وزەی با

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-04-17-14:11:00 - کۆدی بابەت: 12549
وزەی با

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وزەی با (بە ئینگلیزی: wind power or wind energy، بە عەرەبی: طاقة الرياح) وزەی با باس لەو پرۆسەیە دەکات کە با بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی میکانیکی یان کارەبا. وزەی با بەهۆی تۆڕبینی با بەرهەم دەهێنرێت کە جووڵەوزە لە با دەگۆڕێت بۆ وزەی میکانیکی و بەشێوەیەکی گشتی بەسەر چەند کێڵگەیەکی با دابەش بووە و بەستراوەتەوە بە تۆڕی کارەباوە. ئەم توانا میکانیکییە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەرکێکی دیاریکراو (وەک هاڕینی دانەوێڵە یان پەمپکردنی ئاو)، یان دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ کارەبا لەلایەن مۆلیدەیەکەوە (generator). لەڕووی مێژووییەوە وزەی با بەکاردەهێنرا لەلایەن دەریاوانەکان و ئاشی با، بەڵام ئەمڕۆ بەزۆری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێت. لە ساڵی ٢٠٢٢، با زیاتر لە ٢٠٠٠  تێراوات کارەبای دابین کرد لە کاتژمێرێکدا، کە زیاتر لە ٧٪ی کارەبای جیهان بوو و نزیکەی ٢٪ی وزەی جیهان. لە ساڵی ٢٠٢١ ئەو ڕێژەیە زیادی کرد بە زیادکردنی نزیکەی ١٠٠ گێگاوات، بەزۆری لە وڵاتانی چین و ئەمریکا.

وزەی با بە سەرچاوەیەکی وزەی نوێبووەوەی باش دادەنرێت و کاریگەرییەکی زۆر بچووکتری هەیە لەسەر پیسبوونی ژینگە بە بەراورد لەگەڵ سووتانی سووتەمەنییە بەردینەکان. وزەی با گۆڕاوە، بۆیە پێویستی بە شوێنێک هەیە بۆ پاشەکەوت و هەڵگرتنی وزەکە. کێڵگە بایەکانی کە لەسەر زەویین کاریگەرییەکی گەورەتریان هەیە لەسەر ناشرینکردنی دیمەنی ژینگە بە بەراورد لە کێڵگە بایەکان کە لەسەر کەناراوەکان و ڕووی ئاوین کە کاریگەری ژینگەیی کەمتریان هەیە و هەروەها چوستی و توانای بەرزتریان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی وزە، هەرچەندە بە گشتی گرانترن. ناوچەکانی نزیک جەمسەرەکانی باکوور و باشوور زۆرترین توانای وزەی بایان هەیە. لە زۆربەی ناوچەکان بەرهەمهێنانی وزەی با لە کاتی شەودا بەرزترە، بەتایبەتی لە زستاندا، بە پێچەوانەی وزەی خۆرەوە کە لە ڕۆژدا بەرزترە. لەبەر ئەم هۆکارە، تێکەڵکردنی وزەی با و وزەی خۆر لە زۆر وڵاتدا هەڵبژاردەیەکی گونجاوە.

مێژوو

هەر لە کۆنەوە خەڵک وزەی بایان بەکاردەهێنا بۆ پاڵنانی بەلەمەکان بە درێژایی ڕووباری نیل لە سەرەتای ٥٠٠٠ پ.ز. لە دەستنووسێکی پاشا حامورابی (پاشایەتی ١٧٩٢-١٧٥٠ پ.ز) پێشتر ئاماژەی بە ئاشی با کردووە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی میکانیکی. ئامێرەکانی وزەی با بەکاردەهێنران بۆ هەڵکردنی دانەوێڵە و پەمپی ئاو. لە سەدەی نۆییەم ئاشی با و پەمپی با لە ئێران و پاکستان و ئەفغانستان گەشەیان پێدرا. دواتر چەند ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەکارهێنانی وزەی با بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. لە سەدەی ١١، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرفراوان پەمپی با و ئاشی بایان بەکاردەهێنان بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک، بازرگانەکان تەکنەلۆجیای بایان هێنا بۆ وڵاتانی ئەورووپا، هۆڵەندییەکان چەند پەمپێکی بای گەورەیان گەشەپێدا بۆ ئەوەی ئاوی دەریاچەکان لە دێلتای ڕووباری ڕاین ڕابکێشن. کۆچبەران لە ئەوروپاوە تەکنەلۆجیای وزەی بایان بردە نیوەگۆی ڕۆژئاوا. 

