خۆشەویستی مەرجدار

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-21-15:27:00 - کۆدی بابەت: 12599
خۆشەویستی مەرجدار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆشەویستی یان ئەوینی مەرجدار یان خوشەویستی سنووردار یان خۆشەویستی بەرژەوەندیدار (بە عەرەبی: الحب المشروط، بە ئینگلیزی: Conditional love) ئەو جۆرە خۆشەویستیەیە که مەرج و پێوەری بۆ زۆر شت داناوە، واتا هەردوو لا بۆ دروستکردنی پەیوەندییەک پێویستە بە مەرج و پێوەرەکانی یەکتر ڕازی ببن و پەسەندی بکەن. خۆشەویستی مەرجدار واتە بەردەستبوونی تایبەتمەندی و سیفەتی دڵخواز و ویستراوی تۆ لە کەسی بەرانبەر، لەڕێگەی بەردەستبوون و جێبەجێکردنی ئەو تایبەتمەندی و مەرجانەوە هەست و خۆشەویستی دروست دەبێت، ئەو تایبەتمەندییانە دەکرێت تایبەتمەندی ڕووکەشی یان فیکری یان ماددی بن، ئەم جۆرەی ئەوینداری باوترین و واقیعیترین جۆری خۆشەویستییە، کە لەسەر بنەمای مەرج و پێویستی و بابەتە ماددییەکان بەردەوام دەبێت.

ئەو پێویستیانە چین کە خۆشەویستی مەرجدار پەیوەستە پێوەی؟

پێداویستی و لایەنی فسیۆلۆجییەکان

هەندێک کەس زۆر گرنگی بە تەمەن و شێوە و ڕووکەش و ڕووخساری بەرانبەر دەدەن، زۆرجار دەیکەنە مەرجێکی سەرەکی بۆ خۆشەویستیان، بۆ نموونە هەندێک سەرنجی باڵا بەرزی، لاوازی و قەڵەوی کەسەکە، ڕەنگی پێستی، شێوەی ڕووخساری، تەمەنی، هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە کەسەکەوە هەیە لەڕووی فسیۆلۆجی و جەستەییەوە گرنگی پێ دەدەن و دەیکەنە مەرج و پێویستییەکی سەرەکی بۆ خۆشەویستی.

پێداویستی و لایەنی هزری و ئایینی

هەندێک کەس بوونی هەندێک بیرۆکە لە هاوبەشی ژیانیاندا قبوڵ ناکەن و مەرجێکی سەرەکی بۆ خۆشەویستیان ئەم خاڵەیە، وەک  قبوڵنەکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسێک کە لە ئایین و بیروباوەڕدا جیاوازە، یان باوەڕی بە چەند بیرۆکە و لایەنێک هەیە کە تەواو لەگەڵ کەسی بەرانبەردا جیاواز و نەگونجاوە، یان سەر بە نەتەوە و کولتووری جیایە و لەگەڵ کەسەکە جیاوازە.

پێداویستی و لایەنی ماددی

لایەنی ئابووری و ماددی بۆ زۆرکەس گەرنگە، مەرج و ئاستی ئابووری کەسی بەرانبەر دەکەنە پێوەرێکی سەرەکی بۆ خۆشەویستیان و بە گرنگی دەزانن کە کەسی بەرانبەریان ئاستی ئابووریان لە هەمان ئاستی خۆیان یان بەرزتر بێت.

پێداویستی و لایەنی ڕەفتاری

لەلای هەندێک کەس هەندێک ڕەفتار بۆ پەیوەندییەکانیان زۆر پێوەرێکی گرنگە، نموونەی جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان یان ئەنجام نەدانی پەرستشەکان وەکوو تایبەتمەندییەکی نەرێنی دەبینێرت، بۆیە بە پێوەری سەرەکی بۆ خۆشەویستی و پەسەندکردنی کەسی بەرانبەر دادەنرێت.

پێداویستی و لایەنی دەروونی

تایبەتمەندی کەسایەتی و دەروونی کەسی بەرانبەر بۆ هەندێک کەس گرنگە و بایەخی زۆری پێدەدەن.

پیداویستی و لایەنی تەندروستی

هەندێک کەس بایەخێکی زۆر بە لایەنی تەندروستی بەرانبەریان دەدەن، پێیان قبوڵ ناکرێت کە ئەو کەسەی هەڵیدەبژێرن یان ئەو کەسەی کە خۆشیان بوێت هیچ کەموکوڕییەکی تەندروستی هەبێت، نموونەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان یان نەخۆشییە بۆماوەییەکان.

جیاوازی نێوان خۆشەیستی مەرجدار و خۆشەویستی ڕەها و بێ مەرج چییە؟

خۆشەویستی بێ مەرج بە یەکێک لە دەگمەنترین هەستەکانی مرۆڤ دادەنرێت، بەو پێیەی ئەم جۆرە خۆشەویستییە بەبێ مەرجدانان و بەبێ گرنگیدان بە بیرکردنەوە، باوەڕ، شێوە و ڕەفتار و تەمەن ڕوودەدات. واتە بەبێ مەرج و بەبێ هیچ پێوەردانانێک بۆ لایەنە ماددی و ڕووکەشییەکان دروست دەبێت. زۆرێک پێیان وایە ئەم خۆشەویستییە بە هیچ شێوەیەک بوونی نییە و ناواقیعی و خەیاڵییە، هەندێکی تریش پێیان وایە ئەم خۆشەویستییە لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیان هەیە.

بە پێچەوانەوە خۆشەویستی مەرجدار واتا دانانی پێوەر، سنوور، بەرژەوەندی، تایبەتمەندی لە پەیوەندییەکان بە جۆرێک سوود و قازانجی بۆ هەردوو لا هەبێت و هەردوو لایەن پابەندی پێوەر و مەرجەکان بن، ئەم جۆرە خۆشەویستییە واقعیانەیە و لە ژیاندا هەیە.

کاریگەرییەکانی خۆشەویستی مەرجدار

سروشتی مرۆڤایەتی بەند و پەیوەستە بە خۆشەویستی مەرجدارەوە و بەهیچ جۆرێک ناکرێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکرێت. هەموو کەسێک پێش دەستپێکی هەر پەیوەندییەک دەیەوێت چەند تایبەتمەندییەکی ئەرێنی یان چەند مەرجێک لە بەرژەوەندی خۆی لە کەسی بەرانبەریدا هەبێت و کەسی بەرانبەریش بەهەمان شێوە.

کاریگەری خۆشەویستی مەرجدار وەکوو هەموو شتێک دەکرێت ئەرێنی و باش بێت یان نەرێنی و خراپ بێت، کاریگەرییەکە بەندە بە سروشتی کەسەکان خۆیانەوە، ئەو کەسایەتییانەی کە لە وەهم و خیاڵدان و لە ڕادەبەدەر سۆزدارین باوەڕیان بە خۆشەویستی ڕەها و بێ مەرج هەیە لەگەڵ ئەم جۆرە خۆشەویستییە ڕێک ناکەون و لەلایان ناپەسەندە، لە بەرانبەردا کەسانی واقعبین ئەم جۆرە ئەوینەیان لەلا پەسەندە و لە ژیانیاندا جێبەجێی دەکەن و کاریگەری ئەرێنیان بۆ دروست دەکات و لە پەیوەندییەکانیان سەرکەوتوو دەبن.


سەرچاوەکان



145 بینین