چۆن زمانی جەستەی پشیلەکەت دەخوێنیتەوە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-04-17-14:25:00 - کۆدی بابەت: 12551
چۆن زمانی جەستەی پشیلەکەت دەخوێنیتەوە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن زمانی جەستەی پشیلەکەت دەخوێنیتەوە؟ (بە عەرەبی: كيف تقرأ لغة جسد قطتك؟، بە ئینگلیزی: ?How to Read Your Cat's Body Languageتارادەیەکی زۆر هەموو خاوەن ئاژەڵە ماڵییەکان بەپەرۆشن بۆ ئەوەی بزانن هاوڕێ ماڵییەکەیان بیر لە چی دەکاتەوە. ئاژەڵەکان ناتوانن وەکوو مرۆڤ بدوێن بۆ ئەوەی پێمان بڵێن چی لە مێشکیاندا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگای پەیوەندیکردنیان هەیە. بەم ھۆیەوە تۆ دەتوانیت زۆر شت بڵێیت دەربارەی ئەوەی کە ئاژەڵە ماڵییەکەت هەست بە چی دەکات بەهۆی ھەریەك لە ئەندامانی جەستەیەوە.

ئارام و دڵخۆش

کاتێک پشیلەکەت ئارام و دڵخۆشە، لەوانەیە ئاسودە یان خەواڵوو دەربکەوێت. ماسولکەکانیان لاوازن و سەریان هێشتا لە جوڵەدایەو ئاوڕ دەدەن و سەیری دەوروبەری دەکەن. کاتێک پشیلەیەک ئارام و ئاسودە بێت لەوانەیە پێشوازی لە ئاژەڵی ماڵی تر بکات یاخود ھەوڵبدات خۆی لێ نزیک بکاتەوە.

گوێ: پشیلەیەکی ئاسودە گوێییەکانی لە دۆخێکی سروشتیدا دەبێت،بە سەر سەریاندا تەختی ناکەن یاخود  بیاننوشتێننەوە. لە کاتێکدا کە لەوانەیە لە وەڵامی دەنگێکدا موچورکەیان پێدا بێت و بیانجوڵێننەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نایەت بەردەوامی گوێیەکانیان بخولێننەوە.

چاو: کاتێک پشیلەیەک پشوو دەدات، بیلبیلەکانی لە قەبارەی ئاسایی خۆیان دەبن، لەوانەیە چاویان نیوە داخراو بێت کاتێک خەریکە خەویان لێدەکەوێت.ھەروەھا  وریاو بە ئاگا دەرناکەون.

جەستە: ئەگەر پشیلەکە پاڵکەتبوو، دەکرێت لەسەر لاتەنیشت بێت و سکی بە دیاربکەوێت. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هەست بە سەلامەتی دەکات. بەڵام لە کاتی دانیشتن، پشتی ڕاست دەکات  و سەری بەرز و رێک ڕادەگرێت.

کلک: پشیلەیەکی دڵخۆش و ئارام ڕێگە بە کلکەکەی دەدات رێک و شۆربێتەوە. تووکەکەشی بەشێوەیەکی تەخت بەسەر کلکەکەیدا دەبێت.

یاریکردن

کاتێک پشیلەیەک دەیەوێت یاری بکات، وزەیەکی زۆر پیشان دەدات. ئەوان لەوانەیە دەست بکەن بە سوران لە دەوروبەری ژوورەکەدا وەک ئەوەی هانت بدەن بۆ بەشداریکردن لە یارییەکە. ھەروەھا لەوانەیە بە یاری دڵخوازیان (toy) دەست بە یاری بکەن.

گوێ: پشیلەکە گوێیەکانی بەرز رادەگڕێت و بەرەو پێشەوەیە ئاراستەیان دەکات و لەوانەیە ھەست بکەی زۆر وریاو بەئاگان.

چاو: پشیلەکە بە وردی سەیری کەسەکە یان یاریەدڵخوازەکەی (toy) دەکات لە کاتی یاریکردن. بیلبیلەکانیان گەورە دەبن و لەوانەیە نیگایەکی دڕندانە لە چاوەکانیاندا بەدی بکەیت.

جەستە: کاتێک پشیلە حەز بە یاریکردن دەکات بەشی پێشەوەی بەشێوەی کەوانەیی دەچەمێنێتەوەو بەشی پشتەوەشی بەرزدەکاتەوە وەک ئەوەی بییەوێت باز بدات. 

بازدانیش نیشانەیەکی دیکەیە کە پشیلەکە حەز بە یاریکردن دەکات.

