توندوتیژی لە خوێندنگە

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-13-17:44:00 - کۆدی بابەت: 13160
توندوتیژی لە خوێندنگە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

توندوتیژی لە خوێندنگە بە ئینگلیزی (Violence in school)، بە عەرەبی (العنف في المدرسة)، توندوتیژی لە خوێندنگە بە هەردوو جۆرەکانیەوە لە بواری جەستە و لە بواری دەروونی بەکاردەهێنرێت ئەویش لە نێوان خوێندکاران خۆیاندا، یان لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا، هەروەها بوونی توندوتیژی دژ بە موڵکی گشتی لە قوتابخانە بە شێوەی شکاندن، یان بە لەناوبردنی کەل و پەلی خوێندنگە بەکاردەهێنرێت. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەکارهێنانی توندوتیژی لە پەروەردەکردنی خوێندنگە بە یاسا قەدەغەیە و ڕێگەی پێنادرێت.

سەرچاوەی بەکارهێنانی توندوتیژی لە خوێندنگە 

١. خێزان: کە تیایدا توندوتیژی وەکو ئامڕازێک بۆ پەروەردەکردنی منداڵ بەکاردەهێنرێت.

٢. خوێندنگە: وەکو ئامڕازێک بۆ چاککردنی ئاستی خوێندن و لادان و ڕەفتار بەکاردەهێنرێت.

٣. هاوڕێ و دەوروبەر: بەردەوام توندوتیژی بەکاردەهێنرێت، تا ئەنجامدانی تاوان بە کردار دەبێت.

٤. چینی کۆمەڵایەتی: هەژاری و بێکاری.

٥. میدیا: بەبێ هەڵسەنگاندن و ڕێگە گرتن لە فیلمە توندوتیژەکان و یاری کۆمپیوتەر.

٦. کۆمەڵ: ڕێژەی توندوتیژی تیایدا بەرزبۆتەوە.

بە پێی بۆچونی هەندێک لە زانایانی پەروەردە هۆکاری توندوتیژی لە لای منداڵ و گەنجان بە گشتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبیننەوە:

١. نەتوانینی دەربڕینی هەستەکانیانە بە ڕێگەی گفتوگۆ.

٢. ترس لە دەوروبەری کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە کەمی.

٣. بێ تاقەتی و بێ بەرنامەیی، گەڕان بە دوای شتی سەرنج ڕاکێشەر.

٤. بوونی ئەزموونی توندوتیژی مناڵی لە ناو خێزاندا.

٥. لاسایکردنەوەی بەرنامەی میدیاکان کە دەبینرێت.

هەندێک هۆکاری دروستبوونی توندوتیژی کە تایبەتە بە تایبەتمەندی خوێندنگەکانەوە 

  • شێوە و پێکهاتەی خوێندنگە هەندێک جار هۆکاربووە بۆ دروستبوونی توندوتیژی، بۆ نموونە جیاکردنەوەی خوێندکار لە پۆلەکاندا بە پێی زیرەکی یان گروپی ناکۆکی، ئەمانە ڕێگە خۆشکەرن بۆ دروستبونی توندوتیژی.
  • فراوانی خوێندنگە و گەورەیی پۆل هۆکارە بۆ دروستبوونی توندوتیژی، چونکە چاودێری و ئاگاداربوون قورس دەکات.
  • ڕەنگ و پێکهاتەی ناو خوێندگە و نەبوونی خزمەتگوزاری.

چارەسەری توندوتیژی لە خوێندنگەدا

توێژەری کۆمەڵایەتی دەبێت بە چالاکی کار بکات، پڕۆژەی کارکردن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە قوتابخانە پێشکەش بکات. توندوتیژی زۆر بوو لە قوتابخانە، دەبێت بەرنامەی خوێندن لە قوتابخانە بگۆڕێت، کە تیایدا دەبێت قوتابخانە بە وردی هۆکارەکانی بدۆزێتەوە و نزیک ببێتەوە لە ژیانی خوێندکاران.

هەندێک هەنگاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە خوێندنگە و بەشداریکردنی

١. پێویستە  لەگەڵ کەسی توندوتیژ لێکراو و کەسی بەکارهێنەر و دایک و باوکیان دانیشتنی ڕێنمای ئەنجام بدرێت. دەبێت لە پۆلدا خوێندکاران و مامۆستاش بەشداربن لە باسکردنی زیانەکانی توندوتیژی، بە تایبەتی کاریگەری توندوتیژی لەسەر کەسێک کە بەرانبەری دەکرێت.

٢. لە خوێندنگە بە گشتی باسی توندوتیژی و ڕێوشوێنی دوورکەوتنەوە لە ڕەفتاری شەڕانگێزی بۆ خوێندکارانی تەمەنە جیاوازەکان بکرێت. هاندانی خوێندکاران کە کێشەکان بەبێ توندوتیژی چارەسەر بکرێن

٣. جێبەجێکردنی ڕێنمایی و سزاکان بەسەر ئەو خوێندکارانەی توندوتیژی بەکاردەهێنن لە خوێندنگەدا.

٤. دەبێت ڕاهێنان بە منداڵ بکرێت تا متمانەی بەخۆی هەبێت.

توندوتیژی لە لایەن مامۆستاوە بەرانبەر خوێندکار

توندوتیژی لە لایەن مامۆستا بەرانبەر خوێندکار، هەندێک پەروەردەی هەڵە هەیە کە لەلایەن مامۆستاوە هەروەکو کۆن بەکاردەهێنرێت، بۆ نموونە لێدان و سزای جەستەیی کە ناگونجێت لەگەڵ ئاستی ئەو هەڵەی کە منداڵەکە ئەنجامیداوە. لە سەردەمی هاوچەرخدا یاسا دەرکراوە کە نابێت توندوتیژی بەکاربهێنرێت، بەڵام لە هەندێک قوتابخانە بە کەمی بەکاردەهێنرێت، لە لایەکی ترەوە توندوتیژی دەروونی زیادی کردووە بە تایبەتی بەرامبەر خوێندکاران لە قۆناغی هەرزەکاریدا، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر خوێندکار هەندێک جار دەبێتە هۆی وازهێنانی لە خوێندنگەدا.


سەرچاوەکان



29 بینین