چاندنی کوولەکە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-10-10:32:00 - کۆدی بابەت: 12843
چاندنی کوولەکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاندنی کوولەکە (بە ئینگلیزی: Planting courgette، بە عەرەبی: زراعة الکوسة)، کولەکە یەکێکە لە سەوزە ناودارەکان و بە باشی گەشەدەکات، کاتێک کاتێک بە سەرکەوتوویی پێدەگات ئەوا لە ناوەڕاستی هاوینەوە هەتاکوو سەرەتای پاییز بەرهەمی دەبێت، چەندین جۆری جیاوازی هەیە کە شیاون بۆ چاندن و بەرهەمەکەیان جیاوازە لەیەکتری. جۆرەکان ڕەنگیان لە سەوزی کاڵەوە بۆ تۆخ یاخود زەرد دەگۆڕێت، هەندێکیان یەک ڕەنگن و هەندێکی تریشیان هێڵدارن، دەکرێت شێوەیان درێژکۆلەبێت یاخود خڕبێت، شێوازی گەشەکردنی هەندێک لە جۆرەکان زەمینەییە و پێویستی بە مەودای زۆرە، لەکاتێکدا جۆری تریان وەک دەوەن گەورەدەبن و شیاون بۆ ئەوەی لە گۆزەدا بچێنرێن، خۆشبەختانە هەر بنجێکی کولەکە بەرهەمدارە و تەنها چەند بنجێک دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی خۆراکی خێزانێک.  

هەنگاوەکانی چاندن

  • بە ئاسانی بە تۆو دەچێنرێت، دەکرێت لە بەهاردا لە گۆزەدا بچێنرێت و دواتر لە سەرەتای هاوینەوە کە بوو بە شەتڵ لە زەویدا بچێنرێت.
  • یاخود هەر لە سەرەتای هاوینەوە تۆوەکەی بخرێتە خاکەوە و بچێنرێت، واتە بەبێ ئەوەی سەرەتا بکرێتە شەتڵ، ئەم جۆرە چاندنەیان بەرهەمەکەی درەنگتر پێدەگات.
  • سەرەتا خاکەکەی بەپیتبکرێت بە پەیین و ماددەی ئەندامی.
  • دواتر چەند تۆوێکی کولەکە لە قوڵایی نزیکەی ٢.٥ سانتیمەتردا بچێنرێت، مەودای نێوانیشیان بە نزیکەیی بگاتە ٩٠ سانتیمەتر.
  • کاتێک تۆوەکان چەکەرەدەکەن سەیربکرێت کە کامیان لاوازترە هەڵبکێشرێت و بنجە کولەکە بەهێزەکەیان بمێنێتەوە.

شێوازی گرنگیپێدان

کوولەکە پێویستی بە جێگەیەکە کە رووناکی خۆری زۆری بەربکەوێت و خاکەکەی بەپیتبێت، بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئاوبدرێت و شێداربکرێتەوە، چونکە ئارەزووی ئاوی زۆر دەکات و جۆرە ڕووەکێکی تینووە، لە کەشە گەرمەکاندا لەوانەیە پێویست بکات هەموو ڕۆژێک ئاوبدرێت، لە کاتی ئاودانی نابێت گەڵاکانی تەڕبکرێت چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تووشی نەخۆشی کەڕوویی ببێت، لە ماوەیەکی کەمدا ڕووەکێکی گەڵا گەورە دروستدەبێت کە دەتوانێت مەودای زۆر داگیربکات.

کولەکە ماددەی خۆراکی خاکەکە زۆر بەکاردەهێنێت و باشترە دوای ماوەیەک لە چاندنی دووبارە خاکەکەی بۆ بەپیتبکرێت، بە بەکارهێنانی پەیینی کۆن و پەیینی ڕووەکی، لەهەمان کاتدا چینێک سەماد بە دەوروبەری ڕووەکەکەدا دابنرێت بۆ ئەوەی خاکەکە بەشێداری بهێڵێتەوە و ڕێگری بکا لە سەوزبوونی گژوگیای زیانبەخش.  

بۆ قەبارەکەشی باشتر وایە کاتێک کە ناسک و قەبارە مامناوەندە لێبکرێتەوە چونکە لەوکاتەدا تامی خۆشترە، بە دیاریکراویش کاتێک کە درێژی کولەکەکە دەگاتە نزیکەی ١٠-١٢ سانتیمەتر، هەروەها دەبێت بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەرەکەی لێبکرێتەوە، جگە لە بەرەکەی گوڵی کولەکەش شیاوی خواردنە و دەکرێتە زەڵاتە و هەندێک خواردنی دیاریکراوەوە، بنجە بچووکەکان دەبێت بپارێزرێن لە کرمە لیقە و هێلکە شەیتانۆکە، چونکە دەکرێت هێرشبکەنە سەر بەری کوولەکە و ڕووەکەکەشی و بیخۆن.       


سەرچاوەکان



1385 بینین