پشکنینی کۆلیسترۆڵی سوودبەخش (HDL)

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-24-13:25:00 - کۆدی بابەت: 13269
پشکنینی کۆلیسترۆڵی سوودبەخش (HDL)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی کۆلیسترۆڵی سوودبەخش HDL (بە عەرەبی: اختبار البروتين الدهني عالي الكثافة، بە ئینگلیزی: High-density lipoprotein (HDL) test یان good cholesterol test) کە ئاستی کۆلیسترۆڵی سوودبەخش لە خوێندا دەپێوێت. کۆلیسترۆڵ ماددەیەکی مۆمییە کە لە هەموو خانەکانی جەستەدا هەیە. چەندین ئەرکی جیاوازی هەیە، لەوانە یارمەتی دروستکردنی خانەکانی جەستە دەدات. کۆلیسترۆڵ لە ڕێگەی سووڕی خوێنەوە بەناو لەشدا دەگوازرێتەوە و بە پرۆتینەوە بەستراوە کە پێی دەوترێت لیپۆپڕۆتین.

دوو جۆر کۆلیسترۆڵ لە جەستەدا هەیە 

  • لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز (HDL) هەروەها پێی دەوترێت کۆلیسترۆڵی باش
  • لیپۆپڕۆتینی چڕی کەم (LDL) کە پێی دەوترێت کۆلیسترۆڵی خراپ

HDL بە کۆلیسترۆڵی باش ناسراوە چونکە LDL و ترایگلیسیراید و چەورییە زیانبەخشەکان هەڵدەگرێت و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ جگەر ناهێڵێت لە ناو خوێنبەرەکاندا کەڵەکە ببێت و ببێتە هۆی رەقبوون و تەسکبوون یان گیرانی خوێنبەرەکان. کاتێک HDL دەگاتە جگەر، جگەر هەڵدەستێ بە تێکشکاندنی LDL و دەیکاتە زەرداو و دەیکاتە دەرەوەی لەش بەم شێوەیە کاریگەری کۆریسترۆڵی خراپ لەسەر خوێنبەرەکان ناهێڵێت یان کەمیان دەکاتەوە.

پێویستە چی کاتێک ئەم پشکنینە ئەنجام بدرێت؟

پێویستە هەموو گەنجێک لە تەمەنی ٢٠ ساڵی یاخود زیاتر چوار بۆ شەش ساڵ جارێک ئەم پشکنینە ئەنجام بدات لەوانەیە پزیشکەکان بە بەردەوامی پشکنینەکە بۆ ئەو کەسانە ئەنجام بدەن کە:

  • مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ هەیە
  • نەخۆشی شەکرەیان هەیە
  • بوونی مێژووی خێزانی نەخۆشی دڵ 
  • بوونی بەرزی پەستانی خوێن
  • ئەو پیاوانەی کە تەمەنیان لە سەرووی ٤٥ ساڵەوەیە
  • ئەو ئافرەتانەی کە تەمەنیان لە سەرووی ٥٥ ساڵەوەیە
  • جگەرەکێش
  • نەخۆشی دڵیان هەیە یان تووشی جەڵتەی دڵ بوون

هەروەها لەوانەیە پزیشک داوای پشکنینەکە بکات بۆ چاودێریکردنی کاریگەری چارەسەرەکان یان بۆ ئەوەی بزانێت ئایا گۆڕانکارییەکانی شێوازی ژیان وەک خۆراک، وەرزشکردن، یان وازهێنان لە جگەرەکێشان کاریگەریان هەبووە لە دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵ.

پێویستە چۆن خۆت بۆ پشکنینی HDL ئامادە بکەیت؟

پزیشکەکەت ڕێنمایی تەواوت پێدەدات لەسەر چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ پشکنینەکە. لەوانە پێویستە بۆ ماوەی نۆ بۆ ١٢ کاتژمێر پێش ئەم پشکنینە جگە لە ئاو هیچی تر نەخۆیت و نەخۆیتەوە هەروەها پێویستە پزیشکەکەت ئاگادار بکەیتەوە ئەگەر:

  • لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا خۆراکەکەت گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە
  • لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا مەییت خواردووەتەوە
  • لە سێ مانگی ڕابردوودا توشی جەڵتەی دڵ بوویت

هەروەها پێویستە پزیشکەکەت ئاگادار بکەیتەوە دەربارەی هەموو ئەو دەرمان، ڤیتامین و ئەو ماددانەی تر کە دەیانخۆیت.

