شۆڕشی پیشەسازی

له‌لایه‌ن: محمد حیكمه‌ت - به‌روار: 2021-05-18-23:12:00 - کۆدی بابەت: 31
شۆڕشی پیشەسازی

ناوه‌ڕۆك

شۆڕشی پیشەسازی چییه‌؟

شۆڕشی پیشەسازی ئەو شۆڕشەیە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەم لە ئەوروپا سەری هەڵدا و دواتر هەموو جیهانی گرتەوە. ئەم شۆڕشە بووە هۆی ڕوودانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە گشت لایەنەکانی ژیاندا ، جا چ لایەنی سیاسی ، کۆمەڵایەتی یاخود ئابووری بێت، ئەویش بە سوود وەرگرتن لە ئامێری میکانیکی کە دەیان توانی هەستن بە ئەنجامدانی چەندین جۆر کار لە بوارە جیاجیاکاندا لە جێگەی چەندین کرێکاردا.

ئینگلتەرا بە یەکەمین وڵات دادەنرێت کە شۆڕشی پیشەسازی تێیدا سەری هەڵدا ئەویش بەهۆی چەندین هۆکارەوە بوو کە لەوێدا بوونی هەبوو، گرنگترین ئەو ئەنجامانەی کە شۆڕشی پیشەسازی لەوێدا دروستیکرد بریتیبوو لە پێشکەوتن لە بوارەکانی ڕستن و چنین و بواری کانزاسازی، بەڵام یەکێ لە دەسکەوتە گرنگەکان بریتى بوو لە دروستکردنی ئامێری هەڵمی (Steam engine) کە بووە هۆى پێشکەوتنیکى بەرچاو لە بواری ئابووریدا.

پێناسەی شۆڕشی پیشەسازی

مەبەست لە شۆڕشی پیشەسازی ئەوەیە کە ئێمە بەرهەمەکانمان لەڕێی هێزی ئامێر و بەکارهێنانی ئامێرەوە بەدەست بهێنین نەک لەڕێی سوود وەرگرتن لە هێزی کاری دەستی کرێکار. شۆڕشی پیشەسازی بەهۆی ئەو پێشکەوتنە زانستییەوە سەری هەڵدا کە ئەوروپای ڕۆژئاوای گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی پیشکەوتنێکی بەرچاو لەبواری تەکنەلۆژیدا و بووە هۆی دروستکردنی جەندین ئامێری پێشکەوتوو وەک ئامێری هەڵمی (Steam engine) کە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا لەبواری بەرهەمهێناندا لەچاو ئەو بەرهەمی کە بەدەستی هێزی کاری کرێکارەکان بەدەست دەهات، ئەم سەرکەوتنەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی ئەم ئامێرە هەڵمانە لەتەواوی کایە پیشەسازیەکاندا لە سەرتاسەری بەڕیتانیا و ئەوروپا، وەکو پیشەسازی بواری ڕستن و چنین ، بواری کورەی تواندنەوەی ئاسن و بواری دروستکردنی ئامێرە کشتوکاڵیەکان. هەموو ئەم داهێنان و پێشکەوتنانە دواتر بوونە هۆی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و دروستکردنی ئامێرە کارەباییەکان و دۆزینەوەی سووتەمەنی بەردین کە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لە بواری لایەنی ئابووری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانی ئەوروپادا.

قۆناغەکانی گەشەسەندنی شۆڕشی پیشەسازی

شۆڕشی پیشەسازی یەکەمجار لە بەڕیتانیاوە دەستپێدەکات، بەڵام ڕیشەی ئەم شۆڕشە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نوێبونەوەیەی کە  وڵاتە ئەوروپییەکانی گرتەوە  لەسەدەی شازدەهەم، ئەم نوێبونەوەیەش پێویستییەکی زۆری بە بەرهەمی زۆر و خێرا بەدەستهێنانی بەرهەمەکە بوو ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی ئامێری هەڵمی لە سەدەی هەژدەهەم.

شۆڕشی پیشەسازی بە دروستکردنی ئامێری هەڵمی و بڵاوبونەوەی بە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای باکوردا دەستپێدەکات، کە دواتر دەبێتە هۆی دۆزینەوەی کارەبا و بنیاتنانی هێڵی ئاسنین و دروستبوونی کێبڕکێی و بەربەرەکانی لەنێوان وڵاتە ئەوروپییەکاندا لەسەر بەرهەمهێنانی پشەسازی نیشانە سەرەتاییەکانی شۆڕشی پیشەسازی لە بەڕیتانیا بریتی بوو لە بوژاندنەوە لە بەرهەمهێنانی خەڵوزی بەردین و پیشەسازی پۆڵا و دروستکردنی پرد و ڕێگەوبان و پێشکەوتن لە بواری گواستنەوەدا. هەروەها شۆڕشی پیشەسازی دەبێتە هۆی سەهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ ئەویش بەهۆی بەهەمهێنانی کەلوپەلی کشتوکاڵی و بەکارهێنانی لەم بوارەدا، کەدەبێتە هۆی زیادبونی بەرهەم و خێرایی کار. شۆڕشی کشتوکاڵ دەبێتەهۆی ئەوەى  کە کرێکارێکی زۆر دەست لە مەیدانی کشتوکاڵی هەڵگرن و ڕوبکەنە کارگە پیشەسازییەکان.

قۆناغی یەکەمی شۆڕشی پیشەسازی لە بەڕیتانیا لە ساڵی 1770ز دەرکەوت و تاوەکو ساڵی 1830ز درێژەی کێشا ، لەم ساڵانەدا بەڕیتانیا بەرەوپێش چوونێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی لە بواری ئابووری و سەربازیدا لەچاو گشت وڵاتانی جیهان.

