باڵندەی ئۆکی مەزن

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-16-11:13:00 - کۆدی بابەت: 12916
باڵندەی ئۆکی مەزن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باڵندەی ئۆکی مەزن (بە ئینگلیزی: Great auk bird، بە عەرەبی: طائر الاوک العظیم)، ئەم باڵندە ئاوییە لە ڕەگەزی ئەو جۆرانەیە کە توانای فڕینیان نییە و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا بەتەواوەتی لەناوچووە، باڵندەیەکە توانای مەلەکردنی هەبووە و لە ڕابردوودا لەلایەن دەریاوانەکانەوە ڕاودەکرا، بەمەبەستی خواردنی گۆشتەکەی دەیانگرت، هەرچەندە توانای بەرگری نەبووە بەڵام هەندێکجار دەیتوانی خۆی ڕزگاربکات، دواتر لە ساڵی ١٨٤٤ی زایننیدا کۆتا دانە لە جۆری ئەم باڵندەیە کوژرا، ئێستا تەنها لە مۆزەخانەکاندا باڵندەی ئۆک و هێلکەکانیان بۆ نمایشکردن بوونی هەیە. 

لە ئێستادا هەندێک جۆری باڵندە دەژین کە پەیوەندی و پەیوەستییان بە باڵندەی ئۆکەوە هەیە وەک باڵندەی ڕەیزۆبیل، لە ڕابردوودا ئۆک لە ناوچە بەستەڵەک و بەردەڵانەکانی ئەورووپا و جەمسەری باکووردا ژیاوە، بەڵام دوای وەرزی یەکگرتن و هاتنی وەرزەکانی پاییز و زستان کۆچیان کردووە بۆ بەشی باشووری جێگەکانیان، هەرچەندە کەمبوونەوەی خۆراک و گۆڕانی ئاووهەوای ژینگەکەیان هۆکاری نزمبوونەوەی ژمارەیان بووە، بەڵام هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی ئەم باڵندەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاوکردنی ژمارەیەکی زۆریان لەلایەن مرۆڤەکانەوە.

شێوەی دەرەوەی

هەرچەندە هەندێکجار بە پەنگوینی باکوور ناوبراوە بەڵام باڵندەی ئۆک لە هەمان ڕەگەزنەبووە، بەڵکو ڕەگەز و پۆلێنکردنی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەبووە، قاچی کورتبووە و پێیەکانی لە شێوەی تۆڕدابوون، کێشی لە نێوان ٥-٨ کیلۆگرامبووە و بەرزییەکەشی لە نێوان ٧٥-٨٥ سانتیمەتربووە، هاوشێوەی ئەو بوونەوەرانەی تر کە لە جەمسەری باکووردا ژیاون باڵندەی ئۆکیش چینێک چەوری ئەستوور لە جەستەیدا هەبووە، کە هاوکاریکردووە بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی جەستەی بە گونجاوی.  

خۆراک

باڵندەی ئۆک گۆشتخۆر بووە و بەدیاریکراویش ماسیخۆربووە، تاکە پێگەیشتووەکان ماسییەکیان خواردووە کە ڕێژەی چەوری زۆربێت و درێژییەکەی لە نێوان ١٤-١٩ سانتیمەتربێت، بەڵام ئۆکە بچووکەکان ماسی بچووکتریان خواردووە لەگەڵ بوونەوەرە هەڵواسراوەکانی ناو ئاوی ناوچەکەیان، لەکاتی مەلەکردندا دەیتوانی هەتاکوو نزیکەی ١٥ خولەک هەناسەدانی خۆی بوەستێنێت، ئەمەش هاوکاریکردووە بۆ ئەوەی بچێتە قوڵاییەوە و ماسی بگرێت.  

یەکگرتن و زۆربوون

ئەم باڵندە لەناوچووە جۆرێکی کۆمەڵایەتی بووە و پێکەوە لە شێوەی کۆمەڵەی بچووکدا ژیاون، لە وەرزی یەکگرتنیاندا بوون بە کۆمەڵەی بچووکتر و لە دوورگە و بەردەڵانەکانی نشینگەکەیاندا هێلانەیان دروستکردوە، دوای ماوەی یەکگرتن و ماوەی مانەوە لە هێلانەدا جێگەکانیان جێهێشتووە، دواتر لە بەهاردا گەڕاونەتەوە، باڵندەکە توانای فڕینی نەبووە بۆیە لەکاتی کۆچکردن لەبری ئەوە بە مەلەکردن جێگەکانیان گۆڕیوە، کە باڵندەی ئۆک مەلەوانێکی بەتوانا بووە، لەسەر زەوی ڕێکردنیان قورس و ناشارەزابووە، چونکە جێگەی قاچەکانی زۆر دووربووە لە جەستەیەوە.

لە وەرزی زۆربووندا و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی یەکتری کۆمەڵێک کرداریان هەبووە وەک، ڕاوەشاندنی سەریان یاخود دانەواندنی، یان باوێشکدان و پیشاندانی ڕەنگی زەردی کاڵی ناوەوەیان، بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە دەنگێکی نزم و هاوارێکی زبریان هەبووە، کە بە گشتی دەنگیان لە باڵندەی ڕیزۆبیڵ بەرزتربووە، هەروەها زیاتر بۆ پەیوەندیکردن جووڵەی بینراویان بەکارهێناوە، دوای ئەوەی دوو تاک لە باڵندەکە بوون بە جووتی یەکتری، ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆری ساڵەکانی دواتریان پێکەوەبوون و جیانەبوونەتەوە.  

وەرزی یەکگرتنیان لە هاویندابووە و دوای جووتبوون تەنها یەک هێلکە دانراوە، هەردوو باوانەکە بە نۆرە لەسەر هێلکەکە نیشتوون، ماوەی نیشتنەکە ٣٩-٤٤ ڕۆژبووە و دواتر هێلکەکە بێچوویەکی بچووکی ڕەنگ ڕەساسی هەڵهێناوە، هەتاکوو ٢-٣ هەفتە باوانەکان خواردنیان بۆ هێناوە، دواتر خۆی لە هێلانەکە دەرچووە و هەوڵیداوە بۆ بەدەستهێنانی خۆراک، هەرچەندە جوجکەکە یاخود بێچووەکە لە هێلانەکە دەردەچوو بەڵام هەتاکوو تەمەنی نەبووایە بە ٤-٧ ساڵ، نەدەگەشت بە پێگەیشتنی تەواو و هێشتا پشتی بە باوانەکەی دەبەست، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی باڵندەی ئۆک ٢٠-٢٥ ساڵی دەخایاند، واتە تەمەنێکی درێژ دەژیا بە بەراورد بە باڵندەکانی تر.  


سەرچاوەکان



2841 بینین