بۆیەی ئاویی

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-04-20-14:16:00 - کۆدی بابەت: 12588
بۆیەی ئاویی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆیەی ئاویی (بە ئینگلیزی: Watercolour or Watercolor or Aquarelle، بە عەرەبی: الالوان المائية) شێوازێکی وێنەکێشانە، کە لە تۆزی بۆیەی تێکەڵ بە گیراوەی ئاویی تێیدا بەکاردێت بۆ ڕەنگکردن و نەخشاندنی تابلۆیەک. چەمکی بۆیەی ئاویی ئاماژە بە هەردوو کەرەستەی وێنەکێشانەکە و هەروەها کارە هونەرییەکەش دەکات. بەدرێژایی مێژوو، بۆیەی ئاویی لەسەر چەندین جۆر ڕوو و کەرەستەی جیاواز بەکارهێنراوە، یەکێک لە سەرەکیترین و باوترینیان کاغەزی تایبەت بە بۆیەکەیە کە لە لۆکە دروستکراوە، شێوەی گونجاوی دەداتێ و شێواندنی کەم دەکاتەوە کاتێک تەڕ دەبێت. هەندێک لە ڕووەکانی تریش بریتین لە: ئاوریشم، بەرد، قوماش، تەختە، پارچمێنت (پێستی ئاژەڵ)، چەرم، کاغەزی زەل، قامیش، پلاستیک و هەروەها کانڤاسی تایبەت بە بۆیەکە. شەفافیی تایبەتمەندی سەرەکی بۆیەی ئاوییە، دەتوانین بە تێکەڵکردنی لەگەڵ ئۆکسایدی زینک شەفافییەکەی کەم بکەینەوە و تەڵخ بکرێت.

بۆیەی ئاویی شێوەیەکی کۆنی وێنەکێشانە. لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، تابلۆی ڕەنگی ئاوی کە بە مەرەکەب دەکرا و بە تابلۆی فڵچە ناودەبرا. لە وێنەکێشانی چینی و کۆری و ژاپۆنیدا، کەرەستەیەکی زاڵ بووە و زۆر بەکارهێنراوە، زۆرجار بە ڕەنگی ڕەش یان قاوەیی یەک ڕەنگدا، زۆرجار بە بەکارهێنانی مەرەکەب یان ڕەنگی تر. هیندستان و ئەسيوبيا و وڵاتانی دیکە نەریتی درێژی وێنەکێشانی ڕەنگی ئاوییان هەیە. زۆرێک لە هونەرمەندانی ڕۆژئاوایی بەتایبەتی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمدا، ڕەنگی ئاوییان بەکارهێنا وەک ئامرازێکی وێنەکێشان بۆ ئامادەکاری بۆ کارە "تەواوبووەکان" لە بواری ڕۆن یان هەڵکۆڵین. تا کۆتایی سەدەی هەژدەهەم، ڕەنگی ئاوی بە "وێنەکێشانی ڕەنگۆکە (ڕەنگی لاواز)" ناسرابوو. هەندێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی بۆیەی ئاویی: (وینسڵۆو هۆمەر، ڤینسنت ڤان کوخ، پاول کلی، لیۆناردۆ داڤینشی، جۆرجیا ئۆکیف، بۆب ڕۆس، ئەلبرێخت دۆرێر، برێندا سوێنسن، ویلیام بلەیک، ئێلیزابێس مۆری).

مێژوو

ڕەنگی ئاوی نەریتێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤی سەرەتایی، بە بەکارهێنانی ڕەنگی تێکەڵکراو لەگەڵ ئاو بۆ دروستکردنی تابلۆی ئەشکەوت بە بەکارهێنانی پەنجە و ئێسک. میسرییە کۆنەکان ڕەنگی ئاویان بەکارهێناوە بۆ ڕازاندنەوەی دیوارەکانی پەرستگا و گۆڕەکان، هەندێک لە یەکەم کارەکان لەسەر کاغەزی زەل دروستکراوە. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی دوور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم قوتابخانەی بۆیەی ئاویی بە شێوازی مۆدێرن دەرکەوت. چینی و ژاپۆنییەکان لەسەر ئاوریشم و کاغەزی دەستکرد وێنەیان کێشاوە. هونەرەکەیان پڕ بوو لە ئاماژەی ئەدەبی و نووسین و دیمەنی پڕ بیرکردنەوە.

