دیاردەی نۆسیبۆ

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-11-11:45:00 - کۆدی بابەت: 12863
دیاردەی نۆسیبۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دیاردەی نۆسیبۆ (بە عەرەبی: نوسيبوأو المريض بالوهم، بە ئینگلیزی: The nocebo effect) ناسراویشە بە وەڵامدانەوەی نۆسیبۆ کاتێک ڕوودەدات کە پێشبینیکردنی نەرێنییانەی نەخۆشێک بۆ جۆرە چارەسەرێک ببێتە هۆی دەرکەوتنی کاریگەری لاوەکی خراپ. بۆ نموونە کاتێک کەسێک پێشبینی ئەوە دەکات کە دەرمانێک کاریگەری لاوەکی خراپی هەیە و دواتریش ئەو کاریگەرییە لاوەکییانە دەردەکەون لە کاتێکدا ئەو دەرمانەی کە وەری گرتووە لەڕووی کیمیایییەوە ناچالاک بووە (پڵەسیبۆ). ئەم چەمکە لەناو خەڵکدا کەمتر ناسراوە بەبەراورد بە چەمکە پێچەوانەکەی کە دیاردەی پڵەسیبۆیە. لە دیاردەی پڵەسیبۆدا، کەسەکان ئەزموونی کاریگەری ئەرێنی دەکەن لە ئەنجامی پێشبینیکردنە ئەرێنییەکانیانەوە. دیاردەی نۆسیبۆ ڕێک پێچەوانەی ئەمەیە. کەسەکان پێشبینی دەرکەوتنی کاریگەری لاوەکی خراپ دەکەن و ئەو کاریگەرییانەش دەردەکەون، تەنانەت ئەگەر دەرمانەکەش کە وەریان گرتووە ڕاستەقینە نەبێت. زاراوەکە لە وشەی لاتینی nocereـەوە وەرگیراوە کە بە واتای "زیانگەیاندن"دێت و ئەم دیاردەیە لە ساڵی ١٩٦١ لەلایەن واڵتەر پی کەنەدییەوە ناسێنرا.

هۆکارەکانی ڕوودانی دیاردەی نۆسیبۆ

ئەگەر دەرمانەکە خۆی نەبێتە هۆی دەرکەوتنی کاریگەری لاوەکی، کەواتە بۆچی ئەو کاریگەرییانە دەردەکەون؟ لەوانەیە هۆکارەکان بریتی بن لە:

١. ئەو کەسانەی چارەسەری پزیشكی وەردەگرن دەبێت ڕەزامەندییان لێ وەربگیرێت و ئاگادار بکرێنەوە لە ئەو چارەسەرەی بۆیان دەکرێت. بۆ دەستکەوتنی ئەو ڕەزامەندییەش لە نەخۆشێک یان بەشداربوویەکی لێکۆڵینەوەیەک، پزیشکەکان دەبێت مەترسی و سوودەکان بەوردی باس بکەن، تەنانەت بەو کاریگەرییە لاوەکییانەشی کە ئەگەری ڕوودانیان هەیە. توێژینەوەکانی ڕابردوو ئەوەیان دەرخستووە کە کاتێک بەشداربووانی لێکۆڵینەوەیەک ئاگادارکراونەتەوە سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکان، ئەگەری دەرکەوتنی کاریگەرییە لاوەکییەکان تێیاندا زیادتر بووە، ئیتر ئایا دەرمانەکە ڕاستەقینە بووبێت یان نا.

٢. هۆکاری فیزیکی یان دەروونی: ئەو نیشانانەی کە دەردەکەون بێگومان ڕاستیین. شارەزایان دیاردەی نۆسیبۆیان پەیوەست کردووە بە هەردوو هۆکاری سایکۆلۆژی و بایۆلۆژی دەماریی. سایکۆلۆژیاکە پێشبینییە نەرێنییەکان دەهێنێتە دی. ئەگەر نەخۆشێک ببیستێت کە دەرمانێک خەوت لێدەخات و وات لێدەکات حەزت لە خەوتن بێت، دواتر گەر هەست بکات خەوی دێت دەڵێت هی دەرمانەکەیە. لەهەمان کاتیشدا ئەو کەسانەی پێشبینی نەرێنییان هەیە بۆ کاریگەرییە لاوەکییەکان لەوانەیە زیادتر ئاگاداری نیشانەکان بن و بە زوویی هەواڵ بدەن بە دکتۆرەکە.

٣. ئەزموونی ڕابردوو: ئەو کەسانەی کە لە ڕابردوودا و لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری هاوشێوەدا ئەزموونی کاریگەرییە لاوەکییەکانیان کردووە وا بیردەکەنەوە کە لەکاتی وەرگرتنی هەمان چارەسەردا جارێکی تر تووشی کاریگەرییە لاوەکییەکان دەبنەوە.

نیشانەکانی دیاردەی نۆسیبۆ

کاریگەرییەکان دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازبن، دیارترین نیشانەکان بریتیین لە:

  • خەوتن
  • دڵتێکهەڵاتن
  • گێژبوون
  • کەمبوونەوەی توانای تەرکیز
  • سەرئێشە
  • بێخەوی
  • بێهێزی
  • خووران
  • ئازاری گەدە
  • لەدەستدانی حەزی خواردن

کەمکردنەوەی کاریگەریی دیاردەی نۆسیبۆ

دیاردەی نۆسیبۆ کاریگەری زۆری هەیە لەسەر تاقیکردنەوەی دەرمان، و دەرئەنجامە تەندروستییەکان دەگۆڕێت لەکاتی وەرگرتنی دەرمانێکی دیاریکراودا. بۆیە ناسینەوەی ئەم حاڵەتە کارێكی گرنگە. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە هاندانی دیاردەی پڵەسیبۆ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دیاردەی نۆسیبۆ. هەروەها توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوەش داوە کە هاندانی مەزاجێکی ئەرێنییانە دەتوانێت هەمان ئەو کاریگەرییانەی پێ دەستەبەر بکرێت. متمانە بەو چارەسەرە پێشنیارکراوانە کلیلە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری دیاردەکە. ئەگەر کەسێکی متمانەپێکراو وەکوو دکتۆر بڵێت کە بۆ نموونە ئەم ڤاکسینە سەلامەتە و کاریگەرە، زیاتر باوەڕپێکراوتر دەبێت. بەهەمان شێوە ئەگەر پزیشکێکی کلینیکی متمانەپێکراو ئاگادارت بکاتەوە لە کاریگەری چارەسەرەکە ئەوا کاریگەری نۆسیبۆ کەمدەبێتەوە.

دەرئەنجام

لەکۆتاییدا نابێت کاریگەری دیاردەی نۆسیبۆ پشتگوێ بخرێت و دەبێت پزیشکەکان ئاگاداربن. لەکاتێکدا کاریگەری دیاردەی نۆسیبۆ ڕاستەقینەیە، بەڵام دەتوانرێت کاریگەرییەکە کەمبکرێتەوە.


سەرچاوەکان



2502 بینین