بیری شۆڕش لە مارکسەوە بۆ لینین

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-29-16:09:00 - کۆدی بابەت: 12372
بیری شۆڕش لە مارکسەوە بۆ لینین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیری شۆڕش لە مارکسەوە بۆ لینین (بە عەرەبی؛ فکر ثورة من مارکس الی لینین، بە ئینگلیزی؛ Revolution´s ideology from Marx to Lenin) مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە ڕووداو و بەسەرهاتی سەرنجڕاکێش، کە بە درێژایی ئەو ماوەیە کە هەزاران ساڵ دەکات کە مرۆڤی ژیر (هۆمۆ ساپیەنس) هاتۆتە بوون لەگەڵیدا ئامرازی شۆڕشیش هاتووەتە بوون، لە مێژوودا مرۆڤ بە چەندین قۆناغی گۆڕانکاری سیاسی و ئایینی و کولتووریدا ڕۆیشتووە. کە دەکرێت ئەم گۆڕانکارییانە بەهۆی زۆری ستەم لێکردن و داگیرکارییەوە بووبێت کە گەلە ژێردەستەکانی ناچار کردووە شۆڕش بکەن. 

لە مێژوودا چەند جۆرێکی شۆڕش هەیە کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەین: 
یەکەم: شۆڕشی کشتوکاڵ، یەکەم شۆڕشە بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان کە مرۆڤ توانی ئامێری کشتوکاڵ دروست بکات و زەوی بکێڵێت و بەروبووم بچێنێت. 
دووەم: شۆڕشی کولتووری و هونەری، بریتییە لە قۆناغەکانی گەشەسەندنی هونەر و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، بە نموونە پەیکەرسازی کە لە دۆڵی دوو ڕووبار دەستی پێکرد و بە جیهاندا بڵاوبووەوە. 
سێیەم: شۆڕشی پیشەسازی، کە ساڵی ١٧٦٥ لە بەڕیتانیا ڕوویدا و یەکەمین بیردۆزەکانی زانستی کارگێڕی لەلایەن ماکس وەیبەر و هێنری فایەڵ و کۆمەڵناسەکانی تر دانرا کە مرۆڤیان بە ئامێر وەسف کردبوو. 
چوارەم: شۆڕشی تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکرد، نوێترین فۆڕمی شۆڕشە کە لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ سەریهەڵدا و یەکەم نموونەش کۆمپیوتەری "دیپ بلو" بوو کە توانی شکست بهێنێت بە ژیری مرۆڤ لە یاری شەترەنج و بەتایبەتیش یاریزانی شەترەنجی بەناوبانگی ڕووسی "گاری کاسپارۆڤ". 

بەڵام مانا ڕاستەقینەکەی Revolution - شۆڕش بریتییە لە تەقینەوەی جەماوەر کە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی جوگرافی هەرێمێک یان وڵاتێک و ئایدۆلۆجیای شۆڕش وڵات بە وڵات دەگوازرێتەوە. 

ناوەڕۆک 

مارکس و هاوشان بە دەرکەوتنی سۆشیالیزمی مارکسی وەک هۆکارێکی گرنگی سیاسی، هێڵێکی جیاکەرەوەی قووڵ خرایە نێوان جیهانی بورژوازییەتی کاپیتاڵیزم (سەرمایەداری) و جیهانی پرۆلیتارییەوە. لەسەر هەمان ئەم ئاوازەش، لە مێژووی فیکری شۆڕشدا جیاوازیی خستە نێوان گۆڕانکارییەکان لە تێڕوانینی بورژوازییەکان، لە بارەی شۆڕش و ئەو گۆڕانکارییانەی کە بیردۆزی مارکسی لە نووسینی نووسەران و سیاسەتمەدارانی سۆشیالیستدا بە دەستی هێنا.

