کڵێسای ئابونا یامەنتە

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-19-18:52:00 - کۆدی بابەت: 13199
کڵێسای ئابونا یامەنتە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کڵێسای ئابونا یامەنتە (بە عەرەبی: کنیسة ابونا یمنتا، بە ئینگلیزی: Abuna Yemanta church) ئابونا یامەنتە بە یەکێک لە کۆنترین کڵێسا و شوێنی پەرستش دادەنرێت بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان، کڵێساکە لە شوێنێکی سەخت و دوورە دەست بنیات نراوە لە وڵاتی ئەسوبیا. 

ناوەڕۆک

کڵێسای ئابونا یامەنتە دەوترێت سەخترین و دوورترین شوێنی پەرستنی سەر زەوییە، کە تەنها دەتوانیت بە پێ بۆی بچیت. ئەم کڵێسایە دەکەوێتە هەرێمی (تیگرەی) لە باکووری وڵاتی (ئەسوبیا). شوێنەکەی دەکەوێتە لوتکەی تاشە بەردێکی ستوونی یەکجار درێژ کە بەرزیەکەی ٢٥٨٠ مەترە کە دەکاتە ٨٤٦٠ پێ. ئەم هەڵکەوتە جوگرافیەی وای کردووە ببێت بە سەخترین شوێنی پیرۆزی ئایینی کە گەیشتن پێی یەکجار زەحمەتە کە تەنها بە پێ دەتوانیت بگەیت بە کڵێساکە و هیچ ڕێگایەکی تری نییە. دروستکردنی کڵێسا لەسەر ئەم بەردە ستوونیانە مێژووییەکی یەکجار دێرینی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەم لە سەردەمی (ئیمپراتۆریەتی ئەکسومایت) واتا زیاتر لە دانەیەک بوونی هەبووە و هەیە لەو ناوچەیە، بەڵام ناگەن بە مێژووی کڵێسای (ئابونا یامەنتە) و سەختی شوێنەکەی.

ئەم کڵێسایانە بە شێوازێکی تەلارسازی یەکجار ناوازەیی دروست کراون کە پێویستی بە لێزانییەکی یەکجار زۆر هەیە، دەبێت ناوەوەی تاشە بەردە ستوونییەکان بتاشرێت بە وریاییەوە. هەر ئەمەشە وای لێکردوون لە سەردەمی هاوچەرخدا وەک نموونەیەکی باڵای تەلارسازی دێرین سەیر بکرێن. ئەم جۆرە کڵێسایانە جگە لەوەی وەکو ناوەندێکی ئایینی بەکارهاتوون، بەڵام لە کاتی جەنگ و پشێوی و ناخۆشییەکان وەکو پەناگەیەکی خۆحەشاردانیش بەکارهاتوون و سوودیان لێ بینراوە. 

مێژووی کڵێسای ئابونا یامەنتە

پەرستگای (ئابونا یامەنتە) مێژووی دروست کردنەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی  چوارەمی زایینی واتا زیاتر لە ١٥٠٠ ساڵ تەمەنیەتی. کڵێساکە تایبەت بووە بە قەشە (یامەنتە) کە لەو کڵێسایە ژیاوە و ئەرکە ئایینی و رۆحانییەکانی خۆی بە جێ هێناوە. هەر بۆیە پەرستگایەکەش بەناوی ئەوەوە کراوە، (ئابونا) واتا باوکە و کە واتای ناوی کڵێساکە بە کوردی ئاوایە کڵێسای (باوکە یامەنتە). قەشە یامەنتا بە پێشڕەوێکی ئایینی گرینگ ئەسوبیا سەیردەکرێت تا ئەم سەردەمەش. 

گرنگی پەرستگای ئابونا یامەنتە

ئەوەی پەرستگای (ئابونا یامەنتە)ی تایبەت و گرنگ کردووە هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەتی کە گەیشتن پێی یەکجار یەکجار سەخت و دژوارە. دیدەنیکاران و سەردانیکەران دەبێت بەسەر هەورازی ڕک و نشێوی سەخت سەربکەون تا دەگەن پێی. هەندێک کات شوێنەکان ئەوەندە نشێو و سەخت دەبن بۆ خۆپارێزی پەتی سەلامەتی دەبەستن. دیدەنیکاران سەختی سەرکەوتن بۆ کڵێساکە وەک گەشتێکی رۆحانی دەبینن و کە دەیان بەستێتەوە بە بیر و باوەڕیان. 

