ئامێری کۆڵتەر

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-27-15:13:00 - کۆدی بابەت: 13008
ئامێری کۆڵتەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئامێری کۆڵتەر (بە ئینگلیزی: coulter counter) ئامێرێکە بۆ ژماردنی قەبارەی تەنۆلکەکان لە شلە ئەلیکترۆلیتەکاندا و بۆ ئەنجامدانی شیکاری یان پشکنینی تەواوی پێکهاتەکانی خوێن (CBC) بەکاردێت. هەڵدەستێت بە جیاکردنەوەی خانەکانی خوێن کە لە توێژینەوەکان و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکاندا سوودی دەبێت. کۆڵتەر ناوێکی بازرگانییە بۆ ئامێرێک کە بەڕێگەی کارەبایی دەتوانێت پشکنینەکان ئەنجام بدات. ناوی کۆڵتەر لە داهێنەری ئامێرەکە واڵس کۆڵتەرەوە هاتووە.

گرنگە جیاوازی لەنێوان Hemocytometer  و ئامێری Coulter  بکرێت، hemocyotometer پێوانی خانەکانە لەژێر مایکرۆسکۆپدا و بەبێ ئامێر، بەڵام ئامێری کۆڵتەر بە بەکارهێنانی تەزووی کارەبا خانەکان دەژمێرێت و پێویست بەبەکارهێنانی مایکرۆسکۆپ ناکات. 

پێش جەنگی جیهانی دووەم، چەندین کاتژمێرییان بە ژماردنی خڕۆکە سوورەکان بەسەر دەبرد، بەڵام ئەم تەکنیکە ئەنجامێکی زۆر ڕاست نادات بە دەستەوە. لە دوای بۆردوومانی ئەتۆمی هێرۆشیما و ناگاسکی دکتۆر واڵس کۆڵتەر تێگەیشت کە پێویست بە دروستکردنی ئامێرێکی سادە، خێرا و پشتپێبەستراو بۆ ژماردنی خڕۆکەسوورەکان بە ڕێژەیەکی زۆر دەکات. دواتر دکتۆر واڵس و براکەی بەخێرایی پەرەیان بە ئامێرەکە دا و بۆ ژماردنی خانەکانی خوێن بەکارهات. 

چۆنیەتی ئیشکردنی ئامێرەکە

ئەم ئامێرە لە دەفرێک پێکهاتووە کە شلەی تێدایە، تیووبێکی بچووک کە بارگەی (پۆزەتیڤ)ی هەیە لەناو دەفرەکەدا دادەنرێت. تیووبەکە بۆشاییەکی بچووکی تێدایە، ئاسایی یەک یان دوو کەناڵی بچووکی هەیە کە دوو بەشی پێکهاتوو یان دوو ژوور لە شلەی ئەلیکترۆلایت لە یەکتر جیادەکاتەوە. کاتێک ئەو شلەیەی لە پێکهاتەکان یان خانەکان پێکهاتووە بەناو کەناڵەکەدا تێپەڕ دەبێت، هەر تەنۆلکەیەک بۆ بەرگری کارەبایی بۆ شلەکە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی کورت. ئامێری کۆڵتەر ئەم گۆڕانکارییە لە بەرگری کارەباییەکەدا دەردەخات. لە ناو ئامێرەکە بۆشاییەک هەیە، تەزووی کارەبا بەناو بۆشاییەکدا لە ژوورێک یان بەشێکەوە کە شلەی تێدایە بۆ ژوورەکەی تر دەگوازرێتەوە. لە کاتی تێپەڕبوونی خانەکان یان تەنۆلکەکان بە بۆشاییەکەدا ئەم تەنۆلکانە بەرهەڵستی تەزووی کارە دەکەن و سوڕە کارەباییەکە دەپچڕێنن ئەمەش بەهۆی ئەوەی توانای گەیاندنی کارەبایان نییە تاکوو بەردەوامی بە سوڕە کارەباییەکە بدەن، پچڕاندنی ئەم تەزووی کارەبایە لێدان (pulse) ێک دروست دەکات، بەرزی ئەم لێدانە دەبێت بە بەشێک لە قەبارەی خانەکان و بەهۆی بەرهەڵستیکردنەوە خانەکان دەژمێردرێن. ئەم ئامێرە پشت بە شێوە و چڕی تەنۆلکەکان نابەستێت. ئەوەی گرنگە و ئامێرەکە پشتی پێ دەبەستێت قەبارەی خانەکانە. 

سوودەکانی ئەم ئامێرە

ئامێری کۆڵتەر تەنها لە بواری پزیشکی و توێژینەوەی زانستی بەکارنایات بەڵکوو لە چەندین پیشەسازیدا بەکاردێت. 

  • سەربەخۆ لە تایبەتمەندییە بینایی و کیمیاییەکانی تەنۆلکە. 
  • دەتوانێت بۆ هەر تەنۆلکەیەک کە لە شلەدایە بەکاربێت. 
  • وزەی کەمی پێویستە.

ئەنجامدانی پشکنینی تەواوی پێکهاتەکانی خوێن لە ڕێگەی ئامێری کۆڵتەرەوە

ئامادەکردن و چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە لە ڕێگەی ئامێرەکەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دەبێت. لە دوای وەرگرتنی خوێن، خوێنەکە لە ناو تیووبی EDTA دادەنرێت. دواتر زانیارییەکانی نەخۆشەکە لەناو ئامێرەکە داخڵدەکرێت و پشکنینەکە ئەنجام دەدرێت. پێویستە ڕۆژانە لە باش ئیشکردنی ئامێرەکە دڵنیا ببیتەوە تاکوو بتوانێت ئەنجامەکان پشتپێبەستراو بێت. ئەگەر ئەو نموونە یان خوێنەی بەکاری دەهێنیت مەیینی تێدا ڕوودابوو، ئەو کاتە ئامێرەکە لە خوێندنەوەی ئەنجامەکاندا هەڵە دەکات ئەمەش لەبەر ئەوەی ئامێرەکە پشت بە قەبارەی خانەکان دەبەستێت ئەگەر خانەکانیش بەیەکەوە بنووسێن و مەین تێیاندا ڕووبدات ئەو کاتە ئەنجامەکان هەڵە دەخوێنێتەوە. یان هەندێک جار ئەو تیووبەی لە ئامێرەکەدا خوێن ڕادەکێشێت بەتەواوی نەخراوەتە ناو نموونەی خوێنەکە، بەمەش بڕێکی کەم خوێن وەردەگیرێت و ئەنجامەکان کەمتر لە ڕێژەی ڕاستی کە لەناو نموونەی خوێنەکەدایە دەردەچێت. 


سەرچاوەکان



672 بینین