دروستبوونی حزبە مارکسییە جەماوەرییەکان کە بە ئاشکرا گرنگی شۆڕشیان بە شتێکی حەتمی و چارەهەڵنەگر دەزانی، ترسی لە شۆڕش و ئەنجامدانی بڕیاری بەرگریکەرانەشی زۆرتر کردەوە. بەڵام تێڕوانینی ناوەندە لیبڕاڵ و دیموکراتییەکان، بەردەوام تا ئاستێک جیاواز بوو. ئەوان پابەندی بیرۆکەی پێشکەوتن بوون، ئەگەرچی بە دڵگرانی و بێزارییەوە سەیری دەرئەنجامەکانی شۆڕشی مارکسیان دەکرد لە وڵاتەکەی خۆیاندا، بەڵام هیچ درێخیشیان لە دانپێدانان بەو هەوڵانەدا نەدەکرد بۆ گۆڕینی سیستمی حووکمڕانی لەو وڵاتەنەدا کە حکوومەتی ڕەهاخوازی کۆنەپەرستانەیان تێدابوو: بۆ نموونە شۆڕشی ١٩٠٥ ی ڕووسیا، یان شۆڕشی گەنجە تورکەکان لە ١٩٠٨. کە ئەم دوو وێنەیە بەرچاو ڕوونی زیاتری دا بە ئەو کەسانەی تێڕوانینی جیاوازییان لە بەرانبەر بیری مارکس و ساخبوونەوەی شۆڕشەکەیدا هەیان بوو. 

بە زەحمەت دەکرێت بڵێین بیرکردنەوەی مارکسی، چەندە کاریگەری لەسەر بیر و بۆچوونی سیاسی و مێژوویی لە نێوان بورژوازییەتدا دانا؛ ڕوون و ئاشکرایە بیری شۆڕش بەرگی بۆ پرسێکی ناوەندی لە بیری سیاسی و مێژووییدا گۆڕی. مێژوونووسان لە خوێندنەوەی ڕووداوە گرنگەکانی بەسەر مرۆڤایەتی هاتوون لە هەر لاپەڕەیەک یان پەڕەیەکدا شۆڕشیان دەدۆزیەوە، بۆ نموونە دابەشکردنی هۆڵەندا، نەخشەی شۆڕشی هۆڵندی داڕشت. ڕاپەڕینی پرۆتستانتەکانی پراگ بە شۆڕشی بوهیمی ناونووس کرا، هەر گۆڕانێکی نێو حکووکمڕانی شاریش لە خێزانەوە بیگرە تا سەندیکا بازرگانییەکان، لە سەندیکا بازرگانییەکانیش تا دیموکراسییەت - بەرگیان بۆ شۆڕش گۆڕی. شرۆڤەی ئەم بابەتە دەتوانین لە کتێبی (ئابووری و کۆمەڵگە) ی کۆمەڵناس و دانەری تیۆری بیرۆکراسی "ماکس وەیبەر" بە ڕوونی ببینین. 

هەر چۆنێک بێت وشەی "شۆڕش" بوو بە وشەیەکی باو لای هەموو تاکێک و بۆ هەموو پێشهات و ڕووداوێک ڕۆژنامەکان و بیرمەندان لە نووسینەکانیان ئاماژەیان پێ دەدا ببووە بابەتێکی گرنگ لای هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە. وشەی شۆڕش لە سەدەی نۆزدەیەم بۆ هەموو پێشهاتێک و ڕووداوێکی دەرەوەی کایەی سیاسیش بەکاردەهێنرا، بیردۆزەکەی مارکس بەو پێداگرییەی لەسەر پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ڕووداوە سیاسی و ئابووری و مەعریفییەکانەوە هەیبوو. لە هاتنەئارای ئەم دۆخدا بێکاریگەر نەبووبێت. لەبەر ئەوەی یەکەم هەنگاوی گەورە بۆ فراوانکردنی مەودای کارایی ئەم وشەیە لە بارەی بەکارهێنانی دەرهەق بە گۆڕانکارییە گرنگ و درێژمەودا ئابوورییەکان هەڵگیرا.

