سروودی کریسمس

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-30-23:25:00 - کۆدی بابەت: 12412
سروودی کریسمس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سروودی کریسمس یان کرسمس (بە عەرەبی؛ ترنیمة عید المیلاد، بە ئینگلیزی؛ Christmas Carol) ڕۆمانێکی نووسەری دیاری بەڕیتانی چارلز دیکنزە کە ساڵی ١٨٤١ بڵاوکراوەتەوە یەکەم چاپی کتێبەکە بەناوی A Christmas Carol. In Prose. Being a Ghost Story of Christmas بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبەی چارلز دیکنز مۆرکێکی خەیاڵی پێوەیە بەڵام هەڵگری پەیامێکی جوانە بۆ کۆمەڵگەی بەریتانیا لە سەردەمی شاژنە ڤیکتۆریا. 

نووسەر بیرۆکەی نووسینی ئەم کتێبەی لە بۆنەیەکی کریسمسەوە بۆ هاتووە کە بە چاوەکانی خۆی بینیویەتی، هەندێکیش دەڵێن بیرۆکەی دانانی کتێبەکەی لە چیرۆکی فۆلکلۆرییەوە وەرگرتووە چونکە ئەم کتێبەی چارلز دیکنز یەکەم کتێبی نووسەرە کە بەشێوازێکی تەواو خەیاڵی وێنای واقعی کۆمەڵگایەکی ئەورووپی و بەتایبەتیش بەڕیتانی دەکات لەسەردەمی شاژن ڤیکتۆریادا کە سەردەمەکەی جیاوازی چینایەتی و غرووریەت و خۆ بە گەورە زانین و سەیرکردنی مرۆڤ وەک ئامرازی پارەپەیداکردن بینراوە، دەشێت ئەم ڕۆمانە خەیاڵییە هەڵگری پەیامێک بێت بۆ هەموو سەردەم و کۆمەڵگەیەک چیرۆکی لە شێوەیە ببینرێت. 

پوختەیەک لە کتێبەکە

دەستپێکی چیرۆکەکە ڕۆژێک پێش بۆنەی لەدایکبوونی مەسیح "کریسمس"ــە کاتێک سەکرووج کە پیاوێکی بە ساڵداچوو و ڕەزیلە کە سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی پشووە و کاتی ئەوەیە لەگەڵ خێزان و کەسە نزیکەکانیدا کات بەسەر بەرێت، لە ژوورێکی سارد و سڕ کە نوسینگەکەیەتی خەریکی کاری دادنووسییە و پارە کۆدەکاتەوە. چەند کەسێک دێن بۆ لای کە پیرۆزبایی ساڵی نوێی لێ دەکەن، بەڵام سەکرووج بە خەم ساردی و بە شێوەیەک کە هیچ لای گرنگ نەبێت دەڵێت "بێزارکەرە، بێزارکەرە، بۆنەی کریسمس بێزارکەرە" 

ئێوارەیە و نووسینگە و شوێنە بازرگانییەکان دادەخرێن و خەڵکی بە دڵێکی خۆشەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕۆژی دواتر کە بۆنەی کریسمسە و ئێوارەکەی سفرە دەڕازێنرێتەوە بەڵام سەکرووج هیچ گرنگی بەم شتانە نەدەدا، دڵی هیچ سۆز و بەزەییەکی تێدا نەبوو کە تەنانەت هاوکاری دوو منداڵی بێ باوک بکات کاتێ داوای بەخشینیان لێ کرد. 

نووسەر وێنای ئەوەمان بۆ دەکات کە لە کۆمەڵگەی مەسیحییەکاندا و لە ڕۆژێکی گرنگی وەک کریسمس کەسانێک هەن پێویستیان بە هاوکاری هەیە ڕەنگە بێ باوک بن یان بێ لانە بن، لەلایەکی تر کەسانێکیش هەن تا درەنگانی شەو لە بژاردنی داهاتی ئەو ڕۆژەیان تەواو نابن. سەکرووج یەکێک بوو لەوانەی هەردەم لە بژاردن و ژمێریاریدا هەڵەی دەکرد چونکە داهاتی زۆر بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵێکی مردووی هەبوو، نووسەر ناڵێت کەسێکی دڵخۆش بوو لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند بوو، بەڵکو سەرەڕای دەوڵەمەندییەکەی دەڵێت خاوەن دڵێکی مردوو بوو، ئەمەش پێمان دەڵێت کەسانی خانەدان بە ڕواڵەت دڵخۆشن بەڵام کاتێک باسی ناخی خۆیان دەکەن باسی ئەو ناڕەحەتی و دەردەسەرییە دەکەن کە بینیویانە. 

چارلز دیکنز باسی سەکرووج دەکات بە جۆرێک کەسێکی پارە پەرست بووە سەرەڕای دەوڵەمەندییەکەی دڵی هیچ هەژارێکی خۆش نەکردووە و خزمەکانی لەبیر کردووە کاتێک خزمەکانی سەردانی دەکەن گرنگیان پێ نادات چونکە دڵی مردووە و پارە لە سۆز و خۆشەویستی بە گرنگتر دەزانێت. لێرەدا نووسەر سەکرووج بە شێوەیەکی تریش وێنا دەکات، سەکرووج و بۆب مارلی هاوپیشەی نوسینگەیەکی دادنووسیان دامەزراند دوای ماوەیەک بۆب گیانی سپارد  هێشتا لە دەرگای نووسینگەکەی ناوی هاوڕێ مردووەکەی لانەبردووە، ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە سۆز و خۆشەویستی بۆی هەیە، بەڵکو نووسەر دەڵێت تا باجی کەمتر بدات بە دەوڵەت، چونکە پیشەکەیان هاوبەش بووە لە قازانج و زیاندا هاوبەش بوون. 

لە بەشێکی کتێبەکەدا نووسەر دەڵێت "چەند خەمناک و ناخۆشە لە ژوورێکدا گیان لە دەست بدەیت بێ ئەوەی کەسێکی نزیکت لاتەوە وەستابێت و فرمێسکت بۆ هەڵڕێژێت یاخود گوڵێک بخاتە سەر گۆڕەکەت. پارە ناتوانێت ژیانێکی خۆش یان مردنێکی بێ ئازارت بۆ دابین کات". 


سەرچاوەکان



86 بینین