کلک: لەوانەیە تێبینی ئەوە بکەیت زۆر جار کلکیان بەرزدەکەنەوەو دەیجوڵێنن.بەڵام ھەندێکیان کاتێک دەیانەوێ باز بدەن کلکیان لە خوارەوە دەھێڵنەوە.

ترس یان نیگەرانی

پشیلەیەکی ترساو لەوانەیە وەک پشیلەیەکی هاڵۆوین دەربکەوێت کە پشتێکی چەماوەو و کلکێکی بەرزکراوەی هەیە. دەکرێت خۆی لە شوێنێکی نھێنیدا بشارێتەوەو نەیەتە دەرەوە لەوانەیە ددانەکانی دەربکات یان بفیشکێنێت. ھەروەھا دەکرێت ھەر یەک لەم نیشانانەی خوارەوەی ھەبێت.

گوێ: لەوانەیە پشیلەکە بە خێرایی گوێیەکانی بجوڵێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەخێرای ئاگاداری دەنگی دەوروبەری بێت، ھەروەھا دەکرێت گوێیەکانی بێنێتە خوارەوەو بە سەر سەریدا شۆریان بکاتەوە.

چاو: پشیلەیەکی ترساو چاوەکانی زۆر کراوەن و بیلبیلەکانی فراوان دەبن.

جەستە: پشیلەکە پشتی دەچەمێنێتەوەو تووکەکەی گرژ دەبێت و رووەو پشتەوە دەوستێت. ھەروەھا دەتوانی ھەست بکەی کە پشیلەکە ئامادەیە بۆ شەر یاخود بەرگریکردن لە خۆی.

کلک: پشیلەیەکی ترساو لەوانەیە کلکەکەی بەرز و توند رابگرێت ھەروەھا دەکرێت کلکەکەی بە دەوری جەستەیدا بسوڕێنێت بۆ پاراستنی لە گرتن یان گاز لێگرتن.

ھەندێک زمانی جەستەی تر

هەندێک لەو شتانەی کە پشیلەکان دەیکەن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵمان، لەوانە:

خۆلێخشاندن: پشیلەکان بەوە ناسراون کە خۆیان بە شتدا دەخشێنن تەنانەت بە مرۆڤیشەوە. زۆر جار بۆ نیشاندانی خۆشەویستی ئەمە دەکەن، بەڵام پەیامێکە بۆ پشیلەکانی تر.بەم ڕێگایە بۆنیان بڵاو دەکەنەوەو ناوچەکەیان دەستنیشان دەکەن.

شێلان (Kneading): هەندێک پشیلە قاچەکانیان دەنوشتێننەوە بۆ سەرەوە و خوارەوەلە باوەشی کەسەکە یان لەسەر سەرینەکە. ئەم خووەش ھەر لە منداڵیەوە بۆیان ماوەتەوە کاتێک بیانەوێت بە ئاسودەیی شیر وەربگرن ئەم جۆرە جوڵەیە لەگەڵ دایکیان بەکاردەھێنن.

دەنگ: پشیلەکان بەسەر یەکتردا نامیاوێنن ئەوان تەنها وەک ڕێگایەک بۆ ئاگاداربوون لە بوونی مرۆڤ لەو ناوچەیە بەکاریدەھێنن. دەکرێت پشیلە لە کاتی برسێتیش بمیاوێنێت. ھەروەھا مرخەمرخیش نیشانەی ئارامی و ئاسودەییە، بەڵام ئەگەر گوێت ناڵە ناڵی پشیلە بوو یاخود دەنگێکی نامۆی لێوە ھات، دەکڕێت نیشانەی نەخۆشی بێت یاخود ئازاری ھەبێت.

نەخۆشی: یەکەم نیشانەی نەخۆشی لە پشیلەدا زۆرجار گۆڕانی زمانی جەستەیە. لەوانەیە بەشێوەیەکی چەماوە دابنیشێت و سەر و گوێیەکانی رووەو خوارەوە بێت. ئەگەر ئازاریان هەبێت، بە شێوەیەک پاڵدەکەون کە نەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازارەکەیان. دەکرێت چاوەکانیان بە شێوەیەکی كز و مات دەربکەوێت و گوێیەکانیان لە لایەکانی سەریاندا شۆربێتەوە. کاتێک دەست دەکەیت بە چاودێریکردنی پشیلەکەت، دەتوانیت بە ئاسانی لە هەستیان تێبگەیت ئەمەش لەسەر بنەمای زمانی جەستەیان دەبێت.


سەرچاوەکان



52 بینین