کۆمەڵکوژی ڕەفەح ساڵی ٢٠٢٤

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-27-21:36:00 - کۆدی بابەت: 13017
کۆمەڵکوژی ڕەفەح ساڵی ٢٠٢٤

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کوشتارگەی ڕەفەح یان کۆمەڵکوژی ڕەفەح ساڵی ٢٠٢٤ (بە عەرەبی: مجزرة رفح، بە ئینگلیزی: Rafah massacre 2024) کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن هێزی ئاسمانی داگیرکاری ئیسرائیلی زایۆنییەوە لە ڕۆژی ٢٦ـی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤ دژی فەلەستینییەکان ئەنجامدرا، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نزیکەی کاتژمێر نۆی شەو هێرشی ئاسمانییان دەستپێکرد و دەوروبەری بەرەکساتیان کردە ئامانج، کە ناوچەیەکە لە ڕەفەح خەڵکی مەدەنی ئاوارەی لە باکووری ڕۆژاوای ئەو شارە تێیدا نیشتەجێ بوون، فڕۆکە سەربازییەکان هەڵمەتەکانیان چڕکردەوە و چادرگەی ئاوارەکانیان لە نزیک کۆگاکانی UNRWA لە باکووری ڕۆژاوای ڕەفەح کردە ئامانج. 

ئەم هێرشەی ئیسرائیل بووە هۆی شەهیدبوونی ٤٥ فەڵەستینی کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵ و ژن بوون، هەروەها سەدان کەسیش بەسەختی تووشی برینداری قورس بوون بە تایبەت حاڵەتەکانی بڕین یان پەڕینی بەشەکانی جەستەیان و سووتاوی توندەوە بریندار بوون. بەهۆی لەکارکەوتنی زۆرێک لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە و ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی یارمەتی پزیشکی پێویست لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی سەختتر کرد.

زانیاری گشتی لەسەر ڕووداوەکە

شوێنی ڕووداوەکە  ڕەفەح، فەڵەستین
کاتی ڕووداوەکە ٢٦ـی ئایاری ساڵی ٢٠٢٤، کاتژمێر نۆی شەو
جۆری هێرشەکە هێرشی فڕۆکەوانی
ئەنجامدەر   سوپای فڕۆکەوانی ئیسرائیلی زایۆنی داگیرکەر
شەهیدبوون ٤٥ کەس
برینداربوون   سەدان کەس

هۆکار و پاشکۆی ڕووداوەکە

بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتی جیهان

چەند ڕۆژێک پێش ئەم کۆمەڵکوژییە دادگای دادی نێودەوڵەتی بڕیارێکی گرنگی دەرکرد و فرمانی بە ئیسرائیل کرد ڕاستەوخۆ هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر شاری ڕەفەح ڕابگرێت، دەرکردنی ئەم بڕیارە لە ئەنجامی داواکارییەکی بەپەلەی ئەفریقای باشوورەوە هات، کە ئیسرائیلی بە قەوارەیەکی پێشێلکار تۆمەتبار کرد هاوکات بە پابەندنەبوونی بە بەندەکانی ڕێککەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆسایدیش تۆمەتبار کرد.  

هەروەها دادگای دادی نێودەوڵەتی داوای لە ئیسرائیل کرد کە ڕێوشوێنی ڕێگریکردن لە کردەوەی جینۆساید لە فەڵەستین بگرێتەبەر و دڵنیابێت لەوەی کە هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ بەربەست بگەنە غەززە، ئیسرائیل نەک هەر بابەتەکەی پشتگوێخست بەڵکو ڕەتی کردەوە و بەبێ وەستان بەردەوام بوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر غەززە و ڕەفەح، بۆیە بە بیانووی نەهێشتنی حەماس هێرشە ئاسمانییەکانیان زیاتر کرد.

ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی بەرگریکارانی فەڵەستین

ئەم کۆمەڵکوژییە دوای کەمتر لە دوو ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی لایەنە بەرگریکارەکانی فەڵەستین ڕوویدا، کە تێیدا یەكینەكانی قەسام کە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسن سەرکەوتوو بوون لە کوشتن و بریندارکردن و گرتنی ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی داگیرکەر لە ناوچەی جەبەلیا، وەک لەلایەن وتەبێژی فەرمیی یەکینەی قەسام ئەبو عوبەیدە هەواڵەکە ڕاگەیەندرا. جگە لەو بۆردومانانەی کە لەلایەن یەکینەکانی قەسامەوە چەند کاتژمێرێک پێش ڕووداوی کۆمەڵکوژییەکە شاری تەلئەبیب و ناوچەکانی تری کردە ئامانج.

ڕووداوی کۆمەڵکوژییەکە 

دوای کاتژمێر نۆی شەو هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی توندوتیژی دەستپێکرد کە باکووری ڕۆژاوای شاری ڕەفەحی کردە ئامانج، فڕۆکە جەنگییەکان مووشەکبارانی سەر کۆمەڵێک شوێنی نزیک لە یەکتریان کرد، لەنێویاندا چادرگەی ئاوارەکانی خەڵکی مەدەنی شاری ڕەفەح لە ناوچەیەکی نزیک کۆگاکانی UNRWA کرانە ئامانج. 

ڤیدیۆکانی نێو سۆشیال میدیا و تۆڕی؟کۆمەڵایەتی ئێکس و ڕاگەیاندنەکان لە شوێنی ڕووداوەکە ڕوون بوو بۆ هەموان کە ئەوەی ڕوویدا ئاماژە بوو بۆ کۆمەڵکوژییەکی ڕاستەقینە، تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاکەوتن سەرباری کەمی ژمارەیان بە مەبەستی گواستنەوەی بریندارەکان پەلەیان کرد بۆ شوێنی ڕووداوەکە بۆ نەخۆشخانەکان و هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی کە دەتوانرێت ڕزگار بکرێت.

