سیاتڵ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-30-22:52:00 - کۆدی بابەت: 12407
سیاتڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیاتڵ (بە ئینگلیزی: Seattle، بە عەرەبی: سياتل)، شارێکی بەندەرییە لە کەناری ڕۆژئاوای ئەمریکا. ناوەندی بەڕێوبەرایەتی کینگ کاونتییە لە واشنتن. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی 2020ـدا 737,015 کەس بوو، سیاتڵ گەورەترین شاری هەردوو ویلایەتی واشنتن و ناوچەی باکووری ڕۆژئاوای زەریای هێمنە لە ئەمریکای باکوور. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی گەورەناچەی سیاتڵ 4.02 ملیۆن کەسە و بەمەش دەبێتە 15ـەیەم گەورەترین گەورەناوچە لە ئەمریکا. ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووانی شارەکە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2020 21.1% بوو، ئەمەش کردی بە یەکێک لە شارە خێرا گەشەسەندووە گەورەکانی وڵات.

مێژووی شارەکە

ئەمریکییە ڕەسەنەکان لانیکەم 4000 ساڵ پێش یەکەم جێگیربووی ئەورووپی لە ناوچەی سیاتڵ نیشتەجێ بوون. ئارتور ئەی دێنی (Arthur A. Denny) و گرووپە گەشتیارەکەی لە 13ـی تشرینی دووەمی 1851 گەیشتنە ناوچەکە. شارۆچکە بچووکەکە لە ساڵی 1852 گواسترایەوە بۆ کەناری ڕۆژهەڵاتی کەنداوی ئیلیۆت (Elliott Bay) و ناوی "سیاتڵ"ـی لێ نرا. سیاتڵ لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی ئەمریکی ڕەسەنی لێ نیشتەجێیە پێکەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان بە ڕەگەز ئاسیایی، ئەفریقی، ئەورووپی و سکاندیناڤیاین، هەروەها خاوەنی شەشەم گەورەترین کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تیە لە ئەمریکا.

داربڕین یەکەم پیشەسازی سەرەکی سیاتڵ بوو، بەڵام لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، شارەکە بووبوو بە ناوەندێکی بازرگانی و کەشتیسازی وەک دەروازەیەک بۆ ئالاسکا لە کاتی کۆچی بەکۆمەڵی خەڵک بۆ باکووری ڕۆژئاوای کەنەدا بە مەبەستی دۆزینەوەی زێڕ. گەشەکردنی شارەکە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەشێکی بەهۆی کۆمپانیای ناوخۆیی بۆینگەوە بوو، کە سیاتڵ وەک ناوەندێکی بەرهەمهێنانی فڕۆکە ڕۆڵیگێڕا. ناوچەی سیاتڵ لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پەرەی سەند و بوو بە ناوەندێکی تەکنەلۆجیا و کۆمپانیاکانی وەک مایکرۆسۆفت لە ناوچەکەدا دامەزران؛ دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بیل گەیتس لەدایکبووی شاری سیاتڵە.

زۆری و بەردەوامکرانەوەی کۆمپانیا نوێیەکانی‌ نەرمەکاڵا و زیندەتەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت بووە هۆی بوژانەوەی ئابووریی سیاتڵ و لە ئەنجامدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکەی لە نێوان ساڵانی 1990 و 2000ـدا بۆ نزیکەی پەنجا هەزار کەس بەرزکردەوە. جگە لە هەموو ئەوانەی باسمانکرد، کولتووری سیاتڵ بەزۆری بە مۆسیقاژەنەکانی دەناسرێت و لە نێوان ساڵانی 1918 بۆ 1951، نزیکەی 24 یانە شەوانەکانی جاز بەدرێژایی شەقامی جاکسۆن بوونیان هەبوو.

