ئەستێرە

له‌لایه‌ن: - یوسف عەلی - به‌روار: 2020-04-03-17:05:00 - کۆدی بابەت: 186
ئەستێرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەستێرە لە مانا بەربڵاوەکەیدا ھەر تەنێکی ئاسمانی ئەگرێتەوە کە بە شەو لە ئاسماندا دەبینرێت جگە لە مانگ، ھەروەھا ئەستێرە گەڕۆکەکانیش و ئەو ھەسارانەی کە خۆیان تیشکدار نین، لە گەردوونناسیشدا مەبەست لە ئەستێرە : ھەر تۆپەڵەیەکی گازی ڕووناککەرەوەیە، کە خاوەنی گەرمیەکی پلە بەرزبێت.
لە مانا گەردوونیەکەشدا، بە ئەستێرە ئەوترێ ئەستێرەی چەسپاو، چونکە لە کۆندا وا گریمانە دەکرا کە گەڕەستێرەکان چەسپاو و جێگیرن لە ئاسماندا، بە پێچەوانەی ئەستێرەی گەڕۆک، ھەروەھا خۆریش بە ئەستێرە دەژمێردرێت، چونکە ئەستێرەکان لە قەبارە و گەورەییدا جیاوازن و لە گەردوونیشدا ئەستێرەی وا ھەن کە لە خۆر بچووکترن و ھی واش ھەن کە زۆر لە خۆر گەورەترن بۆیە خۆریش ئەستێرەیەکە لە نێوان بلیۆنەھا ئەستێرە لە نێو کەشکەشان و گەردوون بە گشتی.

قۆناغ و گەشەسەندنی ئەستێرەکان

ئەستێرە بە زۆر قۆناغ تێئەپەڕێت، بەر لەوەی کە لە ناوبچێ یان بتەقێتەوە، نزیکەی 70%ی بەرگی گازی خۆر پێک ھاتووە لە ھایدرۆجین و 30% لە ھیلیۆم، بەڵام لە ناخی خۆردا ئەم ڕێژەیە ئاوەژوو دەبێتەوە، زانایان وای بۆ دەچن کە ھایدرۆجین لە ناخیدا ڕووبەڕووی پەستان و تەوژمی بەرز دەبێتەوە، کە دەبێتە ھۆی جیابوونەوەی ئەلیکترۆن لە ناوکەکانیان، کەوا لە ھایدرۆجین دەکات تەنھا لە ناوک پێکبێت و ناوکی ھایدرۆجینەکەش دەگۆڕدرێت بۆ ناوکی ھیلیۆم، کە ناودەنرێت بە (combution)، وە ئەم ھێزەش کە لە گۆڕانەکەدا دروست دەبێت، دەگواسترێتەوە بۆ ڕووی سەرەوە، بە دوو ڕێگا یەکێکیان دەمێنێتەوە ملیۆنەھا ساڵ ئەوەی تریشیان خێراترە، ھێزە دروست بووەکەش لە گۆڕانەکە لەنگەری ھێزە گەورەکەی خۆرە و خۆریش بەردەوام ھایدرۆجینەکە بەکاردەبات تا ئەوکاتەی ھیچ لە کۆگاکەیدا نامێنێت، لەگەڵ ئەمەش کە لە ناخیشیدا پشت دەبەسترێت بە کۆگای ڕووی سەرەوە لە کردارەکەدا، چونکە بە نەمانی کۆگاکراوەکەدا خۆر دەست دەکات بە درێژبوونەوە، لەژێردەستی ھێزی کێشکردن، گەورە دەبێت تا عەتارد و ڤینۆس (زوهرە) و زەوی دەسوتێنێت تا دەگاتە مەریخ و پاشان سپی دەبێتەوە، و ڕووناکیەکەی دەردەچێت تا ئەو کاتەی دەکوژێتەوە و لەناودەچێت بۆ ھەتاھەتایە، بەڵام ھەموو ئەستێرەیەکی بچووک یان وەک خۆر ھەمان قۆناغ و گەشەسەندنی دەبێت تەنھا ئەستێرە گەڕۆکەکان نەبێت، کە دەتەقنەوە پێی ئەوترێ (supernova) دەرئەنجامی ئەم تەقینەوانەش لە ئەستێرەیەکەوە بۆ ئەستێرەیەکی تر دەگۆڕێت، ئەستێرەی وا ھەیە دەمێنێتەوە و ھی واش ھەیە دەبێتە دەلاقە و شتێکی ڕەش یان ئەبێتە ئەستێرەیەکی تر سەرلەنوێ.


سەرچاوەکان



3422 بینین