ناوهڕۆك
سەرەتا
پاشا باڵدوینی چوارەم (بە عەرەبی: الملک بالدوین الرابع، بە ئینگلیزی: King Baldwin IV) بە پاشا باڵدوینی قودس ناسراوە. یەکێک بووە لە سەردارە مەسیحییەکان، کە ناسناوی Leper kingی لێنراوە کە ئەویش بەهۆی ئەو نەخۆشییەی هەیبوو کە نەخۆشییەکی پێست بوو. باڵدوین پاشای شاری قودس بووە لە نێوان ١١٧٤-١١٨٥، کۆتا دەسەڵاتداری خاچ پارێزان بوو لە خاکی پیرۆز، کە دوای ئەوە لەلایەن موسڵمانان بە سەرکردایەتی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیووبی شارەکە ڕزگار کرا. لای مێژوونووسان دەگوترێت "باڵدوین ئەو پاشایە بوو کە بەسەر سەڵاحەدیندا سەرکەوت و هەر لەلایەن سەڵاحەدینیشەوە کۆتایی بە حووکمەکەی هات".
زانیارییە گشتییەکان
ناو | باڵدوینی چوارەم |
لەدایکبوون | ساڵانی ١١٦٠کان |
شوێن | شانشینی قودس |
مردن | ساڵی ١١٨٥ |
تەمەن | زۆرینەی سەرچاوەکان دەڵێن ٢١ ساڵ تەمەنی بووە، هەندێکی تر دەڵێن ٢٤ ساڵ ژیاوە. |
گۆڕ | کڵێسای Holy Sepluchre |
ماوەی دەسەڵات | ١١٧٤-١١٨٥ |
جێنشین | باڵدوینی پێنجەم |
باڵدوین هەر لە منداڵییەوە تووشی نەخۆشی گەڕی ببوو، هەر لەو تەمەندا نیشانە سەرەتاییەکانی تێدا دەرکەوتبوو، بەڵام وەک ڕەنگدانەوەی بەسەر تەواوی جەستەیی و کاریگەرییەکانی لەسەری، لەو کاتەدا بوو کە جێگەی تەختی باوکی کە پاشا ئامالریک بوو، کە لە نێوان ساڵانی ١١٦٣-١١٧٤ پاشا بوو گرتەوە لە ساڵی ١١٧٤زایینی.
ئەم نەخۆشییە بە جۆرێک کاریگەری لە باڵدوین کردبوو کە هەستی بە دەستەکانی و پێیەکانی نەدەکرد، سنووری دەسەڵاتی پاشا باڵدوین لەلایەن ڕایمۆندی سێیەمی تریپۆلی حووکم دەکرا تا ئەو کاتەی باڵدوین تەمەنی گەیشتە تەمەنی بەرپرسیاریەتی.
تەمەنی منداڵی
سەرچاوەکان دەڵێن باڵدوینی چوارەم یاخود باڵدوینی قودس، لە ناوەڕاستی ساڵانی ١١٦٠ـکاندا لە دایکبووە. خێزانەکەی باڵدوین لە باوکیەوە خزمایەتیان لەگەڵ پاشا باڵدوینی سێیەمدا هەبوو کە ئایینی مەسیحی بە زەبری هێز لە شانشینی قودس و خاکی پیرۆزدا بڵاوکردووەتەوە.
پاشا ئەمالریک دوو منداڵی هەبوو کوڕ و کچێک بەناوەکانی باڵدوین و سیبێلا، باڵدوین هەر لە منداڵییەوە دوور لە سۆزی دایک گەورە بووە، چونکە ئەنجوومەنی باڵای شانشینی قودس شاژنیان لە پۆستەکەی دوور خستەوە و بە پێی یاساش هاوسەرگیری نێوان پاشا و شاژنیش هەڵوەشایەوە.