لەڕووی جوگرافییەوە

سیاتڵ دەکەوێتە سەر پارچە زەوییەکی نێوان دوو دەریا لە نێوان پوگێت ساوند و دەریاچەی واشنتن. شارەکە باکووریترین شاری سەرەکی ئەمریکایە و نزیکەی 160 کیلۆمەتر لە باشووری سنووری کەنەداوە دوورە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەروازەیەکی سەرەکی بازرگانیکردنە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی ئەمریکای باکوور.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری سیاتڵ 367.97 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 217.54 کیلۆمەتری وشکانی و 150.43 کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 3,387.95 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، سیاتڵ کەشوهەوایەکی مامناوەندی هەیە و دەکەوێتە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان شارەکە دەخەنە ناوچەی ئۆقیانووسییەوە. زستانی ئەم شارە فێنک و باراناوییە و هاوینی مامناوەند و تاڕادەیەک وشکە، کەشی شارەکە تایبەتمەندییەکانی هەردوو ناوچەکەی تێدایە. هەروەها بەهۆی پوگێت ساوند و دەریاچەی واشنتنەوە بەرزترین و نزمترین پلەکانی گەرماممامناوەند دەکرێت. بەم شێوەیە شەپۆلە گەرما توندەکان لە ناوچەی سیاتڵ دەگمەنە و نزمترین پلەی گەرمیش لە خوار نزیکەی 9- پلەی سەدیەوەیە. ناوچەی سیاتڵ هەوراویترین ناوچەی ئەمریکایە و لە ساڵێکدا 201 ڕۆژ ئاسمانی شار هەوراوییە و 93 ڕۆژ تاڕادەیەک هەوراوییە. ژمارەی ڕۆژە باراناوییەکانی ئەم شارە زۆرترە لە شارە گەورەکانی تری ئەمریکا، ساڵانە بە تێکڕایی 1,000 مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت و زۆرترین ڕێژەی دابارین لە مانگی تشرینی دووەم تا کانوونی دووەمدا دەبارێت. جگە لەوانەش، ساڵانە نزیکەی 2,100 کاتژمێری تیشکی خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشتەوە و پلەی گەرمی ئاوی دەریاش بەدرێژایی ساڵ ساردە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی سیاتڵ وەرزی هاوینە، بە تایبەتی لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا، چونکە مامناوەندترین و وشکترین و خۆرەتاوترین کاتی ساڵە. هەروەها مانگەکانی ئایار و حوزەیران و ئەیلوول مانگی گونجاون بۆ گەشتکردن بۆ شارەکە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی سیاتڵ لە ساڵی 2020ـدا 737,015 کەس بوو، ئەم ژمارەیە بە پێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2021 بۆ 733,919 دانیشتوو دابەزی و شارەکە لە ساڵی 2021ـدا دوای پەنجا ساڵ و بۆ یەکەمجار کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەزموون کرد. جێی ئاماژەیە کە سیاتڵ گەورەترین شاری ویلایەتی واشنتن و 18ـەیەم گەورەترین شاری ئەمریکایە.

ڕەگەز

بەپێی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی 2012-2016، پێکهاتەی ڕەگەزییەکانی شارەکە بەم شێوەیەیە:

  • سپی پێستی ناهیسپانی: 65.7%
  • ئاسیایی: 16.9%
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: 6.8%
  • هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێک: 6.6%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.4%
  • دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.9%
  • ڕەگەزەکانی تر: 0.2%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: 5.6%

لەڕووی مێژووییەوە و هەتا ئێستاش دانیشتووانی سیاتڵ بەزۆری سپی پێستن، سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی دانیشتووانی سپی پێست وردە وردە لە دابەزیندایە، بەڵام سەرژمێری ساڵی 2010 ئەوەی دەرخست کە سیاتڵ یەکێک بوو لەو شارە گەورانەی ئەمریکا کە زۆرترین هاوڵاتی سپی پێستی لێ نیشتەجێیە. لە ساڵی 1960ـدا سپی پێستەکان 91.6%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2010ـدا ئەم ڕێژەیە دابەزی بۆ 69.5%.

ژمارەی دانیشتووانی لەدایکبووی بیانی سیاتڵ لە نێوان سەرژمێری ساڵی 1990 بۆ 2000 بە ڕێژەی 40% زیادیکردووە. دانیشتووە چینییەکانی ناوچەکە لە چین و هۆنگ کۆنگ و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و تایوان لەدایکبوون. هەروەها ناوچەی سیاتڵ نیشتیمانی زیاتر لە 55,000 دانیشتووی ڤێتنامی و زیاتر لە 30,000 کۆچبەری سۆماڵە. هەروەها ناوچەی سیاتڵ-تاکۆما شوێنی یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگەکانی کەمبۆدیایە لە ئەمریکا و ژمارەیان نزیکەی 19,000 ئەمریکی کەمبۆدیایە. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵگەکانی ساموای لێ نیشتەجێیە و ژمارەیان زیاتر لە 15,000 کەسە.

