تاکتیکی فشاری پێچەوانە چییە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-07-15:51:00 - کۆدی بابەت: 12795
تاکتیکی فشاری پێچەوانە چییە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تاکتیکی فشاری پێچەوانە چییە؟ (بە عەرەبی: ما هو أسلوب الضغط العكسي، بە ئینگلیزی: What is counter pressing tactic) ئەم تاکتیکی یاریکردنە یەکێکە لە دیارترین تاکتیکەکانی سەردەمی هاوچەرخی تۆپی پێ. لە لوتکەی بەکارهێناندایە کە بە فەلسەفەیەکی یاریکردنی ئەڵمانی دادەندرێت هەر ئەم فەلسەفەیەش هۆکاری بەهێزی ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکانە لە دەیەی ڕابردوو. بەکارهێنەرانی ئەم شێوازە لە دەیەی ڕابردوو چەندین نازناوی گەورەیان بردۆتەوە وەک چامپیۆنزلیگ و پرێمەرلیگ. ڕالف ڕاگنیکی ئەڵمانی بە دامەزرێنەری تاکتیکەکە دادەندرێت کە یەکەم جار لە یاری بەرانبەر دینەمۆ کیێڤ لە ساڵی ١٩٨٤ بەکاریهێنا، ئەویش کاریگەر بووە بە ڕاهێنەرانی وەکو (یۆب هاینکس، ئاریگۆ ساکی، زێدنیک زێمان).

بەڵام تاکتیکەکە خۆی لەلایەن (یۆرگن کلۆپ) پەرەیپێدرا و توانی بە شێوەیەکی  نایەب لە یاریگادا جێبەجێی بکات چەندین نازناوی گەورەی لەگەڵ بۆروسیا دۆرتمۆند و لیڤەرپوول بە دەست هێناوە. جگە لەم دوو ڕاهێنەرە (مارکۆس رۆزە)ی ئەڵمانی بەکاریدێنێت کە راهێنەری یانەی لایپزینگی ئەڵمانییە. یەکێکی تر لەو کەسانەی تاکتیکەکەی بەرەوپێشەوە برد و بە نایابی بەکاریدەهێنێت ڕاهێنەری ئەڵمانی (تۆماس توخێل)ە کە چەندین نازناو و دەستکەوتی پێ بەدەستهێناوە.  جولیان ناگلسمانیش یەکێکی ترە لەم ڕاهێنەرانەی زۆرباش سوودی لەم شێوازی یاریکردنە وەرگرتووە و چەندین نازناوی پێ بەدەست هێناوە، بەڵام ئەوەی سەیرە دامەزرێنەری فەلسەفەکە خۆی سەرکەوتنێکی وای بەم تاکتیکە بەدەست نەهێناوە. 

شێوازی یاریکردن بەم تاکتیکە چۆنە؟

ئەم شێوازە تاکتیکە خۆی لە سیستەمێکی ڕێکخراوی فشارکردن دەبینێتەوە ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی تۆپ لەدەست دەدەن. یۆرگن کلۆپ لە بارەیەوە دەڵێت (باشترین کات بۆ وەرگرتنەوە ئەو کاتەیە کە لە دەستی دەدەی، چونکە ئەو یاریزانەی کە تۆپەکەی وەرگرتووە سەری خۆی بەرزدەکاتەوە تا بزانێت تۆپەکە بدات بە کێ و یاریزانەکانی تریش کاتیان دەوێت شوێنی خۆیان دەگرنەوە) واتا چاوەرێ ناکەن و بکشێنەوە تا تۆپەکەیان دێتەوە لا، بەڵکو دەچنە پێش و فشاردەکەن بۆ وەرگرتنەوەی تۆپەکە. ئەم شێوازی تاکتیکە پێویستی بە هێزی جەستەیی، وزە، خێرایی، ڕێکخراوییەکی تۆکمە هەیە. دوای وەرگرتنەوەی تۆپ تاکتیکەکە سەرنج دەخاتە سەر هێرشی پێچەوانەی زۆر خێرا و تۆمارکردنی گۆڵ.

یۆرگن کلۆپ لەم بارەیەوە دەڵێت ( فشاری پێچەوانەی خێرا بۆ وەرگرتنەوەی تۆپ باشترین شێوازە بۆ دروست کردنی هەلی گۆڵکردن هیچ یاریزانێک ناتوانێت بەم شێوەیە کاریگەر بێت). ئەم شێوازی تاکتیکییە پێویستی بە یاریزانانێک هەیە بە دڵ و گیان یاری بکەن و خێرایی و هێزێکی زۆری جەستەیی لەنێو یاریگادا نیشان بدەن. ئەم شێوازی فەلسەفەی یاریکردنە نەک تەنها بووەتە هێمای ڕاهێنەرە ئەڵمانیەکان بگرە چەندین یانەی ئەڵمانی ئێستا ئەم فەلسەفەی یاریکردنە بە هێمای یانەکەیان دەزانن وەک بۆروسیا دۆرتمۆند و بایرن میونخ.