کاتێک باڵدوین تەمەنی شەش ساڵ بوو، باوکیی هاوسەرگیری لەگەڵ ماریا کۆمنێنیدا کرد بەمەش هێندەی تر باڵدوین بێئومێد و گۆشەگیر بوو، چونکە منداڵ دوور لە دایکی هەست بە ژیان کردن ناکات، هەرگیز بۆشایی نەبوونی دایک پڕ نابێتەوە. گەرچی شاژنی نوێ بۆ باڵدوین زۆر باش بوو و هەوڵی دەدا وێنەی دایکایەتی نیشان بدات، بەڵام باڵدوینی منداڵ ئەمەی ڕەت دەکردەوە.
پەروەردە و فێرکردن
کاتێک باڵدوین هێشتا منداڵ بوو، لەبەر مەترسی کۆمەڵگا موسڵمانەکانی دەوروبەری قودس و زۆربوونی ژمارەی موسڵمانان، پاشا ئەلمێریک هەستی بەوە کردبوو ڕۆژێک دێت قودس دەگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی موسڵمانان، ئەو ڕۆژە هەر دێت، نزیک بێت یان دوور. بۆیە زۆر تیشکی خستبووە سەر پەروەردە کردنی کوڕەکەی بۆ ئەوەی پاشایەکی نموونەیی لێ بێتە بەرهەم. بۆ ئەمەش باڵدوینی نۆ ساڵان لەگەڵ ولیەمی تیر دەژیا، کە ئەرکی پەروەردە کردنی گرتبووە ئەستۆ.
سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەی نەخۆشییەکەی
ولیەم کە ئەرکی پەروەردەکردنی شازادە باڵدوین و چەند منداڵێکی تری پێ سپێردرابوو تێبینی ئەوەی کردبوو باڵدوین هەرگیز نەدەگریا کاتێک ئازاری پێ دەگەیشت، یان کاتێک بە سەختی زەبری بەردەکەوت هەستی بە ئازار نەدەکرد. بە تایبەتی ئەم تێڕامانەی ولیەم لە کاتێکدا بوو کە چەند جارێک باڵدوین لە قۆڵی ڕاستیدا زەبری بەرکەوتبوو بەڵام ئاسایی ڕەفتاری دەکرد و هەستی بە ئازار نەدەکرد.
پاشا ئەلمێریک، کۆمەڵێک موسڵمانی عەرەبی ڕاسپاردبوو کە شازادە فێری ئەسپسواری بکەن. بە تایبەتی هەندێک هونەر کە خانەدانە فرانکییەکان پەیڕەویان دەکرد ئەویش بە یەک دەست زینی ئەسپەکەیان دەگرت.
مامۆستاکانی دەیان گوت: باڵدوین فێرخوازێکە، بەخێرایی فێر دەبێت، گوێڕایەڵ و چوست و چالاکە. کاتێک چیرۆک و داستانی پاڵەوانەکان دەگێڕدرێنەوە، باڵدوین بە سەرنجەوە گوێ دەگرێت بۆ ئەوەی لە پەیامی چیرۆکەکان بگات.
بوون بە پاشای قودس
دوای مردنی پاشا ئەلمێریک، دادگای باڵای قودس کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ ببێتە جێنشینی پاشا، لەو ساتەدا باڵدوین هێشتا نەخۆشییەکەی بەتەواوی لێ دەرنەکەوتبوو، پزیشکی شاهانە پشکنینیان بۆ ئەنجامدا، بۆیان دەرکەوت باڵدوین نەخۆشی leprosy یان گەڕی هەیە.
مەرجی جێنشینی ئەوە بوو کە شازادە هیچ نەخۆشییەکی نەبێت، بەڵام نەبوونی جێگرەوە بۆ باڵدوین، و بە هۆی نەریتی خوێنی شاهانە کە باڵدوین نزیکترین کەسی پاشای کۆچ کردوو بوو، بۆیە بڕیاردرا سەرباری ئەوەی نەخۆشی درێژخایەنی هەیە بکرێت بە جێگرەوەی پاشا. هۆکارێکی تریش ئەوە بوو پاشای کۆچ کردوو جگە لە باڵدوین، هیچ کوڕێکی تری نەبوو.
