نیسپرێسۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-22-21:48:00 - کۆدی بابەت: 12962
نیسپرێسۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

براندی نیسپرێسۆ یان نێسپرێسۆ (بە عەرەبی: نسبريسو، بە ئینگلیزی: Nespresso) بەرهەمێکی کۆمپانیای نێسڵێیە و کۆمەڵە ئامێرێکی تایبەتە بە ئامادەکردنی قاوە، لە ڕێگەی کەپسوولی قاوەوەی نێسپرێسۆوە کە بۆ یەک جار بەکاردێت و قاوەی بونی کوتراوی تامداری تێدایە قاوەکە ئامادە دەکرێت.

مێژووەکەی

لە ساڵی ١٩٧٦ کارمەندێکی کۆمپانیای نێسڵێیە لە وڵاتی سویسرا بە ناوی (ئێریک ڤاڤێیر) وەکوو داهێنەری سیستمی نێسپرێسۆ و ئامێرەکەی ناسێنرا، لە سەرەتادا ئامێرەکە خرایە بازاڕەکانی وڵاتی سویسراوە، بەڵام خەڵکی لەلایەن پەسەند نەبوو و هیچ سەرکەوتنێکی تۆمار نەکرد. لە کۆتایی ساڵی هەشتاکان و بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن کارسازی ناودار (جێن پۆڵ) بانگەشە و پشتگیری بۆ ئامێرەکانی نێسپرێسۆ کرا و بەرەهەمەکە لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئەمریکا و ئەورووپا بڵاوبووەوە.

ئامێرەکانی نێسپرێسۆ

ئامێری قاوەکانی نێسپرێسۆ چەند جۆرێکی قەبارە جیاواز و هەمەجۆری هەیە، ئامێرەکانی لەلایەن کۆمپانیا ناودارەکانی وەک کرۆبس و میکس و دیلۆنجی دروست دەکرێن. هەندێک لە ئامێرەکان شوێنی تایبەتی ئاو تێکردن و تێکردنی شیریان هەیە و بە پلەی گەرمی دیاریکراو گەرم دەکرێن، قەبارەیان هەمەجۆرە و قەبارەی گەورە و مامناوەند و بچووکیان هەیە. ئامێرە سەردەمییەکانی نێسپرێسۆ هەندێکیان تەکنەلۆجیایان تێدا بەکارهێنراوە و شاشە و ڕووکاری تایبەتییان هەیە و بە کاتێکی دیاریکراو و کەم قاوەکان ئامادە دەبێت، پاککردنەوەیان زۆر ئاسانە و کەپسوولی قاوەکان تەنیا بۆ یەک جار بەکاردێت.

جۆری کەپسوولەکانی نێسپرێسۆ

لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکان کەپسوولەکانی نێسپرێسۆ لە هەموو بازاڕەکانی ئەورووپا بڵاوبووەوە، پاشان لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کەپسوولەکانی نێسپرێسۆ گەیشتنە زۆرێک لە بازاڕەکانی کەنەدا و ئەمریکا. کەپسوولەکان بە گشتی دوو جۆریان هەیە، کپسوولی نێسپرێسۆی ئاسایی و کەپسوولی نێسپرێسۆی ڤێرتۆلاین. ئەم دوو جۆرە لەڕووی قەبارە و بڕی قاوەکە، جۆری قاوەکە، جۆری بەرهەمهێنان و ترشاندنی پێکهاتەی قاوەکەی ناویان جیاوازن. تامی کەپسوولەکانی نێسپرێسۆ هەمەجۆر و جیاوازن و بۆ یەک جار بەکاردێن، هاوکات هەر جۆرێکی ڕەنگی تایبەتی خۆی هەیە و ڕەنگەکەی ئاماژەیە بۆ جۆر و تام و بڕی کافایین لە کەپسوولەکەدا.

دیارترین جۆری کەپسوولی قاوەکانی نێسپرێسۆ

کەپسوولی ئێسپرێسۆ

جۆرێکی باوی کوالێتی بەرزی قاوەی نێسپرێسۆیە، تام و بڕی کافایینەکەی جیاوازە و شەش جۆری هەیە، کەپسوولی ئێسپرێسۆ لە کوپ و گڵاسی بچووک پێشکەش دەکرێت، تا ڕادەیەک بڕی کافایینی ئەم جۆرە کەپسوولە بەرز و زۆرە.

کەپسوولی لۆنگۆ

ئەم جۆرەی کەپسوولی نێسپرێسۆ بە بەراورد بە کەپسوولی ئێسپرێسۆ بڕی ئاوی زیاتری پێویستە بۆ ئامادەکردنەکەی و چوار جۆری سەرەکی هەیە، بڕی کافایینی ئەم جۆرە کەپسوولە تاڕادەیەک مامناوەندە.

کەپسوولی یەک سەرچاوە

مەبەست لە کەپسوولی یەک سەرچاوە بریتییە لەوەی کە جۆری قاوەکە لە یەک شوێن بەرهەم هێنراوە، چوار جۆری سەرەکی هەیە و بە تامی میوە و گوڵ بەردەستە و بڕی کافایین تێیدا مامناوەندە.

کەپسوولی قاوەی بێ کافایین

کەپسوولی قاوەی بێ کافایین یان دیکافی نێسپرێسۆ چوار جۆری سەرەکی لەم کەپسوولە هەیە، ئەم جۆرەیان کافایینی تێدا نییە و بە تامی هەمەجۆر بەردەستن.

بەرهەمی قاوەی نێسپرێسۆ

براندی نێسپرێسۆ ٢٢ جۆر قاوەی هەیە و ساڵانە دوو جۆری جیاواز لە قاوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و سنووردار دەخاتە بازاڕەکانەوە، نێسپرێسۆ هەموو ساڵێک بۆ ماوەیەکی کەم نوێکاری لە دوو جۆری جیاوازی قاوە دەکات و بۆ ماوەیەکی سنووردار دەیخاتە بازاڕەکانەوە.


سەرچاوەکان



3897 بینین