قۆناغی دووەمی شۆڕشی پیشەسازی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم لە  ئەمەریکا دەستیپێکرد ئەو کاتەی زانای ئەمەریکی تۆماس ئەدیسۆن  توانی ڕووناکی لە وزەی کارەبا دروستبکات ، هەروەها لەم قۆناغەدا بوو نەوت دۆزرایەوە و بوویە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازی ، دەرکەوتنی هێڵی ئاسنینیش رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە قۆناغی دووەمی شۆڕشی پیشەسازیدا کە توانی جێگەی گالیسکەکان بگرێتەوە لە گواستنەوەی کەلوپەلدا

کێ نەوتی دۆزییەوە؟

بەرهەمەکانی شۆڕشی پیشەسازی

شۆڕشی پیشەسازی بووە هۆی بوژاندنەوەی لایەنی ئابووری و پێشکەوتن لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەسازی لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت بەڕیتانیا ، دەتوانین بڵێین ئەمانە گرنگترین بەرهەمەکانی شۆڕشی پیشەسازییە:

بەرهەمی ئابووری

یەکێک لە بەرهەمەکانی شۆڕشی پیشەسازی بەرهەمی ئابووریە، لەماوەی ئەم شۆڕشەدا توانرا بەرهەمە پیشەسازییەکان لە گشت بوارەکاندا لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتییەوە بەرەوپێشچوون بە خۆیەوە ببینێت لەگەڵ کەمکردنەوەی ئەرک و تێچووی بەرهەمەکان لەسەر خاوەن کارگەکان. هەروەها شۆڕشی پیشەسازی بووە هۆی شۆڕشی کشتوکاڵی بەهۆی زۆربوونی وەبەرهێنان لەم بوارەدا و دروستبوونی تەکنیکی نوێ لە زیاترکردنی بەهەمە کشتوکاڵیەکان و فراوانکردنی زەویە کشتوکاڵییەکان.

بەرهەمی کۆمەڵایەتی

شۆڕشی پیشەسازی گۆڕانکارییەکی گەورەی خستە سیستەمی چینایەتی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا، بەشێوەیەک کۆمەڵگە دابەشبوو بۆ دوو چینی سەرەکی ، چینی یەکەم چینی خاوەن کار و کارگە پیشەسازیەکان بوون کە بە (چینی بۆرجوازی) ناسراوە، ئەم چینە لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژیان،  چینی دووەم چینی کرێکارەکانە کە لە کارگەکاندا لەبەردەم چینی یەکەم کاردەکەن، کە زۆربەیان ئەو ئاوارانە بوون لە ناوچەکانى ترەوە هاتبوون بە دواى کاردا بگەڕێن، لەڕوی لایەنی ئابوورییەوە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئەم دوو چینەدا هەیە، ئەمەش وای لە چەندین وڵات کرد چەندین  ڕێکار بگرنە بەر بۆ دانانی یاسای کار کە بتوانێت لایەنی کۆمەڵایەتی و تەندروستی کرێکارەکە بپارێزێت.

شۆڕشی پیشەسازی بووە هۆی وازهێنانی خەڵکێکی زۆر لە کاری دەستی و کشتوکاڵی بۆ کارکردن لە کارگە پیشەسازییەکاندا، ئەمەش بووە هۆی کۆچی بە لێشاوی دانشتوان لە ناوچە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ شارە پیشەسازییەکان  و بوون بە کرێکار لە کارگە پیشەسازییە سەختەکاندا . ئەم ژیانە نوێیە وای لەکرێکارەکان کرد کە بە دۆخێکی قورسدا تێپەڕن لە لایەنی ئابوورییەوە ، بەم هۆیەشەوە هەموو ئەندامەکانی خێزانەکە کاریان دەکرد بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە قورسە. لەگەڵ دەستپێکی سەدەی نۆزدە ئەم چینە توانیان مافی دروستکردنی ڕیکخراو بۆخۆیان بەدەست بێنن، کە بویە هۆی ڕێککردنی کاتی کارکردنیان و باشترکردنی بواری ئابووری و گەرەنتیکردنی لایەنی کۆمەڵایەتییان.

شۆڕشی پیشەسازی بەدەر لەم بەرهەمانەی سەرەوە کاریگەری بەرچاوی هەبوو بۆسەر هەردوو لایەنی ڕۆشنبیری و ڕامیاری

1-دەرکردنی یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی لە پاراستنی کرێکارەکان لە هەر ڕووداوێک و بێکاری و تەندروستییان.

2-پێدانی مافی دەنگدان بە کرێکارەکان بەتایبەت ئافرەتان.

3-دەرکەوتنی چەند لایەنێکی سیاسی کە داوای مافی کرێکارانی دەکرد و بەژداریان دەکرد لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتەکاندا.

4-گەرمبوونی بەربەرەکانێ لە نێوان دەوڵەتە پیشەسازیەکاندا بۆ دەستگرتن بەسەر سەرچاوەی ماددە خاوەکان و بازارە جیهانیەکاندا.

لە بەرهەمەکانی تری شۆڕشی پیشەسازی بەرهەمی ڕۆشنبیری بوو ئەویش بە دەرکەوتنی بیری شوعییەت (مارکسی) لە ئەنجامی ئەو دابەشکاریە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کە ڕویدا بوو، ئەمەش بووە هۆی شۆڕشی بەڵشەڤی لە ئۆکتۆبەری 1917 دا کە بەم هۆیەوە شوعییەکان دەستیان گرت بەسەر یەکێتی سۆڤیەتدا.


سەرچاوەکان

6157 بینین