لە هیندستان و ئێران، تابلۆکان کە لەلایەن موسوڵمانەکانەوە دروستکراون، ڕووداوە ئاینییەکانی لە هونەری بیزەنتینییەوە سەرچاوەیان گرتووە. لە ماوەی ڕێنیسانس و دوای ڕێنیسانس، هونەرمەندانی وەک ئەلبرێخت دورەر، ڕێمبراندت، پیتەر پاول، ڕوبێنز و سێر ئەنتۆنی ڤان دیک، ڕەنگی ئاوییان بەکارهێنا بۆ ڕەنگکردن و تۆنکردنی تابلۆکانیان. لە ئەڵمانیا، کارەکانی دورەر بووە هۆی دامەزراندنی قوتابخانەیەکی تابلۆی ڕەنگی ئاوی کە لەلایەن هانس بۆڵ سەرپەرشتی دەکرا. دورەر بە یەکەم مامۆستای بۆیەی ئاویی دادەنرێت، چونکە کارەکانی پوختەیەکی بۆیەی ئاویی بوون، کە وەک توێژینەوەی سەرەتایی بۆ کارەکانی تر بەکاردەهێنران.

کەرەستەکانی

١. بۆیەکە خۆی: بۆیەی ئاویی بە دوو شێواز هەیە، لە تیوبدا یاخود لە قاپی پالێتدا، ئەو جۆرەی کە لە تیوبدایە پێویستی بە ئاو نییە و خۆی شێدارە و بەتەواوی ئامادەیە بۆ بەکارهێنان، بەلام ئەو جۆرەی لە قاپدایە بۆیەی وشکی ڕەقکراوە کە پێویستی بە بەکارهێنانی ئاو هەیە. بۆیەکانیش لەرووی کوالێتی دوو جۆری هەیە، جۆرێکیان بۆیەی هونەرمەندە و جۆرێکی دیکە بۆیەی قوتابییە، یەکەمیان کوالێتی باشتری هەیە و جوانترە بەڵام گرانترە. 

٢. فڵچە: لەکاتی هەڵبژاردنی فڵچەدا دەبێت سەرنجی سێ لایەن بدەین، کە ئەوانیش شێواز و سایز و جۆری مووی فڵچەکەیە، هەمیشە فڵچەی سرووشتی لە فڵچەی دەستکرد باشترە، فڵچەی سرووشتی ئەو فڵچانەن کە لە پێستی ئاژەڵ دروستکراون، باشترین فڵچەکانی بۆیەی ئاویی لە مووی سەیبڵ و گا و سمۆرە دروستدەکرێن. لەڕووی شێوازیش هەموو شێوازەکان بەکاردێن بەڵام ئەگەر یەک فڵچەت هەبێ شێوازی بازنەیی بێت باشترە. هەروەها بەپێی ستایلی کارکردن و سایزی کاغەزەکەت دەتوانیت سایزی فڵچەکە هەڵبژێریت. 

٣. کاغەز: زۆربەی وێنەکێشەکانی بۆیەی ئاویی پێش ساڵی ١٨٠٠ هەر شتێک لە بەردەستیاندا هەبوو بەکاریان هێناوە بۆ ئەوەی وێنەی لەسەر بکێشن. لە سەردەمی هاوچەرخ، بەشێوەیەکی گشتی کاغەز بەکاردەهێنرێت بۆ کێشانی تابلۆ بە بۆیەی ئاویی. کاغەزی بۆیەی ئاویی بە دوو شێواز هەیە، کاغەزی پەستان گەرم و کاغەزی پەستان سارد (ڕەق)، جۆری دووەم بەکارهێنانی لەلایەن هونەرمەندانەوە زۆرترە.

٤. پالێت: زۆربەی پالێتەکانی بۆیەیی ئاویی پلاستیک یان سیرامیکن. سیرامیک کوالێتی باشترن، پالێتە پلاستیکییەکان لەدوای ماوەیەک بەکارهێنان ڕەنگی بۆیەکە دەگرن و پەڵاوی دەبن، بەڵام سووکتر و ئاسانترن بۆ هەڵگرتن. پالێتێک هەڵبژێرە کە شوێنی جیا جیای هەبێت و نەبێتە هۆی تێکەڵبوونی ڕەنگەکان لەکاتی بەکارهێنانی.

٥. کەرەستەی لاوەکی: هەندێک کەرەستەی دیکە هەیە کە لەوانەیە بتەوێت کە ئەوانیش: قەڵەم بۆ سکێچ کێشان، لاستیک، ڕاستە، بۆردی وێنەکێشان، سابوون و پاککەرەوەی تایبەت بە فڵچەکان.

