڕۆڵ بکەن و بەخێرایی بگەنە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، هێزەکەی سۆڤێت مەزەندە کرابوو کە ٨٠٪ـی هێزی هاوپەیمانان بوو هەر ئەمەش وای کردبوو لە کورتترین ماوەدا بگەنە بەرلین بەر لە گەیشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە بەرەی ڕۆژئاوا.
ئایا ئەم ئۆپراسیۆنە بەردەوامی هەیە لە سەردەمی هاوچەرخدا؟
ئۆپراسیۆنی باگراتیۆن گومانی تێدانییە یەکێکە لە باشترین پلانە سەربازییەکان نەک تەنها لە ڕووسیا بەڵکو لە چەندین وڵاتی تر بووەتە بنەمایەکی گرنگی سەربازی، بەڵام چونکە بناغەی پلانەکە ڕووسیایە زیاتر لەلایەن ڕووسیاوە بەکاردەهێنرێت. لە سەردەمی هاوچەرخدا هێزەکانی کۆمپانیای PMC WAGNER لە ئۆکرانیا بۆ داگیرکردنی شاری باخمووت ئەم ئۆپراسیۆنە بەکاردەهێنن بەڵام لە بری ناوی باگراتیۆن، ناوی ئۆپراسیۆنەکە گۆڕدراوە بۆ (هاڕینی گۆشت).