بۆچی لە کاتی نەخۆشی نابێت پشکنینی HDL ئەنجام بدرێت؟ 

چونکە ئاستی کۆلیسترۆڵ لە کاتی نەخۆشی توند هەروەها ڕاستەوخۆ دوای جەڵتەی دڵ و لە کاتی ڕووداوە سترێسییەکانی وەک نەشتەرگەری یان ڕووداوی سەخت بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێژەکەی دادەبەزێت. باشتر وایە بە لایەنی کەمەوە شەش هەفتە دوای هەر نەخۆشییەکە چاوەڕێ بکەیت پێش ئەوەی کۆلیسترۆڵەکەت بپێویت. هەروەها لە خانماندا کۆلیسترۆڵی HDL دەتوانێت لە کاتی دووگیانیدا بگۆڕێت. پێویستە بە لایەنی کەمەوە  شەش هەفتە دوای منداڵبوون چاوەڕێ بکەیت پێش ئەوەی HDL بپێورێت.

ڕێگاکانی ئەنجامدانی پشکنینەکە

بە ڕێگای ئامێری شیکارە کیمیاییەکان: تەنها سیرەمی نەخۆشەکە ئامادە دەکەین و دەیکەینە ئامێرەکەوە ناوی نەخۆشەکە دەنوسین و دواتر  (HDL)ـەکە هەڵدەبژێرین و start دەکەین پاش چەند خولەکێک ئەنجامەکەمان دەداتێ، باوترین ئامێری شیکارە کیمیایەکانیش بریتین لە (Cobas c 111, Reflotron, Slectra pro s, fujifilm…و چەندانی تر).

ڕێگای مانیۆڵی: سەرەتا سیرەمی نەخۆشەکە ئامادە دەکەین و دواتر بە پێی پڕۆسیجەری (HDL)ـەکە خۆی و بە ئامێری Spectrophotometer پشکنینەکە ئەنجام دەدەین، پڕۆسیجەرەکە لە کۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی تر شێوازی ئەنجامدانەکەی دەگۆرێت.

ڕێژەی ئاسایی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز HDL 

  • پیاوان: ٣٥-٦٥ ملیگرام/دیسیلیتر
  • ئافرەتان: ٣٥-٨٥ ملیگرام/دیسیلیتر
  • هەروەها بەپێی هەندێ سەرچاوەی تر ڕێژەکەی (٤٠-٦٠ ملیگرام/دیسیلیتر)

چۆن دەتوانیت ئاستی کۆلیسترۆڵی HDL بەرز بکەیتەوە؟

دەتوانیت گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانتدا بکەیت بۆ زیادکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵی HDL، لەوانە:

  • چالاکیی جەستەیی: بە لایەنی کەمەوە ٤٠ خولەک وەرزش بکرێت بۆ لەناوبردنی چەوری و لە هەفتەیەکدا سێ بۆ چوار جار ئەنجام بدرێت.
  • خۆراکی تەندروست: دوور بکەوە لە  هەندێک جۆری خۆراکی سورکراوە و  ڕۆنی دروستکراو هەروەها سنووردارکردنی چەورییە تێڕەکان (شیرەمەنی زۆر چەور، گۆشت).
  • جگەرەکێشان: هەوڵبدە واز لە جگەرەکێشان بهێنیت (بەرهەمەکانی تووتن ناسراون بە دابەزاندنی ئاستی HDL و زیادکردنی ئاستی LDL و ترایگلیسراید).
  • خواردنەوە: دوور بکەوەرەوە لە خواردنەوە کحولییەکان کە کاریگەریان لەسەر کەمبوونی HDL هەیە.


سەرچاوەکان



173 بینین