لایەنە باشەکانی

١. لەسەر بنەمای ئاو کاردەکات، بۆیە ئاسانتر و پاکترە بۆ کارکردن بە بەراورد لەگەڵ ئەکریلیک.
٢. بۆیەی ئاویی بۆنێکی کیمیایی ناخۆشی نییە، بە پێچەوانەی بۆیەی ڕۆنیی.
٣. کوالێتی بەرزە و خێرا وشک دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر  دەتەوێت کاتی وشکبوونی خێراتر بکەیت، دەتوانیت وشککەرەوەی قژ بەکاربهێنیت.
٤. بۆ ئەو کەسانە زۆر گونجاوە کە ئاستی سەرەتایین لە وێنەکێشان، چونکە بەکارهێنانی ئاسانە. هەروەها زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی بتوانیت بیبەیت بۆ هەر شوێنێک کە دەچیت.
٥. پاککردنەوەی ئەو فڵچەیەی کە بەکاریدەهێنیت لە کاتی کارکردن لەگەڵ ڕەنگی ئاو زۆر ئاسانە. تەنها پێویستە بە ئاو و کەمێک سابوون پاکی بکەنەوە.
٦. ڕەنگە وشککراوەکان دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، تەنها پێویستە بە ئاو چالاک بکرێنەوە. بەڵام بۆیەی ڕۆنیی و ئەکریلیک دوای وشکبوونەوە بەکارنایەن.
٨. چەندین جۆری لە بازاڕدا بەردەستە و هەرزانترە.  

لایەنە خراپەکانی

١. پێویستیان بە جۆرێکی تایبەتی کاغەز هەیە بۆ ئەوەی کاریگەری تەواویان هەبێت. ئەگەر لەسەر ڕوویەکی ناگونجاو وێنەی بکەیت، ناتوانیت ئەو کاریگەرییانە دروست بکەیت کە دەتەوێت.
٢. کارە هونەرییەکە ئەگەری کاڵبوونەوە و شکانی هەیە ئەگەر  زۆر لەبەر  خۆردا بەجێبهێڵیت. 
٣. تەکنیکەکانی ڕەنگی ئاو لەوانەیە قورس بێت بۆ زاڵبوون بەسەریاندا. بۆ زۆر شارەزابوونی پێویستە ڕابێیت لە بەکارهێنانی بۆیەی شل و تێگەیشتن لەوەی چۆن لەگەڵ ئاو تێکەڵ دەکرێت.
٤. لەکاتی وێنەکێشان ناتوانی بە ئاسانی هەڵەکان چاک بکەیت پێویستە کارەکەت بسڕیتەوە و دووبارە دەست پێ بکەیتەوە.
٥. وێنەکێشانەکەی کاتی دەوێت، ئەگەر بتەوێت چینێکی تر زیاد بکەیت بۆ تابلۆکەت، چونکە دەبێت ڕێگە بە ڕەنگەکە بدەیت وشک بێت پێش ئەوەی چینێکی تر زیاد بکەیت.

هەندێک تابلۆی بۆیەی ئاویی بەناوبانگ 

١. هێریی گەنج لەلایەن ئەلبرێخت دۆرەر (١٥٠٢)
٢. کڵێسای لانداف لەلایەن پاوڵ ساندبی (١٧٧٨)
٣. براون لەلایەن تاتیانا ئیڤچنکۆڤای ڕووسی (٢٠٢٠)
٤. گلۆستەر هاربۆر لەلایەن وینسلۆو هۆمەر (١٨٧٣)
٥. درەخت و باخچەکان: بەرمۆدا لەلایەن چارلس دیموت (١٩١٧)
٦. ڕۆژەکانی سەردەمی کۆن لەلایەن ویلیام بلەیک (١٧٤٩)
٧. دیمەنێکی مەغریب لەلایەن ئێلیزابێس مۆری (١٨٤٩)
٨. دۆڵی ئاوە هەڵقوڵاوەکان لەلایەن تۆماس مۆران (١٩٧٦)
٩. یاری شەتڕەنج لەلایەن جۆن سینگەر سارجێنت (١٩٠٧)
١٠. ماڵێک لە نێوان درەختەکان لەلایەن جۆن کۆنستەیبڵ (١٨٣٢) 
١١. سێ کچی ماسیگر لەلایەن وینسلۆو هۆمەر (١٨٨١)
١٢. نیوتن لەلایەن ویلیام بلەیک (١٧٩٥)
١٣. ئینجانەی گوڵەکان لەلایەن پاوڵ سێزان (١٨٨٧)
١٤. ڕیزکردنی پۆستەکە لەلایەن ڕێجیناڵد مارش (١٩٣٦)
١٥. پێش بەفربارین لەلایەن بۆب ڕۆس (٢٠١٦)


سەرچاوەکان



446 بینین