یەکەم ئاشی با کە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایی بەکارهێنرا لە سکۆتلەندا بوو، لە ڕێکەوتی تەممووزی ١٨٨٧ لەلایەن پرۆفیسۆر جەیمس بلایس، لە کۆلێژی ئەندرسۆن لە گلاسگۆ دروستکرا. تۆڕبینی بای بەرزی ١٠ مەتر لە کوخی باخچەی ماڵەکەی خۆی دانا، دواتر  ئامێرێکی پاشەکەوتی وزەی بۆ بەکارهێنا، بەم شێوەیە بووە یەکەم خانوو لە جیهاندا کە وزەی کارەبا بە وزەی با دابین بکات. قەیرانی نەوتی ساڵی ١٩٧٣ و ترسی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی وزە بووە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بکەن بە پەرەپێدان و گەڕان بەدوای سەرچاوەیەکی تری وزە یەکێک لەوانەش وزەی با بوو. لە سەرەتای هەشتاکاندا، هەزاران تۆڕبینی با لە کالیفۆرنیا دامەزران، ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەمریکا لە وزەی با لە کەمتر لە ١٪ لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بۆ نزیکەی ١٠.٢٪ لە ساڵی ٢٠٢٢ زیادی کردووە. پاڵنەرە دارایی و سوودەکانی تری وزەی با، بوونەتە هۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی وزەی با لە ئەوروپاش. چین وەبەرهێنانێکی گەورەی لە وزەی بادا کردووە و ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەری کارەبای بایە لە جیهاندا. لە ساڵی ٢٠٢١، بەلایەنی کەمەوە ١٢٨ وڵات نزیکەی ١.٨٠٨ ملیار کیلۆ وات کارەبای بایان بەرهەم هێناوە.

بەرهەمهێنانی وزە لەڕێگەی با

چەمکی وزەی با باسی ئەو پرۆسەیە دەکات کە تێیدا با بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی میکانیکی یان کارەبا. ئەم کردارەش لەلایەن تۆڕبینی با ئەنجام دەدرێت، بە بەکارهێنانی هێزی جووڵەی هەوا لە پەڕەی خولاوەوە، کە وەک باڵی فڕۆکە یان پەڕەی خولاوەی هێلیکۆپتەر کار دەکەن. کاتێک با بەناو پەڕەکەدا دەڕوات، پەستانی هەوا لە لایەکی پەڕەکە کەم دەبێتەوە. جیاوازی پەستانی هەوا لە هەردوو لای پەڕەکە کرداری بەرزکردنەوە و ڕاکێشان دروست دەکات.

هێزی بەرزکەرەوەکە بەهێزترە لە ڕاکێشان، ئەمەش دەبێتە هۆی خولانەوەی مەکینەی خولێنەرەوە، کە مەکینەی خولێنەرەکەش بە مۆلیدەیەکەوە بەستراوەتەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ (ئەگەر تۆڕبینێکی درایڤی ڕاستەوخۆ بێت) یان لە ڕێگەی شەفتێک و زنجیرەیەک گێڕ (گێڕبۆکس)، کە خولانەوەکە خێراتر دەکات. ئەم گۆڕانەی هێزە جووڵەی هەوا بۆ ئەم جێنێرەیتەرە خولاوەیە کارەبا دروست دەکات. بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر تۆڕبینمان هەیە، کە ئەوانیش تۆڕبینی تەوەری ئاسۆیی و ستونین.

سوودەکانی 

١. سووتەمەنیی فرییە: واتە کارپێکردنی تۆڕبینی با گران نییە و خۆی کار دەکات لەسەر وزەی بای بەرهەمهێنراو، پێویستی بە سووتەمەنی نییە بۆ کارپێکردنی. کاتێک تۆڕبینەکە تەواو دەبێت و دادەمەزرێت، پێویست ناکات سووتەمەنی یان کارەبای بدرێتێ بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن. کە ئەمە تێچووی گشتی کەمتر دەکاتەوە بە بەراورد لەگەڵ شێوەکانی تری سەرچاوەی وزەی نوێبووەوەی وەکوو وزەی خۆر و وزەی ناوەکی، کە لەوانەیە پێویستییان بە هەندێک بەکارهێنانی وزە هەبێت.

٢. یەکێک لە پاکترین شێوەکانی وزە: بەهۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی وزەی با پشت بە سووتەمەنی بەردینەکان نابەستێت بۆ وزەدان بە تۆرباینەکان، وزەی با نابێتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە کاتی بەرهەمهێنانی وزەدا بە دەرکردنی گازە زیانبەخشەکان. تەنها جار کە وزەی با بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گازە زیانبەخشەکان دەردەکات، لە کاتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی تۆڕبینی با و هەروەها لە کاتی پرۆسەی دامەزراندنەکەیدایە. 