وەک لە سەرەتا ئاماژەمان بە جۆرەکانی شۆڕشدا، دەکرێت بڵێین شۆڕشی پیشەسازی ناسراوترین نموونەی بەکارهێنانی ئەم وشەیە (شۆڕش) بێت لە بوار و کایەی ئابووریدا. هەر چەند ئەم بەکارهێنانی زاراوانە لە بیستەکانی سەدەی ١٩ (١٨٢٠)کاندا باو بوو، بەڵام شۆڕشی پیشەسازی بەرگی بۆ چەمکێکی پێناسەکراو گۆڕی کە گوزارشتی دەکرد لە پێشکەوتنە ئابوورییە دەستپێکراوەکان لە بەڕیتانیای سەدەی ١٨یەم. بەرهەمێکی هێندە گرنگ و جێی بایەخ بوو بۆ پێناسەکردنی چەمکی شۆڕش بە بەرگێکی نوێ. بەرلەوەی بەردەوام بین لەسەر بابەتەکە پێویستە سەرنج بخەینە سەر بابەتێکی تر بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە بارەی چەمکی شۆڕش و چی هۆکار بوو بۆی سەدەی ١٨ و ١٩ و ٢٠ لە تەواوی جیهاندا شۆڕش ببینین. 

چی وای کرد شۆڕش لە سەدەکانی ١٨ و ١٩ و ٢٠ بە سەردەمێکی گرنگی شۆڕش دابنرێت؟ 

دەکرێت چەند هۆکارێک هەبن بەڵام ئەو گۆڕانکارییە گەورەی لە سەدەی ١٨ ڕوویدا کە شۆڕشی پیشەسازی ١٧٦٥ و شۆڕشی فەڕەنسی ١٧٨٩-١٧٩٤ بە دوو ڕووداوی هەرە گرنگی ئابووری و سیاسی دادەنرێت کە پەیامی شۆڕشی نوێی گەیاندە هەموو جیهان. شۆڕشی فەڕەنسی بە پەیامی ئازادی و برایەتی و یەکسانی لەلایەن بیرمەندانی فەڕەنسا نەخشەی بۆ کێشرا و ئەم پەیامە بە ئەورووپادا بڵاوبووەوە واتا دەکرێت بڵێین ناکرێت بڵێیت شۆڕش ڕوویداوە لە ناوخۆی وڵاتێک بەڵام پەیامی شۆڕشەکەت بە جیهانبوون نەبووبێت. کاتێک ناپلیۆن بۆناپارت دەسەڵاتی وەرگرت پەیامی شۆڕشی فەڕەنسی بە هەموو ئەورووپادا بڵاوکردەوە لەپاڵ مەرام و مەبەستەکانی خۆی، وەک بینیمان هەر وڵاتێکی داگیرکرد دوای ماوەیەک شۆڕش تیایاندا ڕوویدا بەتایبەتیش دوای نەمانی ئیمپڕاتۆریەتەکەی هێشتا بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک ئایدۆلۆجیای  شۆڕشی فەڕەنسی بەردەوامی هەبوو. 

دەکرێت بڵێین کاڕڵ ماڕکس ئەزموونی لەم ڕووداوانە بینیبێت بۆ داڕشتنی چەمکی ماڕکسی و سۆشسالیزمی ماڕکسی. ئەوەی ماڕکسی جیادەکردەوە ئەوەبوو پێشتر هیچ ئاوڕێک لە چینی کرێکار نەدرابووەوە، یان بڵێین شۆڕشێک تایبەت نەبووە بە چینی کرێکاران. بیرمەندانی سەردەمی ماڕکس چینی کرێکاریان بە ئامێر دەبینی. بەتایبەتی هێنری فایەڵ و ماکس وەیبەر لە وەسفی کرێکاران دەیان وت: سروشتی مرۆڤ وایە پارەی پێبدە کارت بۆ دەکات، پارەی زیاتری پێ بدە زیاتر کاردەکات. هەر لەبەرئەمەیە کە بۆچوونی ماڕکس بەهەند وەردەگیرێت چونکە تیشکی لەسەر چینی چەوساوەی کرێکاران بوو کە پێشتر هیچ کەس و لایەنێک بەهەندی وەرنەگرتبوو. 

بۆچوونی لینین لەبەرامبەر شۆڕش و پەیامی ماڕکس

دیارە لە هەلومەرجی ئەم چەشنەشدا بوو کە ماڕکسیستە ئەرسۆدۆکسەکان کە کەڵکەڵە و مەترسیان ڕەتدانەوەی تێزی "ڕیڤزیۆنیستەکان" بوو، چەند نووسراوێکیان بڵاوکردەوە کە تیایدا تێدەکۆشان حەتمیەتی شۆڕش پشت ڕاست بکەنەوە و ئەو تەکتیکانەش دیاری بکەن کە لە ڕێیانەوە سەرکەوتنی شۆڕش مەیسەر دەبێت. لەم لایەنەش کتێبی "دەوڵەت و شۆڕش"ی ڤلادمیر لینین (١٩١٧) و ئەم تێزەشی گرنگە کە دەوڵەت ئامرازی دەستی گرووپی دەسەڵاتدارە و هەتا ساتێکیش دەوڵەت بوونی هەبێت، ئەوا سەرکەوتنی چینی چەوساوە مسۆگەر نابێت.