لە هاوژینی دووەمی دوو کچی هەبوو. بەپێی یاسا شازادە خاتوون مافی بوونە دەسەڵاتداری هەبوو بە مەرجێک هاوسەرگیری کردبێت، بەڵام هیچ کام لە سێ کچەکەی ئەلماریک هاوسەرگیریان نەکردبوو.
دوای سێ ڕۆژ لە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بۆچوون لە دادگای باڵای قودس، باڵدوینی چوارەم وەک پاشای نوێی شانشینی قودس دەستنیشان کرا، بڕیاریش درا هاوژینێک بۆ سیبێلای خوشکیی باڵدوین بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی سیبێلا ببێتە جێنشینی براکەی.
ڕێوەڕەسمی تاج لەسەر دانان لە کڵێسای Holy sepulchre ئەنجامدرا، نەریتی کڵێساکە وابوو کە لە ڕۆژانی یەکشەممە نەریتی تاج لەسەر دانان ئەنجام دەدەن. ئەوەبوو لە بەرواری ١٥ی تەمووزی ساڵی ١١٧٤ باڵدوینی چوارەم تاجی لەسەر نرا، کە ئەو بەروارەش ٧٥ـەمین ساڵیادی هێرشکردنە سەر قودس و داگیرکردنی بوو لەلایەن خاچ پارێزانەوە.
ڕێکخستنی کاروباری شانشینی قودس
تا تەمەنی باڵدوین گەیشتە کاتی بڕیاردان و ڕێکخستنی کاروباری دەوڵەت، ڕەیمۆندی سێیەم، نزیکترین هاوەڵی باڵدوین کاروبارەکانی شانشینی قودسی بەڕێوە دەبرد.
سەرچاوە مێژووییە کلاسیکەکان دەڵێن: ولیەمی تیر، دایکی باڵدوینی لە ژێر فەرمانی ڕەیمۆند گەڕاندەوە بۆ کۆشکی شاهانە. بەڵام سەرچاوە مێژووییە هاوچەرخەکان دەڵێن باڵدوین دایکی خۆی قبووڵ نەکردووە، چونکە بێ ئەو گەورە بووە، چونکە باڵدوین تەمەنی دوو ساڵ بوو کاتێک شاژن دوور خرایەوە.
بوون بە پاشا بە شێوەیەکی فەرمی
لە بەرواری ١٥ی تەمووزی ١١٧٦ باڵدوین دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پێدرا، لێرە بەدواوە جگە لە باڵدوین هیچ کەسێکی تر لە پلەی باڵای دەسەڵاتدا نەبوو.
باڵدوین دەیویست چی بکات؟
بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، باڵدوین دەیویست کۆمەڵگەیەکی کریستیانی دروست بکات لە خاکی پیرۆزدا، بێ ئەوەی سنووری پیرۆزییەکانی ئایینەکانی تر ببەزێنێت. کە لەو شانشینەدا موسڵمان و جوولەکەش بوونیان هەبوو.
فەرماندە سەربازییەکانی ژێر دەسەڵاتی باڵدوین پێیان وابوو دەبێت خاکی پیرۆز بە تەنها دەبێت کریستیانی بێت، بەڵام باڵدوین دەیگوت ئێمە پرسی ئاشتی لەگەڵ سوڵتان سەڵاحەدین کۆتایی پێ ناهێنین و بەردەوام دەبین. لەگەڵ ئەوەشدا پێی باشبوو کە دەسەڵاتی سوڵتان سەڵاحەدین لە خاکی پیرۆزدا سنووردار بکرێت.
پلاندانان بۆ هێرشی پێچەوانە
باڵدوینی چوارەم، پلانی هێرشکردنە سەر میسڕ و شامی دانا، بۆ سنووردار کردنی دەسەڵاتی سوڵتان سەڵاحەدین، نەوەک بۆ داگیرکردنی میسڕ و شام، بۆ ئەمەش ناکۆکی نێوان سوڵتان و حەشاشییە لیڤانتییەکان یاخود حەشاشییەکانی شام لە بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا. خاچ پارێزان بە سەرکردایەتی باڵدوین و ڕەیمۆند لە قودس و تریپۆلی بەڕێکەوتن، هێرشیان کردە سەر دۆڵی بەقا، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ خاکی لوبنانە، لەم هێرشەدا لەشکری سوڵتان سەڵاحەدین گۆڕەپانی جەنگیان جێهێشت و بەرەو دیمەشق پاشەکشەیان کرد.