تیمەکانی مانگی سووری فەڵەستین دەستیان کرد بە گواستنەوەی بریندار و شەهیدەکان، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ژمارەی قوربانیانی ئەم کۆمەڵکوژییە لە سەرەتادا گەیشتە ٢٨ شەهید جگە لە دەیان بریندار کە زۆری قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون. دوای تێپەڕبوونی دەیان خولەک بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تیمەکانی فریاکەوتن نەیانتوانی تەرمی هەموو شەهیدەکان دەربهێنن، بەتایبەتی کە ژمارەیەکیان لە ئەنجامی ئەو جۆری مووشەکانەی لەم بۆردومانەدا بەکارهێنرابوون تووشی سووتاوی سەخت ببوون.  دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو دوای ئەوەی ئیسرائیل چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دەروازەی ڕەفەحی داگیرکرد (دەروازەی سنووری نێوان میسر و ئیسرائیل) ڕێگری لە فەڵەستینییەکان کرد کە بەکاری بهێنن، ئەمەش لە ژێرڕۆشنایی بێدەنگی لایەنە عەرەبییەکان و وڵاتی میسر.

لە کەرتی غەززە و ناوچەکانی نزیک کەرتی غەززە و شارەکانی دەوروبەری نموونەی ڕەفەح لەزۆر ڕووەوە لە خزمەتگوزاری دەرچوون، ئەو چەند نەخۆشخانەیەی کە مابوونەوە بەدەست کەمییەکی زۆری خزمەتگوزارییەکان و فشارێکی گەورەی مرۆییەوە دەناڵێنن.

لە وێنە و ڤیدیۆکانی ڕاگەیاندنەکانەوە دەرکەوتووە کە دەیان بریندار دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی خاچی سوور لە ڕەفەح، کۆمەڵکوژییەکە بووە هۆی کوشتن و ئاوارەبوون و وێرانکارییەکی زۆر، زۆربەی بریندارەکان و ڕزگاربووان یان تووشی بڕینەوە و پەڕینی بەشەکانی جەستە بوون یان تووشی سووتاوی سەخت بوون یاخود هەردوو دۆخەکەیان هەبوو سووتاوی و بڕینەوە. ژمارەی شەهیدان و قوربانیانی ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ ٣٥ شەهید بەرزبووەوە کە زۆریان منداڵ و ژن و کەسی ئاوارە بوون.

شوێنی بە ئامانجگیراو

لە میانەی دوای ڕووداوەکانی تۆفانی ئەقسا داگیرکەری ئیسرائیل لە بڵاوکراوە کاغەزییەکانی پێشووی خۆیدا کە بۆ خەڵکی مەدەنی لەڕێی فڕۆکەوە دەیخستە خوارەوە لە کەرتی غەززە، لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکانی ڕۆژاوا و لە میانەی دەیان دەرکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا لەلایەن بەرپرسە جۆراوجۆرەکانیانەوە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ناوچەی ڕەفەح ناوچەیەکی ئارام و پارێزراوە و بوردمانی ناکەن، داوایاۆ لە فەڵەستینییەکان کرد کە بەرەو ئەو ناوچەیە کۆچ بکەن بۆیە هەزاران کەس ئاوارەی ڕەفەح بوون بەتایبەتی بەشی باشوور شارەکە، پاشان ئیسرائیلی داگیرکەر بە خێرایی دەستی کرد بە ئامانجکردنی ڕەفەح بە چەکی جۆراوجۆر. لیژنەی فریاگوزاری لە پارێزگای ڕەفەح ڕایگەیاند کە ئەم کۆمەڵکوژییە هەموو بانگەشەکانی  ئیسرائیلی داگیرکەر سەبارەت بە بوونی ناوچەی سەلامەت لە ڕەفەح بەدرۆ وناڕاست دەخاتەوە.  هەروەها مانگی سووری فەلەستین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ناوچەیەی داگیرکەر کردوویەتییە ئامانج، ناوچەیەکی مرۆییە کە پێشتر فەلەستینییەکان ناچار بوون کۆچی بۆ بکەن.

زانیاری گشتی لەسەر شاری ڕەفەح

ڕەفەح شارێکی سنوورییە لە نێوان سنووری فەڵەستین و میسر، دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززەوە و بە دووری ١٠٧ کیلۆمەتر لە قودسەوە دوورە و لە بەشی باشووری ڕۆژاوای قودسەوەیە، ڕووبەری شارەکە ٥٥ کیلۆمەتر دووجایە، شارەکە دەروازەی ڕەفەحی تێدایە کە سنووری نێوان وڵاتی میسر و فەڵەستینە.

کاردانەوەکان

هەروەک ماوەی ڕابردوو و لە سەرەتای دەستپێکردنی تۆفانی ئەقسا، ڕۆڵی حکوومەتەکانی جیهان و ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی تەنها خۆی لە ئیدانەکردن و وتاری سەرکاغەز و بەر کامێرا دەبینێتەوە، بەبێ بوونی هیچ هەڵوێستێکی کرداری و ڕاستەقینە و پشتیوانی واقیعی بۆ کەرتی غەززە. ئەم ڕووداوەش وەکوو ڕووداوی کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییەکانی تری ئیسرائیلی داگیرکەر بۆ سەر کەرتی غەززە و فەڵەستین تەنها ئیدانەکرا.


سەرچاوەکان



301 بینین