یۆرگن کلۆپ بە نموونەیەکی باڵای بەکارهێنەرانی ئەم تاکتیکە دادەندرێت، ئەو یانەی کە فشارەکەی لەسەر دەکرێت هەناسەی لێ دەبڕێت وایان لێدێت کە زۆرترین هەڵەبکەن و لە نێو ناوچەی سزا تۆپەکە لە دەست دەدەن. یۆرگن کلۆپ لەم بارەیەوە دەڵێت (باشترین شوێن بۆ ئەوەی تۆپەکە بەدەست بێنیەوە لای گۆڵی یانەی بەرانبەرە کە بە چەند پاسێک گۆڵ تۆماردەکەی). و ئەمە وای کرد چەندین ڕاهێنەری تری وەکو (پێپ گواردیۆلا) دەست بکەن بە بەکارهێنانی ئەم جۆرە تاکتیکە کاتێک کە تۆپ لەدەست دەدەن، چونکە لە تۆپی پێی سەردەمی هاوچەرخ ئەم تاکتیکە بە یەکێک لە باشترینەکان دادەنرێت. مارسێلۆ بێلسای ئەرجەنتیش لە شێوازی یاریکردنی ئەم شێوازە تاکتیکیە بەکاردەهێنیت. 

باوکی ڕۆحی ئەم شێوازە تاکتیکیەی یاریکردنە کێیە؟

ئەگەر چی رالف راگنیک دامەرزێنەری شێوازەکەیە، بەڵام ئەویش بیرۆکەی ئەم شێوازی تاکتیکەی لە شێوازی فەلسەفەی یاریکردنی راهێنەر (ڤالێری لیبانۆڤسکی) ئۆکرانی بۆ هات. کاتێک لە ساڵی ١٩٨٤ بەرانبەر دینەمۆ کییڤ یاری کرد و تیمەکەی ڤالێری فشارێکی زۆر توندیان دەکرد راگنیک لە یارییەکەدا زۆر سەرسام دەبێت بەم شێوازی یاریکردنەی ڕاهێنەرە ئۆکرانییەکە و بڕیار دەدات تاکتیکێکی هاوشێوە دروست بکات.

خاڵی لاوازی ئەم شێوازە تاکتیکەی یاریکردن چییە؟ 

ئەم شێوازی تاکتیکییە پێویستی بە یاریزانی پڕ وزەو و خێرا هەیە کە شێتانە بۆ یاریزانی بەرانبەر بچێت کە ئەمەش تەنیا بە یەک یاریزان ناکرێت دەبێت تەواوی پێکهاتەکە بەم گڕو تینە یاری بکەن. بۆیە هەندێک جار یاریزانەکان ئەم گڕو تینەیان نابێت کە پێویستە بۆ جێبەجێکردنی تاکتیکەکە بۆیە بەکارهێنانی بێسوود دەبێت و یانەی بەرانبەر بە ئاسانی خۆیان لە فشارەکە ڕزگاردەکەن. کێشەیەکی تری ئەم تاکتیکە گونجانی یاریزانە لەگەڵی بەتایبەت ئەگەر یاریزانەکە نوێ بێت تا ڕادێت لەگەڵ شێوازی فشار و خێراییەکەی پێویستی بە کاتێکی یەکجار زۆر هەیە.

و دەبێت یاریزانەکان بزانن لە چ کات و ساتێکدا فشاردەکەن، چونکە ئەگەر بێت و بە ڕێکخراوی و پێکەوە و لە کاتی گونجاو فشار نەکەن دەبێتە هۆی ئەوەی بۆشایی لە بەرگری دروست بکەن و یانەی بەرانبەر لە ڕێگای تۆپی بەرز هەل دروست بکەن و گۆڵ تۆماربکەن. هەندێک لەو یاریانەی نموونەی دیاری شێوازی بەکارهێنانی ئەم تاکتیکەن:

  • یاری مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول لە ساڵی ٢٠٢٣ کە بە ئەنجامی ٧ بە سفر لیڤەرپوول براوە بوو.
  • یاری بۆروسیا دۆرتمۆند دژی ڕیال مەدرید لە ساڵی ٢٠١٣ کە بە ئەنجامی ٤ بە ١ لە نێو یاریگای سیگناڵ ئیدۆنا پارک، بۆروسیا براوە بوو.


سەرچاوەکان



53 بینین