٣. تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی هەیە: دوایین پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکانی وزەی با دیزاینی تۆڕبینی بای سەرەتایی گۆڕیوە بۆ بەرهەمهێنەرێکی وزەی زۆر کارا و چالاک. تۆڕبینەکان لە مەودایەکی فراوان لە قەبارەدا و شێوە بەردەستن، بازاڕ زیاد دەکات بۆ چەندین جۆری بازرگانی جیاواز. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا، دیزاینکردنی ئەو ئامێرانەش پێشدەکەون، بەشێوەیەک کە کارەبای زیاتر بەرهەم دەهێنێت و پێویستیان بە چاککردنەوەی کەمتر هەیە و بە هێمنی و سەلامەتتر کار دەکات.

٤. کێڵگەکان تێک نادەن: تۆڕبینی با شوێنی زۆر ناگرن و نابنە هۆی تێکدانی زەوی و کێڵگە کشتوکاڵییەکان. دابینکەرانی وزە دەتوانن تۆڕبینی بای خۆیان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دروست بکەن، بێ ئەوەی داگیری بکەن و پارە بدەن بە خاوەن کێڵگەکان لە شێوەی گرێبەست یان کرێ. ئەمە سوودێکی گەورەیە بۆ زیادبوونی داهاتی جوتیاران. 

٥. با وزەیەکی نوێبوەوەیە: هەتا خۆر هەبێت و هەسارەکەمان گەرم بکات با بوونی هەیە و بێ کۆتایە، چونکە با بەهۆی جیاوازی گەرمبوونی زەوی دروستدەبێ. هەروەها بەمە پشتبەستنمان بە سووتەمەنی بەردینەکان کەم دەکاتەوە، کە نەک تەنها بەشداری گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، بەڵکو نوێ نابنەوە و ڕۆژێک کۆتایی پێ دێت. 

زیانەکانی

١. مەترسیدارن بۆ ژیانی کێوی: یەکێکە لە گەورەترین زیانەکانی، تۆڕبینی با هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی کێویی باڵندە و شەمشەمەکوێرە فڕیوەکان کە لەوانەیە ڕێڕەوی کۆچکردنیان یان تێپەڕبوونیان بە پەڕەی خولاوەی تۆڕبینێکی با ببێتە هۆی ئەوەی بریندارببن یان بکوژرێن. مردنی باڵندە و شەمشەمەکوێرە بابەتێکی جێی مشتومڕە لە کێڵگەکانی با، کە نیگەرانییەکانی گروپەکانی پاراستنی ژیانی کێوی بەرزکردەوە. 

٢. ژاوەژاو: تۆڕبینی با دەتوانێت زۆر ژاوەژاو بێت، بۆیە بەزۆری لە ناوچە لادێییەکان و دوور لە شار دەبینرێن کە خەڵک تێیدا ناژین. بەڵام ئەم کێشەیە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا دەتوانرێ چارەسەر بکرێت، دیزاینە نوێیەکان نیشان دراون بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو و تۆڕبینێکی بێدەنگتر.

٣. تێچووی سەرەتایی زۆرە: تۆڕبینەکان زۆرجار سەدان مەتر بەرزن و پێویستیان بە وەبەرهێنانێکی گەورەی سەرەتایی هەیە. دانانی تۆڕبینی با لە ناوچە لادێیەکان پێویستی بە وەبەرهێنانی زیاترە لە هێڵەکانی ژێر زەوی بۆ ناردنی وزە بۆ ناوچە دانیشتووانەکانی وەک شار و شارۆچکەکان کە پێویستیان پێیەتی. زۆربەی تێچووەکە قۆناغی دامەزراندنی سەرەتایی و بنیاتنانە، بەڵام دوای ئەوە وزەی با تێچوویەکی زۆری نییە و هەتا با هەبێت وزەیەکی بێ کۆتایی بەرهەم دەهێنێت.

٤. با پێشبینی نەکراوە: ناتوانین وەکوو سەرچاوەیەکی سەرەکی وزە لە ناوچەیەکدا پشت بە با ببەستین. لەبەر ئەوەی با دەتوانێت بە خێرایی جۆراوجۆر هەڵبکات، زەحمەتە پێشبینی بڕی ئەو وزەیە بکەیت کە دەتوانێت لە کاتێکی دیاریکراودا کۆی بکاتەوە. ئەمە بەو مانایە دێت کە دابینکەران و شارەکان پێویستیان بە یەدەگی وزە یان سەرچاوەی جێگرەوەی وزە هەیە لە حاڵەتی نەبوونی با بۆ ماوەیەکی درێژ.


سەرچاوەکان



150 بینین