سەر باری سەختی شوێنەکەی کڵێسای (ئابونا یامەنتە) لەم چەند ساڵەی دوایی بۆتە جێگای گرینگی پێدان و بایەخدان، بەهۆی ئەو شێوازە تەلارسازییە نایابەی کە لە دروستکردنی بەکارهاتووە و نیشاندانە بۆ کارامەیی و دەوڵەمەندی کلتور کەلەپووری ئەسیوبی. لەلای ئەسوبییەکان ئەمە تەنها شوێنی پەرستن نییە، بەڵکو جێگایەکە بۆ فێربوون هێمن و ئارامی و لەسەرخۆیی، و پاکبوونەوەی ڕۆحی. 

شایەنی باسە ئەو شوێنەی کە کڵێسای (ئابونا یامەنتە) لێ دروستکراوە واتا هەرێمی (تیگرەی)، چەندین ڕووداوی مێژووی و کلتوری جۆراوجۆر و جیاوازی بە خۆیەوە بینیوە بە درێژای سەردەم و سەدە جیاوازەکان. وەک ناوەندێکی سیاسی و ئایینی بەکارهاتووە، چەندین ئیمپراتۆریەت و شانەشینی جیاواز لێی دروست کراوە و ڕووخێندراوە. لە سەردەمی هاوچەرخیشدا هەرێمی (تیگرەی) هاوڵاتیانی (تیگرەی)ی لێ دەژین کە خاوەنی کولتوور و دابونەریت و زمانی تایبەت بە خۆیانن. 

بۆچی لەم سەردەمەدا گەیشتن بە کڵێساکە سەختە؟ 

لەو چەند ساڵەی دوای بەهۆی کێشە ناوخۆییەکان و مرۆڤییەکانی هەرێمی (تیگرەی) گەیشتن بە کڵێسای (ئابونا یامەنتە) ئەوەندەی تر سەخت بووە. سەرباری ئەوەش کڵێساکە وەک نموونەیەکی زیندووی دەوڵەمەندی کولتووری ئەسیوبیا دادەندرێت. شوێنەکە بووەتە هێمای خۆڕاگری و خواپەرستی. هەر بۆیە ساڵانە بەم شێوە سەختی و دوورییە خەڵکانێکی زۆر سەردانی دەکەن، تاوەکو لە نزیکەوە کڵێساکە ببینن و جوانی ئەم تەلارسازییەی تێیدا بەکارهاتووە ببینن بە چاوەکانیان. 

ئەو نەخش و نیگارانەی لەسەر دیوارەکانی کڵێساکان لە ناوەوەی کێشراوە

نەخش و نیگارەکان تا ئەم سەردەمەش وەکو خۆیان ماونتەوە و دەستکاری نەکراون. لێکۆلینەوەکان بەردەوامە بۆ تێگەیشتن لە واتای نەخش و نیگارەکان، تا بزانن بە چ ئامانجێک و پەیامێک کێشراون. ئەو نەخش و نیگارانە هاوشێوەی ئەوانەن کە لە کڵێساکانی چیای (گێراڵتە) دۆزراونەتەوە. بۆ نموونە کڵێسای (دێبرەی سیان). نەخش و نیگارەکان زیاتر گوزارشت لەو ڕووداو و کەسانە دەکەن کە لە ئینجیلی کۆن دا هەن نەوەکو ئەوانەی ئینجیلی نوێ. هەوای وشک و شێی نێو کڵێساکە بووەتە هۆی کاڵبوونی ڕەنگی نەخش و نیگارەکان شێوە ڕەسەنە کۆنەکەی جارانی نەهێشتووە کە یەکجار سەرنجڕاکێش بوون و بریقەدار بوون ئەو کاتەی کە دروست کراون.


سەرچاوەکان



84 بینین