حەوت نهێنی زمانی جەستە کە وادەکات خەڵکی خۆشیان بوێیت

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-24-13:33:00 - کۆدی بابەت: 13270
حەوت نهێنی زمانی جەستە کە وادەکات خەڵکی خۆشیان بوێیت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەوت نهێنی زمانی جەستە کە وادەکات خەڵکی خۆشیان بوێیت (بە عەرەبی: سبعة أسرار للغة الجسد تجعل الناس يحبونك، بە ئینگلیزی: Seven body language secrets that make people love you) نهێنی زمانی جەستە زۆرە، دەتوانیت بە قازانجی خۆت بەکاریان بهێنیت بۆ ئەوەی لەلایەن هەموو کەسێکەوە خۆشەویست بیت. بە درێژایی ڕۆژ ئاماژە بۆ کەسانی تر دەنێری بەبێ ئەوەی هەست بکەیت، شێوازی جوڵە یان شێوازی تەوقەکردن لەگەڵ کەسانی تر و… چەندانی تر.

شتگەلێک هەن کە دەتوانیت لە ڕێگەی ئاماژەوە بنێریت بە بەکارهێنانی زمانی جەستە، کە وا دەکات کەسانی تر تۆیان بەلاوە پەسەند بێت. گۆڤاری ئەمریکی تایم بڵاویکردەوە، کتێبێکی نوێ لەلایەن نووسەر لیل لاوندێسەوە بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەر کەسێک دەتوانێت خۆی لە لای خەڵکی خۆشەویست بکات بە ئەنجامدانی حەوت جوڵەی جەستەیی بەبێ ئەوەی یەک وشە بڵێت.

حەوت نهێنی زمانی جەستە کە وادەکات خەڵکی خۆشیان بوێیت

یەکەم: چوونە ژوورەوە 

ئەو ساتەی کە دەچیتە ژوورەوە ئەو ساتەیە کە خۆت نیشان دەدەیت و لەلایەن کەسانی ترەوە بڕیارت لەسەر دەدرێت، ئەوە بە باشی بەکاری بهێنە، هەندێک پێیان باشە شێوازی زیادەڕەوی بەکاربهێنن وەک چوونەژوورەوەی تاووس، بەڵام ئەمە لە هەموو حاڵەتەکاندا ناگونجێت. یەکێک لە نهێنییە گرنگەکانی زمانی جەستە ئەوەیە ئەو کەسانەی کە هاوڕێیان زۆرە لای خەڵکی خۆشەویستن. بۆیە کاتێک دەچیتە ژوورەوە، سڵاو لە کەسانی ئەو شوێنە بکە، پاشان  ئاماژە بۆ هاوڕێیەکت بکە و بەبێ دەنگی شتێک بڵێ، وەک ئەوەی بڵێیت یەکسەر دێم.. ئیتر کەسەکە بوونی هەبێت یاخود نەبێت، ئەمە بۆ هاوڕێیەکی خەیاڵییە لە شوێنە قەرەباڵغەکان، بزانە کە خەڵکی ١٨٠ پلە سەیری چواردەوری خۆیان ناکەن، بۆیە نازانن ئەم کەسە خەیاڵییە یان ڕاستەقینە، ئەمەش کاریگەری زۆری هەیە لەوانە:

  • خەڵکی پێیان وایە تۆ زۆربەیان دەناسیت
  • خەڵکی سەیری تۆ دەکەن و باوەڕبەخۆبوونت زیاتر دەکات

دووەم: زەردەخەنە

زەردەخەنەیەکی دڵخۆشکەر، لاوندێس ئامۆژگاری خوێنەرانی دەکات کە هەر کە سڵاویان لە کەسێک کرد ڕاستەوخۆ زەردەخەنە نەکەن، بەڵکو پێویستە چاوەڕێ بکەن تا نزیکەی چرکەیەک سەیری کەسی بەرامبەر بکەن، چونکە  بەبێ ئەوەی ئامانجەکە دیاری بکەن کەسەکە بە زەردەخەنەیەکی گشتی لێکی دەداتەوە، نەک تایبەت بەو کەسەی کە دەیکاتە ئامانج، چاوەڕوانی و دیاریکردنی ئامانج ئەوەیە کە کەسی بەرانبەر قەناعەت پێبکەیت کە زەردەخەنەکەت ڕاستگۆیانە و لە دڵەوەیە بۆ کەسی مەبەست. بە شێوەیەک زەردەخەنە بکە وەک ئەوەی دڵخۆش بیت کە لەوێیت گرنگ نییە کە کێیت. لە زەردەخەنەدا زیادەڕەوی مەکە و بە دەنگی بەرز پێمەکەنە. تەنها زەردەخەنە بکە وەک ئەوەی چێژ لە خۆری درەوشاوە و کەشوهەوای جوان وەربگریت