بۆ لاوازکردنی زیاتر، باڵدوین داوای پشتیوانی دەریایی کرد لە ئیمپڕاتۆر مانوێلی قوستەنتین، لە زستانی ساڵی ١١٧٦-١١٧٧ ڕازی بوو کە پشتیوانی پاشا باڵدوین بکات.
هێرشی دووەم
جارێکی تر خاچ پارێزان خۆیان بۆ هێرشێکی تر ساز کرد، ئەویش لە چەند لایەکەوە، یەکەمیان پارێزگاری کردن لە غەززە، دووەمیان هێرش بۆ سەر حەمما، سێیەمیان عەسقەلان. باڵدوین بە شێوازێکی تاکتیکی هێرشی کردە سەر سەڵاحەدین کە سوڵتان بە ئەستەم ڕزگاری بوو. هۆکاری ئەم شکستەی موسڵمانان ئەوە بوو نەیانزانی لەشکرێک لە عەسقەلانەوە دێت بۆ یارمەتی خاچ پارێزان.
باڵدوین ئەو ناوچانەی بە دەستی هێنابوو، بڕیاریدابوو بە کریستیانیان بکات، سەڵاحەدین لە ڕێگەی تەتەرەکانی چەندین جار داوای کرد کە دیمۆگرافیای ناوچەکە نەگۆڕێت و موسڵمانان دەربەدەر نەکات، هەر چەندە باڵدوین وەڵامی داواکارییەکانی سوڵتانی نەدایەوە، بەڵام لەگەڵ ئازاردانی موسڵماناندا نەبوو، کۆمەڵگەی تایبەت بەخۆیانی بۆ دروستکردبوون.
کۆتا ساڵەکانی ژیانی
لە ساڵی ١١٨٣ بە دواوە باڵدوین بە تەواوی توانای ڕۆیشتنی لە دەستدا، بێ یاریدەدەر نەیدەتوانی ڕێ بکات. تەنانەت بینایی چاوەکانیشی بە هۆی وشک بوونەوەی پێستی لە دەستدا. لە ساڵی ١١٨٤ باڵدوین خوشکەزایەکی کە ناوی باڵدوینی پێنجەم بوو دەستنیشان کرد وەک جێگرەوەی خۆی.
باڵدوینی چوارەم لە مانگی ئاداری ساڵی ١١٨٥ کۆچی دوایی کرد، کە بە گوێرەی سەرچاوەکان تەمەنی لە نێوان ٢١-٢٤ ساڵدا بوو. بەر لە مرنی لەگەڵ سەڵاحەدینی ئەیووبی یەکتریان بینیبوو کە باڵدوین لە بەرامبەر چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی بە دەستی پزیشکە تایبەتەکانی سوڵتان سەڵاحەدین بڕیاری بەدەستەوەدانی قودس بێ جەنگ دابوو. سوڵتانیش بەوە ڕازی ببوو بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە قودس کۆچی دوایی دەکات. سەرکردەکانی خاچ پارێز بەرگری لە شارەکە دەکەن بەڵام لە کۆتاییدا شارەکە ڕادەست دەکەن، بەمەش بۆ جارێکی تر موسڵمانان ئاڵای ئیسلام لە شارەکە هەڵدەکەنەوە.
وتە بەناوبانگەکەی باڵدوینی چوارەم
باڵدوین وتەیەکی هەیە کە لە فیلمی Kingdom of heaven (2005) دا بەکارهێنراوەتەوە، کە تیایدا دەڵێت:
"لە تەمەنی ١٦ساڵیمدا جەنگێکی گەورەم بردەوە، لەو کاتەدا دەمگوت ١٠٠ ساڵ دەژیم، بەڵام ئێستا دڵنیام ناگەمە تەمەنی ٣٠ساڵی"
ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەیزانی بە نەخۆشییەکەی دەمرێت.