جگە لەمە لینین پێی وابوو ناکرێت پشت بە پێگەیشتنی سیاسی ئاپۆرای کرێکاران ببەسترێت؛ شۆڕش پێویستی بە سەرکردایەتی گرووپێکی بچووکی بژاردە هەیە. بە بڕوای لیۆن ترۆتسکی، دواکەوتوویی سیاسی و ئابووری ڕووسیا شۆڕشی لەنێو ئەم وڵاتە (ڕووسیا) بەشتێکی حەتمی و بێ چارە دەزانی و هەر دەبوو ڕووبدات. بەڵام لاوازی بورژوازییەکان و فیوداڵەکان (دەرەبەگەکان)ی ڕووسیا مانەوەی شۆڕشی لە دەسەڵات بە شێوازێک باس دەکرد کە نەدەبوو لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و شۆڕشگێڕان ئەرک بوو لەسەریان هەر دەرەبەگێک لە دەسەڵات بماڵن. بەم چەشنە بیرۆکەی شۆڕش سەرکەوتوو دەبێت و پەیامەکەی هەموو سنوورەکان دەبڕێت. 

بەم پێیە ئەمە کرێکارانی پیشەسازی بوون کە دەبوو جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست و ئینجا شۆڕش لە سنوورەکانی ڕووسیا پەلی دەهاویشت و دەگەیشتە ڕۆژاوای ئەورووپا و زۆرترین ناوچەی جیهانیشی دەگرتەوە. بە شێوەیەکی گشتی کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا هەڵگیرسا چیتر نەدەکرا بەری پێ بگریت هاوشانی شۆڕشی فەڕەنسی کاتێک خەڵک لە پاریس وەک بۆمب تەقینەوە و چیتر گوێیان بە تەقاندنی گولە تۆپ نەدەدا کە ئاراستەیان دەکرا یان ئەو فیشەکانەی بە ڕوویاندا دەتەقێنرا. پەندێک هەیە دەڵێت (کە جام پڕ بوو لێی دەڕژێت) ئەم شۆڕشە بەرگی بۆ "شۆڕشی بێوچان" تا سەرکەوتنی سۆشیالیزم لە هەموو جیهاندا دەگۆڕی. قسەکردن لە مانگرتنی سەرتاسەری، بەتایبەت کتێبی " چەند تێڕامانێک لەسەر توندوتیژی" لە نووسینی جۆرج سۆرێلیش ساڵی (١٩٠٨) لە خزمەتی پشتڕاستکردنەوەی حەتمیەت و ئەگەری ڕوودانی شۆڕشدا بوو. کرێکاران بە ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەری، دەستیان بە چەکێک ڕاگەیشت کە دەیتوانی جێی شەڕی خەڵکی سڤیل بگرێتەوە.

هەر بەم سۆنگەیەش کۆمۆنەی پاریس کە ماڕکس چەند یاداشتێکی کورتی لەسەر نووسیبوو، بەرگی بۆ مۆدێلێک گۆڕی؛ کۆمۆنەی پاریس، نموونەیەکی دیاری ئەمە بوو کە جەماوەری کرێکاران لە ماوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیاندا، چۆن دەتوانن کۆنتڕۆڵی کارگێڕی و بەڕێوەبردن بگرنە دەست و بنکەیەکی هێزی کارامە دروست بکەن. بە کورتی پرسی سەرەکی نێو کەمپی ماڕکسیستی، ئەمە بوو کە ئایا شۆڕش حەتمی و مەیسەرە یان نا؛ ئەم پرسە تەنیا دوای ئەوەی بەلشەڤیکەکان (شۆڕشگێڕانی ڕووسیا) دەسەڵاتیان لە ڕووسیا وەرگرت، لە ئاستێکی تردا خرایە ڕوو. 


سەرچاوەکان



106 بینین