زمان

بەپێی ڕاپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی 2006–2008 نزیکەی 78.9%ـی دانیشتووانی سەرووی پێنج ساڵی شاری سیاتڵ لە ماڵەوە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد و ئەو دانیشتووانانەشی بە زمانە ئاسیاییەکان دوان جگە لە زمانە هیندۆئەورووپییەکان 10.2%ـی دانیشتووانیان پێکهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی ئیسپانی لەلایەن 4.5%ـی دانیشتووانی شارەکەوە قسەی پێکرا، قسەپێکەرانی زمانەکانی تری هیندۆئەورووپی 3.9%ـی دانیشتووان و قسەپێکەرانی زمانەکانی تر 2.5%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا.

ئایین

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی 2014ـی سەنتەری توێژینەوەی پیوو، گەورەترین گرووپە ئاینییەکان شاری سیاتڵ بریتین لە مەسیحییەکان کە 52%ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن، دواتر بێ ئایینەکان بە پلەی دووەم دێت و 37%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، پاشان هیندۆسەکان 2%ـی دانیشتووان، بوودییەکان 2%ـی دانیشتووان، جوولەکەکان 1%ـی دانیشتووان، موسڵمانان 1%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و ژمارەی پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر بچووکترە. بەپێی هەمان توێژینەوەی سەنتەری توێژینەوەی پیوو، نزیکەی 34%ـی خەڵکی شارەکه پرۆتستانتن و 15%ـیان کاسۆلیکی ڕۆمانین. لە هەمان کاتدا، 6%ـی دانیشتووانی سیاتڵ گوماناوین لە بوونی خوا، لە کاتێکدا 10%ـی دانیشتووان خۆیان بە خوانەناس دەناسێنن. پێکهاتەی ئایینییەکانی دانیشتووانی سیاتڵ لە 2014ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • مەسیحی: 52%
  • پرۆتستانتی ئینجیلی: 23%
  • پرۆتستانتی کۆنەپارێز: 10%
  •  بلاک پرۆتستانت: 1%
  • کاسۆلیکی: 15%
  • ئایینە نامەسیحییەکان: 10%
  • جوولەکە: 1%
  • موسوڵمان: 1%
  •  بوودی: 2%
  •  هیندۆسی: 2%
  • بێ ئایین: 37%
  • نازانم‌باوەڕی: 1%

داهات

بەپێی خەمڵاندنەکانی ACS لە ساڵی 2018، داهاتی ناوەندی هەر خێزانێکی سیاتڵ 93,481 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەکی شارەکە 130,656 دۆلار بوو. هەروەها 11.0%ـی دانیشتووان و 6.6%ـی خانەوادەکانی شارەکە لە خوار هێڵی هەژارییەوە بوون. لە نێویاندا، تەمەنی 11.4%ـیان لە خوار 18 ساڵی و 10.9%ـیان 65 ساڵ و سەرووتر بوو.

خواستی ڕەگەزی

سیاتڵ کۆمەڵگەیەکی هاوڕەگەزخواز و دووڕەگەز و ڕەگەزگۆڕاو (LGBT)ـی دیار و گەورەی هەیە. بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی 2006 کە لەلایەن UCLAـەوە ئەنجامدرا، 12.9%ـی دانیشتووانی ئەم شارە خۆیان بە هاوڕەگەزخواز، دووڕەگەز یان ڕەگەزگۆڕاو ناساند. ئەم ڕێژەیەش لە دوای سان فرانسیسکۆ لە پلەی دووەی نێو شارە گەورەکانی ئەمریکادا بوو. هەروەها ڕێژەی LGBTـیەکان لە گەورەشاری سیاتڵ 6.5% و دووەم بەرزترین ڕێژەی نێو گەورەشارەکانی ئەمریکایە.

ئابووری

ئابووری سیاتڵ پشت بە تێکەڵەیەک لە کۆمپانیا پیشەسازییە کۆنەکان و کۆمپانیا نوێیەکانی وەک ئینتەرنێت و تەکنەلۆجیای و هەروەها کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری و دیزاین و کلین تەکنەلۆجی (وەک ڕیسایکڵینگ و وزەی نوێبووەوە و تەکنەلۆجیای زانیاری) دەبەستێت. تێکڕای بەرهەمی گەورەشاری سیاتڵ لە ساڵی 2010ـدا 231 ملیار دۆلار بوو و بەمەش 11ـەیەم گەورەترین ئابووری گەورەشارانی ئەمریکا بوو. هەروەها بەندەری سیاتڵ دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ کاری بازرگانی لەگەڵ ئاسیا و گەشتە دەریاییەکان بۆ ئالاسکا. شارەکە بارەگای چەندین کۆمپانیای گرنگ و حەوت کۆمپانیای فۆرچن 500ـی لێیە.


سەرچاوەکان



60 بینین