چۆن لە ڕەمەزاندا کاتەکانم دابەش بکەم؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-03-27-23:25:00 - کۆدی بابەت: 12350
چۆن لە ڕەمەزاندا کاتەکانم دابەش بکەم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن لە ڕەمەزاندا کاتەکانم دابەش بکەم؟ (بە ئینگلیزی: How do I divide my time during Ramadan، بە عەرەبی: كيف أقسم وقتي في رمضان؟). خوای گەورە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی وەک هەلێک داناوە بۆ بەندەکانی بۆ ئەوەی بتوانن باشترین کارەکانیان تێدا ئەنجام بدەن. لەم مانگەدا مرۆڤ جیاوازتر لە مانگەکانی تر زیاتر لە خوا نزیک دەبێتەوە و پەرستشەکانی زیاتر دەبن. هەر بۆیە مرۆڤ پێویستە کاتەکانی بەشێوەک دابەش بکات کە بەشی پەرستش و کاتەکانی ڕۆژانەشی بکات و بتوانێت باشترین پەرستشەکانی ئەنجام بدات. 

هەموو کەسێک دەبێت لەسەر چەند بنەمایەک بەرنامە بۆ خۆی دابنێت، بەپێی و توانای جەستە و دەروونی خۆی و هەروەها جۆری کارەکەی پێویستە کات ڕێکبخات.

چۆنییەتی کات ڕێکخستن لە مانگی ڕەمەزاندا

دانانی بەرنامە بۆ فێربوون و کارکردن 

ئەو کەسانەی خوێندکارن یاخود کار دەکەن لە دەرەوە، پێویستە شەوان زوو بخەون و دانەنیشن تاکوو پارشێو. چونکە پێویستە بەیانی زوو هەستن ئیتر بۆ کار بێت یاخود خوێندن. هەروەها زۆر گرنگە پارشێو بکەن تاکوو ڕۆژەکەیان وزەیەکی باشیان پێ بێت و بتوانن کارەکانیان بەباشی ئەنجام بدەن. 

پشوودان و خەو

خەو بەشێکی گرنگە بۆ وزەی جەستە، بەڵام لە ڕەمەزاندا خەڵکی فێربووە کە زۆر بخەوێت و ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کات بەفیڕۆدان و فریانەکەوتنی کارەکان. زۆر گرنگە شەوان زوو بخەویت تاکوو بۆ پارشێو و کاری بەیانیت زوو خەبەرت ببێتەوە. هەروەها دەتوانیت کاتێک لە کار یاخود خوێندنگا گەڕایتەوە دوو کاتژمێرێک پشوو بدەیت و بخەویت.

پەرستشەکان

گرنگترین بەشی مانگی ڕەمەزان ئەنجامدانی پەرستشەکانە، پێویستە بزانیت چ پەرستشێک دەکەیت و چۆن ئەنجامی دەدەیت، تاکوو بەباشی سوود لە کاتەکەت وەربگریت:

  • نوێژە فەڕزەکانت لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدە و نوێژی تەراویحیش بکە. هەوڵبدە خەتمێکی قورئانی پیرۆز بکەیت و بۆ ئەمەش، پانزە خولەک دوای نوێژی بەیانی، پانزە خولەکیش دوای نوێژی نیوەڕۆ، پانزە خولەکیش پاش ڕوژوو شکاندن، بەمە دەتوانیت خەتمێک بکەیت و کاتیشت بۆ دەگەڕێتەوە.
  • زیکری بەیانیان و ئێواران بخوێنە، هەروەها تاکوو دەتوانیت نوێژی چێشتەنگاو (الضحی) ئەنجام بدە، کە دوو ڕکات نوێژە و لە پاش هەڵهاتنی خۆرەوە تاکوو نوێژی نیوەڕۆیە کاتەکەی.
  • دوای نوێژەکانت نزا بکە و بەتایبەت شەوان لە کاتی شەونوێژدا لە خودا بپاڕێرەوە و نزای زۆر بکە. هەوڵبدە ڕۆژانە لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانتدا بەردەوام زیکر بخوێنیت.
  • هەوڵبدە بەردەوام دەستنوێژت هەبێت، بەتایبەت کاتێک دەخەویت پێش خەوتن دەستنوێژ بگرە و پاشان بخەوە.
  • شەوانی قەدر بەرز ڕابگرە و زیندووی بکەرەوە، هەوڵبدە زۆرترین نوێژ و نزا و پاڕانەوەکانت لەو شەوانەدا بێت.
  • بەشداری کۆڕە ئیمانییەکان بکە و تێکەڵی خەڵکی بکە.


سەرچاوەکان



59 بینین