سێیەم: سەرنجدان بە چاوەکان 

سەبارەت بە گرنگیدانی چڕ و پڕی چاوەکان، نووسەر دەڵێت، وا پیشان بدە کە چاوەکانت ناتوانن لە قسەکەرەکەت دووربکەونەوە، وەک ئەوەی "بە جۆرە چەسپێکی بەهێز لکێنرابێت"  کاتێک قسەکەی کۆتایی پێهات نەکەی لەناکاو چاوی لەسەر لاببەی، بەڵکو بە هێواشی و لەسەرخۆیی. کاتێک لە نێو کۆمەڵێک کەسدایت، جار جار سەیری ئەو کەسە بکە کە دەتەوێت سەرنجی ڕابکێشیت. تەنانەت لەکاتێکدا کە گوێ دەگریت، گرنگییەکی زۆر بە کاردانەوەکانی نیشان بدە، بەڵام زیادەڕەوی مەکە لە سەیرکردنی چونکە ئەوە هەستێکی ناڕەحەتی بۆ دروست دەکات.

چوارەم: جێگای متمانەبە

ئەگەر دەتەوێت متمانەپێکراو دەربکەویت، هەوڵبدە لەکاتی قسەکردن لەگەڵ کەسێکی تردا زۆر نەجوڵێیت یان خەریکی خۆت نەبیت. جوڵەی بەردەوامی دەست لە نزیک دەموچاوتەوە وا دەکات ئەو کەسانەی گوێت لێدەگرن، وا هەست بکەن کە درۆ دەکەیت یان بێزاریت.

پێنجەم: ڕێک دابنیشە نەک ڕەق

کاتێک دادەنیشیت پشتت ڕاست بکە، تێبینی دەکەیت کە لە دانیشتنەکەتدا چەندە باڵا بەرز و ڕێک دەردەکەویت. کاتێک لەسەر مێزێک دادەنیشیت پشتت ڕاست ڕابگرە و هەوڵبدە ئارام بیتەوە. هەروەها نابێت ماسولکەکانی جەستە و پشتت بە تەواوی لاواز دەربکەون و کاتێک دادەنیشیت یان وەستاویت هەروەها زۆر توندیان مەکە چونکە لە هەردوو حاڵەتەکەدا کاریگەری لەسەر هەڵوێست و جوڵەت دەبێت.

شەشەم: بڕوات بە خۆت هەبێ

هەمیشە هەست بە سەلامەتی و باوەڕبەخۆبوون بکە، جگە لەوەش هەندێک بارودۆخ هەیە کاتێک متمانە بەخۆبوونی خۆت نیشان دەدەیت سەرسامبوونی کەسانی تر بەدەست دەهێنیت، زانینی نرخی خۆت کە بەشێکە لە باوەڕبەخۆبوون ئەو شێوەی کە خۆتی تیا ئەبینی واتا چۆن سەیری خۆت دەکەی، هەتا نرخی خۆت زیاتر بزانی بروابەخۆبوونت زیاتر دەبێ.

حەوتەم: وا هەست بکە هاوڕێیەکی کۆن دەبینیت

هەنگاوی کۆتایی ئەوەیە کاتێک بۆ یەکەمجار کەسێک دەناسیت، بیهێنە بەرچاوت کە هاوڕێیەکی کۆنە. ئەمە دەبێتە هۆی چەندین کاردانەوەی نائاگایی لە جەستەتدا، لە جوڵەی برۆکانتەوە تا چۆنیەتی جێگیرکردنی پەنجەکانی قاچت. سوودی  ئەم تەکنیکانە ئەوەیە کاتێک وا مامەڵە دەکەیت وەک ئەوەی کەسەکەت خۆشبوێت، ڕەنگە بە شێوەیەکی خودکار  وات لێبکات لە ڕاستیدا کە کەسەکەت خۆشبوێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەمان هەست لە کەسی بەرامبەردا ئاگادار بە "خۆشەویستی خۆشەویستی ڕادەکێشێت، ڕێزگرتنیش ڕێزگرتن ڕادەکێشێت".


سەرچاوەکان



141 بینین