پڕۆژەی نهێنی نازییەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-07-05:56:00 - کۆدی بابەت: 12453
پڕۆژەی نهێنی نازییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پڕۆژەی نهێنی نازییەکان (بە عەرەبی: مشروع النازیة السریة، بە ئینگلیزی: Nazi´s secret project) بریتییە لە زنجیرەیەک پڕۆژەی نهێنی توێژینەوە و سەربازی و هەواڵگری نازییەکان کە بە پڕۆژەی کڕاکن ناسراوە کە لە ساڵانی ١٩٤٣-١٩٤٥ کاری تێداکراوە. لەم پڕۆژەیەدا نەخشەی چەندین جۆر چەک و کەرەستەی جەنگی نەخشەیان بۆ کێشرا. لەوانە کەشتی ژێر دەریایی و فڕۆکەی تارمایی و چەکی کۆمەڵکوژ Super weapons. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن پۆلیسی نهێنی نازییەکان گێستاپۆ و یەکەکانی SS بەڕێوەدەبرا و ڕێگری دەکرا له دزەپێکردنی بچووکترین زانیاری لە بارەیەوە.

بەڵام کاتێک ئەڵمانیا لەلایەن هاوپەیمانان داگیرکرا بەڵگەکانی کڕاکن کەوتنە دەست ئەمریکا و توانی هەموو ئەو چەکانە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی بەکاربێنێت. وەک فڕۆکەی تارمایی و بۆمب هاوێژی قەبارە گەورە و ژێردەریایی. لەم بابەتەدا سەرنجی تۆی خوێنەر ڕادەکێشین بۆ ژمارەیەک لەو چەکانەی لە پڕۆژەی کڕاکندا باس کراون بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەوەی کە بڵاوکراوەتەوە و لەبەردەستی ئێمەدایە دەکرێ بڵێین ٥٪ زانیارییەکان و چەکەکانن. پڕۆژەکە زۆر لەوە فراوانتر بووە. 

ناوەڕۆک

ساڵی ٢٠١٥ لە یادکردنەوەی کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانیدا گۆڤاری WWII weapons Magazine هەستا بە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک وێنە و زانیاری لەسەر چەکەکانی ئەڵمانیا. لە ژێریدا نووسیبووی ئەمانە بەشێکن لە خەزێنە شاراوەکەی نازییەکان کە بە پڕۆژەی کڕاکن ناسراوە یان Secret weapons

یەکەم: Flying wing bomber
فڕۆکەیەکی تارمایی بوو کە لە ساڵی ١٩٤٤ دەست بە دروستکردنی کراوە، بەڵام کۆتایی هاتنی نازییەکان بواری نەدا بخرێتە خزمەتەوە. فڕۆکەکە خێرایی ٦٠٠ میلی دەبڕی لە کاتژمێرێکدا و دەیتوانی تا بەرزی ٤٩٠٠٠ پێ بەرز ببێتەوە، توانای هەڵگرتنی ٢٠٠٠ پاوەند لە بۆمبی هەبوو. ناوی فڕۆکەکە Horton HO بوو کە شێوازی دیزاین کردنەکەی هەمان دیزاینی فڕۆکەی B2 ی تارمایی ئەمریکییە، واتا دەتوانین بڵێین کەوا نەخشەسازی B2 لەمەوە وەرگیراوە. فڕۆکەی Horton Ho یەکەم فڕۆکەی تارمایی مێژووە. 

دووەم: The Fritz X radio-guided bomb 
بە باوکی بۆمبە زیرەکەکان دادەنرێت کەوا لە ساڵی ١٩٤٣ نەخشەی بۆ کێشراوە. مەودای کاریگەری لە بەرزی ٢٠٠٠٠ پێ بووە و توانای کونکردنی هەموو جۆرە زرێیەکی هەبووە. لەم سەردەمەدا موشەکی کروس جێگرەوەی ئەم بۆمبەیە کە توانای ئاراستەکردنی موشەکەکە دوای هەڵدانی دەکرێت لە ڕێگەی GPS

سێیەم: A remote-controlled tracked mine 
بە تانکە بچووکەکەش ناسراوە کە لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵێکەوە جووڵەی پێکراوە و توانای هەڵگرتنی ١٣٣-٢٢٠ پاوەند لە TNT هەبووە. ئەم چەکە دروستکرابوو کاتێک بارەگای ڕایخی سێیەم کەوت هاوپەیمانان دەستیان گرت بەسەر ٧٠٠٠ دانەدا. 

چوارەم: فڕۆکەی Messerschmitt Me 163 Komet 
بە خێراترین فڕۆکەی هاوسەردەمی خۆی دادەنرا و زیاتر لە ڕۆکێتێک دەچوو نەوەک فڕۆکە، خێراییەکەی ٧٠٠ میل بوو لە کاتژمێرێکدا و ٣٠٠ دانەی لێ دروستکرا. لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیدا خێراترین فڕۆکە توانای بڕینی ٤٤٠ میلی هەبوو لە کاتژمێرێکدا کە ئەویش فڕۆکەی "مەستانگ"ی ئەمریکی بوو. 

نازییەکان چەکی زۆر زیاتریان دروستکردووە، هەندێکی لە ماوەی جەنگدا بەکارهاتوون وەک تانکی Tiger 1 و Tiger 2 کە بە دێوەزمە ناسراو بوو. بەڵام دەکرێت ئەوە بخەینە ڕوو هۆکاری ئەوەی ئەم چەکانە لەلایەن نازییەکان هەر لە قۆناغی سەرەتای گەشەپێدان بوون دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تێچووی بەرهەم هێنانیان زۆر بووە. ئەڵمانیاش لە ڕووی دابینکردنی بودجەوە گرفتی هەبوو. یان توانای دابینکردنی سوتەمەنی تەواوی نەبوو بۆ چەکەکانی. هەر ئەمەش وای کرد ئەمریکا کە هاتە بەرلین و بارەگای ڕایخی گرت کە شوێنی یەکەی SS بوو تەواوی بەڵگەکانی دەست بکەوێت و ئەم چەکانە بۆ خۆی دروست بکات.


سەرچاوەکان



42 بینین